Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

September 4, 2009

ماوەیەک پێش کە پەری لە فێیس بووک لینکی "مێعرێکی کوردی" دانا کە بە سەر ژنی کورد کە لە هەندەران خۆیان لێ‌دەگۆڕدرێت و جیادەبنەوە، هەڵگوتبوو، بیرم کردەوە ئەم ڕوانگە خواروخێچە هەر هی کاکی ماعیر نییە و بەداخەوە زۆر کەس هەن کە بە خەیاڵی خۆیان خەمی فەرهەنگی بە باچووی کورد لە لایان ژنانەوە دەخۆن!

نازانم ئەم جەماعەتە هەر ئەوەندەی تێدەگەن یا کورد گوتەنی لە گوێی گای دا خەوتوون و ئاگایان لەوەی بە سەر ژن دێت نییە. ئەوەشم بەلاوە زۆر سەیرە کە ژمارەیەکی زۆر بەلایەنەوە سەیرە کە ژن کە هاتنە هەندەران دەگۆڕدرێن. یەکەم شت ئەوەیە کە گۆڕانکاری دەکووتن و دووهەم شت ئەوە کە گۆڕانکاری ژنی کورد بە " بە با چوونی فەرهەنگی نەتەوەی کورد" دەبینن. بیر کە دەکەمەوە ڕەنگە زۆریش سەیر نەبێت ئەو میللەتە شتەکان ئاوا دەبینن. پیاو کە دێنە هەندەران نابن بە "کەسێکی تازه" ڕاستە هەندێکیان هەوڵ دەدەن زمان فێڕ بن و کار بکەن و دەرس بخوێنن بەڵام بە مێشک، بە باوەڕ، بە ڕوانگە جیاوازییەکیان دەگەل ئەوەی لە وڵات بوون، نییە. ژمارەیەکی زۆری ژنان بەڵام لە هەندەران چاویان بە پێوانە تازەکان ڕوون دەبێتەوە و تازە بۆیان دەردەکەوێت کە له پەیوەندی تاک و کۆمەڵایەتیەکانی خۆیاندا دەتوانن دەورێکی تریان هەبێت، بۆیان دەردەکەوێت کە یاسایەک هەیە و مافێک هەیە. لێرە ژن کەم کەم فێر دەبێ خۆی لە دەرەوەی "جنسییەتی" خۆی ببینێت و وەک مرۆڤ چاو لە خۆی بکات. بۆی دەردەکەوێت کە ژن بوون هۆوییەت و کەسایەتی ئەو نییە و تەنیا جنسییەتی ئەوە و جنسییەت نابێ و ناشی بناغەی ماف و ڕێز و پلەی کۆمەڵاتەتی بێ‌. ئەوە خۆی پێگەیشتنێکی گەورەیە. ئەوەی کە ئەو پێگەیشتنە دەبێتە هۆی چ گۆڕانکارییەک دەگەرێتەوە سەر ئەوەی کێ بووی و چ بیر و باوەڕێکت هەیە و چۆن لە خۆت و ژیان حاڵیی و چیت لە خۆت و ژیانت دەوێت. زۆر شت دەچێتە ژێر پرسیار و زۆر پرسیار پڕت‌ دەکات لە ترس و گومان و دوودڵییەکان ڕۆژگارت لێ‌تاڵ دەکەن و ماوەیەکی زۆر دەگرێ تا خۆت دەبیننیەوە.

ئەو تاریفەی لەوەێ وەک ژن بە گوێماندا خوێندراوە دەگەڵ ‌ئەو تاریفەی لێرە پەسەند کراوە یەک ناگرێتەوە و دەوری دیاری کراوی مرۆڤەکان لە لە سەر هەندێ یاسا و ‌پێوانەی تر دارێژراوە کە بۆ ئیمەمانە نامۆیە.

