Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

March 25, 2009

لاڵ!

تەواوی ڕۆژە سەیر و سەمەرەکانی هاوینی پار و هەموو ئەو شتانەی ڕوویاندا و هەموو ڕۆچوون و ڕوخان و ڕاستبوونەوەکانی بوون بە مۆری بێدەنگی و لە سەر لێوم درا و بێدەنگی قووتی دام. وشەکان لە ناو هەرای دەنگەکانی ناو زەینمدا ون بوون و من مامەوە و سەد قسەی نەگوتراو. من مامەو و کەڵافی ئاڵۆزی هەزار بیری تێکەڵ. سەد قسەی نەگوتراو! نە دەنگێک بۆ گوتنەوەیان و نە هەستێک بۆ نووسینەوەیان. وڵامی هەر پرسیارێک دەیان پرسیاری تازەی بەدواوە بوو و هەر پرسیارێکی تازەش تاسەی زانین و ترس لە تاڵی وڵامەکان! هەزار ساڵ‌ بوو بە قەد ئەو ڕۆژ و مانگانەی تێپەڕین هەستم به تەنیایی و نامۆیی نەکردبوو. دەزانی زۆر ترسام! زۆر دەترسم. دەترسم ئەو توڕەییەی هەموو ڕۆژێ بە ناچار قووتی دەدەمەوە لە ناکاو هه‌ڵچێت و من بە قەد هەموو ڕۆژە توڕەکانی ژیانم بڕشێمەوە. دەترسم ڕۆژێک ڕوخساری ناموی ناو ئاوێنەکه هه‌ڵملووشێت و من تازە قەت نەبمەوە بە خۆم! خۆم کە ئاگای لێم بوو ڕۆژێک لە ژێر بارانی ئێوارەیەکی تەر و تاریکی ئەو شارە قەرەباڵغە خووسام و ئەوەندە ڕۆیشتم تا ماندوویی لەشم ژانی ڕوحمی لە بیربردمەوە. خۆم کە ئاگای لێم بوو چۆن هەموو ڕۆژێ، لە بەری بەیانی تا ئێوارە درەنگان، نوقمی کار دەبووم و شەوانە وەک کەلاکی نیوەگیان دەگەرامەوە ماڵ و گیانی ئەوەم تێدا نەبوو گوێ بۆ زیڕەی زەینم شل کەم.

بیری خۆم دەکەم! خۆم کە دەتوانێت بە شتە بچووکەکان پێبکەنێت و دیارییە ساکارەکانی خۆشبوێت. خۆم کە دەتوانێت هەموو ماندووییەکان و مانگرتنەکانی لە لاپەڕەکانی کتێبێکدا لە بیربکات، خۆم کە دەتوانێت بە خوێندنەوەی نامەیەکی کورت هەست بە بەختەوەری بکات. خۆم کە عاشق بوو، خۆم کە نەیدەزانی عاشق نەبێت...

تەواوی ڕۆژە سەیر و سەمەرەکانی هاوینی پار و هەموو ئەو شتانەی ڕوویاندا و هەموو ڕۆچوون و ڕوخان و ڕاستبوونەوەکانی بوون بە مۆری بێدەنگی و لە سەر لێوم درا و بێدەنگی قووتی دام.

خۆم نایەوێت لاڵ بێت!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------