August 4, 2010
بزمارێکی بچووک لە لە قولینچێکی نادیاری ئاشپەزخانە، ڕێک لە سەر چوارچێوەی پەنجەرەکە، هەمان پەنجەر کە من لە تەنیشتی دادەنیشم و چاو لە هات و چۆی ئارامی مرۆڤە ئارامەکانی ئەم بەشەی شار دەکەم، دەبینمەوە. بە سەیرەوە چاو لە بزمارەکە دەکەم، بە سەر پەنجەم دەستی پێدا دێنم و بیر دەکەمەوە ئەوەی پێش من لێرە ژیاوە چۆنی بیرکردۆتەوە، ئەو بزمارە بۆ لێرە دراوە! دوایی دەیان بیری سەیرم لە لا ساز دەبێ، خەیاڵم بەڵام زۆر بە بزمارەکەوە ناگیرسێتەوە، بیر لەوەی پێش من لێرە ژیاوە دەکەمەوە. کێبوو؟ چۆن ژیا؟ لە کام بەشی ئەو ماڵەدا چۆکی دادا، دەستی خستە سەر سنگی و هەناسەی نەهاتە بەر؟ ئاوا مرد؟ تەمەنی دەزانم، دەزانم چەند ساڵ لێرەدا ژیا، دەزانم کەی لێرە ڕۆیشت ... ئێستاش ئەو نیشانانەی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە هەندێ جار وا دەکەن بیری لێبکەمەوە، هەندێجار پێموایە هێشتا لێرەیە، دانەبڕاوە! تەنانەت هەندێ جار دڵنیام درەنگ یا زوو وەک نەرمابایەکی فێنک لە نیوە شەوێکی سارد دەبێتە مچورک و بە لەشما دەگەرێ. دڵنیام بەیانییەک کە من هەروا خەریکم چاییەکەم دەخۆمەوە و چاو لە دەرێ دەکەم ئەو لە سووچێکی وەستاوە و بە سەیرەوە دەڕوانێتە هەموو بێ دەنگییەکانم، دڵنیام ئێوارە درەنگانێک دەنگی بەرزی موسیقاکەم کەم دەکاتەوە تا گوێی لە هەناسەم بێ، تا دڵنیا بێ من هێشتا هەم. هەندێ جار هەست بە بۆنی دەکەم، بۆنی پیرەژنێکی قژسپی، ئەوانەی لە بەر خۆیانەوە قسە دەکەن و ڕوانینیان ونە، وەک بڵێی کەس و هیچ نابینن یا بڕیاریان داوە کەس و هیچ نەبینن یان ئیتر بۆیان گرنگ نییە کەس و هیچ ببینن. هەندێجار بە خەیاڵمدا دێ ئەویش ئێواران هەر لەو سووچەی من لێی دادەنیشم دادەنیشت و چاوی لە دەرێ دەکرد، پێموایە دەیبینم چۆن بە هەنگاوە وردەکانی هێدی هێدی لەپەنجەرە دوور دەبێتەوە و لە بەر خۆیەوە دەگەڵ سێبەرەکانی ناو زەینی قسە دەکات... بە دەست خۆم نییە، باوەڕدەکەم لەودەورووبەرانەیە. ئاخر بۆم سەختە باوەڕبکەم کەس ئاوا سووک و ئاسان دڵ دابڕێ لە ماڵێکی ئەو هەموو ساڵە تێیدا ژیاوە. فشە نییە، "ماڵ" یانی پەناییەک بۆ کۆکردنەوەی هەموو سەرگەردانییەکان و بێقەرارییەکانی ڕۆح، ماڵ یانی پەناییەک بۆ داشاردنەوەی هەموو نەبوونەکان و بوونە ناخۆشەکان، ماڵ یانی شوێنێک بۆ خۆبوون، بۆ ڕووت بوونەی ڕۆح و لەش، ماڵ یانی جێ سەرپەنجەی بیرەوەرییەکانت بە سەر دارودیواردا دیار بوون. ماڵ یانی وێنەی هەموو بوونەکانت، چۆن بوونەکانت، تەنیاییەکانت لە ناو دیوارەکاندا وون بوون، بێ ئەوەی کەس بیانبینێ، کەس پێیان بزانێ! ... بیردەکەمەوە ئەو دەمەی مرد چەند چیرۆکی نیوەچڵی لەدوای خۆیدا بە جێ هێشت، بیردەکەمەوە ئەوەمەی مرد چەند قسەی نەگوتراو لە سەر دڵی قورسایی دەکرد!؟ ئەو دەمەی مرد تەنیا بوو؟ دەرفەتی ماڵئاوایی هەبوو؟ تاسەی دیداری کەسی لە دڵدا نەما؟ .... بزمارەکە دەردێنم و فڕێی دەدەم. لە گۆشەی ڕاستی سۆفاکە لە تەنیشت پەنجەرە کە دادەنیشم، گوێ بