Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 13, 2009

شازدە بچکۆلە ڕێی کەوتە باخچەیەک پڕ‌لە گوڵی رۆزی سوور. سڵاوی کرد. گوڵەکان وڵامیان داوە:‌ سڵاو! شازدە بچکۆلە چاوی لێ یان کرد، هەموویان لە گوڵە سوورەکەی ئەو دەچوون. بە سەرسووڕماوییەوە پرسی: ئێوە کێن؟‌ گوڵە سوورەکان گوتیان: ئێمە گوڵی رۆزی سوورین. شازدە بچکۆلە هەستی بە دڵشکاوی کرد. گوڵەکەی پێی گووتبوو کە خۆی لەو دونیایە دا تاقە، کەچی ئێستا پێنج هەزار گوڵی سوور، ڕێک وەک گوڵەکەی ئەو، لەو باخچە دا هەبوون. ..

شازدە بچکۆلە بیری کردەوە: پێموابوو کە دەگەڵ گوڵە تاقانەکەی خۆم گەنجێکی بێ‌هاوتام هەیە. کەچی ئێستا دەبینم گوڵەکەی من گوڵێکی ئاساییە.... شازدە بچکۆلە دایە پڕمەی گریان!

****

: سڵاو!

شازده بچکۆلەچاوی گێرا و کەسی نەدی. کەچی وڵامی داوە: سڵاو!

دەنگەکە گووتی: لێرەم، لە ژێر دارسێوەکە!

شازدە بچکۆلە گووتی: تۆ کێی؟ چەند جوانی!

گووتی: من ڕێویم!

شازده بچکۆلە گووتی: وەرە کایەم دەگەل بکە، دڵم سەیر گیراە!

ڕێوی گووتی: ناتوانم کایەت دەگەڵ بکەم، من دەستەمۆ نەکراوم.

شازده بچکۆلە ئاهێکی هەڵکێشا و گووتی ببوورە و خێرا پرسی "دەستەمۆ بوون" یانی چی؟

ڕێوی گووتی: دیارە خەڵکی ئێرە نی، بە دوای چی دا دەگەرێی؟

شازدە بچکۆلە گووتی: بە دوای بنیامەکان دا. "دەستەمۆ بوون" یانی چی؟

ڕێوی گووتی:‌ بنیامەکان دەچنە ڕاو و تفەنگیان پێ یە و ئەوەش هیچ خۆش نییە. تەنیا قازانجیان ئەوەیە مریشکیان هەیە. تۆش بەتەمای مریشکی؟

شازده بچکۆلە گووتی: نا، من بە دوای "هاورێ" دەگەڕێم. نەتگووت "دەستەمۆ بوون" یانی چی؟

ڕێوی گووتی: ئەوە شتێکی لە بیرکراوە. یانی "هۆگری کەسێک بوون"...

- "هۆگری کەسێک بوون"؟‌

ڕێوی گووتی: ئەرێ! ئێستا تۆ بوو من کورێکی بچووکی وەک هەموو کورە بچووکەکانی تر و من هیچ پێویستییەکم بە تۆ نییە. تۆش هیچ پێویستییەکت بە من نییە، من بۆ تۆ ڕێوییەکم وەک هەموو ڕێوییەکانی تر. کە دەستەمۆی خۆتم بکەی، پێویستمان بە یەک تر دەبێ. تۆ دەبی بە تاقانەی من و من بە هی تۆ...

شازدە بچکۆلە گووتی: خەریکم وردە وردە ‌تێدەگەم. گوڵێک هەیە ... پێموایە ئەو گوڵە منی دەستەمۆی خۆی کردووە!

.....

*****

تۆ ئه‌گه‌ من ده‌سته‌مۆی خۆت بکه‌ی وه‌ک ئه‌وه‌یه‌ ژیانم پڕ بێ له‌ تیشکی خۆر. ده‌نگی پێی تۆ ده‌گه‌ڵ ده‌نگی پێی هه‌موو ئه‌وانی دی فه‌رقی بۆم ده‌بێ. به‌ ده‌نگی پێی ئه‌وانی تر خۆ حه‌شار ده‌ده‌م و دەنگی پێی تۆ وەک پارچە موسیقایەکی جوان هانم دەدا لە کوون بێمە دەر. وردەو! ئەو گەنمانە دەبینی؟‌ من نان ناخۆم و مەخابن گەنم هیچ هەستێکی لە مندا زیندوو ناکاتەوە. بەڵام قژی تۆ هاوڕەنگی ئەو گوڵەگەنمانەیە. کە من دەستەمۆی خۆت بکەی گوڵەگەنمەکان من دەخەنە بیری تۆ و دەنگی شنە بای ناو گوڵەگەنمەکان لە لام خۆشەویست دەبێ. ڕێوی بێدەنگ بوو و چاوی بڕیە شازدبچکۆلە. د‌وای ماوەیەک بێدەنگی گووتی: تکایە من دەستەمۆی خۆت بکە!

شازدە گووتی:‌ زۆر حەز دەکەم، بەڵام کاتم نییە. دەبێ بگەڕێم چەنددانە ‌هاوڕێ بۆ خۆم ببینمەوە... زۆر شت‌ هەن دەبێ فێریان بم، دەبێ بیانناسم.

ڕێوی گووتی: تا شتێک دەستەمۆی خۆت نەکەی ناتوانی بیناسی. بنیامەکان دەمێکە کاتی ناسینی هیچیان نییە. ئەوان هەموو شت بە حازری دەکڕن و چونکە هیچ دووکاندارێک "هاوڕێ" نافرۆشی مرۆڤەکان بێ دۆست و هاوڕی ماونەتەوە. تۆ ئەگە هاوڕێت دەوێ من دەستەمۆی خۆت بکە...

شازدە بچکۆلە گووتی: دەبێ چی بکەم؟‌

ڕێوی گووتی: "دەبی سەبوور بی! ئاوا لە سەرەتاوە تۆ کەمێک دوورتر لە من دانیشە. من لە گۆشەی چاو دەڕوانمە تۆ و تۆ هیچ ناڵێی. زمان سەرچاوی هەموو خراپ لە یەک تێگەیشتنەکانە. تۆ بەڵام ڕۆژ بە دوای ڕۆژ لە من نزیکتر دانیشە ..."

*****

ڕێوی گووتی: هەر شتێک تایبەتمەندی خۆی هەیە.

شازدە بچکۆلە گووتی: تایبەتمەندی یانی چی؟‌

ڕێوی گووتی: ئەوەش شتێکی ترە کە تەواو لە بیرکراوە. ئەوە هەمان شتە کە وا دەکات فڵانە ڕۆژ دەگەڵ هەموو ڕۆژەکانی تر و فڵانە کات دەگەڵ هەموو کاتەکانی تر فەرقی هەبێ.

***
ئاوا بوو کە شازدە بچکۆلە ڕێوی دەستەمۆ کرد. کاتی جیابوونە کە هات ڕێوی گووتی: ئاخ، ناتوانم پێش بە گریانی خۆم بگرم.

شازدە بچکۆلە گووتی: تاوانی خۆت بوو. خۆ من خراپەی تۆم نەدەویست. خۆت ویستت دەستەمۆ بیت.

ڕێوی گووتی: وایە!

شازدە بچکۆلە گووتی: دەی فرمێسکەکانت خەریکن دەرژێنە خوار!

ڕێوی گووتی: وایە!

شازدە بچکۆلە گووتی: کەوابوو ئەو دەستەمۆ بوونە هیچ قازانجێکی بۆ تۆ نەبوو؟

ڕێوی گووتی: با قازانجێکی هەبوو، لەمەوبەدواوە هەموو جارێ کە ڕەنگی گوڵەگەنمەکان ببینم دڵم شاد دەبێ! ئێستا بڕۆوە بۆ لای گوڵە سوورەکان. پێموایە ئەوجار تێدەگەی بۆ گوڵەسوورەکەی تۆ تاقانەیە!

***
شازدە بچکۆلە ملی ڕێی گرت و گەراوە بۆ لای گوڵەسوورەکان. پێی گووتن: ئێوە قەت لە گووڵە سوورەکەی من ناچن. ئێوە هێشتا هیچ نین. ئێوە هێشتا دەستەمۆی کەس نەبوون. ڕێوییەک هەبوو وەک هەموو ڕێوییەکانی تر. ئەوم دەستەمۆی خۆم کرد. بوو بە هاوڕێی من. ئێستا ڕێوی من تاقانەیە بۆ من!

****
شازدە بچکۆلە گووتی: ماڵئاوا!

ڕێوی گووتی: ماڵئاوا. ئەوەش نەهێنی من کە زۆریش ساکارە. لە بیرت بێ شتەکان بە چاوی دڵ نەبێ نابیندرێن. ئەو شتەی ئەسلە لە بەر چاو وونە!

شازدە بچکۆلە بۆ ئەوەی لە بیری بمێنێتەوە دووپاتی کردەوە: ئەو شتەی ئەسلە لە بەر چاو وونە!

ڕێوی گووتی: ئەوەی بایەخ دەداتە گوڵی تۆ ئەو کات و تەمەنەیە تۆ لە پێناو ئەوت داناوە.

شازدە بچکۆلە بۆ ئەوەی لە بیری بمێنێتەوە دووپاتی کردەوە: ئەو کات و تەمەنەیە من لە پێناو ئەوم داناوە!

ڕێوی گووتی:‌ بنیامەکان ئەو ڕاستییەیان لە بیرکردووە، تۆ بەڵام نابێ قەت لە بیری بکەی، تۆ بەرپرسی ئەو شتەی کە دەستەمۆی خۆتت کردووە. تۆ بەرپرسی گوڵی خۆتی!

شازدە بچکۆلە بۆ ئەوەی لە بیری بمێنێتەوە دووپاتی کردەوە: من بەرپرسی گوڵی خۆمم!

****


The Little Prince
Antoine De Saint-Exupéry




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------