ئەوەی کە دەڵێم ژن لێرە فێر دەبێ خۆی لە دەرەوەی جنسییەتی خۆی ببینێت و ژن بوونی بە هۆوییەتی خۆی دانەنێت دەگەرێتەوە سەر ئەو داب و نەریتەی لەوێ ‌پێی پەروەردەکراوین. لەوێ هەموو شت ژنانە، پیاوانەیە و یەک شت و هەمان شت بۆ پیاو و ژن دوو مانای جیاوازی هەیە. لەوێ یاسا و ڕێسا و داب و نەریت ژن و پیاو تەنانەت لە پلە و پایەی مرۆڤ بوونیش وەک یەک چاو لێ ناکات، هەر ئەوەش نییە، تەنانەت کار، ژیان، مافی هەڵبژاردن و هەست و ویست و دڵداری کردن، دەرس خوێندن و کەی و لە کوێ ‌و دەگەل کێ ‌قسە کردن و چەندە و چەندجار چوونە دەر و چی لە بەرکردن هەمووی دەگرێتەوە. هەرچی دەگەرێتەوە سەر ژن و و هەڵبژاردنەکانی ژیانی لە بازنەیەکی داخراوی تەنگ و تەسک دا جێکراوەتەوە. ژن ڕوو لە هەر لایەک دەکات دەرگاکەی لە سەر داخراوە، هەموو ش‌ت بۆی بڤەیە و هەموو شت‌ گرێدراوی "حەیا و نامووس و شەرفه" ئەویش نەک هی خۆی کە هی بناماڵە و خزم و کەس و هاوسێ و بقاڵ ‌و بزازی گەرەکیش. بەراوەرد کردنی شتەکانیش کەس نازانێ ‌چۆن دیاری کراون. حەز لێکردووی بۆ ژن مایەی شەرم و سووک بوونێتی و بۆ پیاو نیشانەی "پیاوەتی". لێدان و کوتان و زمان شڕی پیاو نیشانەی غیرەت و شەرفە و بۆ ژن نیشانەی "ڕووداماڵدراوی و بێ‌حەیایی". "چاوحیز بوون و دەست بۆبردن و بە قوربانی سەر و سینگی ژنان بوون" بەشێک لە "سروشتی" پیاوانەیە و "خوا وای ساز کردوون" و کە ژن چاوی لە چاوی پیاوێک کرد ئەوە یانی "پێی خۆشە و خۆی ئیشتیایی لێیە". ژن دەبێ خۆداپۆشێنێ کە پیاو "تووشی گوناح" نەبێ کە چی کەس تەنانت زۆربەی ژنان خۆشیان باوەڕ ناکەن کە ژنیش مەیل و هەوس و نیازی جنسی هەیە و "ئیشتیا" دەکات! هەر ئەوەشە "پەردەی کچێنی" بێ ئەوەی بزانن چییە و لە بوون و نەبوونی تێگەیشتنێکی زانستیان هەبێ ‌بۆتە پێوانەی "حەیا و عیسمەت و پاکداوێنی" ژن.

دەی سەیر نییە کە تا ئەو سنوورە تەنگ و ترشانە هەن ژن فێر نابێ خۆی لە دەرەوەی ژن بوونی خۆی ببینێ و فێڕ نابێ خەون و ئاواتی گەورەی بۆ ژیانی هەبێت و فێر نابێ بە دەنگی بەرز بیر بکاتەوە. فێر نابێ کە نا، ناوێرێت، چوونکە دەبینین هەر ژنێک کە وێراوێتی ئەو سنوورانە بشکێنێ یا تەنانەت مسقاڵێک لادا، دەیکەن بە "قەحبە و جندە"، لوتی دەبڕن، دەیکوژن یا بەردەبارانی دەکەن. هەر بۆیە ئەو ژنەی دەستدرێژی پێ دەکرێت لە تاوانباری مارە دەکەن و چەند دڵۆپە خوێنی شەوی بووکێنی سەری باب و برا و تەنانەت براژنی پێ بەرزدەبێتەوە!

لە کۆمەڵگەیەکی ئاوا دەرفەت هەیە بۆ خۆناسین؟‌ لە خۆوردبوونەوە؟‌

هەندەران نابێتە هۆی ئەوەی "ژن خۆی لێ ‌بگۆڕدرێت" تەنیا ڕێگە بۆ گۆڕانکاری تاکە کەس خۆش دەکات. خۆ لێگۆڕان نییە، گۆڕانە، خۆدیتنەوەیە. دەرفەتە تا بۆ یەکەم جار لە خۆت بپرسی "چیم لە ژیانم دەوێ؟" ... دەرفەتە بۆ خۆ دیتنەوە. هەر ئەوەشە هەندە جار کە ژن وردە وردە خۆدەناسن و خۆی ڕاستیان دەبیننەوە دەگەنە ئەم قەناعەتە کە ژیانی کۆنیان ناوێ، کە ئەو پیاوی دەگەڵی دەژین پیاوی ژیانی ئەوان نییە.

ئەوە سەیرە؟‌


'


Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------