July 2, 2006
بیست ودوو ڕۆژ و چوار ساڵ له‌مه‌و پێش: لای من ئێواره بوو. گوڵپه‌ڕ هه‌نگاو به هه‌نگاو فێری ده‌كردم چۆن شتێکی كه نووسیومه بڵاو كه‌مه‌وه، لینک چۆن داده‌ندرێت و ڕه‌نگه‌كان چۆن ده‌گۆڕدرێن. دواتر، هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه، له چوارچێوه‌یه‌كی سپی و شین‌دا تاقه یه‌ک وشه‌م نووسی و دوگمه‌ی پابلیشم داگرت. دوایی كه ده‌ستم به نووسین به كێیبورد، كه‌مێک ڕاهات، ئه‌و‌م سڕییه‌وه و شتێكی ترم نووسی. چه‌ند ڕۆژ به ته‌نیایی خه‌ریک بووم، پرسیاره‌كانم جاروبار بۆ گوڵپه‌ر ده‌نارد، ئه‌ویش به تاقه‌ت، فێری ده‌كردم... ده ڕۆژ دواتر شتێكی ترم نووسی و دامنا و ڕۆژی دواتر و ڕۆژه‌كانی دواتریش ... بیست و دوو ڕۆژ و چوار ساڵ له‌م ئێواره‌یه تێپه‌ڕیوه. بیست ودوو ڕۆژ و چوار ساڵه، لێره به ده‌نگی به‌رز بیرده‌كه‌مه‌وه... **** بلاگنووسین ئه‌زمۆنێكی سه‌یر بووه بۆ من. نووسین نا، به‌ڵام به ئاشكرایی نووسین ته‌جره‌به‌یه‌كی تازه و نامۆ بوو. ته‌جره‌به‌ی ئه‌وه‌ی ناوی خۆت له ژێر بیره‌كان، ترسه‌كان و ویسته‌كانت بنووسی. ته‌جره‌به‌ی ئه‌وه‌ی باسی نه‌هێنی ترین بیره‌كانت بخه‌یه به‌ر چاو. له‌ت و په‌تی ڕۆحت لێره، له په‌نا یه‌كتر هه‌ڵچنی، له ته‌نیایی، له خۆشه‌ویستی، له دڵداری، له عاشق بوون، له دڵشكان و تاسه‌كانت بنووسی. ژن بوونت له ڕوانگه‌یه‌كی تر ته‌جره‌به بكه‌ی، مرۆڤ بوونت جۆرێكی تر بوێت. وێبلاگی من وه‌ک من دڵی ناسكه! جار هه‌یه له یه‌ک زیز یا توڕه ده‌بین. وێبلاگی من وه‌ک خۆم وایه. جار هه‌یه بێ هیچ هۆیه‌ک شاده، جار هه‌یه بێ هیچ هۆیه‌ک دڵته‌نگه. جارنا من پێده‌كه‌نم، وێبلاگه‌كه‌م به‌ڵام ده‌گری، هه‌ندێ جاریش ڕێک به پێچه‌وانه! وێبلاگ بۆ من، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، وه‌ک ئاوێنه‌یه‌کی لێهات. ئاوێنه‌یه‌ک كه به‌رامبه‌ری بتوانم له حاڵه‌ته كۆن و تازه‌كانی خۆم ورد ببمه‌وه و بزانم چه‌نده له خه‌ڵكانی تر ده‌چم یا ناچم. من نه ڕۆژنامه‌وانم، نه نووسه‌ر و نه هه‌ولیشم داوه لێكدانه‌وه‌ی سیاسی و فه‌لسه‌فیم له‌ر سه‌رشته‌كان هه‌بێت. ده‌نووسم تا جیاوازییه‌كانی ئه‌و جۆره‌ی كه هه‌م، ئه‌و جۆره‌ی حه‌زده‌كه‌م وا بم و ئه‌و جۆره‌ی خه‌ڵک پێیانوایه هه‌م، بۆ خۆمی ڕوون كه‌مه‌وه. من ده‌نووسم