Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

August 12, 2008



لە وڵامی چەند نامەیەکدا:

بەڕێز! بە ڕای من نە بوونی ئم "پەردەیە**" بایەخە نە نەبوونی. نە بوونی باس لە بایەخ و کەرامەتی ژن دەکات و نە نەبوونی لە بایەخ و کەرامەتی ژن کەمدەکاتەوە. نە بوونی نیشانەی حوجب و حەیای ژنه نە نەبوونی نیشانەی بێ شەرمی و سووک بوون. نه بوونی بە مانای پاشکەوتوویی و دواکەوتوویی ژنە و نە نەبوونی بە مانای مۆدرنبوون و پێشکەوتوویی. گرینگترین شت بە لای منەوە وشیاری لە هه‌ڵبژاردندا و قەبوولی بەرپرسایەتی دوای هه‌ڵبژاردنەکەیە. زانین و سوور بوون لە سەر ئەوەی بۆ دەتەوێ ئەم "پەردەیەت" هەبێت یان زانین و سووربوون لە سەر ئەوەی بۆ دەتەوێ بە دژایەتی دەگەڵ یاسا و رێسای کۆمەڵ، گوێ بۆ داب و نەریت نەگریت و "پەردە" لادەی! به ڕای من ئەگە بە وشیاری و ویست و پێگەیشتنی خۆت و نەک بە زۆری کۆڕ و کۆمه‌ڵ و هەرەشە و گوڕەشەی خاڵ و مام و باب و برا هه‌ڵدەبژێری که "ویرجن" بمێنییه‌وه هەر ئەوەندە بە بایەخە کە ئەگە بە وشیاری و ویست و پێگه‌یشتنی خۆت بریار بدەی کە "ویرجن" نەمێنییەوە. لە دونیایه‌کی بێ‌عه‌یبدا باس، باسی هه‌ڵبژاردن و مافی هه‌ڵبژاردن دەبوو نەک وەک کۆمه‌ڵگه سەیر وسەمەرەکی کوردەواری باسی دوو سێ‌ دڵۆپـە خوێن! له دونیایه‌کی بێ عەیبدا ناژین بەڵام من باسی مافی هه‌ڵبژاردن دەکەم! گرنگترین شت بە لای من ئەوەیە ژن، ڕێک وەک پیاو، باوەڕ بکات کە خاوەن لەشی خۆیەتی و بۆ من گرنگ ئەوەیە ژن ناچار نەبێت بۆ هه‌ڵبژاردەکان لە هەرێمی تاکە کەسی خۆیدا کە له ڕاستیدا زەرەر لە کەسیش نادات، بچێتە ژێر پرسیار و ژیانی بەکەوێتە مەتریسییەوە. لەویش گرنگتر قەبووڵ کردنی بەرپرسایەتییه. بوون و نەبوونی ئەو شتەی تۆ بە ناوی "پەردەی کچینی" دەیناسی مایەی شانازی و فەخر نییه. کە ڕاستیدا تەنیا شتێک کە مایەی شانازی و فەخرە بوونی مافی هه‌ڵبژاردنە.

ئەوەی قێزی من هه‌ڵدەستێنێت ئەو دووڕووییه‌یه کە لە کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمەدا باوە. ئەوەی که کوڕەکان بۆیان ئاساییه پێش و پاش ژن هێنانیان خاوەن "لەشی" خۆیان و تەنانەت لەشی ژن و دایک و خۆشک و کچه هاوسێکەشیان بن. ئەوەی که کوڕان هەرچی بۆیان بکرێت دەیکەن و دوایش لە کچۆڵەیەکی چاو وگوێ بەستراو دەگەڕێن بۆ ژیان، ژیانێک کە قەرارە ژیانی هاوبەش بێت کە زۆربەی جار هیچی هاوبەشی ‌تێدا بەدی ناکرێت! ئەوەی کە کچەکانمان وایان لێ هاتووه لە هەر شوێنێکی ئەو دونیا پان و بەرینەدا بژین، "پەردە" دەدورنەوە و خۆیان قاڵب دەکەن. تەنانەت کچێک کە دەستدرێژی پێ کراوە پەردە دەدرواتەوە و ناڕاستی وپیسی کۆمه‌ڵگه لە قاونادات. بێ‌ئەوەی به بیریدا بێت هەر ئەو پەردە دورینەوە خۆی دەستدرێژییەکی تره کە پێی دەکرێت! ئەو دوورووییه که ژیانێک کە دەبێت بناغه‌که‌ی خۆشەویستی و ڕێز و ڕاستی بێ‌ لە سەر بنەمای درۆییه‌ک بە ناوی "پەردەی کچێنی" سازدەکرێت یان ‌تێکدەچێت. درۆیەک کە مرۆڤی لە سەر دەکوژرێت!

بەڕێز! شەڕی "ئەخلاق " دەگەڵ من مەکە. تێگەیشتنی من لە "ئەخلاق" جیاوازی زۆرە دەگەڵ ئەو "ئەخلاقەی" بە میرات به تۆ گه‌یشتووه. یەکێ لە جوانییه‌کانی ژیانی من ئەوەیە بە ئەقڵی خۆم بیردەکەمەوە و بۆ دانەدانەی بیرەکانم خۆم ماندوو کردووە! خۆزگە تۆش دەتوانی ئەوەی لە سەر ژیانی خۆت بڵێی!



**هەر بۆ ئاگاداریت وشەکە بە مانای پەردەیە بەڵام هیچ هیچ هیچ پەیوەندییه‌کی بە "کچ بوون و نه‌بوون" نەداوه، بۆیه "پەردەی کچێنی" بێ ماناترین وشەیە کە سازکراوە!


---------------

* دەلاقە، وێبلاگێک کە ماوەیەکە دەنووسێ من به‌ڵام تازە ئەمڕۆ دیم!





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------