January 31, 2009
برژانگە ڕەشە درێژەکانی سێبەری خستۆتە سەر ژێرچاوی. لێوی سوور کردووە و قژی کۆکردۆتەوە. کراسێکی سەوزی لە بەر دایە و شاڵێکی چندراوی ئەستوری لە دەوری ملی هاڵاندووە. بۆ یەک چرکە چاو لە چاوم دەکات. بزەیەک، نەرم، دهخوشێتە سەر لێوە سوورەکانی. چاوی بەڵام چیرۆکێکی تری پێیە. پێی دەڵێم: خۆزگە خەمەکانت یەک جێ ههڵدەلوشی و قوتت دەدا و دەرشایەوە نەک ئاوا وەک ئێستا کە هەموو ڕۆژێ کەمێک دەتوێیەوە ... شان ههڵدەخاتەوە. لە ئاوێنە کە دوور دەبێتەوە ئیتر نایبینم!
January 25, 2009
پارادۆکس: 1) لەوەتی هاتووم حەز دەکەم بگەڕێمەوە. هەر بەخۆم گووت عادەت دەکەی، سەبرت هەبێ! بەڵام خۆ من دەزانم ڕقم لە عادەت کردنە. من حەز دەکەم حەز بکەم بمێنمەوە. من دەمەوێ کە بمەوێ بمێنمەوە. بە خۆم گووت دەبێ سەرم قاڵ کەم با هێندە بیر نەکەمەوە. سەرقاڵی دونیام بۆ خۆم ساز کرد. دەرسم خوێند، کارم کرد، سەفەرم کرد، کتێبم خوێندنەوە، هێندە سەرقاڵ بووم هەندێجار خۆمم لە بیردەچووه کەچی دیسان خەون دەبینم: له چوارچراوە بۆ لای چوارڕێی ئازادی ههڵدەکشێم و تووشی بابم دەبم و ... و من به گریانەوە لە خەو هەڵدەستم. منیش دەزانم ئەوە گریانی نەدەویست، من بەڵام گریام! من شانزدە ساڵه دوورم و بەشم تەنیا چوار ڕۆژ- بێناو نیشان- لەوێ بوون بووه... من عادەت ناکەم! زیاتر دەرس دەخوێنم، زیاتر کار دەکەم، زیاتر سەفەر دەکەم، زیاتر کتێب دەخوێنمەوە و زیاتر خۆمم لە بیر دەچێتەوە کە چی دیسان خەودەبینم: شەوه، بەفر دەبارێ. من دەگەڵ براکەم لە شەقامە چۆڵ و بەفراوییەکانی شار پیاسە دەکەین و پێدەکەنین و... و من بە گریان لە خەو هەڵدەستم. بەڵێ دەزانم، ئەوەش گریانی نەدەویست، من بەڵام گریام! من دڵم تەنگە! 2) مایا ڕووبەڕووم دانیشتووه. وێنەکانی خەتەنە کردنی کیژۆڵەکانی کوردستانی دیوه. توڕەیە. پێوەی دیارە! لە من دەپرسێ بۆ دەتەوەێ خەڵکی وڵاتێکی بی کە ڕوحم بە منداڵەکانی خۆشی ناکات؟ هەرای هەزار بیری کۆن و تازە زەینم داگیردەکات. زۆربەی بیرەوەرییەکانم وەک کوولانەوەی برینێکی کۆن، ژانێکی بەدواوەیە. لەوەتی لەبیرم دێ داب و نەریتی کوردەواری وەک "باوەژنێکی خراپ" هەلیقولینجاندووم، دارکاری کردووم، دایپۆشیووم، دەمی بەستووم و حاشای لێ کردووم. ناوونرکەی وەدواوە خستووم و مۆری لە ناوچاوانم داوه و هەرەشەی لێکردووم و بە نیوەی مرۆڤێکی داناوم. لەوەتی لە بیرم دێ هەموو بوونی من گرێدراوی سێدڵۆپە خوێن بووه و کە