Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

May 28, 2009



وە خۆ کە دێیەوە دەبینی ئەو ترسە وای لێ کردووی ئاگاشت لێ نییە بە دووی خۆیدا ڕاتدەکێشێت... وای کردووە کە هەر کەس هەنگاوێکت بۆ لا هەڵگرێ تۆ بە هەموو هێزی خۆتەوە نیوە هەنگاوێکی شل و ملی بۆ لا هەڵدەگری، تازە ئەویش ئەگە هەڵگری ... وای کردووە هەر کەس هەنگاوێکت لێ دوور بێتەوە تۆ زۆر لە سەرەخۆ، دوو هەنگاوی لێ ‌دوور دەبییەوە ...

وەخۆ کە دێیەوە ...





May 23, 2009



بیردەکەمەوە چ حەیف لە لای ئێمە کەس باسی دڵە کووتەکانی ژنێکی سی و هەشت ساڵە ناکات. کە دەکرێ ژنێکی سی و هەشت ساڵە‌ش لە ڕێی ژوان ئەژنۆی شل بێ. کە دەکرێ ژنێکی سی و هەشت ساڵە‌ش بە گەرمای هەناسەی پەنای گوێی دڵی بلەرزێ ...

هممم، بیر دەکەمەوە چ‌ حەیف کە ژنێکی سی و هەشت ساڵە تەنانەت خۆشی باسی دڵەکووتەکانی خۆی ناکات ...






May 22, 2009



هەموو شتێک ئەوڕۆژە دەستی پێ کرد کە هەواڵی مێردکردنی خوشکە بچووکەکەی باس کرد. خوشکی من نییه و قەتم نەدیوە بەڵام بانزدە شانزدە ساڵە لە دوورەوە ئاگام لە گەورە بوونی بووە، هەر ئەوەش نییە، چیرۆکی ژیانی ژنەکانی وڵاتی من هەر چەندەش لەیەک جیاواز بن کە دەگاتە هەندێ ‌شوێن لە هەندێ خاڵ لە یەک گرێ دەدرێتەوە ... سەرەتای قسەکانمان باسی نیگەرانییەکانمان بوو کە تەمەنی بیست ساڵی زوویە بۆ مێرد کردن. بیرمان لە "وڵاتێکی دژە ژن" دەکردەوە و باسی یاسایەکی دژە ژنمان دەکرد. وڵاتێک کە تەنانەت وشەی "ژن" سانسوور دەکردرێت و "ژن" بوون پڕە لە شەرم و شوورەیی و مێشیکی ژن هەر لە سەرەتاوە پڕ دەکرێت لە "وا نابێ و وامەکە و وامەڕۆ و ..." ترسەکەمان زۆرتر لەوەی بوو کە تەمەنی بیست ساڵی زوویە بۆ مێردکردن و داب و نەریت و یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگە ڕیگە نادەن مێشک و هەستت لەتەمەنەدا پێ‌بگات و ... کەچی دواتر بە بیرم داهات بیست ساڵی پێویست ناکات تەمەنێکی "هەڵە" بێت بۆ مێردکردن، گرنگ چۆنیایەتی "هەڵبژاردنی مێرد کردنە" کە دیاری دەکات. گرنگ نییە بیست ساڵ بی یا سی ساڵ، کە هەڵبژاردنەکەت هەڵە بێ، هەڵەکەت داوێنت دەگرێتەوە و ڕۆژگارت تاڵ ‌و ڕەش دەکات. لە بیرتان بێت باسی وڵاتێک دەکەین، باسی کولتورێکی دەکەین کە ژن تەنانەت مافی هەڵەکردنی نییە و کە هەڵەت کرد، کە هەڵبژاردنێکی هەڵەت کرد دەبێ هەتا هەتایە دەگەڵی بژیت ... لە هەمان کات دا بیرم کردەوە کە باس لە "چۆنیایەتی هەڵبژاردنی مێرد" لە شتێکی لوکسی کەسێکی بێ غەم دەچێ‌. لە وڵاتێکدا کە تۆ وەک ژن هیچ مافێکت نییە باس لە "چۆنیایەتی هەڵبژاردن" قسەیەکی قۆڕە...

