Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

January 14, 2010

17 ساڵ ...

ئەمشەو نا هەندێ جار بەڵام سەیر دڵتەنگ دەبم، دڵتەنگی ئەو سەردەمەی هیشتا سنووری سووری " ئێرە و ئەوێ " ژیانمی نەکردبوو بە دوو لەت. دوو لەتی ئاوا نامۆ لە یەک، دوو لەت کە هیچ هیچیان لە یەک ناچێ! ئەمشەو نا، هەندێ جار بەڵام سەیر دڵتەنگ دەبم، دڵتەنگی ئەو ساڵانەی من و هەموو لەتەکانی دەروونم، من و هەموو ژنەکانی دەروونم ڕیشەمان لە یەک خاک و هەمان خاكدا بوو، ئەو ساڵانەی ڕیشەمان هێشتا لە خاک دابوو! ئەمشەو نا، هەندێ جار بەڵام سەیر دڵتەنگ دەبم، دڵتەنگی ناسینەوەی دەنگێک، بۆنێک، دڵتەنگی "لە شار تووشی ئاشنایەک بوون"، دڵتەنگی دڵەکووتە بە وەخت و بێ‌وەختەکانم.

هەندێ جار بەڵام، ڕێک وەک ئەمشەو، دڵتەنگییەکانم دوور دەبنەوە، لە دەرەوەی دڵتەنگییەکانم ڕا ئاوڕ دەدەمەوە و دەڕوانمە "ئەوێ"، هەوڵ دەدەم ڕەنگەکانم وەبیر بێتەوە، هەوڵ دەدەم دەنگەکان بناسمەوە، هەوڵ دەدەم شتەکان ئاوا کە بوون ببینمەوە... هەندێ جار، ڕێک وەک ئەمشەو، تەڕایی برژانکەکانم بە پشتی دەست پاک دەکەمەوە، بوغزی گریانەکەم قووت دەدەمەوە، هەناسەیەکی سارد لە سنگما دەگەڕێ و من تەزێک بە لەشما دێت و خۆم گرمۆڵە دەکەمەوە... هەندێ جار، وەک ئەمشەو، کە لە دەرەوەی دڵتەنگییەکانم ڕا ئاوڕ دەدەمەوە و دەڕوانمە " ئەوی" خۆمم وەک پشیلەیەکی بریندار کە برینەکانی دەلێسێتەوە دێتەوە بەر چاو. جار هەیە وەک ئەمشەو بزەییم بە مێهرەبانییەکانی دڵم دا دێ کە چ وەک دایکێکی دڵسۆز هەموو نامێهره‌بانییه‌کان و ئازارەکانی " ئەوێی" لە خۆشەویستییەکانی خۆیدا تواندۆتەوە و بە لاساری هەوڵ دەدا لە بیریان بەرێتەوە! هەندێ جار لە دەرەوەی دڵتەنگییەکانم ڕا بزەییم بە مێهرەبانییەکانی دڵم دا دێ کە چۆن حەڤدە ساڵە دەگەڵ سێبەری ساردو سڕی بیرە ڕیشاڵ ڕیشاڵ ‌بووەکانی دا دەژی و هەر کۆڵ نادا، هەر چنگ بەرنادا.

هەندێ جار وەک ئەمشەو حەز دەکەم کۆرپەی دڵم لە باوەش بگرم، بیلاوێنمەوە، دابڕان و دووری و دووربوونەکانی لەبیر بەرمەوە و هەموو ماندوویەتییەکانی و تەنیاییەکانی و دڵتەنگییەکانی هەڵلووشم تا کەمێک بحەسێتەوە، باش دەزانم بەیانی دیسان بە چاوی دڵداری دەڕوانێتە " ئەوی" و عاشقانە خۆشیدەوێتەوە!

حەڤدە ساڵ!





