Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 9, 2009

شتەکان دەگەنە شوێنێک کە ئیتر هیچت پێ نادەن. ئیتر هیچ مانایەک، ناوەڕۆکێک یان بایەخێکی تایبەتیان نییە. بیر لە پەیوەندییەکان دەکەمەوە. دەزانی، گرنگ نییە پەیوەندی خۆشەویستییە یا دوژمنایەتی، تا ئەو ڕۆژەی هەستێک لە گۆڕێدایە، یانی جۆرە پەیوەندییەک هەر هەیە، کەس ناڵێ‌ ئەم هەستە و ئەم پەیوەندییە دەبێ هەموو هەر خۆشی و خۆشەویستی بێ. ڕۆژێک بەڵام دێ کەسێک یا شتێک ئیتر هیچ مانایەکی نامێنێ، ئیتر هیچ شوێنێکی لە لات نییە، کە دەیبینی، کە دەیبیستی، کە ناوی دێ شان هەڵدەخەیەوە، هیچ هەستێک سەر هەڵنادات، نە خۆشت دەوێ، لە ڕقت لێی دەبێتەوە، نە بزەت دەخاتە سەر لێو و نە تەز دەخاتە دڵتەوە. ئەو کاتەیە ئیتر بە دڵنیاییەوە دەتوانی باس لە نەمانی پەویوەندییەکە بکەیەوە.

شتەکان دەست پێ دەکرێن کە تەواو بن. شتەکان درەنگ یا زوو ڕۆژێک، نیوە شەوێک، ئێوارە درەنگانێکی پایزی تەواو دەبن. هیچ سەیر نییە بەیانی زووی ڕۆژێکی شەممە کە چاو دەکەیەوە سەرنج بدەی ئیتر هیچ شتێک بە دواوەت گرێ ناداتەوە. هیچ سەیر نییە ئێوارەی ڕۆژێکی هەینی بە دەم هەنگاوە خێراکانتەوە بەرەو مێترۆ دڵنیا بی لە تەواوبوونی بوونی ناتەواوی کەسێک. ئەوانە و زۆر شتی تریش سەیر نییە. سەیر بەلامەوە ئەوەیە چۆنە دەهێڵین شتەکان ئاوایان لێ بێ‌ کە تەواو بوونیان تەنانەت ئاخێکی بچووکیش‌ نەخاتە دڵ. سەیر بەلامەوە ئەوەیە چۆن دەهێڵین شتەکان و کەسەکان بە زیندووی بۆمان بمرن!

بە دوای هیچ وڵامێک دا نیم. هەوڵ ‌دەدەم شتەکان ئاوا کە هەن قەبوول بکەم. هەوڵ دەدەم کەسەکان ئاوا کە هەن ببینم. حەز و خۆزگە و بریاکان ڕادەگرم بۆ خۆم و شەوی شێتایەتی و مەستی.




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------