Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

April 5, 2009



دڵی پڕە. دەنگی پڕە لە گریان. خۆ من چاوەکانی نابینم بەڵام دڵنیام فرمێسکەکانی گۆنای تەڕکردوون. دەڵێ "ژنی لای ئێمە هەموومان نەخۆشین. عەقڵمان نەخۆشە. نە هیچ لە خۆمان دەزانین و لە هیچ لە ساڵانی ژیانمان فێردەبین"، دەڵێ "عەقڵمان، هەستمان و تێگەیشتنمان عەیبدارە. سەقەتە..." دەڵێ ساڵی یەکەمی ژیانیش، دوای یەکەم منداڵیش دەمزانی ئەو ژیانە ژیانێکی نەخۆشە. دەڵێ منداڵی دووهەم و سێهەمم بۆچی بوو؟ باسی هاوڕێکان و خزم و کەسەکانی خۆی دەکات. هەموو چارەنووسێکی هاوبەشیان هەیە. باسی ژنێکی گەنج دەکات حەوت ساڵ هەرچێ دەکرا کردی تا منداڵی بێت و ئێستاش مێردەکەی نە تەڵاقی دەدات نە بابه بۆ منداڵەکەیان و نە ئەوەندە پیاوە پیاوەتی بکات نەهێڵێ ئەم کچە منداڵه برسایەتی بکێشێ‌. دەڵێ ئەوه چیرۆکی ژیانی هەموومانه... دەڵێ " ئەقڵمان نەخۆشە ... " دەڵێ "بەخێر برا بوو، دوای سێ چوار ساڵ هات بۆ سەردانم، هەموو چیرۆکی ژیانمی دەزانی، لە دوورەوە هەڵا و گوڕە گوڕی دانابووە کە دێم "ئاگر لەم باوەحیزه بەر ئەدەم" کەچی هەر شەوی یەکەم بە دوو شیشە ئارەق خاو بووە و هەموو هەرشە وگوڕەشەکانی لە بیر کرد. گوتی گەراوە گوتی " تۆ ژنێکی زماندرێژی. پیاو خوادی سەر ئەرزە و ژن نابێ قسە لە سەر قسەی پیاو بکاتەوە!"

بیردەکەمەوە لە ناو مێشکی زۆربەی هەرە زۆری پیاوەکان "تاڵەبانێک" دەژی. لە ناو ناخی زۆربەی هەرە زۆری پیاوەکان تاڵەبانێکی بچووک دەسەڵاتی بە دەستەوەیە و پچە و ڕووبەند بە سەر هەست و مەیلی مرۆڤانەی ژن دا دەکێشێت. من دەترسم! من لە بوونی ئەو هەموو تاڵەبانە نادیارانەی دەسەڵاتیان بە دەستەوە دەترسم. حکومەت، یاسا و داب و نەریت و هەلسووکەوتی باوی ناو کۆمەڵگە هەموو ئاوێنەی باوەڕ و بۆچوونی زۆرینەی خەڵکن. من لەم باوەڕە بۆگەنیوەی ڕیشەی لە ناخی ژن وپیاوی ئێمەدا داکووتاوە دەترسم. باوەڕێکی بۆگەنیو کە تەنانەت سنوورەکانیش دادەبەزێنێت و وڵاتە و وڵات دەگەڵیان دێت، هەر ئەو باوەڕە بۆگەنیوەی فادیمە و پێڵا و هێشوو و سارا و ... جوانەمەرگ دەکات!

قسەکانی لە گوێما دەزینگێتەوە. دڵم دەتەزێ! بیردەکەمەوە بۆ ئەو تاڵەبانە بچووکانە پێیانوایە "سەلاح ‌و چاکەی ژن" باشتر دەزانن؟ بیردەکەمەوە بۆ هەموو تاڵەبانە بچووکە دەمارگرژە نەزانانە پێیانوایە دەتوانن دەنگی ژن ببڕنەوە؟ ژن بێدەنگ بکەن؟ من لە بیرکردنەوە لەو ژنانەی لە تەنیاییەکانی خۆیاندا بێدەنگ کراون و زیندوو زیندوو دەتوێنەوە دەترسم. بۆ ئەو ژنانەی هەموو ڕۆژێ کەمێک دەمرن، کەمێک دەکوژرێن، هەموو ڕۆژێ کەرامەتی ئینسانییان دەخرێتە ژێر پێ دەترسم.

دەنگی پڕە لە گریان. دڵنیام گۆنای تەڕە. دەڵێ‌ خۆ هیچم نەدەویست، هیچم ناوێت یەک تۆز ئارامی نەبێت. دەڵێ‌ یەک تۆز حەسانەوە، نەترسان، نەشکانەوە، سووکاتەی پێ‌نەکڕان و ڕێز ... داواکارییەکی زۆرە؟

نازانم چی پێ‌بڵێم. نازانم هانی بدەم شەڕ بکات یا تەنیا گوێ ‌بۆ چیرۆکی برینە چڵککراوەکانی ڕاگرم. نازانم بڵێـم بڕۆ یا بمێنەوە. دەزانم دەمەوێ لەوێ ‌بم و لە باوەشی بگرم، دەمەوێ‌ لەوێ ‌بم و سەری بخەمە سەر سنگم و لێی بگەرێم بە قەد هەموو خەمەکانی، هەموو تەنیاییەکانی بگری، دەمەوێ لەوێ بم و هەموو ژانەکانی لێ بدزم. لەوێ ‌نیم، نازانم دەبێ ‌چی پێ ‌بڵێم، دەترسم! لە تاڵەبانەکانی شارەکەی دەترسم. لە پیاوە ناحاڵییەکانی شارەکەی دەترسم. دەترسم بۆ تەنیاییەکانی ژنانی ئەو شارەی هیچی بۆ ڕۆڵەکانی پێ‌نییە. ئەو شارەی ژنەکانی هەژارن، بریندارن، تەنیان، ئەو شارەی ژن بوون ‌تێیدا عەیبە، بڤەیە.

من شەڕم ناوێ. من شەڕخواز نیم. بەڵام ئەگە شەڕم پێ‌بفرۆشن دەبێ‌چی بکەم؟

من کەسم بۆ ناگۆڕدرێت. خۆم دەگۆڕم. خۆم دەگۆڕدڕیم و لە پڕ لە بەر چاویان دەبم بە ژنێکی "ڕووداماڵدڕاوی زماندرێژی بێ‌حەیای بێ‌ شەرمی خۆ لێ‌گۆڕدراو!!"‌ من کەسم بۆ ناگۆڕدرێت ڕاستە، ئەوەش دەزانم کە یاسا و عەقلییەتە کە دەبێ ‌بگۆڕدرێ، بیردەکەمەوە بەڵام تا ئەو کات چەند ژنی دی زیندوو زیندوو ئاگر لە خۆیان بەردەدەن؟ تا ئەو کات چەن مرۆڤی دی هەموو ڕوژێ‌ مردن تەجرەبە دەکەن؟ تا ئەو کات چەن ئەقلی نەخۆشی تر سەر هەڵدەدات و جێ خۆش دەکات و "دەست دەوەشێنێت"؟‌ تا ئەو کات چەند تاڵەبانی دی لە ناخەکاندا بە پلەی خودایەتی دەگەن و کوشتن و سەربڕێن و سەقەت کردن و بەستنەوەی ژنەکان دەکەن بە یاسا؟

نا، من شەڕم ناوێ. من شەڕم ناوێ. من قەت شەڕخواز نەبووم. بەڵام ...





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------