November 7, 2009
لادیوارێک، لەو سەر تا ئەو سەر، سەر تا خوار، شەراب داندراوە، هەزار ناو بە هەزار تامی جیاواز، منی شەراب نەخۆرەوە، وەستاوم، چاودەگێرم، ناوەکان و تامەکان دەخوێنمەوە و جارناجارێکیش چاوم لە دەستی خەڵکی ترە بزانم چ شەرابێک هەڵدەگرن، بیردەکەمەوە خۆ دەتوانم لە ڕووی جوانی و ناحەزی شووشەی شەرابەکان بڕیار بدەم! لە ناو ناوەکاندا یەکیان چاوم دەگرێ، شەرابی شیراز. دەستم بۆ لای دەچێ و خەیاڵم لە کتێبفرۆشییەکی بچووکی نیوەتاریکدا دەگیرسێتەوە. ئەوێ کە ببوو بە سووچی خۆحەشاردانەکانم لە هەڵاهەڵای ژیان و حەسانەوەی زەین. ئاغای مەحەممەدی گوڵ کە قەد گومانی لە من نەکرد، ئاغای مەحەممەدی گوڵ کە دەیگووت دەبێ دەستی خەونەکانت بگری و لە دوونیای خەوەکانت ڕا ڕایانکێشییەدەرێ بۆ دوونیای ڕاستی، دەیگوت دەبێ"خەونەکانت بژی". ئاغای مەحممەدی گوڵ کە قەت بە خەونە سەیروسەمەرەکانی دوونیای ئەوکاتی من پێ نەکەنی. لە کوێ دابووم ... ئاها، شەرابی شیراز. شیراز، هی ئەو سەردەمەی بوو دەمویست لەوێ بژیم، دەمویست ماڵێکم لە شیراز هەبێ دیوارەکانی خشتی سوور بێ، دەرگاکەی تەختەی شین، دەمویست کتێبفرۆشییەکی گەورەم هەبێ و لادیوارێکی هەمووی هەر کتێبی شێعر بێ، دەمویست هەرچی کتێبی منداڵانە هەمبێ، دەمویست شەوانە کە کتێبفرۆشییەکە دادەخەم، بە دەرگای پشتەوەدا کە چوومە دەر حەوشی ماڵەکەم بێ، دەمویست شەوانە مۆم داگیرسێنم و کوورەی دار دانێم و گوێ بۆ دەنگی سەنتور ڕاگرم و ئاغای مەحەممەدی گوڵ دەیگووت "بۆ نا، ئەگە بتەوێ دەتوانی" شەرابی شیراز ... پەیکێک شەرابی سوور، نان و پەنیر و ترێ. قومێک شەراب دەخۆمەوە ... ئاغای مەحەممەدی پێی دەگووتم "کچی دەریا"، دەیگووت بۆ کەسێکی لە شارەکەیدا تاقە چۆمێک هەیە سەیرە ئەوەندە ئاشقە دەریا بێ! سووچی ئاخری دووکانەکەی نەردیوانێکی لێ بوو، وەسەر دەکەوتم، کتێبە چاکەکانی لەوێ، وا دانابوو لە پێش چاوان نەبێ. ئەو کتێبانە مشتری تایبەتیان هەبوو. وەسەر کە دەکەوتم هەر لەوێ ئەوەندە دادەنیشتم و کتێبم دەخوێندەوە کە دەنگی دەهاتە دەر. "مەسەلەن تۆ لێرە کار دەکەی؟" ڕاستی دەکرد، مەسەلەن لەوێ کارم دەکرد بەڵام هەندێ جار، زۆرجار، لە بیردەچووە، خەریکی هەڵکردنەوەی کەڵافی خەون و خەیاڵان دەبووم. ئاغای مەحەممەدی گوڵ قەت گومانی لە خەونەکان و ئاواتەکانم نەکرد. لێو بە شەراب تەڕ دەکەم، پەنیرەکە لە سەر لەتێک نان دادەنێم و دەگەڵ دوو دەنگ ترێ ... کەمێکی تر شەراب ... شانزدە ساڵم بوو، ئاواتەکانم بەڵام منداڵتر بوون، باران لە قژم بدات، بە دەنگی بەرز پێبکەنم، بە ئاشکرایی دڵداری بکەم، لێوم سوور کەم، لە پارکی مێخەک دانیشم و کەس کاری پێم نەدابێ ... هەمیشە توڕە بووم، هەمیشە هەموو کەس کاری پێم دابوو. هەمیشە هەموو شت بڤە بوو. ئاغای مەحەممەدی ڕۆژێکیان هەر وا بێپێشەکی گووتی "یا تۆ دەبا چکۆلەتر بای یا ئەو شارە گەورەتر، تۆ لێرە بەرگە ناگری". هەر ئەوەش بوو زۆر دواتر، بەیانییەکی زۆر زوو، بەیانی هەمان ڕۆژ کە شەوی پێشترەکەی بڕیاری ڕۆیشتنم دابوو، چۆمە لای پێی بڵێـم کە دەڕۆم. پێی سەیر نەبوو، گوتی "قەت لە بیرت نەچێتەوە کێی"... گۆناکانم گەرم گەرمن، شەرابەکەم نەرم نەرم دەخۆمەوە، بۆ کەسێکی شەراب خۆرەوە نییە، ئاوا ئیشتیای شەراب کردن سەیرە ... لەتێک نان و پەنیر، قومێک شەراب ... یەکەم جار کە شەرابم خواردەوە دەگەڵ براکەم بوو. شەرابی خۆماڵی، خۆی سازی کردبوو ... چەند هەزار ساڵ پێش ئێستا بوو؟! چەند ساڵێک بوو لەوێ نەبووم، هێشتا بەڵام هیچ نامەیەکم بۆ ئاغا مەحەممەدی نەناردبوو. یەکەم نامەی کە هات هەستم کرد چ پیر بووە، هەستم کرد پەلەی بووە هەموو قسەکانی بکات، لە نامەیەکی دوور و درێژ دا باسی خۆم و خەونەکانمم بۆ نووسی. بۆم نووسی خەونەکان و ئاواتەکانم هێشتا هاوتەمەنی خۆم نین بەڵام گەورەتر بوون... بۆی نووسیم گرنگ ئەوەیە بوێرم ئاواتی گەورەم هەبێ، گرنگ ئەویە بوێرم خەونی گەورە ببینم! سەرپەنجەکانم گەرمن ئێستا. کەمێک پەنیر لە سەر لەتێک نانی گەرم دادەنێم، پەنیرەکە وەک بڵێێ دەتوێتەوە، نەرمتر دەبێتەوە، سێ چوار دەنک ترێ دەخەمە ناو دەمم، فێنکن... قومێک شەراب بەدوایدا ... پەیکی شەرابەکەم بەرز دەکەمەوە، ساڵانی پێش شەراب بۆ من هی ناو شێعری حافظ و هێمن بوو. حافظ بوو و ساقییەکەی و مەیخانەکەی و هێمن بوو و ساقیا و ناڵەی جودایی و شەرابە تاڵەکەی. و شەرابی شیرازی ئەمشۆ بۆ من یانی بیری شانزدە ساڵی و پەلەقاژەکانی گەورەبوونی لەتەکانم و بیری ئاغای مەحەممەدی ... پەیکێکی تر شەراب، کەمێکی تر خوولانەوە و کەمێکی تر کاوێژکردنی بیرەکان، کەمێکی تر تۆزتەکێن کردنی کەلێن و قوژبنەکانی زەین ... کەمێکی تر شەراب ... و کە گەیشتمە ئاخر پەیک، ئەویش بە سڵامەتی ئاغای مەحەممەدی دەخۆمەوە وەک ڕێز بۆ بوونی، وەک سوپاس بۆ بوونی لە ژیانی مندا! ڕووحت شاد پیاوی چاک!
Comments:
Post a Comment
|