ڕۆژێک پیرهژنێک کە نایناسم دێت و لە ناو لەتە پەڕۆیەکی سپی دەپێچێتەوە و دەیبا دەگەڵ خۆی. لەوەتی لە بیرم دێ من یانی ترس، من یانی شەرم، شەرم لە خۆم، لە جەستەم، لە هەستەکانم، لە ویستەکانم، لەوەتی لە بیرم دێ من یانی نە، من یانی عەیبە! لەوەتی لە بیرم دی سێبەری ترسێک قورسایی خستۆتە سەر چرکەکانی شەو و ڕۆژەکانم. لەوەتی لەبیرم دێ من یانی دووڵی و گومان، گومان لە خۆم، له بیرەکانم لە پرسیارەکانم و لە خەونەکانم! شتێک لە مندا سازکراوە وادەکات کە خۆم بچووک ببینم، وادەکات کە چێژ بینین بە بهشی ژن نەزانم، کە بە کەم ڕازی بم، کە ڕازی بم ئەوانی دی، بەقاڵ و بەزازی سەری کوچەش تەنانەت، "بەشی" من لە ژیان، لە بوون، لە چۆن بوون و لە چەنده و لە کوێ و کەی ئازاد بوون، دیاری بکەن. خەتەنە کردنی منداڵەکانمان هەن، بەردەباران و سەربڕین و لوت بڕینی کیژەکانمان هەن، (خۆ)سووتاندنی ژنەکانمان هەن ... هەموو ئەوانە هەن. لەوێ، لە کوردستان ... مایا فیلمی بەردەبارانی دۆعای نەدیوه. مایا وێنەی جەستەی تەواو سووتاوی ژنەکانی کوردستانی نەدیوە. مایا هەواڵی کوشتنی گەنجەکانی کوردستانی بە تاوانی دڵداری نەبیستووه. مایا وێنەی خەتەنە کردنی شیلان و خوشکەکانی دیوه و ئەوەندە توڕەیە بە من دەڵی ئەو وڵاتە چی داوە بە تۆ دڵتەنگی بۆ دەکەی؟ مایا نازانێ لەوێ، لە شەقام و کۆڵانەکان و لە ناو تاکسی و ئوتوبوسەکاندا دەستت بۆ دێنن و تۆ نابێ هیچ بڵێێ چونکه "کچی نەجیب" شەرمنە و سەردادەخات و دەنگ ناکات و ناقیژێنێت و هاوار ناکات. مایا نازانێ لەوێ ئەگە کیژۆلەیەکی هەشت ساڵانە دەستدرێژی پێ بکرێت، بۆ کەس باس ناکات، چونکە فێریان کردووە که تاوانبار خۆیەتی، مایا نازانێ لەوێ کچ، هەر کە مەمکی سەری دەرکرد، خۆ کۆم دەکاتهوە و جلی زل و زەبەح لەبەر دەکات و خۆدادەشارێ چۆنکە فێرکراوە کچی بە شەرم قێز لە لەشی خۆی دەکات. مایا توڕەیە. بە من دەڵی ئەو وڵاتە چی داوە بە تۆ دڵتەنگی بۆ دەکەی؟ من دڵم تەنگە!
January 18, 2009
داخی پەیامەکەی موستەفا هیجری بۆ جۆرج بووش هەر لە سەر دڵم ماوەتەوە. ئەگە زانیبام چۆن، ئەم لینکەم بۆ ئەویش دەنارد، هەروا، بۆ خۆشی! ***** خۆتان بیبینن سهر دامهخهن، ئهوه ڕاستی ژیانی کیژۆڵهکانی کوردستانه. منیش به قهد تــۆ تاڵم ئێستا...
January 9, 2009
جاروبار پڕ بە دڵ عاشقی ئەو سێ خاڵەی دەبم لە کۆتایی ڕەستەیەکی ناتەواو داندراون، ڕێک ئەو دەمەی وشەکان ماناکان وەخۆ ناگرن و قسەی دڵ ناگەیەنن ...
