Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

April 7, 2003

كێ بوو وتی:" هه‌موو كه‌س عاشق ده‌بێت ، عاشق مانه‌وه كاری هه‌موو كه‌س نییه." ؟

ڕێبوارێك بووم، هاتم ، ماوه‌یه‌ك میوان بووم وئێستا بارگه‌م تێك ناوه به‌ره‌و هه‌وارگه‌یه‌كی تر. بۆ كوێ و بۆ چی زۆر گرینگ نییه ، ده‌مێكه هه‌ست ده‌كه‌م كاتی ڕۆیشتن هاتووه .
ده‌زانم ڕۆژێكی دێمه‌وه ودیسان هه‌سته‌كانم ده‌گه‌ڵ ‌ئێوه، كه هه‌م مێهره‌بانن و هه‌م نا، به‌ش ده‌كه‌م. له‌وانه‌شه ڕۆژێكی‌تر له جێیه‌كی‌تر به ناوێكی‌تر، یه‌كترمان دیته‌وه ... هیوادارم دوادیدارمان نه‌بێت...هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ش‌ زۆر گرینگ نییه ...

ڕه‌نگه گرینگ ئه‌وه‌ بێت ئه‌و شته‌ی لێیده‌گه‌ڕێین، بیدۆزینه‌وه. ڕه‌نگه دۆزینه‌وه‌ش نییه كه گرینگه ... هه‌وڵ بۆ دیتنه‌وه‌یه كه مانای هه‌یه ...

"ماڵئاوا و دڵتان پڕ له هیــــــــــــــــــــــــــوا "

تـــــــــــــــــــــه‌وار



April 4, 2003

چه‌‌نده دڵم به سه‌فه‌رێكه‌وه، سه‌فه‌ر به ئۆتۆمبیلێك كه زه‌بته‌كه‌ی باش كار بكات ... ده‌گه‌ڵ ‌كه‌سێك كه بۆنیت پێ خۆش بێت، كه‌سێك كه چاویی لێكردی ، قورسایی چاو لێكردنه‌كه‌ی ئازارت نه‌دات. كه كاتێ ده‌ستی گرتی هه‌موو گیانت گه‌رم بێت ... كه‌سێك كه تاقه‌تی هه‌بێ ساعه‌تێك و چل ده‌قیقه ئۆتۆمبیله‌که ڕاگرێت تا تۆ ده‌گه‌ل جوانییه‌كانی سروشت ببی به یه‌ك ... ئه‌وه‌نده هێدی لێخوورێت كه سه‌وزایی سروشت جێی خۆی له ناو چاوتا بكاته‌وه ... هۆتێلێكی شیك ؟ ... نا ، ماڵێك ... له‌و ماڵانه‌ی دیواره‌كانی گڵن ، له‌و ماڵانه‌ی حه‌وشێكی بچووكی هه‌یه ، حه‌وزێكی پڕ‌له ئاو و دوو سێ باخچه‌ی پڕ گوڵ. مالێك كه بۆ ژووره‌كان پێپیلكانی ناوێ و هه‌موو دیوه‌كانی ڕێكی حه‌وشه‌كه‌ن ... ده‌رگای دیوه‌كان شووشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی تێدا. عه‌رزی دیوه‌كانی به فه‌رشی هاوریشمی داپۆشرابێن؟ نا، به‌سه ئه‌گه زیلۆیه‌كی شینی تێدا ڕاخرابێت . ژووره‌كانی تاقه‌یان تێدابێت ، دا‌نیشی و پاڵ ده‌‌یه‌وه به‌و پشتییه‌ زڵانه‌ی داندراون. تریفه‌ی مانگه شه‌و و ده‌نگی سی سركه .... به‌یانی زوو به لاواندنه‌وه‌ی سه‌ر په‌نجه‌ی خۆره تاو و ده‌نگی كه‌ڵه شێر له خه‌و هه‌ستی. نانی به‌یانی له سه‌ر سفره‌یه‌كی گوڵداری چوارگۆشه بخۆی. ده‌‌‌نگی قوڵته قوڵتی ئاو ... له ناو كه‌تری به‌رقی Tefal؟ نا ... سه‌ماوه‌ری ڕه‌ژی ... چایی ناو ئیستكان و نالبه‌كی... له‌و نالبه‌كییانه‌ی گوڵی سووریان پێوه‌یه. هێلكه‌و ڕۆنێك كه به ڕۆنی خۆماڵی ساز كراوه ... له ناو تاوه‌ی تێفلۆن؟ نا ... له ناو ئه‌و ده‌وری فافۆنانه‌ی بۆنی دوکه‌لیان لێدێت و هێلكه‌‌كه كه‌مێك پێوه‌ ده‌نووسێ ... ده‌گه‌ڵ نانی گه‌رمی تازه له ته‌ندوور هاتۆته‌ ده‌ر و مره‌بای گوڵی و ....

ئێواره‌ كه داهات له كۆڵانه خۆڵاوییه‌كاندا پیاسه بكه‌ی، ئه‌و هه‌موو ساكاریی ژیان ببینی و پڕ بی له خۆشی و لزه‌ت. ئێواره كه داهات، حه‌وش و به‌رده‌رگا ئاوپرژێن بكه‌ی و بۆنی گڵ، ته‌واوی گیانت پڕ كات و بارانت وه‌بیر بخاته‌وه. ماسی به دارێوه بكه‌ی و له سه‌ر ئاگر بیبرژێنی ، ده‌گه‌ل په‌تاته‌ی پیشاو و نه‌عنا و ڕێحان و ماست. جێیه‌كی وا ... جێیه‌ك كه هه‌را هه‌رای شار و گرمه گرمی شه‌ڕت له بیر به‌رێته‌وه و ده‌گه‌ڵ ژیان ئاشتت كاته‌وه ... جێیه‌ك مه‌ستی بۆنی خۆڵت بكات و شه‌وقی مانه‌وه‌ت له دڵدا پێك بێنێت... سه‌فه‌رێكی ساكار و ساده كه ماندوویی ڕۆحت بدزێ و بتوانی نه‌فه‌سێك تازه كه‌یه‌وه ......




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------