October 26, 2009
ڕەنگە ئەگە من، من نەبام دەمتوانی ئێستا پیاڵەی شەرابم لە پێش بایە و بە حوکمی تامی تاڵی، تۆزی ئەو دڵتەنگییەم سڕیباوە. ڕەنگە ئەگە من، من نەبام دەمتوانی ئێستا لێ بگەرێم مەستی هۆشی لە سەر ڕفاندبام و من کەمێک بەرزتر لە هەورەکان ڕوانیبامە دونیای سەیر و سەمەری مرۆڤەکان و قاقا بە ڕیشی مرۆڤ و خواکان و شەیتان پێکەنیبام. ڕەنگە ئەگە من، من نەبام دەمتوانی ئێستا دەگەڵ پارچە مۆسیقایەکی جلفی کوچەبازاری، بە شێتانە ترین سەمای شەوی مەستیم، هێزم لە لەش و گیاندا بڕیبا. ڕەنگە ئەگە من، من نەبام دەمتوانی ئێستا مەست مەست، لە سەر پشت ڕاکشابام، دەستم خستبایە ژێر سەرم و سەیری ئەو ئاسمانە ڕووت و قووتەم کردبا و هەزار هەزار ئەستێرەم دیبا! ... من بەڵام منم و شەراب و مەستی و مۆسیقای جلفی کوچەبازاری ڕێک ئەوشۆ هیچیان لە دەست نایە. بۆ دڵێکی وەک دڵی من کە ئەوشۆ پڕه لە هەستێکی دڵتەنگی غەریب یان هەستێکی غەریبی دڵتەنگ ڕێک ئەمشەو بێدەنگی حوکمی شەراب و مەستی و سەمای شێتانەی هەیە. بێدەنگییەک کە پڕە لە جوابەجەنگی دەگەل هەزار دەنگی ناو سەرم یا دمە خێچکە کردن دەگەڵ ژنەکانی دەروونم کە ڕێک ئەوشۆ هەموویان لە ڕووم هەستاونەتەوە و منیش، لاسار لاسار، بە خۆم دەڵێـم بێدەنگی جوانترین ڕووداوی ژیانە، بیر دەکەمەوە دڵتەنگی ناخۆشترین ڕوودای ژیانە .... بیر دەکەمەوە ئەو بێدەنگییە دڵتەنگە، ئەو دڵتەنگییە پڕ لە بێدەنگییەی ئەوشۆ جوانترین ڕوودای ناخۆشی ژیانە!!!
Comments:
Post a Comment
|