January 7, 2010
مامۆستا هێمن دەڵێ "بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی هەیە" ئیدی چۆن دەتوانی چاوەڕوانی وەت هەبێ تۆی مرۆڤ لەت لەت بیت و بێدەنگ تێپەڕی! ژیان بهڵام بەردەوامە. مرۆڤە ئیتر. جۆرێک ڕێگەیەک دەبینێتەوە بۆ بەردەوام بوون. شتەکان هەر ئاوان کە بوون. شتەکان قەرارە هەر وا بمێنن کە هەن. دەرسە و کاریش لە پەنای. کڕینی نان و ماست و تەماتە و خەیار و هێلکە و هەنار! پیاسەی ناو بەفر و سڕبوونی سەر پەنجەکان. موسیقایە و پێەکنینە و خۆ بە دەستی دەنگی عود و سەنتوور دان، سەمایە و شەرابە و گریانە و فیلمە و ڕەنگ کردنی قژە و سوورکردنی لێو. قسە کردن و چایی خواردنەوە دەگەڵ ئەوانی نایانناسی و دوور بوونەوە لەوانی پێت وابوو دەیانناسی. حەزی سەفەرە و تاسەیە و توڕەییە و کز بوونە و پێریوود بوونە و ژانە و لە بەر خۆتەوە بۆڵەبۆڵ کردنەوە و ... یانی هەر ئەوەی گووتم ژیان بەردەوامە. ژیان بەردەوامە و هەندێ جار بە خێرایی نازانم چی تێدەپەڕێ و هەندێ جار بە ئاسپایی. ڕاستی ئەوەیە کە هەندێ جار ڕێک لە جەنگەی دەرس و کار و کڕینی نان و ماست و تهماته و خەیار و هێلکە و هەنار و پیاسە و سڕبوون و سەما و مەستی و گریان و پێکەنین و قسەکردن و چاخواردنەوە و حەز و تاسە و توڕەیی و پێریوود بوون و ژان و بۆڵەبۆڵ کردن دا، لەناکاو هەموو خەمی نەبوونەکانیان بە سەرتدا دەڕووخێن و تۆ بیردهکهیهوە "همممم، چ تەنیام من!" ... ژیان بهڵام بەردەوامە!
Comments:
Post a Comment
|