January 3, 2009
... I swear to drunk, I'm not God
January 2, 2009
11. ساعەت حەوت و نیوی بەیانی دەگەینێ. خۆرێکی خۆشە. بارگە و بنە بە دوای خۆمدا ڕادەکێشم و دەچمە دەرەوەی ویستگەی قەتار. تاکسی بە ڕیز وەستاون. فێری چەنە لێدان لە سەر نەرخی تاکسی بووم. یهکیان هات گووتی شەست دیرهەم. ئەوەی دی گوتی پەنجا، یەکیان بە چل و پێنج ڕازی بوو. دەگەڵ یهکیان لە سەر بیست دیرهەم پێک هاتین. لا ناو تاکسیدا دانیشتبووم ژنە قژ ڕەشە کورتەباڵاکە هات. پرسی بۆی هەیە ئەویش بە هەمان تاکسی بڕوات بۆ شوێنەکەی خۆی. لەوێ، بە مەسیر دەڕۆن و موسافری دوو مەسیری جیاواز هاوکات سوار ناکەن. هات لە پەنام دانیشت. ئەویش خەڵکی فەرانسە بوو و لە وڵاتی "مەغریب" دەژیا. کاری دەگەڵ " ئێن. جی. ئۆ"یەکی نێونەتەواویەتی دەکرد. گوتی ڤێستیوالی فیلمه لەم شاره، دەچی؟ قەرار بوو نیوە ڕۆژێک بمێنمەوە و دیسان لە ڕێدابم. ئیمەیل و شماره تلەفوونمان گۆرییەوە دواتر ئاگامان لە یەکتر بێتەوە. من زووتر دابەزیم. 12. بلیتی کەشتی کرینیش خۆی خۆشی خۆی هەیە. سێ، چوار پێنج کەسێک دەورەت دەگرن و هەوڵیانە بلیتت پێبفرۆشن. منیش هێشتا بریارم نەداوە لە کوێرا دەچم بۆ کوێ ساخ بوونەوەم بەلاوە سەختە. دوای گەڕان و چاوگێرانێک بریار دەدەم بچم بۆ باشووری سپانیا، بۆ شاری Algeciras. بە پێی حیساباتی کابرای بلیتفرۆش، دوو، زۆر زۆرەکەی سێ ساعەت لە ڕیدا دەبین! کەشتییەکە زۆر گەورە نییه. زۆر لوکس و خاوێنیش نییه. بەشی خواردنەکان دەبینمەوە. چاییەک و دەنکێک شیرینی دەکرم و دەچمە بەر خۆرەکە دادەنیشم. شووشەی پەنجەرەکان ئەوەندە پیسن دەرێ دیار نییه! کەمێک تیڤی عەرەبی چاو لێ کردن، کەمێک ڕۆژنامە خوێندنەوە، کەمێک مۆسیقا بیستن و کەمێک لە ناوکەشتیدا خوولانەوە لە درێژی کاتی کەم نەکردەوە. 13. هەر بەڕاست نزیک سێ ساعەتێک دەگرێت تا دەگەینێ. هەروا سنووری وڵاتێکمان تێپەڕاند. بیردەکەمەوە ئەو "خەت کێشان و دابەشکردنانە چەن بێمانا دەنوێنن." هەموو بە دڵنیاییهوە ملی ڕێ دەگرن و دەڕۆن. من بەڵام لە سەر وڕووم دەبارێ هیچکوێ پێ نازانم و تەواوی تابلۆکان بە زمانی سپانیایی نووسراون. خەڵک یا نازانن یا حەزناکەن بە زمانی ئینگلیسی قسە بەکەن. گەرمە. زوو زوو لە بیرم دەچێتەوە ئاخروئوخری مانگی دێسامبرە. زوو زوو هەست دەکەم گەرامەتەوە هاوینی چوار پێنج ساڵ پێش! لە ناو شاردا دەگەڕێم. خۆم لە "ڕووداری" هەنگاوەکانم سەرم سوور دەمێنێت. دووکان و بازار و تەنانەت قاوخانەکانیش لە نێوان ساعەت دوو تا پێنجی ئێوارێ دادەخرێن. دوای خوڵانەوەیەکی ڕێک و پێک و "ماندووکەر" بە دوای تێرمینالی ئوتوبووسەکاندا دەگەرێم. 14. سێ دەقەم کات هەیە بلیت بکڕم و خۆم بگەیەنمە ئوتوبووسەکەم بەرەو "مالاگا". دوو ساعەتێک ڕێگەیە. جوانی ڕیگە و بان، ماڵەکان و دارشتنی شارەکە، لە درێژی ڕێگە کەم دەکەنەوە. کۆڵ دەدەم. وێنە ناگرم. بە "مێنتال پیکچێر" ڕازی دەبم، بەو هیوایهی سەوزایی و ڕەنگاوڕەنگی بەرزاییهکانی ئەولا و ئەملای ڕێگەکە خۆڵەمێشی ماندوویەتی ئەو چەند مانگەی ئاخرم لە زەین بسڕنەوە. کە دەیسڕنەوە. 