July 30, 2004
Schwaechen : Du hattest keine, Ich hatte eine, Ich liebte.
July 15, 2004
قه‌ره‌ج ! كه بــــــۆ نازانم جاری چه‌ندم بارم كرد بڕۆم، شادمان كتێبێكی به دیاری پێدام، دوو وشه‌ی له سه‌ر نووسیبوو:" بۆ قه‌ره‌ج!" ئه‌وه قسه‌ی چوار ساڵی یه‌كه‌می هه‌نده‌رانه، له‌و شاره‌وه بۆ ئه‌و شاره، له‌م كه‌مپه‌وه بۆ ئه‌م كه‌مپه، له‌و ماڵه‌وه بۆ ئه‌و ماڵ. هه‌دادانم نه‌بوو. هه‌میشه به‌رێوه بووم، هه‌میشه چاوه‌رێی به‌یانی بووم كه دیسان باربكه‌م و بڕۆم بۆ نازانم كوێ ... زۆر ساڵ دواتر دیسان شادمان له نامه‌یه‌كی كورت دا بۆی نووسیم" ئه‌و جار ئه‌گه‌ر بڕیارت دا باربكه‌ی، له بیرت بێت دڵت ده‌گه‌ڵ خۆت به‌ری!" توڕه بووم، له بیرمه به خۆم گوت:" له بیرم بێت كه شادمانم دیت، شه‌ڕێكی ده‌گه‌ڵ بكه‌م ..." شادمانم نه‌دیته‌وه و ئه‌و شه‌ڕه‌م هه‌ر ده‌گه‌ڵ نه‌كرد. ئێستا ئیتر ته‌مه‌نێك تێپه‌ڕیوه. ئه‌و شار ئه‌و شارم زۆر كردووه. ده‌مێكه له گۆشه‌یه‌کی بچووكی شارێكی گه‌وره گیرسامه‌ته‌وه بێ ئه‌وه‌ی دڵنیابم له مانه‌وه‌م! ساڵه‌كانی یه‌كه‌م زۆرم هه‌وڵدا، بۆ فێربوونی زمان، بۆ ناسینی كولتوری ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه، زانینی زمان شتێكه و زانینی شێوازی قسه‌كردن ده‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كان شتێكی‌تر، ئه‌وه‌ش كه فێر بووم، جێی خۆشم كه كرده‌وه، سه‌رقاڵی ده‌رس و كاریش كه بووم، ته‌نیاییه‌كانیشم كه به‌ش كرد، هێشتا هه‌ر بۆشاییه‌ك هه‌بوو كه پڕ نه‌ده‌بووه. پڕ نابێته‌وه. واش نه‌بوو كه بتوانم ناوی بنێم، وا نه‌بوو كه بتوانم قامكی له‌سه‌ر دانێم و بڵێم ئه‌وه‌یه وا قورسه ... شه‌وی بێ‌خه‌و و ڕۆژی خه‌واڵووم زۆر بوون، زۆره ... ژیانی هه‌نده‌ران باشی زۆره. ده‌رفه‌تێكه، بۆ دیتنه‌وه و ناسینی زۆر نه‌هێنی گه‌وره و بچووك له ناو خۆتدا، ئه‌زمۆنه‌كان دره‌نگ یا زوو مانایه‌ك په‌یدا ده‌كه‌ن، "ده‌مه‌وێت" و "نامه‌وێت" جێگه‌ی "ده‌بێ" و "نابێ" پڕ‌ده‌كه‌نه‌وه. " نــــا" مانایه‌کی تازه په‌یدا ده‌كات و "ویستن" چی‌تر شتێكی دوور و نادیار نییه. جیاوازی نێوان مرۆڤه‌كان هه‌ر هه‌یه، ڕه‌نگه كه‌مێك كاڵتر، یان به بارێكی‌تردا... به‌ڵام قورسایی باری "ئێمه" و "ئه‌وان" هه‌میشه هه‌نگاوه‌كانت شل ده‌كاته‌وه. فه‌رق ناكات چۆن و چه‌نده له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا سه‌ركه‌وتووی، هه‌میشه شتێك هه‌یه له شوێنێك، به شێوه‌یه‌ك، وه‌بیرت ده‌خاته‌وه ئێره شوێنی تۆ نییه ... من به ویستی خۆم هاتم بۆ ئێره. كه‌س زۆری لێنه‌كردبووم، یانی ڕاستتر وایه بڵێم كه‌س ڕاسته‌خۆ زۆری لێنه‌كردم. به‌لام هه‌موو شتێك و هه‌موو كه‌س وا ده‌ستیان دابوو به ده‌ستی یه‌ك كه خۆم بڕیارم دا و "هه‌ڵاتنم" هه‌ڵبژارد. بۆ مانه‌وه هه‌وڵمدا، به‌ڵام ئاخر مه‌گه‌ر هێزی مرۆڤێك به ته‌نیا چه‌نده و به‌رگه‌ی چه‌نده‌ی ده‌گرێت؟ بۆ منێ كه هه‌ر له ته‌مه‌نی چارده ساڵییه‌وه پرسیاره‌كانم ده‌ستی پێكردبوو و به هیچ ڕازی نه‌ده‌بووم چ ده‌رفه‌تێك هه‌بوو بۆ پێگه‌یشتن؟ نازانم ڕه‌نگه قسه‌ی قۆڕ بێت ئه‌گه‌ر بڵێم خه‌ڵكی شاره‌که‌م دڵیان شكاندم، هیوام پێیان نه‌ما. چی قه‌وما؟ له‌شی پاك و منداڵانه‌مان تاوانبار كران، بیری ساكارمان گاڵته‌یان پێكرا، فێریان كردین بترسێین، له چی و له كێ گرنگ نه‌بوو، عه‌تارو به‌قاڵی سه‌ری كۆڵانیش بۆی هه‌بوو ببێت به سێبه‌ری ترسێك! گرنگ ئه‌وه بوو بترسێین، گرنگ ئه‌وه بوو هه‌ست به تاوان بكه‌ین! پاره و ناوبانگت نه‌با، ده‌بایه له سێبه‌ری خۆشت ترسابایی. باری پرسیاره بێ‌وڵامه‌كان هه‌ر ده‌هات و قورس‌تر ده‌بوو و هه‌ر ئه‌و كاتیش بوو ئه‌و - خاوه‌ن ئه‌و كتێبفرۆشییه‌ی ئیشم لێ ده‌كرد- زۆر له سه‌ره‌خۆ گوتی:" كچم یان تۆ ده‌بێت بچووكتر بیت یان دونیا گه‌وره‌تر، ده‌نا ئاوا به‌رگه ناگریت". ئه‌ویش شه‌ڕی خۆم ده‌گه‌ڵ خۆمی دیبوو، شه‌ڕێ خۆم ده‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی به مافی خۆیان ده‌زانی به‌س چوونكه ژن بووم، په‌لامارم بۆ بێنن. هه‌وڵم دا. ئێستا به شه‌رمه‌زارییه‌وه ده‌لێم هه‌وڵمدا بچووكتر ببمه‌وه. هه‌وڵم دا به قه‌د باوه‌ڕه‌كانم نه‌ژیم، هه‌وڵمدا خۆم له ناو قه‌واره ناله‌باره‌كه‌ی ئه‌وێ ڕێك خه‌م، هه‌وڵمدا ده‌گه‌ڵ ئه‌و ستروكتوره خوار و خێچه‌ی كه زاڵ بوو، ڕێک كه‌وم، هه‌وڵمدا چوونكه ده‌مه‌ویست بمێنمه‌وه. چوونكه بستێك خاكی ئه‌وێ بۆنی دایكمی لێده‌هات، چونكه كۆڵانه‌كانی، شه‌قامه‌كانی، پڕ بوون له بیره‌وه‌رییه‌كانی من. چوونكه لادیوارێك هه‌بوو ناوی خۆمم، به خه‌تێكی منداڵانه، ناته‌واو، له سه‌ر نووسیبوو. چوونكه له چوارڕێ ئازادی ڕا تا سێ ڕێی سه‌یدنیزام، چوونكه حه‌وشی قوتابخانه‌ی هه‌تاو، كۆڵانی عه‌باسی و ...، هه‌موو جێ پێی منداڵیی منی پێوه دیار بوو! من ویستم بمێنمه‌وه، به‌ڵام خاكی ئه‌وێ، چی‌تر ڕیشه‌كانی من وه خۆی نه‌ده‌گرت. ئێستاش لێره‌م، ئه‌و ساڵانه پڕ بوون له دابڕان و دابڕان و دابڕان. پڕ بوون له ڕۆیشتن و ڕۆیشتن و ڕۆیشتن، پڕ بوون له دیتن، ته‌تجره‌به كردن، هه‌ست پێ كردن، عاشق بوون، گریان، پێكه‌نین، گه‌وره بوون، ... به‌ڵام ئه‌و بۆشاییه هه‌ر وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه. كاتی وا هه‌یه وه‌ك چارده ساڵی، دڵ به نیشانه‌كان خۆش ده‌كه‌م، ڕێك وه‌ك ئه‌و كاته‌ی تاق بوونه‌وه‌ی تاڵێكی قژ، بزه‌ی ده‌هێنامه سه‌ر لێو... ده‌زانم ئه‌وه‌ش كه‌رایه‌تییه. قۆڵ هه‌ڵده‌ماڵم كه‌مێك بژیم، پێش ئه‌وه‌ی دره‌نگ بێت. ڕاست ئه‌و كاته‌یه وه‌بیر قسه‌كه‌ی شادمان ده‌كه‌ومه‌وه ... ڕاست ده‌كات، من دڵم له لای خۆم نییه، هه‌ر له‌ته‌ی له لایه‌كی گیرساوه‌ته‌وه! بێ‌ڕیشه بوون ژانی زۆره. ئه‌وه كه نه ئێره به ماڵی خۆت بزانی و نه ئه‌وێ! ئه‌وه‌ی كه خاكی ئه‌وێ، ڕیشه هه‌ڵقه‌ندراوه‌كه‌ت وه‌خۆی نه‌گرێت و ڕیشه‌كه‌ت خاكی ئێره‌ی نه‌وێت! شادمان ڕاست ده‌كات، من قه‌ره‌جم! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|