Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

April 24, 2009

ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار بیرم کردەوە بۆ مردنی تۆ کەس هیچ پرسەیەکی دانەنا. بیرم لەوە دەکردەوە کە چۆن بووی بە وێنەیەکی بێ ڕۆحی سەر دیواری ژوورێکی چۆڵ. بووی بە ناوێک جارنا سوێندیان پێ دەخواردی. دایکت تا ئەو ڕۆژەی ما بە هیوای گەرانەوەت بوو. قەت نەمزانی هەستی کردبوو نەماوی و بێدەنگ تواوە و بەو خەمەوە سەری ناوە یا چی دی بەرگەی چاوەڕێ مانەوەتی نەگرت. تا ئەو مابوو کەس تۆ و مردنی لە یەک گرێ نەدا. ئەویش کە ڕۆیی من ئیتر گەورە ببووم، بیرەوەرییەکانم لە تۆ کاڵ ‌ببوونەوە. من گەورە بووم و تۆ هەر چاردە ساڵ مایەوە. شەڕ تەواو بوو، ساڵەکانی دوای شەر تاڵن. وەک بڵێی تازە وێران بوونی شارەکەت دەبینی، وەک بڵێی تازە هەست بە ژانی برینەکانی ڕۆح و زەینت دەکەی، وەک ئەوەیە خەونێکی تاڵی ترسناکت دەم بە دەم وەبیر بێتەوە. شەڕ تەواو ببوو، تۆ نەمابووی و هەموو کەس تامەزرۆی ژیان بوو. کەس باسی مردنی نەدەکرد. پەلەمان بوو بۆ ژیان. بۆ هەست بە بوون کردن کە نەمانکرد، نەیانهێشت. من گەورە بووم. بیروەرییەکانی سەردەمی منداڵیم کاڵ و کاڵتر دەبوونەوە. ئەو بیرەوەرییانەی پڕ بوون لە بۆنی باڕووت و گرمەی خۆمپارە و ڕەنگی ڕەش و ... پەلەم بوو ئەو شتانە لەبیر خۆم بەرمەوە، لە کۆڵ ‌خۆمیان کەمەوە. تۆ بەڵام هەر چاردە ساڵانه‌ مایەوە. تێکەڵی بیرەوەرییەکانی ئە سەردەمەم نوقم بووی، ون بووی. کەچی ئەمڕۆ دوای ئەو هەموو ساڵە کە ناوم هێنای دامە پڕمەی گریان، وەک بڵێی هەر ئەو کات بوو هەواڵی مردنتم بیستبێت، وەک بڵێی ئەوفرمێسکانەی هەموو ئەو ساڵانە نەڕژابوون، نەمهێشتبوو بڕژێن ڕژانە سەر گۆنام. بیرم دەکردەوە خەمی مردنت چ لاسارە، سەری بۆ حاشام دانەخستووه، دەستی لە کۆڵ‌ نەکردوومەوە، خۆیم وەبیردەخاتەوە. حەقی خۆتە نا، دەبا لە گۆشەیەکی کەس پەنەزانی دڵیشم بایە پرسەیەکی یەک کەسیم بۆ دانابای. نەدەبا هەموو ئەو ساڵانە خۆمم لێ گێژکردبای. دەبا جۆرێک دەگەڵ مردنت ئاشتت ببامەوە! دەبا جۆرێک فێر ببام ئەوەندە لێت توڕە نەبام. هەر خۆم و خوداکان دەزانین چەندەت لێ توڕەم. ‌توڕە لە وەی بە ڕۆیشتنت هەموو شتێکت تێکدا. هەر جارەی دەنگی گریانی دایکت دەهات، هەر جارەی پارانەوەکانی بەری بەیانی خەوی لە چاوم دەزڕاند ئاخ ئەودەمانە چەندە حەزم دەکرد بتبینمەوە و بە قەت هەموو توڕەییەکانم بە سەردا بقیژێنم. نازانم، دڵتەنگی و تاسە و توڕەیی تێکەڵ ‌بوون. لەوانەیە! ئاخر لە منداڵێک که‌ هه‌ر له‌ هه‌شت نۆ دە ساڵییه‌وه‌ بیری باوەشی دایکی دەکات و دایکی شین بۆ کوڕە بێ سەر و شوێنەکەی دەگێرێت و هۆشی ئەوی نییە چ چاوەڕوانییەکت دەتوانێ هەبێت؟