15. لە مێترۆی ناوشاری "مالاگا" ڕیک وەک فرۆکەخانەکان، زۆر سەختی دەگرن. کەمێک بەلامەوە سەیرە بەڵام بیردەکەمەوە ڕەنگە به هۆی تەقینەوەکەی چەند ساڵ لەمەو پێش لە "مادرید" بێت. بریار دەدەم به جێی ئەوەی بە تاکسی برۆم سواری مێترۆ بم. تاکسی سوار بوون لزەتی دیتن و تەنانەت سەرنجدانی من کەم دەکاتەوە. لە مێترۆدا شانسی ئەوەی خەڵکانێکی زۆرتر ببینی زۆرترە. دەگەمە ئەو شوێنەی پێموایه دەمەوێ لێی بم. بارگەوبنەکەم دادەنێم و دەچمە دەر شتێک بۆ خواردن ببینمەوە و کەمێک ئاو بکڕم. خوولێک لە ناو گوندەکەدا دەدەمەوە. سەر بە چەند دووکاندا دەکەم. هەواکەی خۆشه. گەرمە. شوێنەکەی جوانە، سەرسەوزه. ئارامه. به هۆی خراپی باری ئابووری دونیا توریست زۆر زۆر زۆر کەمن. زۆربەی چێشتخانەکان داخراون. دووکاندارەکان، کورد گوتەنی، مێشیان لە بەر دەم ههڵنافرێ وا بێدەنگ دانیشتوون و چاوەڕێی موشتەری نین. نرخی شتەکان لە گۆتره گرانە. خەڵکەکە شاد نین. بە ناو شەقام و کۆڵانەکانی گوندا کە دەڕۆم هەستی ئەو پانزدە شانزدە ساڵەی ئاخری ژیانم تێدا زیندوو دەبێتەوە. لێرە زۆر هەست بە توریست بوون دەکەم. لە مەراکیش و شاڕەکانی تری وڵاتی "مەغریب" زۆر شتی بچووک هەبوون هەستی "خۆمانە" بوونیان پێ دەدام. هەستێک کە بوونی ئارامم دەکاتەوە. لێرە بەڵام ڕێک بە پێچەوانە بوو. 16. شوێنی مانەوەکەم بچووک و جوانه. خوداشی دەگەل هۆتێله بەرزە " قوتوو شەمچەییەکان" یەک نییه. حەوشی هەیە. باخچەی هەیە. خاولی و مەلافەکان کە دەشۆن لە حەوشەکە هەڵیاندەخەن! بەیانییان بە دەنگی باڵندەکان وەخەبەر دێم. پاش نیمەرۆکان لە گۆشەیەکی بێدەنگی حەوشی پێشەوە دادهنیشم، هەوڵ دەدەم کتێبەکەم بخوێنمەوە بەڵام هۆشم لە هەزار شوێنی تر دەخوولێتەوە. هەموو ئێواران دەچمە قەراخ ئاو و لەو سەر تا ئەو سەری پیاسە دەکەم. کەمتر لە هەمیشە وێنە دەگرم. زۆرتر لە هەمیشە لە خۆم نزیک دەبمەوە. ئارام، گوێ بۆ هەراوهوریای زەینم ڕادەگرم. دەرفەتێکی باشە هەوڵ بدەم هەموو ژنەکانی دەروونم بناسم. خۆمیان تێدا ببینمەوە یا بناسمەوە. لە یەک شت دڵنیام. نامەوێ پەشیمانی هیچ شتێک بم. نامەوێ پەشیمانی ئەوەی بم فلانە کارم نەکرد، فلانە شوێنم نەدی. هەموومان، هەر کەس بە شێوەیەک و لە شتێک، ترسێکمان لە دڵ دایه. زۆربەمان لە ترسەکانمان هەڵدێن و خۆی لێ حەشار دەدەین یا حاشای لێ دەکەین، من بەڵام بەرەوڕووی ترسەکانم ههڵدێم و تەجرەبەیان دەکەم. بۆ من، ئەوە تەنیا ڕێگەیەکە بە ئارامی بگەم. 17. مەگە مانای ژیان چییه! ژیان هەر ئەوەیە ڕۆژانە تەجرەبەی دەکەین. ژیان هەر ئەوەیە "بە هەڵكەوت" بە سەرمان دێت. ژیان هەر ئەوەیە دەگەڵ چرکەکان تێدەپەڕێت ئەو دەمەی ئێمە دانیشتووین بە خهیاڵی خۆمان نەخشە بۆ "ژیانمان" دەکێشین. داهاتوو، بەیانی، هی خەونەکان و ئاواتەکانمانه. با هەبێ، دەبێ هەبێ بەڵام کێ دەڵێ بەیانی منیش هەم، کێ دەڵێ بەیانی بەشی منیشی پێیه! مرۆڤ بێ هیچ داوێک بە دەوری دەست و پێیدا لە دایک دەبێ، بۆ دبێ کەس و شت هەبن دەست و پێی ببەستنەوە؟ بریا له بیرمان بێت چرکهکان بژین!
