August 12, 2008
لە وڵامی چەند نامەیەکدا: بەڕێز! بە ڕای من نە بوونی ئم "پەردەیە**" بایەخە نە نەبوونی. نە بوونی باس لە بایەخ و کەرامەتی ژن دەکات و نە نەبوونی لە بایەخ و کەرامەتی ژن کەمدەکاتەوە. نە بوونی نیشانەی حوجب و حەیای ژنه نە نەبوونی نیشانەی بێ شەرمی و سووک بوون. نه بوونی بە مانای پاشکەوتوویی و دواکەوتوویی ژنە و نە نەبوونی بە مانای مۆدرنبوون و پێشکەوتوویی. گرینگترین شت بە لای منەوە وشیاری لە ههڵبژاردندا و قەبوولی بەرپرسایەتی دوای ههڵبژاردنەکەیە. زانین و سوور بوون لە سەر ئەوەی بۆ دەتەوێ ئەم "پەردەیەت" هەبێت یان زانین و سووربوون لە سەر ئەوەی بۆ دەتەوێ بە دژایەتی دەگەڵ یاسا و رێسای کۆمەڵ، گوێ بۆ داب و نەریت نەگریت و "پەردە" لادەی! به ڕای من ئەگە بە وشیاری و ویست و پێگەیشتنی خۆت و نەک بە زۆری کۆڕ و کۆمهڵ و هەرەشە و گوڕەشەی خاڵ و مام و باب و برا ههڵدەبژێری که "ویرجن" بمێنییهوه هەر ئەوەندە بە بایەخە کە ئەگە بە وشیاری و ویست و پێگهیشتنی خۆت بریار بدەی کە "ویرجن" نەمێنییەوە. لە دونیایهکی بێعهیبدا باس، باسی ههڵبژاردن و مافی ههڵبژاردن دەبوو نەک وەک کۆمهڵگه سەیر وسەمەرەکی کوردەواری باسی دوو سێ دڵۆپـە خوێن! له دونیایهکی بێ عەیبدا ناژین بەڵام من باسی مافی ههڵبژاردن دەکەم! گرنگترین شت بە لای من ئەوەیە ژن، ڕێک وەک پیاو، باوەڕ بکات کە خاوەن لەشی خۆیەتی و بۆ من گرنگ ئەوەیە ژن ناچار نەبێت بۆ ههڵبژاردەکان لە هەرێمی تاکە کەسی خۆیدا کە له ڕاستیدا زەرەر لە کەسیش نادات، بچێتە ژێر پرسیار و ژیانی بەکەوێتە مەتریسییەوە. لەویش گرنگتر قەبووڵ کردنی بەرپرسایەتییه. بوون و نەبوونی ئەو شتەی تۆ بە ناوی "پەردەی کچینی" دەیناسی مایەی شانازی و فەخر نییه. کە ڕاستیدا تەنیا شتێک کە مایەی شانازی و فەخرە بوونی مافی ههڵبژاردنە. ئەوەی قێزی من ههڵدەستێنێت ئەو دووڕووییهیه کە لە کۆمهڵگهی ئێمەدا باوە. ئەوەی که کوڕەکان بۆیان ئاساییه پێش و پاش ژن هێنانیان خاوەن "لەشی" خۆیان و تەنانەت لەشی ژن و دایک و خۆشک و کچه هاوسێکەشیان بن. ئەوەی که کوڕان هەرچی بۆیان بکرێت دەیکەن و دوایش لە کچۆڵەیەکی چاو وگوێ بەستراو دەگەڕێن بۆ ژیان، ژیانێک کە قەرارە ژیانی هاوبەش بێت کە زۆربەی جار هیچی هاوبەشی تێدا بەدی ناکرێت! ئەوەی کە کچەکانمان وایان لێ هاتووه لە هەر شوێنێکی ئەو دونیا پان و بەرینەدا بژین، "پەردە" دەدورنەوە و خۆیان قاڵب دەکەن. تەنانەت کچێک کە دەستدرێژی پێ کراوە پەردە دەدرواتەوە و ناڕاستی وپیسی کۆمهڵگه لە قاونادات. بێئەوەی به بیریدا بێت هەر ئەو پەردە دورینەوە خۆی دەستدرێژییەکی تره کە پێی دەکرێت! ئەو دوورووییه که ژیانێک کە دەبێت بناغهکهی خۆشەویستی و ڕێز و ڕاستی بێ لە سەر بنەمای درۆییهک بە ناوی "پەردەی کچێنی" سازدەکرێت یان تێکدەچێت. درۆیەک کە مرۆڤی لە سەر دەکوژرێت! بەڕێز! شەڕی "ئەخلاق " دەگەڵ من مەکە. تێگەیشتنی من لە "ئەخلاق" جیاوازی زۆرە دەگەڵ ئەو "ئەخلاقەی" بە میرات به تۆ گهیشتووه. یەکێ لە جوانییهکانی ژیانی من ئەوەیە بە ئەقڵی خۆم بیردەکەمەوە و بۆ دانەدانەی بیرەکانم خۆم ماندوو کردووە! خۆزگە تۆش دەتوانی ئەوەی لە سەر ژیانی خۆت بڵێی! **هەر بۆ ئاگاداریت وشەکە بە مانای پەردەیە بەڵام هیچ هیچ هیچ پەیوەندییهکی بە "کچ بوون و نهبوون" نەداوه، بۆیه "پەردەی کچێنی" بێ ماناترین وشەیە کە سازکراوە! --------------- * دەلاقە، وێبلاگێک کە ماوەیەکە دەنووسێ من بهڵام تازە ئەمڕۆ دیم!
