Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

September 24, 2009



هیچ شتێک وەک بۆنەکان نابێتە پردی گەڕانەوەم بۆ دووری دوور. هیچ شتێک وەک بۆنەکان ناتوانێ بمخاتەوە باوەشی دەیان بیری کاڵ و کۆن. هیچ شتێک وەک بۆنەکان ناتوانێ دەیان بیری لە بیرنەماوم بۆ زیندوو کاتەوە وا کە هەنگاوەکانم شل بنەوە. وەک ئەو پاش نیوەڕۆییەی لە دەوری مێزێکی خڕ دانیشتبووین، کریستینا پڕتقاڵی پاک دەکرد و بۆنەکەی منی بردەوە شەوانی دووری ماڵەکەی حاجی عەڵی. شەوە ساردەکانی زستانەکەی ئەو ساڵەی پڕ بوو لە تەقە و گرمەی دەرێ و تاریکی شار و کۆبوونەوەکانی دەروجیران و لە تەنیشت نەنە دانیشتن. لەتێک لە پێستی پڕتقاڵەکەم هەڵگرت و بۆنم پێوە کرد. چرکەیەک، کەمتر لە چاوتروکانێک، بەس بوو هەموو شتەکان و کەسەکان زیندوو ببنەوە و من بزیەکی تاڵی شیرینم بێتە سەر لێو. بیری ئەو شەوانەی ژیان دایکمی هەبوو، کەماڵی هەبوو، حەمەی هەبوو و ئەو و ئەو و ئەو و... ئەوەندە نامۆ و بێگانە لە یەک نەبوون...

وەک بۆنی مێخەک کە لە هەر شوێنێک بم و لە هەر حاڵێکدا بم پڕم دەکات لە بۆن و بیری دایکم و بەسە چاو لە سەر یەک دانێم تا سەرم لە سەر نەرمەی سنگی بێت و لووتم پڕ بێ لە بۆنی مێخەکی بەرۆکی. کە سەر بخەمە سەر شلکەی ڕانی و ئەو کایە بە قژم بکات و من هەژدەر هەژدەر قسەی بۆ بکەم و هەندێ جاریش لە بێدەنگی نێوانماندا هەموو بۆشاییە بەسامەکانی دوونیای دەروونم پڕ کەمەوە. هیچ شتێک، هیچ‌شتێک وەک بۆنەکان نابێتە پردی گەرانەوەم بۆ ناخم، نابێتە هۆی سه‌رهه‌ڵدانی خۆزگەی پێک گەیشتنەوەی لەتە ونەکانم بە یەک... لەتە ونەکانم!

وەک دۆینێ ئێوارێ کە فێنک بوو و نەرمە بایەکی کەمێک گەرم بیری ئاخروئوخرییەکانی خەرمانانی بۆ زیندوو کردمەوە. ئاخروئوخری خەرمانان، ئەو ئیوارانەی گەڵا زەردهەڵگراوەکانیش ئەگە نەبینی، گەڵا وەریوەکان لە ژێر پێشت ئەگە خشەیان نەیەت بۆنی پایز و رەزبەر وا پڕت دەکات پێویستت بە هیچ ڕۆژئەژمێرێک نییە، تەنانەت ئەگە لێرەش بی، دوور دوور دوور لەوێ کە ڕۆژگارێک پێم دەگووت "ماڵ"، ئەوێ کە بستێک لە خاکەکەی بۆنی دایکمی لێ دی، گۆشەیەکی کەس پێ نەزانی هی کەماڵە. ئەوێ کە یانی تاسەی نەدیتنەوەی حەمە، ئەوێ کە لەتە ونەکانمی لێ بەجێ ماوە. ئەوێ کە براکەم لێ دەژی، ئەوێ کە دەبێتە شاری ئاواتەکانی باوان، ئەوێ کە لانکی هیواکانی رادین و ڕۆیا و ڕامانە. ئەوێ کە خوشکەکەم بە دوای ئاواتە ورد و ونەکانی دا دەگەڕێ.

هیچ شتێک وەک بۆنەکان نابێتە هۆی خۆزگەی پێک گەیشتنەوەی لەتە ونەکانم بە یەک... لەتە ونەکانم!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------