January 1, 2009
1. بەیانی زوو لە ماڵی پەری هاتمە دەر. ستۆکهۆلمم کە بە جێ هێشت، هێشتا سارد بوو و تاریک. پێنجی و نیوی ئێوارێ کە گەیشتمە بەر، هێشتا خۆر بوو و ڕووناک! لە دەرگای فرۆکەخانە کە هاتمە دەر، بانگی ئێوارێ دەستی پێ کرد و هەنگاوەکانی من شل بوونەوە. من، بێ دینترین گیانلەبەری بە ئیمان، دەنگی بانگ کە دەبیستم دڵم پڕ دەبێت. هەزار بیری دوور و کۆن یەک جێ سەر هەڵدەدەن. پڕ دەبم لە بۆنی دایکم. لە سرتە سرتی سەر بەڕمالەکەی، بەیانیانی زوو. پڕ دەبم لە هەستی ئێوارانی ڕەمەزان کە عەشیرە چوارکەسییەکەمان لە دەوری یەک کۆدەبووینەوە... خۆزگە زیندووکان زۆرتر قەدەری یەکتریان دەزانی! 2. ئێستا ئیتر دڵنیام ئەو سەفەرانە کەم تا زۆر، بۆشاییەک پڕدەکەنەوە. بۆشایی دووری و دووربوون. ئەو شارانەی، بە هەموو نامۆییەکانیانەوە، لە پڕ بە شێوەیەک خەیاڵێکی خەوتووی خۆڵاویت تێدا زیندوو دەکەنەوە. نەرمە بارانەکەی سەر لە بەیانی دەمباتەوە بەهاری ساڵێکی دووری شارە جوانەکەم سنه. هەر ئەوەش بەس بوو دەیان بیری جوانم بێتەوە بیر و بزەم بێتە سەر لێو. هەر دەڕۆم و سەر بە هەموو کەلێن وقوژبنەکانی شار دادەکەم وبیردەکەمەوە لە کەیەوە وا دەستەمۆی نامۆیی بووم کە هەنگاوەکانم هیچ هەست بە غەریبی دەگەڵ شەقامەکانی ئەو شارە ناکەن؟ 3. دەڵێ ئەم شەقامە "شانزە لیزەی ئێمەیە". دەڵێ ئێواران پڕ دەبێت لە کچ و کوڕی عاشق کە لێرەو لەوێ سەر بە سەری یەکەوە دەنێن. من شانزە لیزەم نەدیوە و نازانم کچ و کوڕی عاشق لە پاریس چۆن دڵداری دەکەن، بەڵام ئێوارەیەک، دەیان کچ و کوڕی گەنجم دی، دەست لە ناو دەست، بێ ترس لە مۆڕەی خەڵکی شار، شان بە شان دەڕۆیشتن. سەیرە! ئێستاش دوایی ئەو هەموو ساڵە دوورییە، کە له وڵاتێکی بە ڕوالەت "ئیسلامی" ژن بێ پچکە و ڕووبەند دەبینم دەترسم. قاقای پێکەنینی کچێک کە دەبیستم دەترسم. کەمێکم کات پێویستە وەبیرم بێتەوە ئێرە "ئەوێ" نییه! دوایی بیر لە سێزدە چواردە ساڵییەکانی خۆمان دەکەمەوە و تەزێک لە سنگما دەگەڕێت. دەکەومەوە بیری هەموو ئەو بزانەی کەوتنە بەر تیخی "عەیبە وعار"، هەموو ئەو دڵدارییانەی نەکران، هەموو ئەو دڵەکوتانەی جوانە مەرگ بوون، هەموو ئەو "خۆزگەو بریا" جوانانەی لە بارچوون ... 