June 29, 2008
له بیتاقه و تا مه‌طاڕ دوایی دەستە گوڵه‌که‌ی من له پارکی ئازادی شاری قارەمان پەروەری سلێمانی به ئاوم دادا و "بیتاقه" به "بێ تاقەت" تێگه‌یشتم، نۆڕه‌ی کوردێکی تره که ببێته "قوربانی" زاراوەی پشتشکاوی کوردی "برادرانی" کوردی ئه‌ودیو. بۆ پرسیاری بوون و نه‌بوونی بلیت په‌یوه‌ندیم دەگەڵ شرکه‌تێکی "سه‌یر و سەفەر" گرت. کچێک به زمانی نۆروێژی وڵامی دامه‌وه و به کورد دەرچوو. به کوردییه‌کی زۆر جوان و ڕێک و پێک قسەی دەکرد. له ناو قسەکانیدا به‌ڵام چه‌ند وشه‌ی بەکار هێنا که من که‌مێک سەرم سووڕما. لێم پرسی خه‌ڵکی کام شاره. گوتی بانه. گوتم ئه‌ی ئه‌و "مه‌جال و مه‌طاڕ"ه‌ت له کوێ‌ڕا هێناوه. پێکه‌نی. گوتی ئاخر نازانی! گێرایه‌وه گوتی جارێک پیاوێکی هه‌ولێری بۆ کڕینی بلیت په‌یوه‌ندی پێوه گرتووه. هه‌ر پیاوە گوتوویه‌تی "مه‌طار" ئه‌میش گوتوویه‌تی نه‌خێر "قه‌تار" نا، فرۆکه. هه‌ر پیاوه‌که ده‌ڵێ "ده‌لێم مه‌طار مه‌طار" ئه‌ویش ده‌ڵێ نه‌خێر قه‌تار نا، نا، فرۆکه، فرۆکه! گوتی هێنده‌ی نه‌مابوو ڵێمان ببێت به شه‌ڕ تا ئه‌وه‌ی به یارمه‌تی هاوڕێکه‌ی که له په‌نای دانیشتبوو، له‌یه‌ک تێگه‌یشتین و ئەمجارەشیان به خێر گوزەرا. خوا بیدا شووی عەرەب! ماوەیەکە بێ ویستی خۆم له هه‌ندێ باس و نووسراوەی ڕۆژنامه‌کان و ماڵپه‌ڕە کوردییه‌کان ئاگادار دەبمه‌وه. یه‌كێ له‌و هه‌واڵانه‌ی زانین و نه‌زانینی هەر وەک یه‌که بەڵام گۆیا له کوردستان و ماڵپەڕە کوردییه‌کاندا وەک "بۆمبی تەقیو" دەنگی داوەتەوە شووکردنی به‌ڕێز که‌ژاڵ ئه‌حمه‌دی شاعیره. هۆی ئه‌و تەقینه‌وەش هیچ نییه جگه له‌وه‌ی کابرا وەک شتێک "که‌مێک" عەرەبه، عەرەبی ئوردۆن. ئاه و نه‌زیله‌ی پیاوی کوردە له سەر و ژێری وتاره کورت و درێژه‌کاندا که ئه‌ی خۆ ئه‌و خانمه ئه‌م هه‌موو "به فیزه‌وه" باسی کورد و کوردایه‌تی دەکرد بۆ چووه مێردی به "عەرەبان" کردووه. کابرایه‌ک تەنانه‌ت نووسیبووی له‌وانه‌یه که‌ژاڵ خان له‌مه‌و به‌دوا شێعرەکانی به عەرەبی بنووسێت و که‌سێک وەریگێرێتە سەر زمانی شیرینی کوردی. من چ کارم به مێرد کردنی که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د نه‌داوه. که شووکردن و نه‌کردنی مرۆڤ ئاسایی ترین مافی ئه‌و مرۆڤه و ته‌نیا ئه‌و مرۆڤه‌یه و به کێ شوو دەکات و بۆ شوو دەکات و کەی شوو دەکاتیش هەر وەتر. به‌ڵام تێناگه‌م ئه‌و به‌زم و هه‌ڵا و هوریایه چییه سازکراوه. ژن که تا ته‌مه‌نێکی دیاریکراو شوو نه‌کات "ترشاو و پیرەکچه و قه‌یره و ماوەتەوە و که‌س نایخوازێت و ..." و که شووی کرد دەبێ دۆعای به‌خێری هه‌موو گه‌لی کوردی به‌دواوە بێت! چۆنه به سەدان، هه‌زاران کوڕی کورد ژن و دۆسته‌کچ و "ده‌نکی شاردراوه‌ی" فارس و تورک و عەرەب و هه‌موو وڵاته‌کانی تریان هه‌یه و هه‌ژدەر هه‌ژدەر باسی کوردایه‌تی دەکەن و کوردبوون و خۆشەویستییان بۆ کوردستان ناکه‌وێته ژێر پرسیار که‌چی ئه‌گه ژنێک هه‌مان هه‌نگاوی هه‌ڵگرت ئه‌وه دەبێته ڕۆڕۆ هه‌ی ئابڕۆی ئه‌و ژنه‌مان ڕۆ!؟ یانی که پیاوی کورد ژنی غه‌یرە کورد دەخوازێ یان " شتی تر" زەفەر بردنه بە سەر "دوژمن" به‌ڵام که ژنی کورد هاوڕێ، مێرد و دۆستی غه‌یرە کوردی بوو یانی سەرشۆڕی بۆ گەل و لادان له کوردایه‌تی!؟ قێزم له‌م دوو ڕووییه دەبێتەوە. قێزم له "خۆ به درۆیان هه‌ڵکێشان" دەبێته‌وه. قێزم له "شۆڕش کردن به ناوگه‌ڵی ژن" دەبێته‌وه. داخی گران ئه‌و دوو ڕووییه وای ڕیشە داکووتاوە، وا بۆته باو که نابڕێتەوە! ڕشانەوەم دێت!
Comments:
Post a Comment
|