Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

July 19, 2009

شاڵێکی سەوزم بە سەر شان داداوە. پێنج دەقەش تێ نەپەڕیەوە دوو سێ ‌چوار کەس کۆمێنتیان لە سەر داوە. یەکیان گوتی "موسەوی چیی تۆ؟! ئەمەی تریان گوتی بووی بە ئێرانی؟ جوان لە بیرە بەیانییەکەی کە شاڵەکەم بە سەر شانم دادا ئەوەی بیرم لێ نەکردبووە ڕنگی سەوزی بوو. بیرم چوو بۆ کراسە سەوزەکەم و دامەنە سەوزەکەم و گوارە سەوزەکانم کە ‌هێندە حەزم لێیانە. وەبیرم هاتەوە جاری یەکەم نییە ڕەنگەکان بەش دەکەن و بە دوایی ئەو دابەش کردنانە مرۆڤەکان دەخەنە ناو گروپ و دەستە و ناوی خۆمانە و غەیرە خۆمانەی لە سەر دادەنێن. خەیاڵم بەڵام زۆر لە لای ئەو بیرانە نەگیرساوە. بیرم زۆرتر لە قسەی یەکێ لەو جەماعەتە کردەوە کە گوتی "بووی بە ئێرانی؟"

بووم بە ئێرانی؟ ئەوە یانی چی؟ من خەڵکی کوێم؟ بەشەکەی من لە خاک چی بە سەر هاتووە؟

مەگە ڕاستییەکە ئەوە نییە هەر چی لەوێ ‌رووبدات داوێنی کەس و کار و دۆست و ئاشنا و عەزیزەکانی من دەگرێتەوە؟ مەگە ڕاستییەکە ئەوە نییە من لە بستێک خاكی ئەوێ لە دایک بووم؟ مەگە لەوێ پێم هەڵنەگرت؟ مەگە لەوێ زمانم نەکردەوە؟ لەوێ گەورە نەبووم؟ مەگە شۆڕش و شەڕ و شپرزەیی ساڵانی دوور ژیانی منیشی نەشێواند؟‌ مەگە کومیتەچییەکان هەزار هەزار جاریان ڕانەگرتووم؟ مەگە ژووره تەر و تاریکەکەی کومیتەی ورمێ ترسی نەخستۆتە دڵمەوە؟‌ مەگە ڕاستییەکە ئەوە نییە هەموو بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی من لەوێ سەریان هەڵداوە؟ مەگە مێژووی ئەوێ تێکەڵاوی مێژووی ژیانی من نییە؟

بووم بە ئێرانی؟‌ ئەوە یانی چی؟

کورد بوونم بەشێک لە منە. لەوەی کە هەم. لەو مرۆڤەی ئەمرۆ هەم. بەشێک لەو ژنەی ئێستا هەم. لە بیرم نایە قەتم حاشا لە کوردبوونی خۆم کردبێ‌. کوردی نووسین، کوردی قسە کردن و لە سەر مێژووی خەباتی کوردەکان خوێندنەوە، من قەت لە سەر زۆرتر زانین و ناسینی مێژووی کورد یەک چرکەش گومانم نەکردووە. هەمیشە بۆم گرنگ بووە ڕیشەکانی خۆم بناسم و دەزانم ڕیشەکانمان لە یەک گرێ ‌دراوە.

ڕاستی ئەوەیە:‌ ئەو گەزە ئاسمانەی من لە ژێری گەورە بووم، ئەو بستە خاکەی بۆنی دایکمی لێ‌ دێ، ئەو کۆڵانانەی ڕەنگی بیرەوەرییەکانی منی پێوە دیار بووە، ئەو شەقامانەی من دڵداریم تێدا کردوون، ئەو شارەی من ئاشنای گەرکەکانیم، ئەو زاراوەی من پێی دەدوێم، ئەو بارانەی عاشقی بۆنی گڵی کردم، هەمووی لەوێن، هەمووی! ڕاستی ئەوەیە:‌ بەشێکی گەورە لە مێژووی ژیانی من لەوێ ‌نووسراوەتەوە...

ڕاستی ئەوەیە: چاو لە نەخشە کە دەکەم، شارە خنجیلانەکەم لە سەر نەخشە بۆ هەر کەس کە دەست نیشان دەکەم، ئەوێ دەبینم، سنوورەکانی، ڕەنگەکانی، ئاڵاکەی. هەر چی بیری لێ ‌دەکەمەوە زۆرتر هەست دەکەم ئەوێ بەشی منیشە، تێناگەم بۆ دەبێ حاشای لێ‌بکەم!؟‌ بۆ دەبێ‌دەست لە بەشەکەی خۆم هەڵگرم؟‌

ڕاستی ئەوەیە:‌ ئێرانی بوون بۆ من نە شانازی تێدا و نە جێی شەمەزارییە. کورد بوونیش هەر وەتر، بەڵام خۆم بە خاوەنی ئەو بستە خاکەی بۆنی خەونەکان و خەمەکان و خۆشییەکانی بەشێک لە ژیانی منی لێ ‌دێت دەزانم!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------