4. ناو گوزەرە تەنگ و تاریکەکانی دەمخاتەوە بیری شارە جوانەکەم مەهاباد. لهوێ که بۆم نهبوو لێرە بهڵام هەموو ڕۆژێ لە ناو ئەو گوزەرانەدا دەگەڕێم. بۆن لە گولباخە وشکەکان دەکەم، گوێم بۆ قسەی دووکاندارەکان ڕادەگرم و هیچیان لێ ناکڕم و تێدەپەڕم. چاو لە گوارەکان دەکەم. بیر دەکەمەوە کەس هەیە بە قەد من عاشقە گوارێ بێت؟ گوارەکان یەک بە یەک تاقی دەکەمەوە، لە ناو ئاوێنەیەکی خۆڵاوی چاو لە خۆم دەکەم و مات دەبم بزانم دەتوانم لە ناو هات وا هەرای ئەو هەموو خەڵکەدا، دەنگی خرینگەی گوارەکان ببیستم ، گوێ بۆ "پێداههڵگوتنەکانی" کابرای دووکانداریش ڕادەگرم و دیسان هیچ ناکڕم و دەڕۆم. دەزانم نابێ هیچ لە خۆم بارکەم. یەک دوو ڕۆژی دی دەچمە شارێکی تر. 5. لە ناو شەقامێکی باریکی شار، مزگەوتێک و کلیسەیەک ڕووبەڕووی یەک سازکراون. بیردکەمەوە چ دەبوو مرۆڤەکانیش توانیبایان سەرەڕایی یەک نەبوونی بیروباوەڕەکانیان بە تەباوڕەبایی دەگەل یەک ژیابان. لێرەش سنووری نێوان دارا و نەدار زەقن. لە شەقامێکی ناوڕاست شار، دەیان ژن بە منداڵی مەلۆتکەکراو، بەڕیز دانیشتوون و سوواڵ دەکەن. کوڕی منداڵ و گەنج، لە شارۆچکە و گوندەکانەوە، بە هیوای ژیانێکی باشتر، لە ناوگوزەر و چێشتخانە بچووکەکانی ناو گوزەر خەریکی کارن. لێرەش بێکاری بێداد دەکات و بێ کارەکان، ژن و پیاو، بەیانیان زوو، لە چەند مەیدانی شار کۆدەبنەوە بە هیوای ئەوەی خەرجی ژیانی ئەم ڕۆژەیان پەیدا بکەن. 6. دیتنی کچەکانی ئەم شارە هەستێکی خۆشم پێ دەدات. داپیرەکانیش تەنانەت دەگەل داپیرەکانی لای ئێمە دونیایەک جیاواز بوون. داپیرەیەکم دی مۆتۆرسیکلێتی لێدەخوری. کۆمەل کۆمەل کچی"سەر ڕووت" و "لێچک بەسەرم" دەدی دەگەڵ کۆمەڵێک کوڕی هاوتەمەنی خۆیان دانیشتوون و قاقا و پێکەنینیانە. ئەو نامۆیی و "نەدیوبدی" بوونەی کچ و کوڕەکانی لای ئێمەیان نەبوو. ژنانیش لە کافیشاپە مۆدرەنەکان و چایخانهکان دادەنیشن، جگەرە دەکێشن و خۆ لە بەر خۆری بەتینی سەرماوەز ههڵدەخەن. ئیوارە درەنگ و شەوانە لە ناو بازاری شاردا دەگەڕێن. دەڵێ دەستدرێژی بە ژن شتێکی ئاسایی نییه. دەڵێ کچەکان بە ئازادی پەیوەندییەکانی خۆیان ههڵدەبژێرن و ژن مافی تەلاقی هەیە. دەزانم شتەکان ئاواش کە باسی دەکات "زەرقە و بەرقاوی" نییە. بەڵام بۆ من هەر ئەو شتە بچووکانەش دڵخۆشکەرە. کە کچەکان ترسی "قەتڵی نامووسیان" بە دواوە نییه. کە دڵداری تاوان نییه. کە قژیان باران و خۆری لێدەکەوێت. کە مافی ههڵبژاردنیان هەیە. کە دەتوانن بە دەنگی بەرز پێبکەنن. مرۆڤ کە خەمی "شتە بچووکەکانی" نەبێت فێردەبێت ئاواتی گەورە و