دواتر بیرمان کردوەوە ڕاستە، وڵاتەکە، ئەو وڵاتەیە کە هەیە، یاساکانی ئاوان کە هەن و من و ئێمە ئێستا و ئەمڕۆ و تا ڕۆژی مێردکردنی ئەم خوشکەمان هیچمان بۆ ناگۆڕدرێت. بیرمان کردەوە ڕێگەی دی هەن کە ڕی بە ئازارەکان بگرن، ئێشەکان کەم کەنەوە و دوو کەفەی تەرازووکە ئەگە نە ڕێک کە کەمێک لەیەک نیزیک کەنەوە ... دەرکەوت خوشکەکەمان هیچ لە یاسای دەسەڵاتدار نازانێت، دەرکەوت خوشکەکەمان قەت شتەکانی نەبردۆتە ژێر پرسیار، دەرکەوت خوشکەکەمان ڕێک وەک دایکەکەنمان و دایکی دایکەکەنمان و ... قەت لە خۆی نەپرسیوە شتەکان بۆ وان کە هەن؟‌ ئەو هەموو جیازارییە لە مافی بوون و هەڵبژاردندا بۆ؟‌

دواتری وەش کە ئەم پرسیارانە بوون بە پرسیاری ئەویش دەرکەوت "دەسەڵاتدارە بچووکەکان" لە جل و بەرگی مەلایەتیدا و بە دەمارگرژییەوە بەرد دەخەنە سەر ڕێگەی هەر هەنگاوێک کە بۆ باشتربوون هەڵدەگیرێ‌ ...

****

دیسان ده‌که‌ومه‌وه‌ بیری ترسه‌کانمان. برینه‌کان یه‌ک و دوو نین. کار له‌ پینه‌ و په‌ڕۆ گوزه‌راوه‌. دڵنیای دڵنیای دڵنیام ئه‌گه‌ ئه‌و ترس و شه‌رم و شوره‌ییه‌ به‌ماناییه‌ نه‌ده‌بوو، ئه‌گه‌ ئه‌و هه‌موو وامه‌که‌ و وامه‌ڕۆ و بڤه‌یه‌ له‌ چره‌ک چرکه‌ی ڕۆژه‌کانماندا نه‌ده‌بوو، بۆ مێردکردن و ژن هێنان نه‌ په‌له‌مان ده‌بوو و نه‌ ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌مان ده‌کرد. دڵنیای دڵنیام که‌س ته‌نانه‌ت به‌ بیریشی دانه‌ده‌هات بۆ ده‌ست گرتنێکی بێ‌ترس، بۆ ماچی لێوی دڵداره‌که‌ی، بۆ ئامێزێکی ئارامی ئه‌وه‌ی خۆشیده‌وێ خۆی له‌ به‌زم و به‌ساتی شووکردن و ژن هێنان بدا مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ست و ویستی خۆی دڵنیای دڵنیا ببا.

کچه‌کانمان و کوڕه‌که‌نمان بۆ پێکه‌وه‌ بوون هیچ چاره‌یه‌کیان نییه جگه‌ له‌ زه‌ماوه‌ند. بێ‌ئه‌وه‌ی پێشتره‌که‌ی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بێت خۆیان و یه‌کتر بناسن. بێ‌ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی هه‌ڵه‌کردن و ته‌جره‌به‌ کردنیان هه‌بێت.

ده‌که‌ومه‌وه‌ بیری ترسه‌کانمان و له‌ خۆم ده‌پرسم له‌ کوێرا ده‌ست پێ ‌بکه‌ین؟ برینه‌کان یه‌ک و دوو نین ...






May 20, 2009

ئەو ڕۆژانە وەک بڵێێ جودا لە کات، لە کەس، لە پەیوەندییەکانم، لە هەڵومەرجی دەورووبەرم و تەنانەت جودا لە تەواوی ئەو تایبەتمەندییانەی پێی ناسراوم، هەم. هەم و ئەوه هەستێکی خۆشە!





May 19, 2009



بیر دەکەمەوە هیچ شتێک جێی مەتمانە نییە، وەک پێ دانان لە سەر بەردە نادیارە خزەکەی ناو چەم وایە. جار نا هەڵدەخلیسکێی و دەکەوی و پەلەقاژەتە هەستییەوە ... جار هەیە نوقم دەبی ... بیر دەکەمەوە گرنگ ئەوەیە پێش نوقم بوون بۆ جارێکیش بێ تاقی کەیەوە هات و بەری پێت گەیشتە عەرز و هەستایەوە. بە خۆم دەڵێم لەیــــــلاحەیفە لە ناو چەمێکدا کە هیچ قوڵ ‌نییە نوقم بی!