جوانە مەرگ بووی کەماڵ، جوانە مەرگ! چاردە ساڵ کەم بوو بۆ ژیان!‌ چاردە ساڵ بەشی چی دەکات ئاخر؟ ‌بەشی زۆری ئەو تەمەنە کەمە ڵە شەڕ و هەڵا و تاڵان و کوشت و بڕدا چوو. کوا دەرفەت بۆ ژیان؟ دەڵێن خاک فەرامۆشی دێنێت و قەت نەمزانی لە کام بستە خاکدا ناشتراوی، زانیبام دەهاتم تەم و تاسەی قووت دراوی هەموو ئەو ساڵانەم لە گۆشەیەک لە پەنات چاڵ دەکرد و لە کۆڵ خۆمم دەکردەوە.

دەزانی نامەوێ چی دی حاشا لە مردنت بکەم نامەوێ ئیتر هیچ لە بیر خۆم بەرمەوە. دەمەوێ یادی کەماڵی چاردە ساڵە توند توند لە باوەش بگرم تێر تێر بۆی بگریم. با ئەوە پرسەی تۆ بێت دەمەوێ هەموو بیروەرییەکانی سەردەمی منداڵیم کە بۆنی تۆیان لێدێت وەبیر خۆم بێنمەوە و دەمەوەێ پڕ بە دەم ناوت بێنم، دەمەوێ لە بیرەوەرییەکانمدا زیندووت کەمەوە، شەوانی وەسەت وەسەتێن و حەوت بەردە، ئەو شەوانی بەرق نەبوو و ئاژیری سوور زوو زوو لێ دەدرا و تۆ دەترسای بۆ میزکردن بچی دەرێ و من دەگەڵت دەهاتم، شەڕەکانمان، مێشێن و پێنج بەردەی شەوانی بۆمباران، حەزەکەت کە ناوی لەیلا بوو، نەقاشییەکانت کە من دەمکێشانەوە، سەربان چوونەکانمان، تۆ دەگەڵ ‌بوو کە پشیلەکەی ئامین خانمان لە داو خست تۆڵەی ئەوەی جووجکەکانمانی خواردبوو لێ بکەینەوە؟ ئەو جارەی لە سەردەشت هاتبوویەوە گوێزی سەوزت دەگەڵ خۆت هێنابوو، وێنەکەی دەفتەرچەی بیمەکەی خۆتت لە بیرە؟ قژیان سەقەت کردبووی، لار بوو؟‌ ئەگە بزانی چەندە من ئەو وێنەیەتم خۆش دەوێت.

با ئەوە پرسەی تۆ بێت، هەر ئەو شەو. هەر ئەو شەو تۆ تابەیانی لە مندا بژی، من لە تۆدا دەمرم. بەڵام پێت دەڵێم، دوایی خۆمم دەوێتەوە. نامەوێ بتوێمەوە. دەمەوێ دوای ئەمشەو دەگەڵ ‌مردنت ئاشت ببمەوە. دەمەوێ یادی کەماڵی چاردە ساڵە لە گۆشەیەکی دڵ و زه‌ینمدا ڕاگرم. دەمەوێ تۆم وەک کوڕیکی چاردە ساڵەی ڕەش ئەسمەری خوێن شیرینی ترسەنۆکی قسە خۆشی سەر شێتی منداڵیم وەبیر بێتەوە. دەمەوێ بە قەت هەموو دڵتەنگییەکانم، توڕەییەکانم، تاسەکانم، تەنیاییەکانم لە باوەشت بگرم و شینی نەمانت بگێرم و دەمەوەێ هەر جارەی بیرت لێدەکەمەوە بزەیەک بە یادی ئەو بیرەوەرییە کەمانەی پێکەوە هەمانە بێتە سەر لێوم.




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------