June 24, 2007
Déjà vu ئه‌و مه‌دره‌سانه‌ی من لێم خوێندبوون هیچیان كتێبخانه‌یان نه‌بوو. شاره‌كه‌شمان ته‌نیا یه‌ک كتێبخانه‌ی گشتی هه‌بوو. كتێبخانه‌ی شێخ شه‌ڵتووت، كه داڵانێكی بچووک بوو تا میچه‌كه‌ی كتێبیان لێ هه‌ڵچنیبوو. بۆشمان نه‌بوو ده‌ست له كتێبه‌كان بده‌ین. ناوه‌ی كتێبێكمان ئه‌گه زانیبا ده‌مانگوت و به قه‌رز وه‌رمان ده‌گرت و زۆرجاریش زۆر كتێبیان هه‌ر نه‌بوو. ئێستا نازانم چۆنه ئه‌و كات به‌ڵام هه‌موو كتێبێک به ئاسانی و به ئازادی وه‌ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت. له بیرمه زۆربه‌ی كتێبه‌كانی ئه‌و كات هه‌م ناو و هه‌م ناوه‌ڕۆكیان زۆرتر قامكی هه‌ره‌شه بوو به ڕووی گه‌نجه‌كان، كه وا مه‌كه‌ن و وا مه‌ڕۆن. بازاری "وامه‌كه" گه‌رم بوو. شوێنێک هه‌بوو به ناوی "كانون پرورش فكری كودكان و نوجوانان" جاروبار له لایان مه‌دره‌سه‌وه ده‌یانبردین، به‌ڵام كات كه‌م بوو و فریای هیچ نه‌ده‌كه‌وتین و وه‌ه‌ختی تریش "جوان" نه‌بوو كچ به ته‌نیا هاتوچووی شوێنی "ئاوا" بكات. له كتێبفرۆشییه‌كانی ناو شاریش وا نه‌بوو بۆت هه‌بێت ده‌ست له كتێبه‌كان بده‌ی. ئه‌وه‌ش ببوو به حه‌سره‌ت. من دایه‌گه‌وره‌شم نه‌بوو چیرۆكم بۆ بگێرێته‌وه. نه‌نه هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌و شه‌وانه‌ی ده‌هاته لامان ئه‌گه تاقه‌تی هه‌با هه‌ر باسی پۆستاڵ ڕه‌شه ڕووسه‌كانی ده‌كرد ... هیچ چیرۆكێكی نه‌نه به "ڕۆژێک بوو ڕۆژێک نه‌بوو" ده‌ستی پێ نه‌ده‌كرد. قاره‌مانه‌كانی ئه‌و تاق و لۆق چیرۆكه‌ش كه بیستبووم قه‌ت ژن نه‌بوون تا له ئاوێنه‌ی چیرۆكی ئه‌واندا سێبه‌رێک له خۆم ببینم. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و نه‌بوون و نه‌بیستنانه من چیرۆک بیستن و چیرۆک گێرانه‌وه‌م پێ خۆشه. به تایبه‌ت ئه‌و چیرۆكانه‌ی جارنا، شتێكی خۆتت وه‌بیر ده‌هێننه‌وه یان ده‌بنه مایه‌ی خه‌یالێكی تازه بۆت. ئه‌و چێرۆكانه‌ی ڕاستین یان ڕاستییه‌كانی ژیانێكی ڕاسته‌قینه‌ت ده‌خه‌نه به‌رچاو. هه‌ندێ جار چیرۆكه‌كان وا گرێدراوی ڕاستییه‌كانی ده‌وروبه‌رتن كه مات ده‌بیت. فه‌رق ناكات ئه‌وه ده‌توانێت " ئانێت " ده‌ستكردی ڕۆمه‌ن ڕۆلاند بێت، "بلور خانم"ی ئه‌حمه‌د مه‌حموود، "زیور"ی مه‌حموود ده‌وله‌ت ئابادی، "ماریا"ی پائۆلۆ كۆئێلۆ یان " فرانچێسكا" له لای ئالبا دێسێس پێدس بێت كه وا به ئاشكرایی له‌ته ونه‌كانی خۆت و ژنه‌كانی ده‌وروبه‌رت وه‌بیر ده‌هێننه‌وه و هه‌زار خه‌ونی خه‌وتووت وه‌خه‌به‌ر دێنن. وشه‌كان له‌و چیرۆكانه‌دا ده‌بن به ده‌ستێک په‌رده له سه‌ر شته شاردراوه‌كان لاده‌ده‌ن، ده‌بن به قامک و ده‌كه‌ونه سه‌ر شته حاشا لێكراوه‌كان و لێت زه‌ق ده‌كه‌نه‌وه وا كه ئیتر ناتوانی حاشا له بوونیان بكه‌ی. هه‌ندێ جار نووسه‌ر شێوه‌یه‌كی تازه‌ی بیركردنه‌وه‌ت فێر ده‌كات یان شتێكی قه‌ت بیرت لێ نه‌کردۆته‌وه ده‌خاته مێشكته‌وه... هه‌موو ئه‌وانه وات لێ ده‌كات بیربكه‌یه‌وه چۆنه ئێمه چیرۆكی ئاوامان نییه؟ چۆنه ئه‌و ڕاستییانه له لای ئێمه نانووسرێنه‌وه؟ چۆنه ژنه‌كانی ئێمه و ئه‌زمۆنه‌كان، بیره‌كان و خه‌ونه‌كانیان قه‌ت نایه‌نه ڕوو و ناكه‌ونه به‌رچاو؟ بیرده‌كه‌مه‌وه مه‌گه‌ر "زیوه‌ر" و "ماراڵ" و "ماریا" كه‌من له ناوماندا؟ بڵێی هۆیه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه بێت كه ئێمه به ترسه‌وه گه‌وره بووین؟ ترس له‌وه‌ی خۆمان بین و خه‌ونه‌كانمان بگێرینه‌وه؟ ترس له‌وه‌ی ئه‌زمۆنه‌كانمان سه‌رمان به با بده‌ن؟ بڵێی هۆیه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌یه ئێمه ترسه‌نۆک په‌روه‌رده ده‌كرێین و باوه‌ڕده‌كه‌ین ترس یانی ئابرو و حه‌یا؟ بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌گه ڕۆژێک ژنێكی كورد ڕاستترین چیرۆكی ژیانی خۆی بگێرێته‌وه، چی ده‌بێت، چی لێ ده‌كه‌ن؟ چیم لێ ده‌كه‌ن؟
Comments:
Post a Comment
|