January 1, 2009
1. بەیانی زوو لە ماڵی پەری هاتمە دەر. ستۆکهۆلمم کە بە جێ هێشت، هێشتا سارد بوو و تاریک. پێنجی و نیوی ئێوارێ کە گەیشتمە بەر، هێشتا خۆر بوو و ڕووناک! لە دەرگای فرۆکەخانە کە هاتمە دەر، بانگی ئێوارێ دەستی پێ کرد و هەنگاوەکانی من شل بوونەوە. من، بێ دینترین گیانلەبەری بە ئیمان، دەنگی بانگ کە دەبیستم دڵم پڕ دەبێت. هەزار بیری دوور و کۆن یەک جێ سەر هەڵدەدەن. پڕ دەبم لە بۆنی دایکم. لە سرتە سرتی سەر بەڕمالەکەی، بەیانیانی زوو. پڕ دەبم لە هەستی ئێوارانی ڕەمەزان کە عەشیرە چوارکەسییەکەمان لە دەوری یەک کۆدەبووینەوە... خۆزگە زیندووکان زۆرتر قەدەری یەکتریان دەزانی! 2. ئێستا ئیتر دڵنیام ئەو سەفەرانە کەم تا زۆر، بۆشاییەک پڕدەکەنەوە. بۆشایی دووری و دووربوون. ئەو شارانەی، بە هەموو نامۆییەکانیانەوە، لە پڕ بە شێوەیەک خەیاڵێکی خەوتووی خۆڵاویت تێدا زیندوو دەکەنەوە. نەرمە بارانەکەی سەر لە بەیانی دەمباتەوە بەهاری ساڵێکی دووری شارە جوانەکەم سنه. هەر ئەوەش بەس بوو دەیان بیری جوانم بێتەوە بیر و بزەم بێتە سەر لێو. هەر دەڕۆم و سەر بە هەموو کەلێن وقوژبنەکانی شار دادەکەم وبیردەکەمەوە لە کەیەوە وا دەستەمۆی نامۆیی بووم کە هەنگاوەکانم هیچ هەست بە غەریبی دەگەڵ شەقامەکانی ئەو شارە ناکەن؟ 3. دەڵێ ئەم شەقامە "شانزە لیزەی ئێمەیە". دەڵێ ئێواران پڕ دەبێت لە کچ و کوڕی عاشق کە لێرەو لەوێ سەر بە سەری یەکەوە دەنێن. من شانزە لیزەم نەدیوە و نازانم کچ و کوڕی عاشق لە پاریس چۆن دڵداری دەکەن، بەڵام ئێوارەیەک، دەیان کچ و کوڕی گەنجم دی، دەست لە ناو دەست، بێ ترس لە مۆڕەی خەڵکی شار، شان بە شان دەڕۆیشتن. سەیرە! ئێستاش دوایی ئەو هەموو ساڵە دوورییە، کە له وڵاتێکی بە ڕوالەت "ئیسلامی" ژن بێ پچکە و ڕووبەند دەبینم دەترسم. قاقای پێکەنینی کچێک کە دەبیستم دەترسم. کەمێکم کات پێویستە وەبیرم بێتەوە ئێرە "ئەوێ" نییه! دوایی بیر لە سێزدە چواردە ساڵییەکانی خۆمان دەکەمەوە و تەزێک لە سنگما دەگەڕێت. دەکەومەوە بیری هەموو ئەو بزانەی کەوتنە بەر تیخی "عەیبە وعار"، هەموو ئەو دڵدارییانەی نەکران، هەموو ئەو دڵەکوتانەی جوانە مەرگ بوون، هەموو ئەو "خۆزگەو بریا" جوانانەی لە بارچوون ... 