January 10, 2010

virtual friends

لە ژیانمدا حەسوودیم نەکردووە. یانی قەت وانەبووە بە حەسرەتی شتێکەوە بم کە کەسێکی تر هەیەتی و من خۆم بە بێ‌بەش بزانم. ئه‌وه‌نده‌ لاسارم هەرچیم ویستووە درەنگ یا زوو بەدەستم هێناوە. پووڵ و که‌ڵ وپه‌ڵ زۆر سەرنجم ڕاناکێشن و باوەڕ ناکەم شتێک هەبێ ئەوەندەی بایەخ هەبێ کە من دانیشم خەمی نەبوونی بخۆم. کەچی واش نەبووە قەت حەسوودی بە کەس نەکەم. جوان لە بیرمە یەکەم جار کە تامی تاڵی حەسوودی پڕی کردم سەرەتای کۆچی دوایی دایکم بوو. لە مەلاجامی دەپەڕیمەوە بۆ لای ویستگەی تاکسییەکان، دایک وکچیکم دی شان بە شان دەڕۆیشتن و قسەیان دەکرد و پێدەکەنین، ئەو هەستەی ئەو ڕۆژە تەجرەبەم کرد زۆری ترساندم. ئەوەندەم حەسوودی بەم کچە کرد کە بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێـم ڕقم لێی بوو! کچی هەژار هیچ تاوانێکی نەکردبوو بەڵام هەر ئەوە کە ئەو دایکی هەبوو و من نا، بەر چاوی ڕەش کردبووم. نازانم، حەسوودی و رق هەر یەک شت و هەمان شتن؟ نازانم سنووری حەسادەت تا کوێ دەتوانێ بروات من بەڵام ئەوە یەکەم جارم بوو ئاوا بە هەموو گیانمەوە هەستم بە شتێک کرد کە ناویم نا حەسوودی. تەواوی ئەو ساڵانەی تێپەڕین حەسرەتی نەبوونی دایکم لە سەر دڵم هەر ما بەڵام ئیتر وا نەبوو بە کەسەوە ڕەوانەبینم دایکی هەبێ! لە تەواوی ساڵانی سەیر و سەمەری گەورە بوونم چ لەوێ چ لێرە ئاواتی گەورە و بچووکم زۆر بووە و ئێستا کە ئاوردەدەمەوە بە زۆربەیان گەیشتووم، هەر ئەوەش وای کردووە حەسرەت و حەسوودی تەجرەبە نەکەم. زۆر شت کە ئەوانی دی سەروگوێلاکی خۆیانی بۆ دەشکێنن بۆ من و لە ژیانی مندا مانایەکی نەبووە و نییە. زۆر شت کە بۆ من گرنگە بوونیان هیچ مانایەکی بۆ هیچ کەسێکی تر نەبووە، پاک لە پاک! ئەوەی بەڵام ئێستا دەتوانم بە ڕاشکاوییەوە باسی بکەم ئەوەیە کە حەسوودی دەکەم بەوانەی هاوڕێی باشیان هەیە! هاوڕێی ڕاستی نەک دیجیتال! هاوڕێیەکی وا کە بەستراوەی ڕۆژئەژمێر نییە، کە هەیە، کە لە ناو شتە ورد و درشتەکانی ڕۆژانەدا ونت ناکات، کە دەزانێ چۆنت وەبیر بێنێتەوە کە لە بیرت دایە. کە قسەی دەگەڵ ‌کردەوەی زۆر لەیەک دوور نین. هاوڕێیەک کە قسە نەگووتراوەکانت دەبیستێ، کە بێدەنگییەکانت دەخوێنێتەوە.هاوڕییەک کە دەوێری لە لای ڕوحت ڕووت کەیەوە، هەموو ماسکەکان لادەی و باسی چۆکدادانەکان و شکانەکانت بکەی، هاوڕییەک کە لە زمانی یەک حالین، کە قەزاوت یان نەسیحەت یان بەراوردت ناکات. ‌ نە شەرمە نە شوورەیی، حەسوودی دەکەم بەو کەسانەی هاوڕێی باشیان هەیە!





January 9, 2010

...

