May 3, 2004
ڤۆدكای ڕووسی ده‌خواته‌وه و به ده‌سره‌یه‌كی نه‌رم، ته‌پ و تۆزی تاپۆی نیوه په‌یكه‌ری له‌نین ده‌سڕێته‌وه، له ناو كتێبه‌كانی هه‌رچی تا ئێستا له سه‌ر پێشه‌وا نووسراوه، ده‌بیندرێت و وێنه‌ی زه‌رته‌شت له سه‌ر دیواری ڕووبه‌ڕوو و ئاڵای كوردستان له ژێری، سه‌ر ده‌شێوێنن. ئه‌وه‌ش خۆی دڵخۆشییه‌كه، كه‌وابوو هه‌ر نه‌سلی من نین وا سه‌ر لێشێواون! *** جه‌ماعه‌ت هه‌موو لێره‌ن. مام و خاڵ و پور و كوڕ و كچ و مێرد و منداڵه‌كانیان. من بۆ لێره‌م، نـــــازانم! كه‌مێكی خه‌تای شۆرش بوو و كه‌مێكیش خه‌تای تامی خۆشی دۆڵمه‌کانی دایكیی. جه‌ماعه‌ت زۆرن. سۆران و كرمانج. هه‌موو ڕه‌نگێكی لێیه. زه‌رد و سوور و كه‌سک! په‌یكه‌كان زوو زوو به‌تاڵ ده‌بن و هه‌رچی ئه‌وان سه‌رخۆشتر ده‌بن هه‌ستی كوردایه‌تیان قوڵتر ده‌بێت. به سه‌رخۆشی، ئه‌وه‌ی له هه‌مووان سوورتره، هات و هاواری بۆ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ زۆرتره! بـــــــــژی ڤۆدكای ڕووسی ... له‌وبه‌رتریش تی‌ڤی پێ كراوه و له ناو كاناڵه كوردییه‌كان نۆره ده‌كردرێت. هه‌ركامیان گۆرانی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، ماوه‌یه‌كی زۆرتری پێده‌درێت! منداڵ هه‌ڵات هه‌ڵاتیانه و كه‌س له‌بیری نییه ساعه‌ت له ده‌ی شه‌و لایداوه و ئه‌وانه هێشتا وه‌خه‌به‌رن. ده‌نگه ده‌نگێكه مه‌پرسه. هه‌موو قسه ده‌كه‌ن، بێ‌ئه‌وه‌ی هیچ بڵێن. هه‌ر من بێده‌نگم! نا، قسه‌یه‌ك نییه! نه‌ك هه‌ر لێره، له كافه تێریاكه‌ی زانكۆش، له سه‌رچه‌مه‌نه‌كانی په‌نا كتێبخانه‌ش و له ناو مێترۆش. هه‌ر وه‌ك بڵێی ماسوولكه‌كانی زار و ده‌وروبه‌ری، هه‌موو جه‌مام بووبێن. زۆربه‌ی وڵامه‌كانم، بزه‌یه‌كی كاڵ و سارده و "ئا" یان " نا"یه‌كی نیوه‌گیان! گولستان هاتووه به سرته پێم ده‌ڵێت:" هه‌موو ده‌لێن ئه‌وه كچه بۆ وا خۆده‌گرێت؟" ، ده‌ڵێم: گولستان، خۆمانین، هه‌موو واده‌ڵێن؟ ده‌ڵێت: نا، به‌ڵام زۆریان! ده‌ڵێم: ده‌گه‌ڵ من كه‌متری حیساب بكه كچێ، زۆربه‌یان وا ده‌ڵێن؟ ده‌ڵێت : ده‌ی باشه تــــــۆش! چه‌نددانه‌یه‌ك پێیان وایه ... ده‌ڵێم: چه‌نددانه‌یه‌ك ... ده‌ی چه‌نددانه‌یان؟ ده‌ڵێت: ژنه‌كه‌ی سۆران و خوشكی ژنه‌که‌ی! ده‌ڵێم: ئــــــــا، ده‌بینی، هه‌موو نه‌بوون، ته‌نانه‌ت زۆربه‌شیان نه‌بوون ... ده‌ڵێت: نازانم من بۆ دێم قسه بۆ تۆ ده‌گێرمه‌وه! خۆ تۆ ... (لێره‌دا گولستان قسه‌یه‌كی "عه‌یبه" ده‌كات) و ده‌رواته‌وه ژووری میوانان تا گوێ بۆ درێژه‌ی قسه و باسه‌كان هه‌ڵخات! و منیش بزه‌یه‌كی سارد به لای چه‌پی لێومه‌وه ده‌مێوێت و زوو به پشتی ده‌ستم ده‌یسڕمه‌وه! فێــــــــــرنابم، به هیچ ئیمانێك فێــــــــرنابم "له ڕه‌گی بێ‌خه‌یاڵی" بده‌م و ماسكێك بگرمه پێش خۆم و