4. ناو گوزەرە تەنگ و تاریکەکانی دەمخاتەوە بیری شارە جوانەکەم مەهاباد. لهوێ که بۆم نهبوو لێرە بهڵام هەموو ڕۆژێ لە ناو ئەو گوزەرانەدا دەگەڕێم. بۆن لە گولباخە وشکەکان دەکەم، گوێم بۆ قسەی دووکاندارەکان ڕادەگرم و هیچیان لێ ناکڕم و تێدەپەڕم. چاو لە گوارەکان دەکەم. بیر دەکەمەوە کەس هەیە بە قەد من عاشقە گوارێ بێت؟ گوارەکان یەک بە یەک تاقی دەکەمەوە، لە ناو ئاوێنەیەکی خۆڵاوی چاو لە خۆم دەکەم و مات دەبم بزانم دەتوانم لە ناو هات وا هەرای ئەو هەموو خەڵکەدا، دەنگی خرینگەی گوارەکان ببیستم ، گوێ بۆ "پێداههڵگوتنەکانی" کابرای دووکانداریش ڕادەگرم و دیسان هیچ ناکڕم و دەڕۆم. دەزانم نابێ هیچ لە خۆم بارکەم. یەک دوو ڕۆژی دی دەچمە شارێکی تر. 5. لە ناو شەقامێکی باریکی شار، مزگەوتێک و کلیسەیەک ڕووبەڕووی یەک سازکراون. بیردکەمەوە چ دەبوو مرۆڤەکانیش توانیبایان سەرەڕایی یەک نەبوونی بیروباوەڕەکانیان بە تەباوڕەبایی دەگەل یەک ژیابان. لێرەش سنووری نێوان دارا و نەدار زەقن. لە شەقامێکی ناوڕاست شار، دەیان ژن بە منداڵی مەلۆتکەکراو، بەڕیز دانیشتوون و سوواڵ دەکەن. کوڕی منداڵ و گەنج، لە شارۆچکە و گوندەکانەوە، بە هیوای ژیانێکی باشتر، لە ناوگوزەر و چێشتخانە بچووکەکانی ناو گوزەر خەریکی کارن. لێرەش بێکاری بێداد دەکات و بێ کارەکان، ژن و پیاو، بەیانیان زوو، لە چەند مەیدانی شار کۆدەبنەوە بە هیوای ئەوەی خەرجی ژیانی ئەم ڕۆژەیان پەیدا بکەن. 6. دیتنی کچەکانی ئەم شارە هەستێکی خۆشم پێ دەدات. داپیرەکانیش تەنانەت دەگەل داپیرەکانی لای ئێمە دونیایەک جیاواز بوون. داپیرەیەکم دی مۆتۆرسیکلێتی لێدەخوری. کۆمەل کۆمەل کچی"سەر ڕووت" و "لێچک بەسەرم" دەدی دەگەڵ کۆمەڵێک کوڕی هاوتەمەنی خۆیان دانیشتوون و قاقا و پێکەنینیانە. ئەو نامۆیی و "نەدیوبدی" بوونەی کچ و کوڕەکانی لای ئێمەیان نەبوو. ژنانیش لە کافیشاپە مۆدرەنەکان و چایخانهکان دادەنیشن، جگەرە دەکێشن و خۆ لە بەر خۆری بەتینی سەرماوەز ههڵدەخەن. ئیوارە درەنگ و شەوانە لە ناو بازاری شاردا دەگەڕێن. دەڵێ دەستدرێژی بە ژن شتێکی ئاسایی نییه. دەڵێ کچەکان بە ئازادی پەیوەندییەکانی خۆیان ههڵدەبژێرن و ژن مافی تەلاقی هەیە. دەزانم شتەکان ئاواش کە باسی دەکات "زەرقە و بەرقاوی" نییە. بەڵام بۆ من هەر ئەو شتە بچووکانەش دڵخۆشکەرە. کە کچەکان ترسی "قەتڵی نامووسیان" بە دواوە نییه. کە دڵداری تاوان نییه. کە قژیان باران و خۆری لێدەکەوێت. کە مافی ههڵبژاردنیان هەیە. کە دەتوانن بە دەنگی بەرز پێبکەنن. مرۆڤ کە خەمی "شتە بچووکەکانی" نەبێت فێردەبێت