December 28, 2007
هه‌ر خۆم ده‌زانم وه‌ک چی و چه‌نده ماندووم. ساعه‌ت سێ و نیوه‌ی ئێواره‌یه شار ده‌مێكه تاریک بووه. له مێترۆ كه دێمه ده‌ر بارانێكی نه‌رم ورد ورد ده‌بارێ. كڵاوه ناره‌نجییه‌كه‌م لاده‌به‌م و لێده‌گه‌ڕێم قژم ته‌ڕ‌بێت. نوری ناره‌نجی چرای دارتێله‌كان شۆقێكی كاڵ ده‌خاته سه‌ر ته‌ڕایی شه‌قامه‌كه، من وه‌ک منداڵێكی لاسار به سه‌ر قوڵكه پڕ‌له ئاوه‌كاندا بازده‌ده‌م و په‌له‌مه بگه‌مێ نامه‌كه‌م وه‌رگرم... ناتوانم چاوه‌ڕێ بم بگه‌مه‌وه ماڵ و هه‌روا كه ده‌ڕۆم پاكه‌ته‌كه‌ی ده‌كه‌مه‌وه. باران و بزه‌ی سه‌ڕ ڕووخسارم تێكه‌ڵ ده‌بن و وشه شینه‌كانی نامه‌كه‌ی له پێش چاوم هه‌ڵبه‌ز هه‌ڵبه‌زیانه. له هه‌ندێ شوێن پێنووسه‌كه‌ی توندتر داگرتووه، له هه‌ندێ شوێن خه‌تی به‌رسه‌ر وشه‌كاندا كێشاوه و سه‌ر له نوێ نووسیوێته‌وه. نووسینه‌كه‌شی له بۆڵه‌كانی ده‌چن. نووسینه‌كه‌شی له گێرانه‌وه‌كانی ده‌چن. وه‌ک ئه‌وده‌مانه‌ی ده‌ڵێ "كچینه نه‌قڵێكی خۆش". هێشتا نه‌گه‌یشتوومه‌ته‌وه به‌رده‌رگا نامه‌كه‌م دووجار خوێندۆته‌وه. ده‌مووچاوم ته‌ڕه. قژم ته‌ڕه، نامه‌كه‌م ته‌ڕه. هێی، خانم خاس، نامه‌كه‌ت ئێستا بۆنی بارانی لێ دێت!
December 20, 2007
به‌یانی هێشتا به ته‌واوی دانه‌نیشتبووم ئانێلی هاته ژووره‌كه‌م، له ئامێزی گرتم و پیرۆزبایی لێ كردم. یه‌كه‌م و ئاخر ئامێزی ڕۆژی له دایکبوونم. باقی ڕۆژه‌كه‌م به خێرایی نازانم چی له ناو چركه‌كانی چیرۆكی ژنێكی لێدراو تێپه‌ڕی. چیرۆكێک كه چركه‌كانی ڕۆژه‌كه‌می پڕ كرد له ته‌می توڕه‌ییه‌كی تاڵ ... بۆ هێنده توڕه‌م من؟ ئه‌و ژنه ئاوێنه‌ی ژن بوونی من نییه. بۆ هێنده توڕه‌م من، خۆ من سوور ده‌زانم هیچ هیچ هیچ شتێک نییه وا بكات من وه‌ک ئه‌و ژنه مل كه‌چ كه‌م. خۆ ده‌زانم ئیزن ناده‌م هیچ هیچ هیچ كه‌س كه‌رامه‌تی ئینسانی من خه‌وشه‌دار بكات، خۆ من ده‌زانم، ئه‌ی بۆ هێنده توڕه‌م؟ بۆ گریانی ئه‌و ژنه توڕه‌ی كردم؟ ئه‌مڕۆ ڕۆژی له دایکبوونی من بوو. ڕۆژێک كه من بێ ویستی خۆم هاتمه دونیایه‌ک پڕ له نایه‌كسانی، پڕ له دژایه‌تی، پڕ له ناحه‌زی. برینه‌كانی له‌شی ئه‌و ژنه به‌شێک له ناحه‌زییه‌كانی ئه‌و دونیایه بوون یان بێ ده‌سه‌لاتی و مل كه‌چ كردنی؟ بیری ده‌سته‌كانی پیاوێک كه ده‌توانێ ئاوا بێ ڕه‌حمانه مرۆڤێک ئازار بدات ناحه‌زییه‌كانی وه‌بیر هێنامه‌وه یان بیری ئه‌و كچه چوار ساڵه‌ی ده‌گه‌ڵ دایكووباوكێكی ئاوا گه‌وره ده‌بێت، دایكێک كه مل كه‌چ ده‌كات و باوكێک كه مرۆڤ تێكده‌شكێنێت! چ تاڵم ئێستا ...