ڕەنگاوڕەنگی هەبێت. فێر دەبێت ئاواتەکانی بێ سنوور بن. 7. پیاوکانی ئێرەش دابی باوی کۆن ڕەچاودەکەن و نەریتەکان زیندوو ڕادەگرن. "چاوداگرتن و ماچ هاویشتن و قسە پێگوتن، بیب ڵیدان و وەدووکەوتنیان" هەیە. فەرقێکی هەبوو، "دەست بۆهێنیان" نەبوو یا - بەختەوەرانە- من نەمدی. لە بیرمە لە باشوور کە بووم ڕۆژ نەبوو تووشی شەڕ نەبم. لە بیرمە ڕۆژەکانم پڕ بوون لە توڕەیی و سەرسوورمان. ئەو دابە باوە زۆر سەیری ئازاری دەدام. نەجیبە خانم خۆش خۆش وهبیری دەهێنامەوە " ئەوەیە ئیتر دەڵێی چی". ئەمجارەیان بەڵام زۆر ئارام بووم، دەگەڵکەس شەڕم نەکرد. یەک دوویانم "شکاندەوە" هەر ئەوەندە. بریارم دابوو نە بییانبینم و نە بیانبیستم. ئەوەش بۆ پیاو که فێرن ببیندرێن و ببیسترێن، خۆش نییه. 8. دەڵێ " بریا تۆ کەمێک زۆرتر بزە لێ بدەی. ئەوەندەی ئەوانی دی وە پێکەنین دەخەی نەمدی خۆت پێبکەنی. نەهێنییەکەت چییه؟" دەمەوە بڵێم وانییه بەڵام کە بیری لێ دەکەمەوە دەبینم ڕاست دەکات. وەبیرم دێتەوە تەنانەت سانا سەرنجی داوە کە ناتوانێت من وەپێکەنین بخات، گوڵەکەم زۆری هەوڵداوە. دەڵێ " تەواوی خەڵکی دونیا به تۆ ڕزگار ناکردرێت. هێندەی بیر لێ مەکەوە" بیر دەکەمەوە تەواوی ئەو ساڵانە هەوڵی من ئەوە بووه خۆم ڕزگار بکەم لەو هەموو داوه ئەستوورانەی دەست و پێیان پێبەستوومەتەوە. مەگە قەرار نەبوو هەر کەس لە خۆی ڕا دەست پێبکات؟ ... 9. بەیانی مەراکێش بە جێ دەهێڵم. ئەم شارەم خۆشویست. هەواکەی پڕبوو لە بۆنی خاکەلێوە. زۆر شتی بچووکی دیار و نادیاری هەبوو هەستێکی خۆشیان پێ دام. ئەم چەند ڕۆژه سەرم بە زۆربەی هەرە زۆری کەلێن و قوژبنەکانی شاردا کرد. دەگەڵ خەڵک قسەم کرد. چایی نەعنام دەگەڵ خوادنەوە. کەبابی سەر ڕەژی لە چێشتخانەیەکی بچووکی نە زۆر خاوێنم دەگەڵ خواردن. چەند هاوڕێی تازەم دیتەوە. لە "مەدینە" لە ناو گوزەرە باریکه پێچ پێچەکانی دەگهڵیان پێکەنیم، وڵامی پرسیارەکانم وەرگرتەوە، وڵامی پرسیارەکانیانم داوە. ئەو شارەم خۆشویست. کەمێک بۆشایی دووری پڕکردەوە. 10. قەتاری شەو دەگرم بەرەو باکوور. ویستگەی قەتار چۆڵه. من دوو ساعەت زووتر هاتووم چونکە نەمدەزانی ساعەتی قەتارەکان بۆ مەتمانه دەبن یا نا. خەڵک وردە وردە دەردەکەون. یەکەم جارە سواری قەتاری شەو دەبم، لە وڵاتێک کە باشی ناناسم. هەر دەڵێم خۆزگە لەو سێ کەسەی دی که قەرارە لە هەمان کووپ دا بخەون، پرخە نەکەن. هەشت