Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

March 13, 2010

شت پێچانەوەی وەختی بارکردن هەمیشە یانی تووشت بە تووشی هەندێ ‌بیری لە بیرکراوە دەبێتەوە. یانی شتێک دەتخاتەوە بیری کەسێک کە ئیتر نییە، یا نەتویست کە ببێ یان نەیویست کە هەبێ! کووتە کاغەزی چەند ساڵ پێش کە لە جەنگەی دڵتەنگی یا عاشق بوون یا مەستی شتێکت لە سەر نووسیەوە و دوایی لە ناو هەزار شتی تردا وونت کردووە. کتێبی سەردەمی منداڵی کە پەڕپەڕ بووە و لاپەرەکانی زەرد هەڵگەراون و تۆ هێشتا هەموو چیرۆکەکەت جوان جوان لەبیرماوە و هەر خۆشت دەوێ. نامەیەک کە قەت نەتوانی وڵامەکەی بنێرییەوە ئەوەندە کە تاڵ بوو، ئەوەندە کە خوێندنەوەی برینداری کردی، تەم و تاڵی چرکەی خوێندنەوەکەت تەنانەت لە بیرە و " شاردنەوەیت" لە ناو کۆڵێک کتێب و کاغەز و گۆڤار. ئەو نامەی کە خۆت نووسیوتە و قەت قەت بەڕێت نەکردووە... تووشت بە تووشی بیرو بیرەوەرییەکان کە دەبێتەوە هەندێ‌جار بزەت دێتە سەر لێو، جارنا تەزێک بە لەشتا دەگەڕێ، جار هەیە تاڵ دەبی و هەندێ جاریش گرێی گریانێک ڕێ‌ بە هەناسەت دەگرێ. هەمیشەش لە جەنگەی بارکردندا شتێک پەیدا دەبێ کە گرێت دەداتەوە لە بیرێک کە لە گۆشەیەکی کەس پێ نەزانی زەینتدا خۆی حەشار داوە و تۆ دڵت دەلەرزێ و بێدەنگ برژانگە تەڕەکانت بە پشتی دەست دەسڕییەوە و ...

پێچانەوەی شتەکان لە ناو کارتۆنی گەورە و بچووک، دابەشکردنی چی لە کوێ دانان، چی لە پاڵ چی خستن، چی ڕاگرتن و چی فڕێدان وەبیرت دێنێتەوە چەندە شتی بێ کەڵکت ڕاگرتووە، کە چەندە جێت لە خۆت تەنگ کردووە، کە چەندە لە خۆڕا باری خۆت قوورس کردووە. بارکردن وەبیرت دێنێتەوە بیر و بیرەوەرییە دوور و نزیکەکانی زه‌ینیش، یاد و یادگارە کۆن و کاڵەکانیش تۆزتەکێنیان پێویستە. وەبیرت دێتەوە پێویستت بە چرکەیەک ڕامانه، هەست بە حەزی داخستنی هەموو کەوانە کراوەکان دەکەیی و وەبیرت دێتەوە باری سەرشانت دەبێ سووک کەی...

کارتۆنەکان یەکە یەکە پڕ دەبن، ژوورەکەم هەر دێ و چۆڵتر دەبێ و بارەکەم هەر دێ و سووکتر. دڵم ڕووداوێکی خۆشی دەوێ.





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------