Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

March 21, 2009



لە ساڵێکدا کە تێپەڕی...

لە ژنەکانی دەروونم یەکیان دەستی هەڵگرت لە پەڵەقاژه‌ی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان. ئەو، کە زۆر ساڵ دەگەڵ ‌سێبەرەکان ژیابوو لە ڕۆژێکی نە زۆر گەرمی هاوینی پار بڕیاریدا سێبەرەکان بنێژێت و خۆی بژیت، هەر ئەو ڕۆژەش بوو لە پرسەی سێبەرەکان تێر گریا و شینی گێرا و دواتری هەمان ڕۆژ، تەڕایی گۆنای بە پشت دەست سڕییەوە و لوتی هەڵووشی و چواردە ساعەت خەوت و خەونەکانیشی هەر لەوێ‌ بەجێ هێشت! لە ژنەکانی دەروونم یەکیان دەستی هەڵگرت لە خۆی بپرسێ "بـــــــۆ". گرێ پووچکەی پرسیارەکان وایان سەرقاڵ کردبوو مەودای نەبوو بیربکاتەوە"چــــۆن". لە ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی ئەو ساڵەی کە تێپەڕی هەموو داوە‌کانی هەڵپاچی و هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و هەنگاوێکی تازەی هەڵگرت. لە ژنەکانی دەروونم یەکیان دەستی لە شەڕ دەگەڵ تەنیاییەکانی هەڵگرت. ماندووییەکانی وەبیریان هێناوە لەم شەڕەدا سەرناکەوێت. لە ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی ئەو ساڵەی تێپەڕی تەنیاییەکانی لە پشت سەرداناو و پشت سەری چاو لێنەکردەوە. لە ژنەکانی دەروونم یەکیان بەرۆکی ڕابردووی بەردا و لێی خۆش بوو.

بیر دەکەمەوە ساڵانێک بوون لە ژیانما ساڵانی عاشق بوون، ساڵانی ماچ و باوەش و خۆشەویستیکردن و خەون بە داهاتوو و بۆ داهاتوون دیتن بوون، ساڵانی شێتانە خۆشویستن و بە خۆشەویستی مەست بوون بە مەستی خۆشەویستی کردن بوون. بە خۆم دەڵێم ئەو ساڵانە دیسان دەبنەوە! بیردەکەمەوە ساڵانێک بوون لە ژیانما ساڵانی ڕۆچوون و ڕووخان و دووری و دووربوونەوە بوون. ساڵانی نوقم بوون لە تەنیاییەکاندا، ورد بوون لە دڵتەنگییەکاندا و ونبوون لە بێدەنگییەکاندا. بە خۆم دەڵێم ئەو ساڵانە دیسان دەبنەوە! بیردەکەمەوە ساڵانێک بوون لە ژیانما ساڵانی گەورە بوون، پێگەیشتن و تێگەیشتن لە خۆم بوون. ساڵانی سەرهەڵدان، ڕیشەداکوتان و ئارام بوونەوە. بە خۆم دەڵێم ئەو ساڵانە دیسان دەبنەوە.

بیردەکەمەوە ژیان بەردەوامە. ڕۆژەکان تێدەپەڕن و جێ پێیان لە سەر لەش و ڕۆحمان دەمێنێتەوە. ڕۆدەچین، دەڕوخێین بەڵام هەڵدەستینەوە. چاوەڕێی هاتنی" ئەو ڕۆژەی وەک هیچ ڕۆژێکی تر نییه" گەورەتری هەڵەی ژیانە...

خۆزگە نه‌ترسین، خۆزگه‌ ڕۆژەکانمان بژین!

.

.

.

ساڵێکی تازەی پڕ‌لە خۆشی و خۆشەویستیتان هەبێت!





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------