چونكه زۆر جار ناتوانم قسه بكه‌م! وێبلاگ بۆ من سه‌ره‌تای هه‌وڵدان بوو. هه‌و‌ڵدانی فێربوونی نووسین به كوردی، هه‌وڵدان بۆ كۆ كردنه‌وه و دارشتنه‌وه‌ی بیر ئاڵۆزه‌كانم، هه‌وڵدان بۆ جۆرێكی تر دیتنی شته‌كان، جۆرێكی تر دیتنه‌وه‌ی خۆم. یه‌كێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وێبلاگ كه منی بۆ لای خۆی ڕاكێشاو له لای خۆی ڕایگرت، نه‌بوونی یاسایه‌ک بوو كه چوارچێوه‌ت بۆ دامه‌زرێنێت و ده‌ست و باڵت ببه‌ستێته‌وه. قه‌ت تێنه‌گه‌یشتم بۆ ژن و پیاوی كورد ئه‌و ئازادییه پڕمانایه‌یان به لاوه گرنگ نه‌بوو و له‌و ده‌رفه‌ته بێ‌وێنه‌یه كه‌ڵكیان وه‌رنه‌گرت! وێبلاگ بۆ من سه‌ره‌تایه‌ک بوو تا بیره‌كانم، هه‌سته‌كانم له‌و چركه‌یه‌دا كه هه‌ن و ده‌نووسرێنه‌وه، خۆشبوێت و هه‌ر ئه‌و هه‌سته، وه‌ک هۆیه‌كی سه‌ره‌كی بۆ نووسینیان، بۆ من به‌س بووه! وێبلاگ ده‌ربیجه‌یه‌كه خۆت به ده‌ست خۆت به‌ڕووی خه‌ڵكت كردۆته‌وه. هه‌ر كه‌س ده‌توانێ، ئه‌گه حه‌ز بكات، سه‌ری پێدا بكات و بتخوێنێته‌وه، له‌وانه هه‌ن ئه‌وانه‌ی جوان تێده‌گه‌ن هه‌ست و مه‌به‌ستت له قسه‌كانت چی بووه، زۆرترن به‌ڵام ئه‌وانه‌ی لێت تێناگه‌ن و له مه‌به‌ستت ناپرسنه‌وه و به ئاسانی مۆر له ناوچاوانت ده‌ده‌ن. هه‌ن ئه‌وانی له ڕێگه‌ی نووسراوه‌ی وێبلاگه‌كه‌ته‌وه، خۆشیان ده‌وێی، هی واش هه‌ن ڕقیان لێت ده‌بێته‌وه. هه‌ندێ پێشنیاری دۆستایه‌تیت بۆ ده‌نێرن و هی وا هه‌ن جوێن بارانت ده‌كه‌ن. هه‌ندێ ده‌ست خۆشی و ماندوو نه‌بوونیت لێ ده‌كه‌ن و هی وا هه‌ن، چه‌پ و ڕاست، به‌ردت به سه‌روگوێلاک داده‌ده‌ن! من، كه خۆم به‌ده‌ستی خۆم ئه‌م ده‌ربیجه‌یه‌م كردۆته‌وه، بێ‌گومان مافی هه‌ندێ شتم له خۆم وه‌رگرتۆته‌وه. یه‌كێ له‌وان، مافی دڵته‌نگ بوون له قسه ڕه‌قه‌كانه. ئه‌گه زۆری پێ ناره‌حه‌تم، هێنده‌ی پێ ناوێ، دوگمه‌یه‌كی دیلیته و دایده‌گری و نه‌نووسینێكه ده‌یكه‌یه پیشه! به‌ڵام بڕیارێكه و داومه: ئه‌گه ڕۆژێک نه‌نووسم ده‌بێ به ویستی خۆم بێت نه‌ک له به‌ر نامێهره‌بانی نامێهره‌بانه‌كان. تازه قه‌ت ناهێڵم كه‌س مافی قسه كردنم لێ زه‌وت بكات! **** وێبلاگ ده‌یتوانی ده‌رفه‌تێكی باش بێت بۆ ته‌مرینی ڕێزدانان بۆ ڕاوبۆچوونی جیاواز، ده‌یتوانی ده‌رفه‌تێكی باش بێت بۆ فێربوونی گۆڕینه‌وه‌ی بۆچوونه‌كان بێ ئه‌وه‌ی یه‌كتر بریندار بكه‌ین. ده‌یتوانی شوێنێک بێت له‌وێ، پرسیارێكی ساده و ساكار یان باسێكی گرنگ و گران، بخرێته به‌ر باس، قسه‌ی له سه‌ر بكرێت، دیالۆگێک ساز بكرێت، فێر بین گوێ له ده‌نگی یه‌كتر بگرین، پشوومان له سه‌ره خۆ بێت و ده‌رفه‌تی قسه كردن به هه‌موومان بدرێت. وێبلاگ ده‌یتوانی شوێنێک بێت له‌وێ هونه‌ری بیستنی ڕه‌خنه له خۆمان فێر بین، شوێنێک له‌وێ، بیرێكی تازه، بیرێكی هاوبه‌ش و هاوبیریک په‌یدا بكه‌ین. یه‌كێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی فه‌رهه‌نگی ئێمه نه‌زانینی به‌حس كردن و ڕاگۆرینه‌وه بووه و هه‌یه. نموونه‌كه‌ی له نووسراوه‌ی وێبلاگه‌کان و بۆچوونه نووسراوه‌کاندا به جوانی ده‌بیندرێت! نموونه: * ئه‌مڕۆ له کۆڕی یادی مۆستا هێمن... - تۆ قسه مه‌که، كۆنه توده‌یی ... **** وێبلاگی من، ته‌واوی ئه‌و ساڵانه، باشترین هاورێم بووه. ڕێک ئه‌و چركه‌ی پێویستم به قسه كردن بووه و كه‌س نه‌بووه قسه‌ی ده‌گه‌ڵ بكه‌م، لێره نووسیومه. هه‌ندێكیان له لاپه‌ره‌كانی ئێره‌دا هێشتا هه‌ن، به‌شێكیان به‌ڵام به‌س له ئارشیڤی خۆمدا هه‌یه! باوه‌ڕ ده‌كه‌م وێبلاگ ده‌رفه‌تێكه بۆ ئه‌وه‌ی ببیسترێین. میكرۆفۆنێكه له پێشت داندراوه و ئازادیی له پشتی بوێستی و قسه بكه‌ی. زۆر جار له‌وانه‌یه، ئه‌و میكرۆفۆنه، ده‌نگت به هیچكه‌س و به هیچكوێ نه‌گه‌یه‌نێت. به‌ڵام ئه‌وه هیچ له خۆشی و گرنگی بوونی ئه‌م ده‌رفه‌تی ئازاد بوونه، كه‌م ناكاته‌وه. بۆ منی ژن كه هه‌میشه له‌ئه‌م ئازادییه، ئازادی خۆبوون له‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه دیاری كراوه په‌سه‌ندكراوه‌كان، بێ به‌ش ماومه‌ته‌وه، مانا و چێژێكی تایبه‌تی هه‌یه! وێبلاگ بۆ من ئاوێنه‌یه‌كه، ئاوێنه‌یه‌كی باڵانوێن، هه‌ندێ جار به‌رامبه‌ری ڕووت ده‌بمه‌وه، هه‌ندێ جار خۆمی له پشت حه‌شار ده‌ده‌م یا دڵته‌نگییه‌كانم ناو ده‌نێم. هه‌ندێ جار تێیدا سه‌ما ده‌كه‌م، پێده‌كه‌نم، ده‌گریم، جارنا تێیدا به دوای شته ونبووه‌كانمدا ده‌گه‌ڕێم. هه‌ڵده‌كه‌وێ خۆمی تێدا ببینمه‌وه، خۆمی منداڵیم، خۆمی ژن، خۆمی مرۆڤ. جارێ هه‌م. جارێ ده‌نووسم!
Comments:
سڵاو ڕێز بۆخۆتوو بۆ وێبلاگه‌جوانه‌که‌ت!
Post a Comment
عمرت درێژ، ڕۆحت شاد، قه‌له‌مت پڕبار و گیرفانت پڕ پاره‌بێت عه‌تا |