Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

August 29, 2009



سالی که بر من و تو گذشت
فقط 365 روز نبود
جمعه‌ها را باید دو روز حساب کرد...

«احمدرضا احمدی»



باوەڕ ناکەم ڕێت لێرە بکەوەێ و ئەمانە بخوێنییەوە، ئەوەش یانی من بوێرم، بنووسم. دۆینێ ڕۆژی لە دایکبوونت بوو. تەواوی ڕۆژ لە بیرتدا بووم و بیرم دەکردەوە دەی کە چی؟‌ دوای هەزار ساڵ نەدیتن، نەبیستن، هەزار ساڵ دووری، بۆ دەبێ من ئەمڕۆ دڵتەنگی بوونت بم؟ من ڕۆژی لە دایکبوونی تۆم لە بیرە، لە بیرمە، چی بکەم. نەمتوانیوە هەموو شتێک - هیچ شتێک- لە بیرخۆم بەرمەوە. چ‌ حەزم دەکرد نامەیەکت بۆ بنووسم. نا، زۆرتر پێم خۆشبوو دەنگت ببیستم. لە خێری هەردوویان گوزەرام. لەبیرم بوو تـــۆ بەشە بڤەکەی ژیانی منی. لەبیرم بوو من و تۆ لە یەک دابڕاوین. دابڕان یانی هیچ نەماوە لە یەکمان گرێ بداتەوە. دابڕان یانی هیچ گرنگ نییە من و تۆ کێین، لە کوێرا هاتوون و ڕیشەکانمان چۆن لە یەک گریدراوەتەوە. دابڕان یانی ئیتر هیچ گرنگ نییه کە من هێشتاش خۆشمدەوێی!


دۆێنێ تەواوی ڕۆژ بیرم دەکردەوە ئەو هەموو پەلەقاژەی من بۆ "سازکردنەوەی" شتێک کە قەت نەبووه بۆ چی بوو؟ بۆ پڕکردنەوەی ئەو "نەبوونە بێ‌بڕانەوەیە"؟‌ بۆ خۆ فریودان کە "قەت درەنگ نییە"؟ کە دەکرێ؟ کە دەبێ؟ تەواوی ڕۆژ بیرم دەکردەوە بۆ من و تۆ کە لە یەک خاک و خوێن بووین ئەوەندە جیاواز بووین لە یەک؟‌ ئەو هەموو نامۆییە کەی و چۆن سەری هەڵدا لە نێوانمان دا؟ ‌من و تۆ کەی بووین بە دوو مرۆڤی تەنیای بێگانە لە یەک کە لە زمانی یەک حاڵی نابین؟‌ تەواوی ڕۆژ بیرم دەکردەوە چیمان بە سەر هات؟ بۆ وامان لە خۆمان کرد؟ دەزانی چ تاڵ ‌بوو کە کەوتمەوە بیری وێنە ڕەش و سپییەکانی سەر دیواری ماڵەکەتان... ئەوانەی تا هەبوون قەت گەرمای ئامێزی تۆیان هەست پێ نەکرد و کە نەمان بوون بە چه‌ند سێبه‌ری زیندووی ژیانت، دوور، خۆڵه‌مێشی، بێده‌نگ و پڕ له‌ تاسه‌ی "تازه چ فایده‌"... دەزانی، جار بووه لە خۆم پرسیوە تۆ قەت هیچمانت خۆشویست؟ جار بووە لە خۆم پرسیوە تۆ منت چـــۆن خۆشویست کە گۆشەیەکی دڵم هەر سارد و سڕ ماوەتەوە!

ڕاستی ئەوەیە که من کەوانەیەکم کردۆتەوە بۆ شتە بڤەکان. تۆ و خۆشویستنی تۆشم خستۆتە ناو ئەم کەوانەیە. ئەمه‌ بەڵام جیاوازه. ڕۆژی لە دایکبوونتە و من دەزانم من و تۆ لە یەکدابڕاوین و دەزانم هیچ شتێک من و تۆ لە یەک گرێ ناداتەوە بەڵام ئەوە هیچ لەم ڕاستییه کەم ناکاتەوە که من هێشتاش خۆشمدەوێی.

. ڕۆژی لە دایکبوونیت پیرۆز بێ.






Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------