Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

September 16, 2007





ناوی كتێب: به‌فر
نووسه‌ر: ئورهان پاموک
خه‌ڵاتی نۆبێل, ساڵی 2006


"به‌فر" ڕۆمانێكی سیاسییه. په‌نجه‌ره‌یه‌كه ئورهان پاموک نووسه‌ری كتێبه‌كه به‌ڕووی ئێمه‌ی خوێنه‌ر ده‌یكاته‌وه و هه‌ڵده‌دا توركیه‌ی ئه‌مڕۆمان نیشان بدات. ڕۆمانه‌كه باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی كا، شاعیرێكی نیشته‌جێی هه‌نده‌رانه كه دوای دوانزده ساڵ دووری سه‌ردانی وڵات ده‌كات. كا، دوای مردنی دایكی و بۆ دیتنه‌وه‌ی شاری سه‌رده‌می منداڵیی سه‌فه‌رده‌كات كه‌چی به پێشنیاری هاوڕێیه‌كی ڕۆژنامه‌وانی و بۆ نووسین له سه‌ر هۆی خۆكوشتنی كچه گه‌نجه‌كان له شارۆچكه‌یه‌كی سه‌رسنوور سه‌فه‌رێكی تری تووش ده‌بێت كه سێ چوار ڕۆژ ده‌خایێنێت و ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌‌شه.

ئورهان پاموک له "به‌فر"دا هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌چێته پێش و بێ ئه‌وه‌ی پشتگری له لایانێک بكات ڕه‌خنه له تورک و كورد و موسلمان و مه‌سیحی و كۆمۆنیست و سوسیالیسته‌كان ده‌گرێت و زۆر به وردی لایانه ناله‌باره‌كانی هه‌موو دینه‌كان و سیاسه‌تی هه‌موو حیزب و گروپه سیاسییه‌كان زه‌ق ده‌كاته‌وه. پاموک وێنه‌یه‌ک له "بێ سه‌روبه‌ری سیاسی" ده‌دا به خوێنه‌ر و كه‌مێک دره‌نگ به‌‌ڵام به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت كه باس ته‌نیا له سه‌ر "باوه‌ڕ و بێ باوه‌ڕی" به خوا نییه كه مه‌به‌ستی نووسه‌ره‌. لێره توركیه‌ی موسلمان و توركیه مۆدرێن ڕووبه‌روو ده‌بنه‌وه. شه‌ڕ بۆ پاراستنی داب و نه‌ریته‌ كۆنه‌كان له لایه‌ک و داسه‌پاندنی "مۆدرنیێتت" به خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه له لایه‌ک. ئورهان پاموک هه‌وڵ نادا وڵامی هیچ پرسیارێک بداته‌وه به‌ڵام زۆر پرسیار ده‌خاته‌(وه) ڕوو له وان: مافی ژن له وڵاتێكی سێكولار، مافی ژن له حكومه‌تێكی ئیسلامیدا، یان بوونی مافی هه‌ڵبژاردنی جۆری جل و به‌رگ و شێوه‌ی ژیان بۆ ژن له هه‌ركام له‌م سیستمه حكومه‌تییانه‌دا. نووسه‌ر لێره و له‌وێ باسی هۆمۆسێكسوالیێت، جێنوسایدی ئه‌‌رمه‌نییه‌كان، بێ سه‌روشوێن چوون و پێشێڵ كردنی مافی كوردان و ... ده‌کات. به كورتی "به‌فر" وێنه‌یه‌كی بچووکی توركیه‌یه و گێرانه‌وه‌یه‌ک له شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته له نێوان هێزه چه‌كداره‌كانی وڵات ده‌گه‌ڵ كورده ناسیونالیسته‌كان، توركه سێكولاره‌كان و ئیسلامیسته‌كان و وێنه‌یه‌كی به هێزه له‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه چۆن داوێنی خه‌ڵكی ئاسایی به گشتی و ژنان به تایبه‌تی ده‌گرێته‌وه.

"به‌فر" وه‌ک ڕۆمانه‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لی، دوور و درێژه. كه زۆرجار هه‌ست ده‌كه‌ی ده‌كرا كورتتر، زۆر كورتتر بایه. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ڕۆمانی "شاری مۆسیقاره سپییه‌كان" كه زمانێكی قورس و كه‌مێک‌ نامۆی هه‌‌بوو، به‌فر زمانێكی خۆشی هه‌یه و وه‌رگێرانێكی نه‌رم و ڕه‌وانه و "ڕه‌نگ و بۆنی گێرانه‌وه‌ی ڕۆژهه‌لاتی" پێوه دیاره.





Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------