Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 27, 2009

هەموو جارێ پێش ئەوەی شمارەکەی بگرم بە خۆم دەڵێـم لەبیرم بێ هەواڵی شاری لە نەپرسم. بە خۆم دەڵێم لەبیرم بێ لە خۆی و منداڵەکانی بەدەر باسی هیچ نەکەم. کەچی جار نەبووە من تلەفوون بکەم و هەواڵ شار و کووچە وکۆڵانەکانی لێ نەپرسم. جار نەبووه هەواڵی ئەوانەی دەیانناسم و ئەوانی نایانناسم نەپرسم و گڕێ پووچکەی بوغزی گریانێک ڕێ‌ بە هەناسەم تەنگ نەکات. هەواڵەکانی لەوێرا دێن هیچی ئاهی خۆشیت ناخەنە دڵ. لە هەواڵی شین را بگرە تا شایی. کچی فڵانە کەس مارە کراوە لە سەر هەزارو سێسەد و شەست و نازانم چەند سکەی بەهاری ئازادی، ئەوە بە پێی ساڵی لە دایکبوونی کچەکان کەم و زۆر دەبێ، هەر چی کچە منداڵتر بێ گرانتردەفرۆشترێ. دەڵێ ئەو کچەی لە سەر هەزاروسێسەد وشەست و نازانم چەند سکەی "بەهاری ئازادی" مارە کرابوو، گەراوەتەوە "ماڵی باوکی"، دەڵێ‌ ئەوەندەی لێدرابوو هەموو گیانی ڕەش و شین هەڵگەرابوو. ددان و پەراسووی شکابوون و ... لێی دەپرسم "مارەییەکەی بە دەردی دەخوا ئێستا؟" دەڵێ نا، کوڕە تەڵاقی نادا و مارەیی وەرگرتن خۆ هەروا ئاسان نییە و ...

دەڵێ سی وشەش ساڵی تەمەنە، مێردەکەی مۆعتادە، ژنەچەند ساڵە هەوڵ دەدات جیابێتەوە، ڕووی لەهەر لایەک کردووە کەس یارمەتی نەداوە، دەڵێ کۆڵێک بەڵگە و وێنەی بردبوو نیشانی قازی دابوو کە مێردەکەی مۆعتادە، کە لێیدەدات، کە لە منداڵەکان دەدات، قازی بەڵام بریاری داوە منداڵەکان لە دایکەکە بستێنێتەوە و بیانخاتە ژێر دەستی هەمان باب کە مۆعتادە و کە لێیان دەدات. دەڵێ کە ئەو بڕیارە درا، دایکەکە هاتۆتەوە ماڵ، دەرگای لە سەر خۆی داخستووە و ئاگری لە خۆی بەرداوە. دەڵێ هاوسێکان درەنگ گەیشتنێ!

دەڵێ‌ ئێستاش ژنێکی بیست و هەشت ساڵە، کە مێردەکەی بڕیاری داوە ژنی بەسەر بهێنێ، سوورە لە سەر مردن. مێردەکەی گووتەیەتی دەتوانێ جیابێتەوە بەڵام منداڵەکانی پێ ‌نادات. "ماڵی باوکی" ژنەکە گووتیان ڕایناگرنەوە باشترە جیا نەبێتەوە. ئەم دایکە بێ دەرەتانە، ئەم ژنە بێ‌کەسە بڕیاری داوە خۆی بسووتێنێ. بڕیاری داوە خۆی و منداڵەکانی ئاگر تێبەردات. دەڵێ نامەی نووسیوە و لە لای هاوڕەکانی دایناوە و هۆی "خۆ"کووشتنی خۆی و منداڵەکانی شی کردۆتەوە و نووسیوێتی کێ‌تاوانبارە! دەڵێ پەیوەندەی دەگەڵ ڕۆژنامەکانی شار گرتووە و چیرۆکی خۆیی بۆ گێراونەتەوە...

بیردەکەمەوە ئەو کەی خۆکووشتنە؟ ئەوه کەی "بڕیارە"؟ ئەوە کەی ویستی مردنە؟ ئەوە قەتڵە، ئەو مرۆڤ کووشتنە، ئەوه بە کووشت دانە. بیردەکەمەوە گیانی مرۆڤ لەمە هەرزانتر دەبێ؟‌

باشە ئەم قۆڕیاتەی "بەهەشت لە ژێر پێی دایک دایە" لە کوێ ڕا هاتووە؟ مانای چییە؟ کام بەهەشت؟ نەکا مەبەست لە بەهەشت هەر ئەو جەهەننەمەیە بۆ ژنان و دایکەکانیان سازکردووە. چۆنە ژن لە کاتی خەبات و شۆڕش لە شەقامەکانی شار، لە شاخ و کێوەکانی کوردستان شان بە شانی پیاو دەتوانن بەشەڕ بێن بەڵام ڕێز و حورمەتی ئینسانیان لە لایان پیاو، باب و برا و مێرد، ئاوا بە ئاسانی پێ شێل دەکردرێ؟ ژنان دەگێرێن، دەکوژرێن، دەستدرێژییان پێ‌دەکردرێ هەمووی لە پێناو "وڵات و خاک" کەچی لە خاک و وڵاتی خۆیان بێ‌بەشترین و بێ کەسترین مرۆڤەکانن! ئەگە یاسا و شەریعەتی ئیسلام پایە وبناغەی ئەو نابەرابەری و نایەکسانی نێوان ژن و پیاوه، خۆ زۆربه‌ی پیاوان لە دەست دین و ئیسلام دەناڵێنن. چۆنە کە دەگاتە ئەو بەشە مل کەچ دەکەن و کوێر و لاڵ ‌دەبن؟‌ تۆ بڵێی ئەو پیاوانە، ئەو قازییە، ئەو مەلایانە، ئەو خەڵکانەی دەبینن و هیچ ناڵێن شەوانە بە سەری سووک سەر بخەنە سەر سەرین؟‌ یانی ژانی وژدان بەرۆکی هیچیان ناگرێ؟

لە کام سەدە دا دەژین؟ مرۆڤایەتی چی بەسەر هاتووە؟‌ گیانی مرۆڤ لەمە هەرزانتر دەبێ؟‌





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------