ئاواتی گەورە و ڕەنگاوڕەنگی هەبێت. فێر دەبێت ئاواتەکانی بێ سنوور بن. 7. پیاوکانی ئێرەش دابی باوی کۆن ڕەچاودەکەن و نەریتەکان زیندوو ڕادەگرن. "چاوداگرتن و ماچ هاویشتن و قسە پێگوتن، بیب ڵیدان و وەدووکەوتنیان" هەیە. فەرقێکی هەبوو، "دەست بۆهێنیان" نەبوو یا - بەختەوەرانە- من نەمدی. لە بیرمە لە باشوور کە بووم ڕۆژ نەبوو تووشی شەڕ نەبم. لە بیرمە ڕۆژەکانم پڕ بوون لە توڕەیی و سەرسوورمان. ئەو دابە باوە زۆر سەیری ئازاری دەدام. نەجیبە خانم خۆش خۆش وهبیری دەهێنامەوە " ئەوەیە ئیتر دەڵێی چی". ئەمجارەیان بەڵام زۆر ئارام بووم، دەگەڵکەس شەڕم نەکرد. یەک دوویانم "شکاندەوە" هەر ئەوەندە. بریارم دابوو نە بییانبینم و نە بیانبیستم. ئەوەش بۆ پیاو که فێرن ببیندرێن و ببیسترێن، خۆش نییه. 8. دەڵێ " بریا تۆ کەمێک زۆرتر بزە لێ بدەی. ئەوەندەی ئەوانی دی وە پێکەنین دەخەی نەمدی خۆت پێبکەنی. نەهێنییەکەت چییه؟" دەمەوە بڵێم وانییه بەڵام کە بیری لێ دەکەمەوە دەبینم ڕاست دەکات. وەبیرم دێتەوە تەنانەت سانا سەرنجی داوە کە ناتوانێت من وەپێکەنین بخات، گوڵەکەم زۆری هەوڵداوە. دەڵێ " تەواوی خەڵکی دونیا به تۆ ڕزگار ناکردرێت. هێندەی بیر لێ مەکەوە" بیر دەکەمەوە تەواوی ئەو ساڵانە هەوڵی من ئەوە بووه خۆم ڕزگار بکەم لەو هەموو داوه ئەستوورانەی دەست و پێیان پێبەستوومەتەوە. مەگە قەرار نەبوو هەر کەس لە خۆی ڕا دەست پێبکات؟ ... 9. بەیانی مەراکێش بە جێ دەهێڵم. ئەم شارەم خۆشویست. هەواکەی پڕبوو لە بۆنی خاکەلێوە. زۆر شتی بچووکی دیار و نادیاری هەبوو هەستێکی خۆشیان پێ دام. ئەم چەند ڕۆژه سەرم بە زۆربەی هەرە زۆری کەلێن و قوژبنەکانی شاردا کرد. دەگەڵ خەڵک قسەم کرد. چایی نەعنام دەگەڵ خوادنەوە. کەبابی سەر ڕەژی لە چێشتخانەیەکی بچووکی نە زۆر خاوێنم دەگەڵ خواردن. چەند هاوڕێی تازەم دیتەوە. لە "مەدینە" لە ناو گوزەرە باریکه پێچ پێچەکانی دەگهڵیان پێکەنیم، وڵامی پرسیارەکانم وەرگرتەوە، وڵامی پرسیارەکانیانم داوە. ئەو شارەم خۆشویست. کەمێک بۆشایی دووری پڕکردەوە. 