Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

November 16, 2009


سەرلێشێواوی ...

هاتووە بە من دەڵێ‌ " گوێ ‌بگرە، من لە شتێک تێناگەم، لە باشوور دەڵێن شێعە و سوونی و کورد، باشە مەگە کورد سوونی نین؟ ڕەگەزە یان دین ناهێڵێت پێک بێن؟" دەڵێ‌ کوردەکانی ڕۆژهەڵات دەڵێن " ئێمەی کورد دەگەڵ‌ ئێرانییەکان ناسازین، باشە مەگە ناڵێن کوردەکان یەکەم بوون کەهاتنە ئەو شوێنەی ئێرانی لێ‌هەڵکەوتووە، یان کە دەڵێن ئێرانییەکان، یانی هەر فارس؟ یان عەرەب و تورک و بەلووچیش ئێرانین؟‌ دەڵێ " لە پتەت دەرچێ و بە کوردێک بڵێی تورک خوێن بەرچاوی دەگرێ، یان بە فارسێک بڵێی عەرەب جەد وئابادت دێنێتە بەرچاوت" دەڵێ " تورک لە کورد دەترسن دەڵێن کورد سەربڕن و ..."

ئەو هاوڕێیەی من هەر قسە دەکات و ئەو شتانەی بیستوویەتی و سەریان لێ‌ شێواندووه ڕیز دەکات. من مات ماتم. دڵەکووتەمە، ئەلەو دڵەکووتانەی دەستت بەرزدەکاتەوە دیخاتە سەر گۆشەی چەپی سنگت، ئەلەو دڵەکووتانەی دەتخاتەوە بیری باڵندەی ناو قەفەسێکی تەنگ کە پەلەقاژەیەتی خۆڕزگار بکات، ئەلەو دڵەکووتانەی تا نەبنە فرمێسک ئارام نابنەوە، ئەلەو دڵەکووتانەی تاڵت دەکەن، تاڵ تاڵ. ئەنیشکم دەخەمە سەر مێزەکە و دەستم دەکەم بە کۆڵەکەی سەرم. قژم کە دەرژێتە بەر چاوم من هەر قژی خوێناوی دۆعا دەبینم، هەر دۆعام لە بەر چاوە هەوڵ دەدا هەستێتەوە، جارێک، دوو جار، دە جار. زایەڵەی تەقینەوەی دەنگی دەمانچەیەک لە ناو زەینمدا ڕامدەچڵەکێنێ، فادیمە دەبینم هەر دوو دەستی دەخاتە سەر سنگی و بێدەنگ ئەژنۆ دادەدات، فادیمە دێتە بەر چاوم چاوی بڕیوەتە باوکی، وەک ئەوەی بیهەوێ دڵنیا بێ لەوەی ئەوە باوکی خۆی بوو خاڵی کۆتایی ژیانی جگەرگۆشەکەی دانا. چاو لە سەر یەک کە دادەنێم ئێحسان دەبینم، نازانم بۆ پێموایە ئەو بەیانییە کە پەتەکەیان خستە ملییەوە ئەو نەترسا، وەک ئەوەی بیر بکاتەوە مردن قەت ناتوانێ بەسامتر لە ژیان لە سەر ئەو خاکە بێ. نازانم بۆ پێموایە چاوی لە سەر یەک داناوە و بیری لە چیا کردۆتەوە، یان لەو کچەی خۆشیویستووە، یان لە دایکی.

من ئەو هاوڕێیە دەبینم بە سەیرەوە چاوم لێ دەکات، من گەرمای فرمێسکەکانم لە سەر گۆنام هەست پێ دەکەم، ناتوانم بەڵام هیچ بڵێم، سەرم پڕە لە دەنگ و خۆم بێدەنگ دانیشتووم و بیر لە خاکێکی خوێناوی دەکەمەوە، ئەو خاکەی دەبا سەوز با. بیر لە کچ وکوڕەکانمان دەکەمەوە، ئەو کچ و کوڕانی دەبا ژیابان، ژیان مافی خۆیان بوو. ئەوانی کوژران، دەکوژرێن و من هەر تێناگەم بۆ. بۆ دەبێ بمرن! بیر دەکەمەوە چ فەرق دەکات کێ دەمانکوژێ، باوک و برای خۆت بێ یا پیروپاتاڵەکان گوند، یان مل ئەستوورەکانی حکومەت، گاشەبەردەکانی پیاوەکانی کوێرە دێیەکی کوردستان بێ یان پەتی سێدارەی دیکتاتور... ئەو خاکە ژیان نابەخشێتە ڕۆڵەکانی، ئەو خاکە بە خوێن فێرە و من بیر دەکەمەوە خاکێ تینووی خوێنی ڕۆڵەکانی بێ بە کاری چی دێ؟





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------