Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

July 25, 2009

میوانە شیرینەکە بیستم کە هاتووی. بیستم چاوڕوانییەکانی تۆش کۆتایی هات و بە دیداری یەک شادبوونەوە. دەزانی گوڵی گیان من و تۆ قەت ئەو دەرفەتەمان پێ ‌نادرێ یەک بناسین، دەرفەتی یەک بینین و یەک بیستنمان پێ نادرێ. تۆ لە دونیایەکدا دەژی کە من بە جێم هێشتووە. کەچی، سەرەڕای ئەو نامۆییەی نێوانیشمان ڕیشەکانی من و تۆ لە شوێنێک کە کەس زەفەری پێ‌ نابات و بە شێوەیەک کە کەس ناتوانێ حاشای لێ ‌بکات لە یەک گرێ دەدرێینەوە. چیرۆکی ژیانی تۆ لە هەمان شوێن دەنووسرێتەوە کە هی من! تۆ لە هەمان ماڵدا گەورە دەبی کە من تێیدا پێکەنیووم، گریاوم، لە خۆم گەڕاوم و لە خەڵکانێکی تر دا وون بووم. تۆ لە هەمان شار دا پێ هەڵدەگری کە من ئاشنای شەقامەکان و کۆڵانەکانیم، لە هەمان شاردا کە کوچەیەکی هەیە جێ پێی بیرەوەرییەکانی منی پێوە دیارە، هەمان شار کە ئیتر منی لە بیر نەماوە! هەمان شار کە حاشای لە بوونم کرد!

گوڵە جوانەکە تۆ قەرارە دەگەڵ ‌خەڵکانێک کە من دەیانناسم بژی، لە ناو ئەواندا پێ‌ هەڵدەگری، زمان دەکەیەوە، گەورەدە بی! گەورە دەبی و شار و شەقامەکانیت خۆش دەوێت و لە هەر گۆشەیەکی بیرەوەرییەکت دەبێ. نامەوێ بترسێنم بەڵام ڕاستی ئەوەیە هەر ئەو خەڵکانە دڵت دەشکێنن، بریندارت دەکەن، دەتگرێنن، وا دەکەن کە لە ‌ناوێندا هەست بە تەنیایی دەکەی، دا دەکەن ڕۆژێک ئیتر ئەوێ بە ماڵی خۆت نەزانی ... جا من لەوەی دەترسم ئەوانی لەوێن، ئەوانی خۆشیان دڵیان شکاوە، بریندار بوون، گریاون و تەنیا ماونەتەوە و شاریان بە ماڵی خۆیان نەزانیوە، چیرۆکەکی تۆ ببیستنەوە و باوەڕت پێ نەکەن. دەترسم فێرت کەن خوو بەو شتانە بگری. دەترسم فێرت بکەن بزه، بە دەنگی بەرز پێکەنین و بێ ترس چوونە دەر بە مافی خۆت نەزانی. دەترسم چیرۆکی منداڵییەکانی تۆ دووپاتەی چیرۆکی منداڵییەکانی من بێت. دەترسم، دەترسم تۆش لە دەرێ سەرداخەی، دەترسم تۆش شەرمن و بێدەنگ بی، دەترسم تۆش خۆت کۆم کەیەوە سنگ و مەمکێک کە هێشتا سەری هەڵنەداوە دیار نەبێت. دەترسم فێرت بکەن دەگەڵ‌ عادەت بژی. دەترسم فێرت بکەن بترسێی. دەترسم فێرت بکەن بە ترسەوە بژی. دەترسم ئاواتەکانت بچووک بن!

دەترسم ئاواتەکانت بچووک بن!

ئەوانەت ئێستا پێ دەڵێم چوونکە من و تۆ قەرار نییە یەک ببینین، چوونکە من و تۆ دەرفەتی یەکتر ناسینمان پێ نادرێ. ئەوانەت پێ دەڵێم با بزانی جوورێکی دیش ژیان هەیە. دەگونجێ تۆ بۆ کەس نەژیت. دەگونجێ ئاواتەکان هین خۆت بن. ئەوانەت پێ‌ دەڵێم تا باوەڕیان پێ نەکەی ئەگە پێیان گوتی " بەشی تۆ لە ژیان هەر ئەوەندەیە". گوڵەکەم دەمەوێ بڵێم فێری خەو بینین بە. فێر به‌ ئاواتی گەورەت هەبێ. فێر بە بوێری ئاواتی گەورەت هەبێ. شتەکان و کەسەکان وا دەکەن خۆ لابدەی، شوێن بۆ ئەوان چۆڵ کەی. وا دەکەن خەت لە سەر خۆت و خەونەکانت بکێشی، وا دەکەن لە ناو بازنەیەکی داخراودا بژی، وا دەکەن سنوورە سوورەکانی لە دەوریان کێشاوی دانەبەزێنی. وا دەکەن قەت گەورە نەبی.

ئاوات پێ‌دەڵێم، چاو دەکەیەوە و دەبینی چاوەڕوانییەکان لە تۆ ئەوەیە جوان و زەریف و شیرین و لە سەر دڵان و لەبار و ... بی. چاوەڕوانییەکان لە تۆ ئەوەیە قەت نەپرسی بۆ و نەزانی بۆ. گوڵەکەم ڕاستی ئەوەیە لە باشترین شوێنی دونیا لە دایک نەبووی، دەگەڵ ‌باشترین خەڵکانی دونیا ناژیت. باشترین یاساکان و داب و نەریتەکان نین کە دەبێ دەگەڵیان گەورە بی. لەوێ ‌کە تۆ دەژیت تۆی مرۆڤ هێشتا بە نیوە مرۆڤ دەبیندرێی. مافی بڕیاردان لە سەر ژیانی خۆتت نییە. ئەوەی عەیب نییە بۆ تۆ شەرمەزاری بەدواوەیە. لەشت هی خۆت نییە، بیرەکان و بڕیارەکان هی خۆت نین. لەوێ کە تۆ لە دایک بووی تۆ بۆ خۆت ناژیت ... گوڵم ئەوانه‌ت پێ ‌دەڵێم با فێری نا گوتن بی. با فێڕی پرسیار کردن بی. با لە خۆت بپرسی بۆ، با شتەکان بەرییە ژێر پرسیار. با لە ژێر قورسایی باری هەست بە تاوان کردن کۆم نەبییەوە، تا فێر بی قیت قیت بە ڕێگەدا بڕۆی و نەهێڵی کەس سنوورەکانت پێ ‌شێل کا.

ئەوانەت پێ ‌دەڵێم تا بزانی ژیانێکی ئاسانت لە پێش نییە بەڵام دڵنیا بە بایەخی ئەوەی هەیە شەڕی بۆ بکەی!


به‌ خێر بێی گوڵی من!




Comments: Post a Comment


www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------