دووشەممە کە بێ ژیان قەرارە بکەوێتەوە سەر دەوری جارانی. منیش تازە وەبیرم هاتۆتەوە کە لەبیرم نەچێتەوە چەند کاری نووسین هەیە دەبێ پێش دووشەممە تەاوی کەم بۆیە چەند ساعەت پێش لاپ تاپەکەم خستە سەر کۆشم که‌ دەست بکەم بە نووسین. ئەوەی کردووەمە بەڵام سەردانی فێیس بووک، نووسینی یەک دوو مەیل و شووشتنی قابەکانی یەک هەفتە و خواردنی نیسکێنەیە. ئێستا بەڵام دەبێ بەڕاستی دەست بکەم بە نووسین. بۆیه‌ لە پێشدا دەچم چایی سازدەکەم بەشکوو حەزی نووسینیش سەروگوێلاکی پەیدا بێ!







January 7, 2010

مامۆستا هێمن دەڵێ "بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی هەیە" ئیدی چۆن دەتوانی چاوەڕوانی وەت هەبێ تۆی مرۆڤ لەت لەت بیت و بێدەنگ تێپەڕی! ژیان به‌ڵام بەردەوامە. مرۆڤە ئیتر. جۆرێک ڕێگەیەک دەبینێتەوە بۆ بەردەوام بوون. شتەکان هەر ئاوان کە بوون. شتەکان قەرارە هەر وا بمێنن کە هەن. دەرسە و کاریش لە پەنای. کڕینی نان و ماست و تەماتە و خەیار و هێلکە و هەنار! پیاسەی ناو بەفر و سڕبوونی سەر پەنجەکان. موسیقایە و پێەکنینە و خۆ بە دەستی دەنگی عود و سەنتوور دان، سەمایە و شەرابە و گریانە و فیلمە و ڕەنگ کردنی قژە و سوورکردنی لێو. قسە کردن و چایی خواردنەوە دەگەڵ ‌ئەوانی نایانناسی و دوور بوونەوە لەوانی پێت وابوو دەیانناسی. حەزی سەفەرە و تاسەیە و توڕەییە و کز بوونە و پێریوود بوونە و ژانە و لە بەر خۆتەوە بۆڵەبۆڵ کردنەوە و ... یانی هەر ئەوەی گووتم ژیان بەردەوامە.

ژیان بەردەوامە و هەندێ جار بە خێرایی نازانم چی تێدەپەڕێ و هەندێ جار بە ئاسپایی. ڕاستی ئەوەیە کە هەندێ جار ڕێک لە جەنگەی دەرس و کار و کڕینی نان و ماست و ته‌ماته‌ و خەیار و هێلکە و هەنار و پیاسە و سڕبوون و سەما و مەستی و گریان و پێکەنین و قسەکردن و چاخواردنەوە و حەز و تاسە و توڕەیی و پێریوود بوون و ژان و بۆڵەبۆڵ کردن دا، لەناکاو هەموو خەمی نەبوونەکانیان بە سەرتدا دەڕووخێن و تۆ بیرده‌که‌یه‌وە "همممم، چ تەنیام من!" ...

ژیان به‌ڵام بەردەوامە!






January 6, 2010

ڕێک وەک کەسێک کە دیواری ئیمانی ڕووخابێ، وه‌ک ڕووخانی کچێکی شانزده‌ ساڵه‌ له‌ پرسه‌ی دایکی، وەک که‌سێک هەموو باوەڕەکانیان لێ ستاندبێتەوە، وەک توانەوەی کچێک لە تەم و تاریکی ئێوارەیه‌کی پڕ له‌ ته‌نیایی یەک شەممەیەک و پڕمه‌ی گریانی بۆ کۆچی باوکی، وەک به‌رۆک دادڕانی دایکێک له‌ سه‌ر ته‌ڕمی جگەرگۆشەکەی، وه‌ک ژانی نه‌مانی برایه‌ک، ڕێک وەک منداڵێکی ترساو که‌ دەستی لە گۆشەی چارشێوی دایکی بەردرابێ و ڕێی ون کردبێ. وەک کیژێکی عاشق لە جێ ژوانێکی چۆڵ، وەک نووسەرێکی بێ وشە، وەک شاژنێکی گەیشتۆتە کۆتایی ڕێ ...







www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------