August 4, 2010
بزمارێکی بچووک لە لە قولینچێکی نادیاری ئاشپەزخانە، ڕێک لە سەر چوارچێوەی پەنجەرەکە، هەمان پەنجەر کە من لە تەنیشتی دادەنیشم و چاو لە هات و چۆی ئارامی مرۆڤە ئارامەکانی ئەم بەشەی شار دەکەم، دەبینمەوە. بە سەیرەوە چاو لە بزمارەکە دەکەم، بە سەر پەنجەم دەستی پێدا دێنم و بیر دەکەمەوە ئەوەی پێش من لێرە ژیاوە چۆنی بیرکردۆتەوە، ئەو بزمارە بۆ لێرە دراوە! دوایی دەیان بیری سەیرم لە لا ساز دەبێ، خەیاڵم بەڵام زۆر بە بزمارەکەوە ناگیرسێتەوە، بیر لەوەی پێش من لێرە ژیاوە دەکەمەوە. کێبوو؟ چۆن ژیا؟ لە کام بەشی ئەو ماڵەدا چۆکی دادا، دەستی خستە سەر سنگی و هەناسەی نەهاتە بەر؟ ئاوا مرد؟ تەمەنی دەزانم، دەزانم چەند ساڵ لێرەدا ژیا، دەزانم کەی لێرە ڕۆیشت ... ئێستاش ئەو نیشانانەی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە هەندێ جار وا دەکەن بیری لێبکەمەوە، هەندێجار پێموایە هێشتا لێرەیە، دانەبڕاوە! تەنانەت هەندێ جار دڵنیام درەنگ یا زوو وەک نەرمابایەکی فێنک لە نیوە شەوێکی سارد دەبێتە مچورک و بە لەشما دەگەرێ. دڵنیام بەیانییەک کە من هەروا خەریکم چاییەکەم دەخۆمەوە و چاو لە دەرێ دەکەم ئەو لە سووچێکی وەستاوە و بە سەیرەوە دەڕوانێتە هەموو بێ دەنگییەکانم، دڵنیام ئێوارە درەنگانێک دەنگی بەرزی موسیقاکەم کەم دەکاتەوە تا گوێی لە هەناسەم بێ، تا دڵنیا بێ من هێشتا هەم. هەندێ جار هەست بە بۆنی دەکەم، بۆنی پیرەژنێکی قژسپی، ئەوانەی لە بەر خۆیانەوە قسە دەکەن و ڕوانینیان ونە، وەک بڵێی کەس و هیچ نابینن یا بڕیاریان داوە کەس و هیچ نەبینن یان ئیتر بۆیان گرنگ نییە کەس و هیچ ببینن. هەندێجار بە خەیاڵمدا دێ ئەویش ئێواران هەر لەو سووچەی من لێی دادەنیشم دادەنیشت و چاوی لە دەرێ دەکرد، پێموایە دەیبینم چۆن بە هەنگاوە وردەکانی هێدی هێدی لەپەنجەرە دوور دەبێتەوە و لە بەر خۆیەوە دەگەڵ سێبەرەکانی ناو زەینی قسە دەکات... بە دەست خۆم نییە، باوەڕدەکەم لەودەورووبەرانەیە. ئاخر بۆم سەختە باوەڕبکەم کەس ئاوا سووک و ئاسان دڵ دابڕێ لە ماڵێکی ئەو هەموو ساڵە تێیدا ژیاوە. فشە نییە، "ماڵ" یانی پەناییەک بۆ کۆکردنەوەی هەموو سەرگەردانییەکان و بێقەرارییەکانی ڕۆح، ماڵ یانی پەناییەک بۆ داشاردنەوەی هەموو نەبوونەکان و بوونە ناخۆشەکان، ماڵ یانی شوێنێک بۆ خۆبوون، بۆ ڕووت بوونەی ڕۆح و لەش، ماڵ یانی جێ سەرپەنجەی بیرەوەرییەکانت بە سەر دارودیواردا دیار بوون. ماڵ یانی وێنەی هەموو بوونەکانت، چۆن بوونەکانت، تەنیاییەکانت لە ناو دیوارەکاندا وون بوون، بێ ئەوەی کەس بیانبینێ، کەس پێیان بزانێ! ... بیردەکەمەوە ئەو دەمەی مرد چەند چیرۆکی نیوەچڵی لەدوای خۆیدا بە جێ هێشت، بیردەکەمەوە ئەوەمەی مرد چەند قسەی نەگوتراو لە سەر دڵی قورسایی دەکرد!؟ ئەو دەمەی مرد تەنیا بوو؟ دەرفەتی ماڵئاوایی هەبوو؟ تاسەی دیداری کەسی لە دڵدا نەما؟ .... بزمارەکە دەردێنم و فڕێی دەدەم. لە گۆشەی ڕاستی سۆفاکە لە تەنیشت پەنجەرە کە دادەنیشم، گوێ بۆ سێبەرەکانی زەینم شل ناکەم. چاو لە دەرێ دەکەم. هات و چۆی مرۆڤەکان، هاژەی ئوتومبیلەکان و هەرای کچ و کوڕە گەنجەکان خەیاڵی پیرەژنە مردووکەم لە زەین دەردەکەن، ئەو ڕۆژانە فەرق ناکا ئاسمان شین بووە یا خۆڵەمێشی، بزەیەکی لاسار بە گۆشەی لێومەوە دیارە. ژیان لە پشت پەنجەرەکەی منەوە بەردەوامە. هەنگاوێک لێی دوورم، کیفە سوورەکەم دەخەمە سەر شانم، کامێراکەشم، شان بە شانی ژیان لە ناو شاردا دەگەرێم.
Comments:
Post a Comment
|