Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

November 21, 2009



هەڵا هەڵا و هەڵات هەڵاتی ئەو ڕۆژانە وا دەکات دەم بە دەم خۆزگەی سەفەرێکی دوور و ‌بێدەنگ و ئارام پڕم دەکات. خۆزگەی ئەوەی کۆڵەپشتی شینەکەم بپێچمەوە و سواری قەتاری شەوانە بم و لە ‌بێدەنگی ڤاگۆنی قەتاردا کتێب بخوێنمەوە و جارنا لە پشت شووشە باران لێدراوەکەیدا چاو ببڕمە تاریکی و کەڵافی خەونە ونەکانم هەڵکەمەوە. دڵم بە سەفەرێکی دوورەوە. دوور لێرە. دوور لە هەرچی هەڵا هەڵا و هەڵات هەڵاتی ئەو ڕۆژانەم دەخاتەوە بیر. دڵم چەند ڕۆژێکی ئارامی دەوێ. ئارام یانی لە چرکەدا ژیان، ئارام یانی نە ترس و تاسەی ڕابردووت دەگەڵ بێ نە خەون و خۆزگەی داهاتوو. ئارام یانی بوون لە ئێستا دا.

ئێستا بەڵام ئەو لەیلایەی کە لێرە دانیشتووە، لە سەر کار بزەی لە سەر لێوە و چەند ڕۆژ جارێک چەند خەت قسەی خۆش دەنووسێ‌ و بۆ هاوڕێکانی دەنێرێ تا بزەیان بخاتە سەر لێو، ئەو لەیلایەی مۆبیلەکەی یا کوژاوەتەوە یا بێدەنگ کراوە و تلەفوونی ماڵەکەی هەزار ساڵە هەڵنەگیراوە، ئەو لەیلایە نییە کە منم. ئەو لەیلایەی لێرە دانیشتووە دەمەو ئێواران دڵی سەیر دەگیرێ و شەوانە خەوی لێ ‌ناکەوێ و خەوە شپرزەکانی پڕە لە خەونی ئاڵۆز، ئەو لەیلایەی ساعەتی پێنجی بەیانی لە ماڵ‌ دەچێتە دەر، و لە تاریکی تەڕی بەیانی دا ون دەبێ و تا سەر سنووری مردن کار دەکات ئەو لەیلایە نییە کە منم. ئەو لەیلایەی من دەمناسی جارنا هەموو ئەو گرێ پووچکانه‌ی دەست و پێیان بەستبوو هەڵدەپاچی، ژنی سەفەربوو و لاسار بوو. ئەو لەیلایەی من دەمناسی قەت پشتی لە ژنەکانی دەروونی نەدەکرد. ئەو لەیلایەی من دەمناسی نازانم چی بە سەر هاتووە!






Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------