Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

August 2, 2010

کلیدەکانم کە داوە، دەرگام کە لە پشت سەرم داخست جۆرە دڵتەنگییەکی نامۆ داگیری کردم. پەشیمانی یا دوو دڵی نەبوو، نا، لە بڕیاری خۆم دڵنیا بووم. دەمزانی دەبێ لەوێ بڕۆم و لە شوێنێکی تازەوە دەست پێ‌بکەمەوە. دەرگام کە لە پشت‌ سەرم داخست بەڵام جۆرە دڵتەنگییەکی نامۆ وەک ئەو دەمانەی بە وشیارییەوە دابڕان هەڵدەبژێری، وەک ئەو دەمانەی دەزانی ئەوە یانی خاڵی کۆتایی، ڕژایە ناو دڵم. کە ڕۆیشتم ئاوڕووم نەداوە، لە دەرێ بەڵام بە گۆشەی چاوم دەورووبەرم پێوا، وێنەی هەزار بیری کۆن و تازەم لە بەر چاو ڕیز بوون. دواتر بە کوبیم گووت دڵەکووتەیەکی سەیرم هەیە. وەکوو کاتی دڵتەنگی!

بۆ منێ ‌کە پێنج شەش ساڵی یەکەمی ژیانم لێرە وەک قەرج ژیابووم و لە شارێکیەوە بۆ شارێکی تر، لە لادێیەکەوە بۆ لادێیەکی تر، لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی تر، لە کەمپێکەوە بۆ کەمپێکی تر هەڵقەندرابووم، بۆ منێ کە ڕیشەکانم گیرۆدەی هیچ خاکێک نەبوون، دە ساڵ گیرسانەوە لە شوێنێک یانی دەستەمۆ بوون. یانی ڕۆچوون. بە هەموو ترسەکانمەوە لە ڕۆچوون ماندوویەتییەکانم وایان دەکرد مانەوە هەڵبژێرم. ماندوویەتییەکانم وایان کرد بمێنمەوە و مامەوە! لێرە بوو چەمەدانەکانم کردنەوە، لێرە بوو پشووم هاتەوە سەر خۆ، لێرە دەمزانی دەتوانم، ئەگە بمەوێ، بمێنمەوە! هەر لێرەش بوو شتەکان هاتنە ڕوو! دەزانی وەک بڵێی ترسەکانم گەیشتنەوە سەرم! ترسەکانم گەیشتنێ و بەرۆکیان گرتم. هەموو ئەو ترسانەی ئەو هەموو ساڵە لە چنگیان هەڵاتبووم. ئەو ترسانەی ئەوەندەیان ترساندبووم لە ترسان ئازا ببووم. لێرە بوو ماندوویەتییەکانم دەرکەوتن و چۆکیان پێ دادام. لێرە بوو تەنیاییەکانم بە سەرما ڕووخان. لێرە بوو برینە کۆنەکان کوولانەوە و لێرە بوو دەرفەتێک دەست کەوت لەت‌وپەتەکانی ڕاستی ژیانم لە پەنا یەک دانێم و یەک جێ بیبینم. لێرە بوو پرسیارەکان یەک بە دوای یەکدا هاتن و ئۆقرەیان لێ بڕیم. بـــــــۆ؟ چـــــۆن؟ کـــەی؟ لە کەیەوە؟ تا کەی؟ کێ؟ لەو ماڵەدا من شکام و ورد بووم و لە ژان وەک مار بە دەوری خۆمدا پێچم خوارد و سڕبووم و بریندار بووم و پێستم هەڵدا و گەورە بووم و ... هەستامەوە. هەستامەوە!

هەستامەوە، دوای هەموو گریانەکان، گرێ پووچکەی بوغزە نەکراوەکان، دوای هەموو ئەو قیژانەی قووتم دانەوە، دوای هەموو ئەو تووڕەییانەی دەبا وەک تۆز لە سەر شانم تەکاندبام، دوای تاڵی ژاراوی ئەو تەمانەی بە تەما نەبووم دەگەڵ کەس بەشیان بکەم! هەستامەوە و فێربووم چۆن هەموو بەیانییان بزەیەکی نەرم لە گۆشەی لێو هەڵواسم، لێوەکانم سوور کەم و وەک بەختەوەرترین شاژنی شار لە ناو مرۆڤەکان دا بێم و بڕۆم و پێ بکەنم و وەپێکەنین بخەم و بژیم و تەنیاییەکانی ئەوانی دی بدزم و گوێ بۆ چیرۆکی دڵتەنگییەکانی ئەوانی تر ڕاگرم ... تا هەموو ئێواران بە هێڵەنجێک هەموو تەنیاییەکانی خۆم بڕشێمەوە و وەک پشیلەیەک تا بەیانی هەموو برینەکانی خۆمم بڵێستەوە ... لەو ماڵە بچووکەدا هەزارجار وون بووم و ڕێگەی گەڕانەوەم دیتەوە. هەزار جار ڕۆچووم و هاتمەوە ڕوو. لێرە بوو قەبووڵم کرد شتەکان ئاوان کە هەن، کە مرۆڤەکان دێن کە نەمێننەوە، کە چیرۆکەکان دەست پێدەکرێن تا بە نیوەچڵی بمێننەوە. ئه‌م سێ چوار ساڵه‌ی ئاخر پڕ بوون لە هەوڵدان، ئاخر لەت‌وپەتەکان لە تەنیشت یەکتر دانان، بە سەردا چوونەوە، داخستنی کەوانەکان، دانانی خاڵی کۆتایی، هەڵبڕینەکان، دابڕانەکان. پەلەم نەکرد! نەمدەویست هەڵە بکەم. نەمدەویست دوودڵ بم، دەموسیت ئەوەی لە دەستم دێ ‌بیکەم تا دڵنیا بم. تا بزانم، دوایی ئەو هەموو ساڵە چاوەڕێ بوونە پێویستم بە دڵنیایی هەبوو ...

تا ڕۆژێک هەستم کرد دارودیواری ماڵەکەم، هەموو سووچەکانی، کەلەن و قوژبنەکانی من وەبیر قیژە قوتدراوەکانم و هاوارە سەربڕاوەکانم دەخاتەوە. ئەو رۆژە بوو زانیم دەبێ بڕۆم. زانیم ئەوە یانی کۆتایی.

کلیدەکانم کە داوە، دەرگام کە لە پشت سەرم داخست ئاوڕووم نەداوە. خاڵی کۆتایی دە ساڵ بوونم هەرلەوێ ‌دانا. دڵتەنگییەکی نامۆ چنگی خستبوو ناو گیانمەوە، باری سەر شانم بەڵام سەیر سووک ببوو!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------