10. قەتاری شەو دەگرم بەرەو باکوور. ویستگەی قەتار چۆڵه. من دوو ساعەت زووتر هاتووم چونکە نەمدەزانی ساعەتی قەتارەکان بۆ مەتمانه دەبن یا نا. خەڵک وردە وردە دەردەکەون. یەکەم جارە سواری قەتاری شەو دەبم، لە وڵاتێک کە باشی ناناسم. هەر دەڵێم خۆزگە لەو سێ کەسەی دی که قەرارە لە هەمان کووپ دا بخەون، پرخە نەکەن. هەشت و نیو قەتار دێت و ئێمەش وردە وردە سوار دەبین. واگۆنی ده، تەختی سەدوحەوت. یەکەم کەسم دەچمە ناو کووپی خۆم. گەرم و خۆشە. چوار تەختی تێدا و تەختی ژێرەوە هی منه. مەلافە و باڵەنجی "تازەم" دەدەنێ. خەریم جێخەوەکەم خۆش دەکەم کە کەسی دووهەم دەگات. ژنێکی ڕەشپێستی زۆر جوان. تاقەت ناهێنم و دوای چرکەیەک دەست دەکەم بە قسە کردن دەگەڵی. خەڵکی فەرانسەیە و سێ ساڵه لە مەراکێش دەژیت. مێعمارە و دەگەڵ شرکەتێکی گەورە کار دەکات. هەفتەی جارێک لە مەراکێش ڕا دەچێت بۆ تانجیر. دەڵێ یانزدە ساعەت لە ناو قەتاردا دەرفەتێکی باشە بۆ فیلم دیتن. دەڵێ لە ژیانی لە مەراکێش زۆر ڕازییه و بەتەما نیییه بگەرێتەوە فەرانسە. دەڵێ مەراکێش "ماڵه". دەڵێ "لێرە هەست دەکەم لە ماڵی خۆمم". ژنێکی تر دێت. قژ ڕەشێکی کورتەباڵا. ئەوی ئاخر ژنێکی قژ زەردی باڵا بەرزه. لە زمانی ئینگلیسییەکەیەوە دیارە خەڵکی بریتانیایه. نۆونیوی شەوە. قەتار ڕێدەکەوێت. ژنە ڕەشپێستە جوانەکە چاو لە فیلم دەکات. قژ ڕەشەکە کتێب دەخوێنێتەوە. ئەمەی تریان دەنگی نایە. لە تەختەکەی سەرەوەی من ڕاکشاوه نایبینم بزانم خەریکی چییه. خۆم لە سووچی لای پەنجەرە خۆم گرمۆلە کردووە، گۆشەی پەردەکەم هەڵداوەتەوە، گوێ لە مۆسیقا دەگرم و چاو لە دەرێ دەکەم. دەرێ تاریکە. چرای ماڵەکان کز دەسووتێ. چۆڵه. کەس نابینم. لە ویستگەکان، چاو لەو خەڵکە خەوالوویە دەکەم بە ئارامی سوار دەبن یا دادەبەزن. دە یانزدە ساعەت بە ڕێگەوە دەبین. خەوم نایە. دەکەومە سەر پشت. دەست دەخەمە ژێر سەرم. لەتێک ئاسمانی شەوم هەر لێ دیارە. جارنا جارێک ئەستێرەیەک دەر دەکەوێت و زوو ون دەبێت. شوان پەروەر لە گوێمدا دەخوێنێت "من بریا ت کریا... باوەر کە من ... " و من بیری ئاسمانی دەوەشار دەکەم، ئەو شەوەی ئەستێرەکان ئەوەندە زۆر بوون وەک پەردەیەکی ناسکی زەرق و بەرقاوی بە سەر گوند دا کێشرابوو. بیری بارانی بەیانییه زوویەکی سێ ڕێ سەید نیزام، دەگەڵ ڕادین وەستابووین چاوەڕیی براکەم ... بیری براکەم دەکەم. ئەوانی دی خەوتوون. هیچیان پرخە ناکەن. دەرێ تاریکە، کورد گوتەنی چاو چاو نابینێت. ئەستێرە نەمان. یەک دوو ساعەتی دی دەگەینێ. دەگەینه کوێ؟ گەیشتن کەی مەبەست بووە. من لە وەستان دەترسم. لە ڕۆچوون. ئاسمانی بەرە بەیانی شین و پەمەیییه. هێشتا ههر بهڕێوهین و من هەست بە ئارامی دەکەم.
Comments:
Post a Comment
|