Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

October 25, 2008



پاش نیمەڕۆی ڕۆژێکی جوانی پاییزی. لیوانیک چایی تازەدەم لە دەست، هەوایەکی کەمێک ساردی پڕ لە زەرد و نارەنجی هەڵدەمژم و دەگەڵ تەنیاییەکانی ئەوڕۆژانەم خۆشەویستی دەکەم. سەرم پڕە دەنگ و ‌بێدەنگییەکی سەیر بەرۆکی گرتووم. بیردەکەمەوە ئەو ڕۆژانەش تێدەپەڕن و ڕێک ‌تێپەڕبوونی ڕۆژەکان پڕم دەکات لە تاسە. بیردەکەمەوە دوایی پانزدە ساڵ هەر خووم بە دوورییەکان نەگرت و پێنج هەفتە بەس بوو ئاوێتەی بوونی ببمەوە. بیردەکەمەوە هەموو ئەو ڕۆژانەی دێن و تێدەپەڕن نەبوونەکان لە خۆیاندا دووپات دەکەنەوە. دیسان! جارنا بیر لە سەبوورییەکانی ڕوحم دەکەمەوە و بیردەکەمەوە بەرگەی چەند ساڵی دی نەبوون و نەگەیشتن و نەدیتن دەگرێت؟

ئیشتیای هەنار دەکەم و هەزار بیری یاقوتی یەکجێ سەر هەڵدەدەن. هەنار یانی شەوی یەڵدا لە ماڵەکەی حاجی عەلیدا. هەنار یانی کاسەیەکی گەورەی ڕەش پڕ لە هەناری دانکراو و پریشکی سووری سەر سەروسینگی من و پەخشان و قاقای پێکەنینمان. هەنار یانی کۆڕی یەک کەسەی شەوی لە دایکبوونی من. هەنار یانی شێتایەتی کوڕیک من لە ژێر باران ماچم کرد. کوڕە شێتەکە، ده‌زانی، هەر ئێستا بە بیرمدا هات کە ئیتر هه‌زار هه‌زار هه‌ناریش مه‌ودای نێوان من و تۆ پڕ ناکەنەوە. چ دووری! بیرده‌كه‌مه‌وه مه‌ودای من و تۆ چه‌ند دڵه و بیر له دڵته‌‌نگییه‌كانی دوای تۆ ده‌كه‌مه‌وه كه له هه‌زار هه‌زار دڵیشدا هه‌ر جێگه‌یان نەدەبووە. گەورە بووم؟

پاش نیمەڕۆی ڕۆژێکی جوانی پاییزی. فەلسەفە، کوردایەتی، بوون یان نەبوون، پرسیارە قورسەکان، هەموو بۆ دوایی. دوایی کە چاوبکەمەوە، چیرۆکی نەبوون، نەهاتن و نەدیتن دەگەڵ ‌چرکەکان دووپات دەبنەوە. دوایی کە چاوبکەمەوە تۆ هەروا دووری و دەنگەکان لە بێدەنگییەکی خۆڵەمێشیدا هەر نوقم دەبن. پرسیارەکانیش لەسەر جێی خۆیانن. دڵتەنگییەکانیش! ئێستا بەڵام دڵم کەمێک ژیانی دەوێت. ئێستا و لێرە! کەمێک ڕەنگ. خشەی گەڵاوەریوەکان. بایەکی کەمێک سارد. لیوانێک چایی تازەدەم. دەنگی جوان حاجو.

ئێستا ئەوەم بەسە.





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------