Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

August 8, 2008

ئەمڕۆژانه باسی "پەردەی کچێنی" لە ڕۆژنامەکانی شەو و ڕۆژی ئێرەدا گەرمە. هەر دۆینێ‌ بوو وتارێکی سەیرم دیت له زمان کچێک بە نازناوی "لەیلا" که گۆیا کاتی خۆی له هه‌فدە ساڵی عاشقی کورێکی کورد دەبێت و دوای قەوڵ و قەراری زەماوەند و هێنان و "شتی وا" سێکسیان دەبێت و کوڕە دوای سێکس کچه بە جێ دێڵێت و پشت سەریشی چاو لێ ناکات. "لەیلا" نووسیبووی که له ترسی دایکوباوک و قسە و باسی خەڵک ناچار بووه "پەردە بدرواتەوە" و دەیدرواتەوە! کەچی که مێرد دەکات سە ڕەڕای ئەو دورینەوەش، شەوی بوکێنی خوێنی نابێت و ...

ئەوە ئەمڕۆش باسی قسەکانی نالین پێکگوڵ دەبینم که داوا دەکات "کارئاسانی بۆ دورینەوەی پەردەی کچێنی کچانی پەنابەر بکرێت با "زاوا نەزانێ کچه پێش مێردکردن سێکسی بووه!" ئەوەی توڕەم دەکات ئەوەیە که نالین خۆی دەڵێ دەزانێ "شتێک بە ناوی پەردەی کچێنی هەر نییه"، کەس نییه پێی بڵێت دەی موسڵمان ئەگە ئەوە دەزانی چۆن چاوەڕوانی دەکەی شتێک که نییه سازبکرێتەوە! لە بیرمە کە وتارەکەی باسی پەردەی کچێنی لە سەر دیمانه بڵاو بووه، باسی زۆری لێ سازبوو، زۆریش مۆری "بێ ئەخلاقی" لە ناوچاوانم درا که بەلامەوە زۆر سەیر نەهات، ڕاستی ئەوەیە چاوەڕوانییه‌کی تریشم نەبوو، بەڵام ئەوەی سەرنج ڕاکێش‌ بوو ئەو نامانه بوون که بۆ خۆم هات و هه‌ڵویستی ژنان بوو لە سەر شتێک بە ناوی "پەردەی کچینی". هەر ئەودەمیش بوو بە دڵنیاییەوە زانیم روانگه‌ی ژن لە سەر خۆی هەمان ڕوانگه‌ی پیاوە لە سەر ژن! هەر ئەودەمیش بوو بۆم دەرکەوت ژن - بەداخەوە- خۆی هێشتاش وەک ژن و بە پێوانەکانی پیاوان هه‌ڵدەسەنگێنێت نەک وه‌ک مرۆڤ و به مەرجی یەکسان دەگەڵ پیاودا. من هه‌وڵمدا ئەوەندەی دەمتوانی وڵامی نامەکان یەک بە یەک بدەمەوە و بە دوور و درێژی باسەکە لە "عەیبە وشوورەیی" دوور کەمەوە و بیخەمەوە سەر ڕاستییه‌کان و بە فەکت و بەڵگه قسە بکەم کە دیارە ئەویش زۆر سەرکەوتوو نەبوو. ڕەنگه هەر ئەوەش بوو که کاتێ ماوەیەک پێش ئێستا له ڕادیو زایەڵە‌ڕا پەیوەندیان گرت و ویستیان من باسی پەردەی کچێنی بکەم گوتم نا و نەمکرد! پێموابوو وتارەکە زۆر بە زمانێکی ساکار باس لە نەبوونی شتێک بە ناوی پەردەی کچینی دەکات و ئەوەی که ئەو دوو سێ دڵۆپە خوێنە هیچ هیچ هیچ مانایەکی لە "پاکداوێنی" ژندا نییه. ڕاستی ئەوەیه ئیتر نازانم بە چ زمانێک دەتوانین باس لە سەر شتە بڤەکان بکەین. ژمارەیەکی زۆر زۆر کەم کورد دەستیان بە ئینتێرنێت ڕادەگات، ژمارەیەکی زۆر کەمتریش هۆگری باسی زانستین. ڕەنگه زمانی خەڵکی کۆڵان باشتر بێ‌، ڕەنگه کۆڵان بە کۆڵان گەڕان و دانە بە دانە دەگەڵ داپیرە و باپیرەکان قسەکردن دەردێک دەوا بکات، ڕەنگه سەد ساڵی تر پێویست بێت بۆ ئەوەی گۆڕانکارییه‌ک پێک بێت، نازانم. بەڵام بە دڵنیاییەوە دەڵێم بۆ هەر جۆرە گۆڕانکارییه‌ک پێویستە "شۆرش" بکرێت، پێویستە ڕوانگه‌ی ژن لە سەر خۆی بگۆڕدرێت، پێویسته پێوانەکانی هه‌ڵسەنگاندن بگۆڕدڕێن، پێویسته ژن بە چاوی مرۆڤ چاو لە خۆی بکات و ژنایه‌تی وەک کەمایەتی نەبینێت. پێش هه‌موو شتێک پێویستە دەست بکەین بەوەی شتەکان بەرینە ژێرپرسیار.

شتێک بە ناوی "پەردەی کچینی" درۆیه‌کی زله بۆ ئەوەی ژن لە ژێر دەسەڵاتی پیاودا بمێنێتەوە. لەمە زیاتر چ هەیە بگوترێت!؟‌


Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------