ته‌نیا شه‌واوشه‌و لایده‌م تا تۆزی ته‌می ڕوخسارم، به له‌تێك لۆكه و كه‌مێك face-lotion بسڕمه‌وه. ئاوایه كه هه‌ندێ جار ته‌زێك به له‌شما دادێت. بیری ڕووداوه‌كانی ئه‌و ساڵانه‌ی ئاخر سڕم ده‌كات... كاتی وایه كه حه‌ز ده‌كه‌م لێت نزیك ببمه‌وه، نزیكتر له هه‌میشه تا له‌باوه‌شتدا گــه‌رمم كه‌یه‌وه. هێــدی هێــدی له خــۆمدا بتــــوێمه‌وه و ئـــه‌وه‌نده سووك بم كه چی‌تر له سه‌ر زه‌وی نــــه‌مێنم و دوور ببمه‌وه. دوور...دوور. دوور له ژیان و مرۆڤه‌كانی. ئـــــــه‌وه‌نده دوور ببــــمه‌وه كه جگه له تۆ وه‌ك بڵێی زه‌وی و زه‌مان خه‌ویان لێكه‌وتبێت، كه‌س بـــــه‌دی نه‌كه‌م. دوور ببــمه‌وه و له باوه‌شتدا ئــــــۆقــره بگـــــرم و پـڕ‌ببــمه‌وه. ورده ورده پــــــڕ ببـــمه‌وه له بــــاوه‌ڕ. له مه‌تــــــمانه. مه‌تمانه به خۆم، به تۆ، به ژیان، تا ئــارام ئـــارام بگــــه‌رێـمه‌وه و هه‌نــگاوه‌كانم له‌سه‌ر عه‌رزه ڕه‌ق و ڕووته‌كه‌ی خۆمان هـــه‌ڵگرمه‌وه. بــه‌ره‌و كـــــــوێ؟ نــــــــازانم ... به‌س له‌وه دڵنیـــام به‌ڕه‌و هه‌رئاسۆیه‌ك كه بڕۆم به تۆ ده‌گه‌مه‌وه. به تۆ كه به‌رۆكت پڕه له بۆنی بارانی پایزی پار... قسه‌یه‌ك نییه، نه له‌وێ، نه لێره و من له هیچكوێ داده‌نیشم و چاوه‌ڕێ ده‌بم گرێی ئه‌و بوغزه بكرێته‌وه ... ئه‌مشه‌و یان به‌یانی ...
May 2, 2004
كاك سمایل پیاوێكی هاوسێمان بوو، له شاری ئێمه غه‌ریب بوو و له ئیداره‌ی "فێركردن و بارهێنان" كاری ده‌كرد. ژنێك و سێ منداڵی هه‌بوو و كه‌مێك بڵێی و نه‌ڵێی ترسه‌نۆك بوو. شه‌وێكی - زه‌مانی شه‌ڕی ناوشار- گێرایه‌وه گوتی پاسداران له ڕێی گه‌رانه‌وه بۆ ماڵ ڕایانگرتم و ده‌یانویست سواری ماشێنه‌كه‌ی خۆیانم بكه‌ن و بمبه‌ن و منیش ته‌واوی گیانم ده‌له‌رزا و له‌ترسان وام تێكه‌ڵ‌كردبوو كه هاوارم كرد: نا، نا تكایه كارتان به من نه‌دابێت، من سێ ژن و منداڵێكم هه‌یه! سه‌ربازه‌كان به پێكه‌نینه‌وه گوتبوویان بڕۆ، تۆ وا ترسه‌نۆك، قه‌ت ناتوانی زیدی ئینقلاب بیت! هه‌ر جه‌نگه‌ی شه‌ڕی ناوشار، كه زۆر كه‌س وه‌ده‌رده‌كه‌وتن و نه‌ده‌گه‌رانه‌وه، ئه‌و هاوسێیه‌مان كه زاراوه‌كه‌ی كه‌مێك جیاواز بوو، جارێكی له بابم ده‌پرسێت: كاك حه‌مه "ر‌فت و آمد" هه‌یه؟ بابیشم ده‌ڵێت: كاك سمایل ماوه‌یه‌كه "ر‌فت" هه‌یه به‌ڵام " آمد" نییه! نازانم بۆ كه‌وتوومه‌ته بیری كاك سمایل و شه‌ڕی ناوشار! *** گۆیا هۆیه‌ك كه مه‌لاكانی هه‌ولێر فه‌توایان له سه‌ر مامۆستا په‌شێو دابوو، ئه‌وه‌بووه كه په‌شێو گوتبووی "ئه‌رێ ئه‌وه بۆ ژن له هیچكوێ دیار نین!؟ نه له قاوه‌خانه‌كان، نه له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كان، نه له شه‌قامه‌كان ... هه‌ر پیاو و پیاو! ئاخۆ ماندوو نه‌بوون!؟" دوای دیتنی وێنه‌كه‌ی مه‌لا كرێكار له باوه‌شی ئه‌و لــــــۆعبه‌ته‌دا، ئه‌وه‌م وه‌بیر هاته‌وه. مه‌لاش مه‌لای كوردستان. وڵاتی ئه‌و كافرانه مه‌لاكانیش له ڕێ به‌ده‌ر ده‌كات! ... یاڕه‌بی تۆبه ... تووو تووو ... *** ده‌ڵێت: مه‌لا كوێره‌یه‌ك هه‌یه، نووشتووی باش ده‌نووسێت. به سه‌د هه‌زار تمه‌ن، زمانی خه‌سوو گرێ ده‌دات، به‌ختی كچان ده‌كاته‌وه، "پیاوان عاقڵ ده‌كات"! و ... ده‌ڵێم: پیاو عاقڵ ده‌كات؟ هممممم ... چۆن!؟ ده‌ڵێت: ده‌ی، مێرده‌كه‌م زۆر خراپ بوو ده‌گه‌ڵـم و خه‌سووم ژیانی لێشێواندبووم، ئێستا زۆر باش بووه، خه‌سووم هه‌ر كاری پێم نه‌داوه و مێرده‌كه‌شم ده‌مێكه له هات و هاوار كه‌وتووه! نازانم دڵم بێت پێی بڵێم گێژه، مێرده‌كه‌ت له‌وه‌تی ژنی دووهه‌می هێناوه، هات و هاواری كه‌م بۆته‌وه و له‌وه‌تی منداڵت بووه، خه‌سووت ئارام بۆته‌وه! هیچ ناڵێم و لێی ده‌گه‌ڕێم به ئاوی نووشتووی مه‌لاكوێره چای بۆ خه‌سووی ساز بكات. منیش سوپاسی ده‌كه‌م و ده‌لێم ده‌مێكه چایی خواردنه‌وه‌م ته‌رك كردووه! به‌لام به‌ته‌مام لێی بپرسم بزانم مه‌لا كوێره نووشتوو ده‌نووسێت "ژنی پێ عاقڵ بێت؟" ماوه‌یه‌كی‌تر ڕۆژی له دایك بوونێتی و خراپ نییه نووشتوویه‌كی به دیاری بۆ به نووسین بده‌م! *** سه‌یـــــــــــــره ...
May 1, 2004
جوان له‌بیرمه، بابم هه‌موو ئێواران تا دره‌نگ له حه‌وشی پشته‌وه چۆكی داده‌داو خه‌ریكی باغچه‌كانی ده‌بوو، گه‌ڵا زه‌رده‌كانی لێده‌کرده‌وه، گڵی باغچه و گوڵدانه‌كانی ده‌گۆڕیی و ئاوی ده‌دان، و زۆر جاریش هه‌روا بێده‌نگ له لایان داده‌نیشت، داره‌كانیی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ریشیان نه‌بوایه هه‌ر خۆشده‌ویست، هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی كه بوون. دارگێلاسه ڕه‌ق و ڕووته‌كه‌ی هه‌رواش به دڵ‌بوو و هه‌ر واش هه‌موو ڕۆژێ ده‌ستێكی به گه‌ڵاكانی داده‌هێنا. نه گه‌لامێوه‌كان، نه دارگێلاسه‌كه و نه گوڵه‌كان، هیچ پێویستیان به‌وه نه‌بوو كارێكی تایبه‌ت بكه‌ن یان به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بجووڵێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویست بن ... *** ده‌ستت هه‌میشه بۆنی گڵی لێده‌هات، سه‌رپه‌نجه‌كانت گرێ گرێ بوون و ئه‌گه‌ر هه‌موو ڕۆژه‌کانی ساڵیش به ناوت بكه‌ن، باوه‌ڕ ناكه‌م له ماندووییه‌كه‌ت كه‌م كاته‌وه. باوه‌ر ناكه‌م هیچ شتێك بتوانێت قه‌لشتی سه‌رپه‌نجه‌كانت نه‌رم كاته‌وه ... ده‌زانم بوون یا نه‌بوونی ئه‌م ڕۆژه هیچ مانایه‌كی بۆ تۆ نییه، چونكه هێشتاش بارێك به درێژایی ساڵانی ته‌مه‌نی ماندووت، قورسایی ده‌خاته سه‌ر شانت ... ڕۆژی كرێكار پیرۆزه ...؟! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|