Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

January 10, 2010

virtual friends

لە ژیانمدا حەسوودیم نەکردووە. یانی قەت وانەبووە بە حەسرەتی شتێکەوە بم کە کەسێکی تر هەیەتی و من خۆم بە بێ‌بەش بزانم. ئه‌وه‌نده‌ لاسارم هەرچیم ویستووە درەنگ یا زوو بەدەستم هێناوە. پووڵ و که‌ڵ وپه‌ڵ زۆر سەرنجم ڕاناکێشن و باوەڕ ناکەم شتێک هەبێ ئەوەندەی بایەخ هەبێ کە من دانیشم خەمی نەبوونی بخۆم. کەچی واش نەبووە قەت حەسوودی بە کەس نەکەم. جوان لە بیرمە یەکەم جار کە تامی تاڵی حەسوودی پڕی کردم سەرەتای کۆچی دوایی دایکم بوو. لە مەلاجامی دەپەڕیمەوە بۆ لای ویستگەی تاکسییەکان، دایک وکچیکم دی شان بە شان دەڕۆیشتن و قسەیان دەکرد و پێدەکەنین، ئەو هەستەی ئەو ڕۆژە تەجرەبەم کرد زۆری ترساندم. ئەوەندەم حەسوودی بەم کچە کرد کە بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێـم ڕقم لێی بوو! کچی هەژار هیچ تاوانێکی نەکردبوو بەڵام هەر ئەوە کە ئەو دایکی هەبوو و من نا، بەر چاوی ڕەش کردبووم. نازانم، حەسوودی و رق هەر یەک شت و هەمان شتن؟ نازانم سنووری حەسادەت تا کوێ دەتوانێ بروات من بەڵام ئەوە یەکەم جارم بوو ئاوا بە هەموو گیانمەوە هەستم بە شتێک کرد کە ناویم نا حەسوودی. تەواوی ئەو ساڵانەی تێپەڕین حەسرەتی نەبوونی دایکم لە سەر دڵم هەر ما بەڵام ئیتر وا نەبوو بە کەسەوە ڕەوانەبینم دایکی هەبێ! لە تەواوی ساڵانی سەیر و سەمەری گەورە بوونم چ لەوێ چ لێرە ئاواتی گەورە و بچووکم زۆر بووە و ئێستا کە ئاوردەدەمەوە بە زۆربەیان گەیشتووم، هەر ئەوەش وای کردووە حەسرەت و حەسوودی تەجرەبە نەکەم. زۆر شت کە ئەوانی دی سەروگوێلاکی خۆیانی بۆ دەشکێنن بۆ من و لە ژیانی مندا مانایەکی نەبووە و نییە. زۆر شت کە بۆ من گرنگە بوونیان هیچ مانایەکی بۆ هیچ کەسێکی تر نەبووە، پاک لە پاک! ئەوەی بەڵام ئێستا دەتوانم بە ڕاشکاوییەوە باسی بکەم ئەوەیە کە حەسوودی دەکەم بەوانەی هاوڕێی باشیان هەیە! هاوڕێی ڕاستی نەک دیجیتال! هاوڕێیەکی وا کە بەستراوەی ڕۆژئەژمێر نییە، کە هەیە، کە لە ناو شتە ورد و درشتەکانی ڕۆژانەدا ونت ناکات، کە دەزانێ چۆنت وەبیر بێنێتەوە کە لە بیرت دایە. کە قسەی دەگەڵ ‌کردەوەی زۆر لەیەک دوور نین. هاوڕێیەک کە قسە نەگووتراوەکانت دەبیستێ، کە بێدەنگییەکانت دەخوێنێتەوە.هاوڕییەک کە دەوێری لە لای ڕوحت ڕووت کەیەوە، هەموو ماسکەکان لادەی و باسی چۆکدادانەکان و شکانەکانت بکەی، هاوڕییەک کە لە زمانی یەک حالین، کە قەزاوت یان نەسیحەت یان بەراوردت ناکات. ‌ نە شەرمە نە شوورەیی، حەسوودی دەکەم بەو کەسانەی هاوڕێی باشیان هەیە!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------