May 2, 2009



بیستم میوانێکت بەڕێوەیە. بیستم چاوەڕێی. دڵم لەرزی، دەزانم زۆر ساڵ ‌بوو چاوەڕێی ئەو میوانەت بووی. دونیای دەورووبەرت دەبێ ‌ئێستا ڕەنگی گۆڕدرابێت، هممم، گۆڕدراوە؟ بیردەکەمەوە و دەمەوە تۆی ئێستا بهێنمە بەرچاو. دەمەوێ بزانم ئێستا چۆنی، لە تۆی جارانت دەچی؟ هیچی تۆی جارانت پێوە ماوە؟ دوای بیردەکەمەوە بریا وا نەبێ. بریا هیچی تۆی جارانت پێوە نەمێنێتەوە! بیردەکەمەوە تۆی جاران پڕبوو لە توڕەییەکی بێ بڕانەوە. تۆی جاران زۆری ڕق بوو. تۆی جاران دەگەڵ خۆی لە شەڕ دابوو. بیردەکەمەوە بریا تــــۆ لە چرکەکانی چاوەڕوانیتدا بگۆڕدرێی، هێندە کە ڕەنگەکان بگەڕێنەوە ژیانت، کە لە ناخی ئەو هەموو ڕق و توڕەییەی هەڵیان لووشیوی بێیەوە دەر.... دەزانی حەز دەکەم باوەڕ بکەم دەگۆڕدرێی. حەز دەکەم باوەڕ‌بکەم دونیا تەسکەکەت کەمێک گەورە دەکەیەوە. حەز دەکەم باوەڕ بکەم فێر دەبێ بتوانی دوو کەس، سێ‌کەس ... زۆر کەست هاوکات خۆشبوێ، حەز دەکەم باوەڕبکەم چاوەڕوانی ئەو میوانەت وا دەکات دەگەل هەستەکانت ئاشت بییەوە. حەز دەکەم باوەڕ بکەم ئێستا بۆ یەکەم جار دەتوانی هەست بە بەختەوەری بکەی! حه‌ز ده‌که‌م باوه‌ڕ بکه‌م ده‌توانی بیر له‌ که‌سێکی تر جگه‌ له‌ خۆت بکه‌یه‌وه‌... همممم، دەتوانی؟‌ کە بیستم، دەیان بیری خۆش و ناخۆش زەینیان داگیر کردم. پڕ بووم لە هەستێکی نامۆی زۆر خۆش لەوەی ئێستا تۆ شادی. بیری ئەوەی جارنا کە بیر لە هاتنی میوانەکەت دەکەیەوە بزەیەک دێتە سەر لێوەکانت بزەی هێنایە سەر لێوەکانم. بیری ئەوەی بۆشاییەکەی گۆشەی دڵت پڕ‌دەبێتەوە هەستێکی گەرمی پێ دام و من له‌ خۆشیان دڵم لەرزی! هەموو ئەوانە به‌ڵام تێکەڵاوی تامی تاڵی ئەو بیرە بوون کە نامۆییەکانی نێوان من و تۆ تازە ناتوێنەوە، کە من نیم تا میوانەکەت بەخێراتن بکەم، لە ئامێزی بگرم، کە من نیم تا لە ئامێزت بگرم تا پێت بڵێم چەندە بۆت خۆشحاڵم... هەموو ئەوانە تێکەڵاوی تامی تاڵی ئەو بیرەن کە من ئیتر نیم! تێدەگەی، من ئیتر نیم! کە ئێمە لەیەکتر دابڕاوین....

هممم، بگوزەرێین ئەوانە هیچیان گرنگ نین. گرنگ ئەوەیە بۆشاییەکەی گۆشەی دڵی تۆ پڕدەبێتەوە. گرنگ ئەوەیە دونیای دەورووبەرت ڕەنگی دەگۆڕدرێت، گرنگ ئەوەیە تۆ ئێستا بەختەوەری... گرنگ ئەوەیە تۆ ئێستا بیانوویەکت هەیە هەست بە بەختەوەری بکەی و من بڕیارم داوە باوەڕ بکەم تــــۆ دەگەڵ‌ ڕەنگەکان، دەگەڵ هەستەکانت ئاشت دەبییەوە!

چاوودڵت ڕوون!





May 1, 2009

بیرم دەکردەوە چ هەموو کەس و هەموو شت دوورن. بیرم دەکردەوە لەو شارەگەورە قەرەباڵغە هیج کەس نەبوو پەیامێکی بۆ بنێری پێی بڵێی وەرە پیاسەیەک پێکەوە بکەین. کەس نەبوو ئەمڕۆی دەگەڵ ‌بەش کەی. کەس نەبوو ئەوەی بیستبووم بۆی بگێرمەوە... کەس نەبوو پێی بڵێم ئەمڕۆ چی ڕووی دا!






www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------