December 15, 2007
accidentally in love وه‌ک زۆربه‌ی جارانی پێش تا ئاخرین چركه‌ش ته‌نانه‌ت، نازانم ده‌چم یا نا. نازانم له ئاخر پلیكان سه‌رده‌كه‌وم یا ملی ڕێ ده‌گرم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه! له ناو قه‌تار كه دانیشتم تازه وه‌بیرم هاته‌وه گواره‌كانم له بیرچووه له گوێ بكه‌م. چ حه‌یف. ئه‌و گواره سه‌وزانه هه‌میشه هه‌ستێكی خۆشمدا پێده‌ده‌ن. ده‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوه‌م، نه‌رم ده‌جووڵێنه‌وه و "خله‌یان" دێت. دیسان دڵه‌كوته‌كان دێنه‌وه. یانی بگه‌ڕێمه‌وه؟ شتێک وه‌ک دوو دڵی پڕم ده‌کات ... که‌چی له سه‌ر ئاخر پلیكان كه وه‌ستاوم، نه ترس، نه دڵه‌كوته، نه بیری گه‌ڕانه‌وه، هیچی نه‌مان. ده‌رگاكه كه له پشت سه‌رم داده‌خرێت منم و بزه‌یه‌كی نه‌رم له گۆشه‌ی لێوم. پێكه‌نینم دێت به‌و هه‌موو شێتایه‌تییه. شه‌وێكی وشک و سڕی ستۆكهۆلم، شار نه زۆر چۆڵه دڵت بیگرێت نه ئه‌وه‌نده قه‌ره‌باڵغ بێده‌نگی داڕووشێت. بێده‌نگی؟ ئه‌ڕێ، به‌ڵام چه‌ند چركه‌یه‌كی كورت. بێده‌نگییه‌كی نه‌رم. په‌لی ته‌زیوی داره‌كانی قه‌راغ ئاوه‌كه خۆڵه‌مێشی ده‌نوێن. هه‌رچی تاریكی شه‌وه وه‌ک بڵێی ڕژاوه‌ته ناو چه‌می لای چه‌پ، ڕه‌ش ڕه‌شه. ئاسمان ڕووت ڕووت. ڕێگه‌كه چۆڵ چۆڵ. من ئارام ئارام. جار نا ڕاده‌چڵه‌كێم، سه‌یرم پێ دێت، وه‌ک بڵێی له‌تێک له له‌ته‌كانی خۆم شان به شانم ده‌روات. سه‌یرم دێت كه له‌ته‌كه‌ی شانی ڕاستم به ده‌نگێک كه هیچ له ده‌نگی من ناچێت باسی ئه‌و شتانه ده‌كات من قه‌ت بۆم باس نه‌كردووه، ئه‌و شتانه‌ی من ڕۆژێک له ڕۆژان له لای خۆم بیرم لێ كردوونه‌وه و له بیرم بردوونه‌وه. بزه‌م له سه‌ر لێو ون نابێت. نازانم بۆ ئه‌و هه‌موو ساڵه ویستوومه حاشای لێ بكه‌م. من هاتووم تا هه‌موو ڕۆژه‌كانی بوونم عاشق بم. عاشقی ئه‌و چركانه‌ی دڵه كوتمه‌وه، ئه‌و چركانه‌ی حه‌ز ده‌كه‌م پڕ بن له خله‌ی گواره سه‌وزه‌كانم. ئه‌و چركانه‌ی جارنا ده‌گه‌ڕێمه‌وه و پشت سه‌رم چاو لێ ده‌كه‌م وجێ پێی خۆم ده‌بینم. ئه‌و چركانه‌ی ئیتر گرنگ نییه به كام لادا ده‌ڕۆم، كه‌ی به كوێ ده‌گه‌م. تێده‌گه‌ی؟ نازانم ئه‌و هه‌موو ساڵه بۆ ویستوومه حاشای لێ بكه‌م؟ |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|