August 8, 2008
ئەمڕۆژانه باسی "پەردەی کچێنی" لە ڕۆژنامەکانی شەو و ڕۆژی ئێرەدا گەرمە. هەر دۆینێ بوو وتارێکی سەیرم دیت له زمان کچێک بە نازناوی "لەیلا" که گۆیا کاتی خۆی له ههفدە ساڵی عاشقی کورێکی کورد دەبێت و دوای قەوڵ و قەراری زەماوەند و هێنان و "شتی وا" سێکسیان دەبێت و کوڕە دوای سێکس کچه بە جێ دێڵێت و پشت سەریشی چاو لێ ناکات. "لەیلا" نووسیبووی که له ترسی دایکوباوک و قسە و باسی خەڵک ناچار بووه "پەردە بدرواتەوە" و دەیدرواتەوە! کەچی که مێرد دەکات سە ڕەڕای ئەو دورینەوەش، شەوی بوکێنی خوێنی نابێت و ... ئەوە ئەمڕۆش باسی قسەکانی نالین پێکگوڵ دەبینم که داوا دەکات "کارئاسانی بۆ دورینەوەی پەردەی کچێنی کچانی پەنابەر بکرێت با "زاوا نەزانێ کچه پێش مێردکردن سێکسی بووه!" ئەوەی توڕەم دەکات ئەوەیە که نالین خۆی دەڵێ دەزانێ "شتێک بە ناوی پەردەی کچێنی هەر نییه"، کەس نییه پێی بڵێت دەی موسڵمان ئەگە ئەوە دەزانی چۆن چاوەڕوانی دەکەی شتێک که نییه سازبکرێتەوە! لە بیرمە کە وتارەکەی باسی پەردەی کچێنی لە سەر دیمانه بڵاو بووه، باسی زۆری لێ سازبوو، زۆریش مۆری "بێ ئەخلاقی" لە ناوچاوانم درا که بەلامەوە زۆر سەیر نەهات، ڕاستی ئەوەیە چاوەڕوانییهکی تریشم نەبوو، بەڵام ئەوەی سەرنج ڕاکێش بوو ئەو نامانه بوون که بۆ خۆم هات و ههڵویستی ژنان بوو لە سەر شتێک بە ناوی "پەردەی کچینی". هەر ئەودەمیش بوو بە دڵنیاییەوە زانیم روانگهی ژن لە سەر خۆی هەمان ڕوانگهی پیاوە لە سەر ژن! هەر ئەودەمیش بوو بۆم دەرکەوت ژن - بەداخەوە- خۆی هێشتاش وەک ژن و بە پێوانەکانی پیاوان ههڵدەسەنگێنێت نەک وهک مرۆڤ و به مەرجی یەکسان دەگەڵ پیاودا. من ههوڵمدا ئەوەندەی دەمتوانی وڵامی نامەکان یەک بە یەک بدەمەوە و بە دوور و درێژی باسەکە لە "عەیبە وشوورەیی" دوور کەمەوە و بیخەمەوە سەر ڕاستییهکان و بە فەکت و بەڵگه قسە بکەم کە دیارە ئەویش زۆر سەرکەوتوو نەبوو. ڕەنگه هەر ئەوەش بوو که کاتێ ماوەیەک پێش ئێستا له ڕادیو زایەڵەڕا پەیوەندیان گرت و ویستیان من باسی پەردەی کچێنی بکەم گوتم نا و نەمکرد! پێموابوو وتارەکە زۆر بە زمانێکی ساکار باس لە نەبوونی شتێک بە ناوی پەردەی کچینی دەکات و ئەوەی که ئەو دوو سێ دڵۆپە خوێنە هیچ هیچ هیچ مانایەکی لە "پاکداوێنی" ژندا نییه. ڕاستی ئەوەیه ئیتر نازانم بە چ زمانێک دەتوانین باس لە سەر شتە بڤەکان بکەین. ژمارەیەکی زۆر زۆر کەم کورد دەستیان بە ئینتێرنێت ڕادەگات، ژمارەیەکی زۆر کەمتریش هۆگری باسی زانستین. ڕەنگه زمانی خەڵکی کۆڵان باشتر بێ، ڕەنگه کۆڵان بە کۆڵان گەڕان و دانە بە دانە دەگەڵ داپیرە و باپیرەکان قسەکردن دەردێک دەوا بکات، ڕەنگه سەد ساڵی تر پێویست بێت بۆ ئەوەی گۆڕانکارییهک پێک بێت، نازانم. بەڵام بە دڵنیاییەوە دەڵێم بۆ هەر جۆرە گۆڕانکارییهک پێویستە "شۆرش" بکرێت، پێویستە ڕوانگهی ژن لە سەر خۆی بگۆڕدرێت، پێویسته پێوانەکانی ههڵسەنگاندن بگۆڕدڕێن، پێویسته ژن بە چاوی مرۆڤ چاو لە خۆی بکات و ژنایهتی وەک کەمایەتی نەبینێت. پێش ههموو شتێک پێویستە دەست بکەین بەوەی شتەکان بەرینە ژێرپرسیار. شتێک بە ناوی "پەردەی کچینی" درۆیهکی زله بۆ ئەوەی ژن لە ژێر دەسەڵاتی پیاودا بمێنێتەوە. لەمە زیاتر چ هەیە بگوترێت!؟ |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|