Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

January 14, 2010

17 ساڵ ...

ئەمشەو نا هەندێ جار بەڵام سەیر دڵتەنگ دەبم، دڵتەنگی ئەو سەردەمەی هیشتا سنووری سووری " ئێرە و ئەوێ " ژیانمی نەکردبوو بە دوو لەت. دوو لەتی ئاوا نامۆ لە یەک، دوو لەت کە هیچ هیچیان لە یەک ناچێ! ئەمشەو نا، هەندێ جار بەڵام سەیر دڵتەنگ دەبم، دڵتەنگی ئەو ساڵانەی من و هەموو لەتەکانی دەروونم، من و هەموو ژنەکانی دەروونم ڕیشەمان لە یەک خاک و هەمان خاكدا بوو، ئەو ساڵانەی ڕیشەمان هێشتا لە خاک دابوو! ئەمشەو نا، هەندێ جار بەڵام سەیر دڵتەنگ دەبم، دڵتەنگی ناسینەوەی دەنگێک، بۆنێک، دڵتەنگی "لە شار تووشی ئاشنایەک بوون"، دڵتەنگی دڵەکووتە بە وەخت و بێ‌وەختەکانم.

هەندێ جار بەڵام، ڕێک وەک ئەمشەو، دڵتەنگییەکانم دوور دەبنەوە، لە دەرەوەی دڵتەنگییەکانم ڕا ئاوڕ دەدەمەوە و دەڕوانمە "ئەوێ"، هەوڵ دەدەم ڕەنگەکانم وەبیر بێتەوە، هەوڵ دەدەم دەنگەکان بناسمەوە، هەوڵ دەدەم شتەکان ئاوا کە بوون ببینمەوە... هەندێ جار، ڕێک وەک ئەمشەو، تەڕایی برژانکەکانم بە پشتی دەست پاک دەکەمەوە، بوغزی گریانەکەم قووت دەدەمەوە، هەناسەیەکی سارد لە سنگما دەگەڕێ و من تەزێک بە لەشما دێت و خۆم گرمۆڵە دەکەمەوە... هەندێ جار، وەک ئەمشەو، کە لە دەرەوەی دڵتەنگییەکانم ڕا ئاوڕ دەدەمەوە و دەڕوانمە " ئەوی" خۆمم وەک پشیلەیەکی بریندار کە برینەکانی دەلێسێتەوە دێتەوە بەر چاو. جار هەیە وەک ئەمشەو بزەییم بە مێهرەبانییەکانی دڵم دا دێ کە چ وەک دایکێکی دڵسۆز هەموو نامێهره‌بانییه‌کان و ئازارەکانی " ئەوێی" لە خۆشەویستییەکانی خۆیدا تواندۆتەوە و بە لاساری هەوڵ دەدا لە بیریان بەرێتەوە! هەندێ جار لە دەرەوەی دڵتەنگییەکانم ڕا بزەییم بە مێهرەبانییەکانی دڵم دا دێ کە چۆن حەڤدە ساڵە دەگەڵ سێبەری ساردو سڕی بیرە ڕیشاڵ ڕیشاڵ ‌بووەکانی دا دەژی و هەر کۆڵ نادا، هەر چنگ بەرنادا.

هەندێ جار وەک ئەمشەو حەز دەکەم کۆرپەی دڵم لە باوەش بگرم، بیلاوێنمەوە، دابڕان و دووری و دووربوونەکانی لەبیر بەرمەوە و هەموو ماندوویەتییەکانی و تەنیاییەکانی و دڵتەنگییەکانی هەڵلووشم تا کەمێک بحەسێتەوە، باش دەزانم بەیانی دیسان بە چاوی دڵداری دەڕوانێتە " ئەوی" و عاشقانە خۆشیدەوێتەوە!

حەڤدە ساڵ!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------