و نیو قەتار دێت و ئێمەش وردە وردە سوار دەبین. واگۆنی ده، تەختی سەدوحەوت. یەکەم کەسم دەچمە ناو کووپی خۆم. گەرم و خۆشە. چوار تەختی تێدا و تەختی ژێرەوە هی منه. مەلافە و باڵەنجی "تازەم" دەدەنێ. خەریم جێخەوەکەم خۆش دەکەم کە کەسی دووهەم دەگات. ژنێکی ڕەشپێستی زۆر جوان. تاقەت ناهێنم و دوای چرکەیەک دەست دەکەم بە قسە کردن دەگەڵی. خەڵکی فەرانسەیە و سێ ساڵه لە مەراکێش دەژیت. مێعمارە و دەگەڵ شرکەتێکی گەورە کار دەکات. هەفتەی جارێک لە مەراکێش ڕا دەچێت بۆ تانجیر. دەڵێ یانزدە ساعەت لە ناو قەتاردا دەرفەتێکی باشە بۆ فیلم دیتن. دەڵێ لە ژیانی لە مەراکێش زۆر ڕازییه و بەتەما نیییه بگەرێتەوە فەرانسە. دەڵێ مەراکێش "ماڵه". دەڵێ "لێرە هەست دەکەم لە ماڵی خۆمم". ژنێکی تر دێت. قژ ڕەشێکی کورتەباڵا. ئەوی ئاخر ژنێکی قژ زەردی باڵا بەرزه. لە زمانی ئینگلیسییەکەیەوە دیارە خەڵکی بریتانیایه. نۆونیوی شەوە. قەتار ڕێدەکەوێت. ژنە ڕەشپێستە جوانەکە چاو لە فیلم دەکات. قژ ڕەشەکە کتێب دەخوێنێتەوە. ئەمەی تریان دەنگی نایە. لە تەختەکەی سەرەوەی من ڕاکشاوه نایبینم بزانم خەریکی چییه. خۆم لە سووچی لای پەنجەرە خۆم گرمۆلە کردووە، گۆشەی پەردەکەم هەڵداوەتەوە، گوێ لە مۆسیقا دەگرم و چاو لە دەرێ دەکەم. دەرێ تاریکە. چرای ماڵەکان کز دەسووتێ. چۆڵه. کەس نابینم. لە ویستگەکان، چاو لەو خەڵکە خەوالوویە دەکەم بە ئارامی سوار دەبن یا دادەبەزن. دە یانزدە ساعەت بە ڕێگەوە دەبین. خەوم نایە. دەکەومە سەر پشت. دەست دەخەمە ژێر سەرم. لەتێک ئاسمانی شەوم هەر لێ دیارە. جارنا جارێک ئەستێرەیەک دەر دەکەوێت و زوو ون دەبێت. شوان پەروەر لە گوێمدا دەخوێنێت "من بریا ت کریا... باوەر کە من ... " و من بیری ئاسمانی دەوەشار دەکەم، ئەو شەوەی ئەستێرەکان ئەوەندە زۆر بوون وەک پەردەیەکی ناسکی زەرق و بەرقاوی بە سەر گوند دا کێشرابوو. بیری بارانی بەیانییه زوویەکی سێ ڕێ سەید نیزام، دەگەڵ ڕادین وەستابووین چاوەڕیی براکەم ... بیری براکەم دەکەم. ئەوانی دی خەوتوون. هیچیان پرخە ناکەن. دەرێ تاریکە، کورد گوتەنی چاو چاو نابینێت. ئەستێرە نەمان. یەک دوو ساعەتی دی دەگەینێ. دەگەینه کوێ؟ گەیشتن کەی مەبەست بووە. من لە وەستان دەترسم. لە ڕۆچوون. ئاسمانی بەرە بەیانی شین و پەمەیییه. هێشتا ههر بهڕێوهین و من هەست بە ئارامی دەکەم. |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|