Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

September 15, 2009




گوتی دەزانی لەیلا، لە تەواوی ئەو ماوەیدا کە پێکەوە بووین، تۆ قەت چاوت لە چاوی من نەکرد! گوتی چاو دەدزێوە، ڕوانینت لە گۆشەیەکی کەس پێ ‌نەزان گڕی دراوە و غەیبی دەکات ...

گوێم کیپ دەبێ، ئیتر نابیستم دەڵێ چێ. من سەرم سووڕدەمێنێ. سەیرم پێ دێ کە من، هێشتا، دوایی ئەو هەموو ساڵە پەلەقاژەیە، دوایی ئەو هەموو ساڵە سۆهان لە ڕوح دانە و "خۆبیسمیل" کردنە، هەر پێمەوە ماوە. سەیرم پێ‌هات کە هێشتا ئەو ترسە پیسە، ئەو شەرمە قۆڕە، ئەو بیره دزێوەی بە درێژایی ساڵانی گەورە بوونم لە گوێاندا خوێندبووم هێشتا هەر لە ناخمدا زیندووە. هێشتا بە سەرمدا زاڵە. دەیان بیری کۆن و تازە لە زەینمدا زیندوو بوونەوە. راست دەکات، من چاو دەدزمەوە! تەواوی ئایە و حەدیس و هەرەشە و تەوس و تانە و مۆڕەی هەموو ساڵانی زوو یەک چی لە ناخمدا دەڕشێنەوە. چ ئێشی زۆره. وەک کوولینەوەی برینێکی کۆن. چ ژانێک!

دڵی وەم نەبوو پێی بڵێم ئەو وشە وشک و ڕقانەی ساڵانی زوو، وەک خەنجەر لە ڕوحدا ڕۆچوون و جێ برینەکانیان قەت سارێژ نەبۆتەوە. نەمزانی چۆنی باس بکەم کە ئەو هەموو ساڵە سووکایەتی پێ‌کردنە، ئەو هەموو ساڵە دەمکووت کردنە، ئەو هەموو ساڵە لە ژێر باری بیری تاوان دا کۆم بوونەوە و ڕوحی ساکار و لاوازی منداڵیمان بە ترس و شەرم و تاسە ڕەش کردنەوە چ لە مرۆڤ دەکات. دڵی وەم نەبوو بۆی باس بکەم چۆن خوومان گرت بە سووکایەتی پێ‌کردنەکان، چۆن دەنگمان بڕا و بێدەنگ هەموو شتمان دی و بیست و سەرمان داخست و قەبووڵمان کرد. سووکایەتی ئەو ساڵانەی مانتۆکانمان چواری وەک خۆمانی جێ دەبووە، سووکایەتی ئەو ساڵانەی سەرپۆشی ڕەشیان لە سەر کردین و بە دەسرەی سپی لێویان سڕین نەوەک سوورمان کردبێ، سووکایەتی ئەو ساڵانەی دەلینگی شەلوارەکانیان بە مەقەست هەڵدەپاچین بەو بیانوویەی دەلینگیان تەنگە. سووکایەتی ئەو ساڵانەی دەگەڵ براکەشت چووبایە دەر دەبایە دەستت بە قەریان دادابا باوەڕیان پێ کردبای. سووکایەتی ئەو ساڵانەی فێریان کردین درۆ بکەین و فێریان کردین باوەڕبکەین درۆکردن تەنیا ڕێگەیە ئەو دەمەی مامۆستای دەرسی دینی لە نوێژ و ڕۆژوومانی دەپرسی و ئێمە ئازایانە درۆمان دەکرد! سووکایەتی هەموو ئەو ساڵانەی نامۆییان خستە نێوان کچ و کوڕ و ئێمەی کچیان کردە سەرچاوەی هەرچی تاوانە کە هەرچی ڕووبدات تاوانبار خۆمانین! دڵی وەم نییە پێی بڵێم لە تەواوی ساڵانی ژیانم لەوێ، ئەو سووکایەتییەم بە گۆشت‌ و پێست و ئێسک، بە زەڕەزەڕەی ڕوح ‌و گیانم تەجرەبە کردووە.

تەواوی ڕێگەی ماڵ دڵتەنگ بووم. دڵتەنگی ئەوەی هێشتا تۆی ئەو ترسە پیسە، ئەو شەرمە قۆڕە و ئەو بیرە دزێوەی لە ناخمدا چاندبوویان هەر ماوە. هەر هەست پێ دەکرێ... ئەو برینانە بە چی سارێژ دەبنەوە؟ ئەو بیرانە بە چی بسڕمەوە؟ خۆم چون لە چنگ ئەو ترسە ژاراوییە ڕزگار بکەم؟‌




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------