Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

October 31, 2008




یەکێتی ژنان ئا یا نا؟!

*******

ئایا بەڕاستی پرسیار ئەوەیە؟ دەبێ ‌مەبەست لە دانانی یەکێتی ژنان چی بێت؟ بڵێی بناغەی یەکێتییەکی ئاوا لە سەر چی ساغ بێتەوە؟ بڵێی یەکێتی ژنان وڵامدەرەوەی کام پێویستییەکانی ژنان بێت؟‌ ئەرێ ئەی چۆنە قەت بیر لە دانانی یەکێتی پیاوان ناکەینەوە؟ یانی پیاوان بەڕاستی پێیانوایە "هەموو شتێکیان تەواوە"؟ یانی قەت بە بیریاندا نایەت سەرچاوەی بەشێک لەو "نەگبەتییانەی داوێنی ژن دەگرێتەوە" پیاوانن؟ چۆنە سەرەڕای ئەوەش ژنه دەبێ‌ یەکێتی خۆی هەبێت؟ یانی پیاوەکان پێویستیان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچوونەوە و زۆرتر زانین و "ئاگاداربوونەوە" نییه؟

*****

وەرن بیر بکەینەوە هەندێ دابی دونیا گۆڕدراوە وهەندێ شت لە سەر "جێی خۆیان" نەماون. ئاوا کە هەر چی مۆری "ژنانەی" لێدراوه پیاو دەیکەن و بە پێچەوانە! وەرن بیربکەینەوە پەمەیی ڕەنگێکی پیاوانەیە و شین تا خوا حەز دەکات ژنانەیە! وەرن بیر بکەینەوە پیاوان، هەر بە عەقلییەتی ئەمڕۆیان، دوو و سێ سێ و چوارچوار دەچنە ناو دوکانی زێرفرۆشی یان بە ئیشتا باسی ئاخر مودەی جل و بەرگ دەکەن و هەروا کە نینۆکیان سوور دەکەن غەیبەتی پیاوە هاوسێکەیان دەکەن. لەولاشەوە ژنان، دیارە ئەوانیش بە عەقلییەتی ئەمڕۆیان، لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە و باسی سیاسەت و فەلسەفە و شەڕ و حیزب و حکومەتەکانی دونیا دەکەن. پێتان وایە چی ڕوودەدات؟ لە ناکاو دەبینین زێر وئاڵتون و جل وبەرگ و ڕەنگی نینۆک هەمووی باسی گرنگن و باسی سیاسەت و فەلسەفە و شەڕ و حیزب و حکومەت هیچ ماناییەکی نییه و "ئیشی ژنانەیه" و بێ‌گومان چونکە پەمەیی ڕەنگی پیاوانە، ژن بۆ سەلماندنی بەهێزبوونی خۆی ڕەنگی پەمەیی لە بەر دەکات!

ڕاستی ئەوەیە گرنگ قەت ناوەڕۆکی باسەکان نەبووه. گرنگ هەمیشە ئەوەیە "کێ" باسەکە بەڕێوە دەبات. قسە هەمیشە لە سەر ئەوە بووە کە پێوانەکان پیاوان دایانڕشتووه و ئەوەی ئەوان بیکەن گرنگه و ئەوەی ژن بیکات "ژنانەیە". گرنگ ئەوەیە پیاوان دەزانن چۆن "شتەکان" گرنگ نیشان بدەن. دەڵێی نا گوێ بۆ پیاوێک ڕابگره کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پڵاوێکی جوانی سازکردووە، یان جارێکی گۆشتێکی خۆشی برژاندووە یان پاش نیمەڕۆیەک ئاگای لە منداڵەکەی خۆی بووە، هەر خۆی نا کە ژنەکەشی وای باس دەکات وەک بڵێی تەیارەی سازکردبێت. کەچی کە ژنێک لە هەمان یەک پاش نیمەڕۆدا خۆشترین پڵاوی دونیا سازبکات و جوانترین گۆشتیش ببرژێنێت و حەوت منداڵیش ڕابگرێت نە ژنەکە خۆی و نە پیاوەکە کەس بە شاخ و باڵیدا هەڵناڵێت.

قەت لە خۆمان پرسیوە بۆ دەبێ باسی شەڕ و سیاسەت گرنگتر بێ لە باسی جل و بەرگ و شێعر و مۆسیقا؟ قەت لە خۆمان پرسیوە کێ ئەو بڕیارەی داوه؟ ‌ ئێمەی ژن خۆمان باوەڕمان کردووە باسی شەڕ و سیاسەت و حیزبایەتی گرنگتره لە باسی خۆشەویستی و جوانی و سروشت و مۆسیقا یان هەر باسێکی تر کە مۆری ژنانە بوونی لێدراوه. ئێمە خۆمان باوەڕمان کردووە پیاوێک منداڵداری بکات "نموونەیە". ئێمەی ژن تەنانەت ڕوانگەیەکی "پیاوانە"مان لە سەر خۆمان هەیە. پێوانەی "باشی و خراپی" ژن لە لایان ژنانیش‌ تەنانەت هەمان پێوانەیە کە پیاو لە سەر ژنی هەیە.

مەبەست؟

هەزار لێژنە و یەکێتی ژنانیش هەبێت ئەگە عەقلییەتەکە هەمان بێت کە هەیە چی بە چی دەکەین؟ هەزار لێژنە و یەکێتی ژنانیش هەبێت کە ڕوانگەکە لە سەر ژن و ژنایەتی و ژنانە بوونی شتەکان نەگۆڕدرێت، بە کوێ دەگەین؟ کە ڕوانگەی ژن لە سەر خۆی نەگۆڕدرێت کە تێڕوانینی پیاو لە سەر ژن و ژن لە سەر ژن نەگۆڕدرێت، لێژنە یا یەکێتی ژنان، چ تاجێکمان لە سەر دەدات؟ هەزار یەکێتی ژنانیش هەبێت کە ئەندامەکانی هەمان عەقلییەتی "پیاوسالاریان" هەبێت ئایا هیچ شتێک دەگۆڕرێت؟

***

بۆ منی ژن پرسیار قەت بوون یا نەبوونی یەکێتی ژنان نەبووه و نییه. بۆشاییەکە بۆ من قەت بە بوونی لێژنه یا یەکێتی ژنان پڕنابێتەوە کاتێ دەزانم و دەزانین بیرەکانمان بریندارن.

بریندار؟ ببوورن، مەبەستم نەخۆش بوو!





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------