Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

November 1, 2009

م وەک مردن!

بیردەکەمەوە چەند ڕۆژ و مانگ و ساڵی تر دەبێ تێپەر بێ تا ژانی نەبوونت کەمێک، هەر کەمێک کەم بێتەوە. بیر دەکەمەوە چەند ڕۆژ و مانگ و ساڵی تر دەبێ تێپەڕ بێ تا من عادەت بکەم بە نەدیتنەوەت، بە نەبیستنەوەت، بە قەت قەت لە ئامێزنەگرتنەوەت. بیر دەکەمەوە بۆ عادەت ناکەم بە نەبوونت؟‌

بۆ فێــــر نابم ئیتر بیرت نەکەم؟

بیردەکەمەوە مردن کۆتایی هیچ شتێک نەبوو. هێشتاش دەتوانم بتبینم کراسێکی وەنەوشەیت لە بەر دایە لە سەر پلیکانەکانی حەسارێ دانیشتووی، هێشتا دەتوانم بتبینم پشتێندە شینەکەت دەبەستی، کەوا زەرییەکەتم هەر لە پێش ‌چاوە، قژە نەرمە سپی خاوەکەت، چایی تێ‌کردنەکانت، ماملێ گوێ ‌دانەکانت، بەڕماڵە ڕەش و سپییەکەت، نوێژی بەرە بەیانییەکانت... بزەی گۆشەی لێوت، کلچۆک و کلدانەکەت، پاوانە ڕەشەکەی دەوری مەچەکی پێت، ملوانکە شیینەکەی ملت، بۆنی مێخەکی بەرۆکت ...

بیر دەکەمەوە مردن کۆتایی هیچ شتێک نەبوو ...

وەک بڵێی زەمەن وەستابێ، وەک بڵێی هەموو شتێک، چۆن بوون، هەر وا مابێن، وردەو، نە تۆ پیر دەبی و نە من گەورە! من هیشتاش وەک منداڵێکی بچووک مانی تۆ دەگرم، لە هەر چی خودا و شەیتان و بەش و قسمەت و چارەنووسه بێزارم و پێموایە، نا، دڵنیام وەک منداڵێکی تەنیای ترساو هەر بگەمە ئامێزی تۆ، هەر سەر بخەمە سەر سنگت، هەموو شتێک لە بیر دەکەم...

چاو لە سەریەک کە دانێم دەتوانم نەرمی قژە خاوەکەت لە ناو پەنجەکانمدا هەست پێ‌بکەم، چاو لە سەریەک کە دانێـم گەرمای هەناسەکانت لە سەر گۆنام هەست پێ دەکەم، بۆنی مێخەک هەموو گیانم پڕ دەکات، چاو لە سەر یەک کە دانێم سەرم لە سەر شلکەی ڕانتە و هەژدەر هەژدەر باسی خۆمت بۆ دەکەم، باسی ڕۆژەکانم، باسی دڵدارییەکانم، دڵتەنگییەکانم، دڵەکووتەکان و دڵخۆشییەکانم. هەموو شتێکم لە بیرە بەڵام... بەڵام هەرچی بکەم، هەر چی دەکەم دەنگتم وەبیر نایە ...

خۆزگە، سەد خۆزگە‌ دەتزانی چەندە بیری دەنگت دەکەم!





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------