Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

October 19, 2009


برسد به‌ دست گیرنده‌


گەیشتوومەتەوە ماڵێ، سەرمایەکی سەیر تەواوی گیانمی داگیر کردووە. لە گۆشەی ڕاستی سۆفاکەم دانیشتووم، مۆمەکانم داگیرساندووە، دەنگی تی‌ڤی وەک زۆربەی کات گیراوەتەوە، ژوورەکەم بێدەنگە و سەرم پڕە لە هەزار دەنگ. فرمێسکەکانی ئەمڕۆی تۆم دێتەوە بەر چاو. هەر لە خۆم دەپرسم دەبایە چیم کردبا؟ چیم لە دەست دەهات؟‌ سەرت ئەگە لە سەر سنگی بێ‌قەراری من دابنێی ‌قەرار دەگری؟ ئارام دەبییەوە؟ نابییەوە، دەزانم. ئامێزی ئەو ڕۆژانەی من جێی حەسانەوە نییە. دەزانی، سەیر ئەوە بوو فرمێسکەکانتم دەناسییەوە، سەیره، نا؟‌ ئەوەی ئەمڕۆ ژانی خستبوو ناختەوە هەمان برینە کۆنەکەی ڕوحی منە. باسی مەوداکان دەکەم، کە چۆن و کەی مرۆڤەکان لە یەک دوور دەبنەوە، تێدەگەی؟‌ هاوڕێم لە من دەپرسی دووری، دوور بوون بە شار و وڵات نییە، دووری بە هەزار هەزار فەرسەخ ڕێگەی ‌نێوانمان نییە. مەوداکان لە یەکەم بێدەنگی نێوانی دوو کەس سەر هەڵدەدەن، مەوداکان لە یەکەم شاردنەوە و حەشاردان دا گەورە دەبن و گیان دەگرن. لە من دەپرسی نامۆیی ئاوا لە دایک دەبێ، ئاوا کە شتەکان، ڕاستی ڕووداوەکان حەشار دەدرێن، یان بە درۆی بچووک بچووک و ڕەنگاوڕەنگ دەڕازێندرێنەوە، ئاوا کە بەشی تۆ لە وان لە بیر دەچێتەوە ... دوایی گومان و دوودڵی دێ ... لە من دەپرسی نامۆیی ئاوا لە دایک دەبێ!

گوڵم، بریا توانیبام شتێک بڵێم ئارامت کاتەوە، ناتوانم و لەو هەموو نەتوانینەی خۆم شەرمەزارم. دەتوانم بەڵام وەبیرت بێنمەوە دەبێ بەرگە بگری! دەبێ خۆت لە نێوان فرمێسکەکانی ئەمڕۆ و پێکەنینەکانی کەمێک دواتر دا دابەش بکەی. دەبێ ڕۆژێ‌ هەزار جار وەبیر خۆت بێنیەوە "ئەوە کۆتایی نییە! ژیان بەردەوامە!"‌ دەبێ لە بیرت بێ‌ ئەو شتانەت قەت لە بیر نەچێ!

ڕەنگە ئەوە باشترین ڕێگە نەبێ، ئێستا بەڵام تەنیا ڕێگەیە: نامۆییەکە لە دایک بووه دەبێ بیکەین بە بەشێک لە ژیانی خۆمان! ژانەکەی کەمتر نابێتەوە بەڵام لانی کەم دەزانی ئەو ئێشەی تاڵ تاڵ‌ داگیرت دەکات لە کوێرا هاتووە!

من لێرەم، هەر کات ویستت!





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------