June 6, 2009
پێشەکی: ئاشنایە. ژنێکی چل و چەند ساڵە. مێردی هەیە و سێ منداڵ. دەڵی لە ژیانی ڕازییە و هەست بە بەختەوەری دەکات. ئیش دەکات و کورد گوتەنی دەستی لە گیرفانی خۆی دایە. دۆینێ کە دیم قسەی زۆر هەبوو بۆ گێرانەوە.دیار بوو زۆر سەرقاڵی بیرەکانێتی. دەرکەوت ئەو دۆستە پڕ لە هەستی تاوانه. هۆیەکەشی ئەوە بوو کە لە فێیس بووک هاوڕێ کوڕەکەی بیست ساڵ پێشی خۆی دیتبۆوە و پەیوەندی دەگەڵ گرتبوو و وەک شتێک بە تەلەفوون قسەیان پێکەوە کردبوو. هەر ئەوەندە! دیگووت ژانی وژدان ئارامی لە هەڵگرتووه. دەیگووت هەست بە تاوان دەکات، دەیگووت هەست دەکات خیانەتی بە مێردەکەی کردووە. بیرەکان: بیری خیانەت. من پێموایە بیری خیانەت ڕاستییەکی ژیانی مرۆڤە. ڕاستییەک کە باس لێنەکردنەکەی بە مانای نەبوونی نییە. کەم نین ئەوانەی هاوڕی و هاوسەری ژیانیان خۆشدەوێت بەڵام دەتوانن،دەیانەوەێ یان پێویستییانە جار وبار دەگەڵ کەسێکی تر "چاوچاوێن" بکەن، جار هەیە حەز دەکەن سەرنجی ژن یان پیاوی تر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن، حەز دەکەن دەگەڵ ژن یا پیاوی تر دەستبازی یان خۆشەویستی بکەن. جار هەیە بیری دڵداری کۆن زیندوو دەبێتەوە ... هەندێ جاریش هەیە خەون بە سێکس دەگەل کەسێکی ترەوە دەبینن... ئەوانەم هەموو گوت، با ئەوەش بڵێم باس لە سەر ئەوە نییە تۆ هاوڕێ و هاوسەری ژیانت خۆشدەوێت یا ناوێت، باسەکە زۆر جار لە سەر خۆشەویستی نییە، تەنیا باسی ویستنە، باسی تامەزرۆ بوونە. ویستنی ئامێزێکی تر، تامەزرۆی گەرمای لەشێکی تر. بۆ هەندێ کەس تەنیا بیرکردنەوە لەم ویستن و تامەزرۆییه بەسە بۆ هەست بە تاوان کردن، بۆ هەندێ کەس ئاسایی ترە. هەندێ کەس هەستەکەیان هەیە و هیچی بۆ ناکەن و هەندێ کەس سەر بۆم ویستنە دادەخەن و تەسلیمی دەبن. گرنگ ئەوە لە بیرمان بێ بە حاشا لێ کردن و خۆپەڕاندنەوە ئەو هەست و ویستە ون نابێ، بە پێچەوانە گڕی پووچکەی تاسەیەک لە لای مرۆڤ ساز دەکات کە بە قازانجی کەس نییە. هەر وا دەکات "چاوبرسی تر" بین، هەر وا دەکات "چڵێس تر" بین. باسی من باسی باشی و خراپی بوون و نەبوونی بیری خیانەت نییە، ئەوەی کە هەر تاکێک چۆن دەگەڵ ئەو هەستەی خۆی دەجووڵێتەوە بڕیارێکە پەیوەندی بە خۆی و هاوڕیی ژیانیەوە هەیە. ئەو پرسیارانە بە دوای قسەکانی ئەو دۆستە لە لام ساز بوو. بەویشم گوت، باوەڕ ناکەم بوونی ئەو بیرانە لە لای تاکێک بە مانای "خراپ بوونی" ئەو تاکە بێت. باوەڕ ناکەم بوونی ئەو هەستانە لە لای تاک شتێکی سەیر و سەمەر بێ. باوەڕ ناکەم ویستی تەجرەبە کردنی باوەشێکی تر، تامەزرۆ بوونی گەرمای لەشێکی تر شتێکی نامۆ و سەرسوور هێنەر بێت، گرنگ ڕەنگە ئەوە بێت چۆن دەگەڵ ئەو بیرانە دەجووڵێینەوە، چۆنی بۆ خۆمان لێکدەدەینەوە، چۆنی وڵام دەدەینەوە. گرنگ ئەوەیە ئاگامان لێبێت هەستی کەس و خۆمان بریندار نەکەین، گرنگ ئەوەیە هەستەکانی خۆمان بناسین، شەرمیان لێ نەکەین، گرنگ ئەوەیە بوێرین سەر بە کەلێن و قوژبنەکانی زینماندا بکەین و خۆمان بناسین. قسەی من ئەوەیە حاشا لێ کردن و درۆ کردن بۆ دەبێ باشتر بێ لە بە ئاشکرایی باسی بیرەکان و هەستەکان کردن؟ قسەی من ئەوەیە درۆکردن و حاشا کردن لە بوونی ئەو بیر و هەستانە چ فەرقێکی هەیە دەگەڵ خیانەت خۆی؟ پرسیارەکان: خیانەت چییە؟ قورسایی باری تاوان و ترسەکەی لە کوێرا دێت؟ ماناکە لە کوێرا هاتووە؟ کێ، کەی و لە کوێ چوارچێوەی مانای خیانەتی هەڵبەست و بڕیاری دا چی بە خیانەت ببیندرێت؟ هەستی بە هێزی "خاوەنی کەسێکی تر بوون" لە کوێرا، لە چی ڕا سەرچاوە دەگرێت؟ چۆنە هەندێ کەس بە بوون دەگەڵ تاقە کەسێک ڕازی - تێر- نابن؟ ئەو زۆرتر ویستنە دەبێ چۆن لێک بدرێتەوه؟ چۆنە دوای ئەو هەموو هەرەشە و گورەشەی داب و نەریت و حوکم وحەکیم و شەرع و دین لە سەر خیانەت کردوویانە مرۆڤ دیسانش پێش خۆی بۆ ناگیرێت و "تاوان" دەکات؟ لە کۆمەڵگەیەکدا کە خەتی سووری "ئەخلاق" بە دەوری زۆر شتدا کێشراوە، چۆن زۆر کەس بە دزی و ئاشکرا ئەو سنوورە بڤەیە پێشێل دەکەن؟ میلان کۆندێرا لە زمان سابیناوە دەڵێ: "هەر لە سەردەمی منداڵییەوە بە گوێماندا دەخوێنن کە خیانەت شتێکی پیس و قێزاوییە. بەڵام خیانەت چییە؟ خیانەت کردن لە خەت لادانە. خیانەت لە خەت لادان و بەرەو نادیار ڕۆیشتنە و سابینا هیچ شتێک لە بەرەو نادیار ڕۆیشتن بە جوانتر نازانێ" ** لێکدانەوەی تۆ لە سەر "خیانەت" چییە؟ قەتت بیر لێ کردۆتەوە؟ . **Unbearable Lightness Of Being Milan Kundera
Comments:
Post a Comment
|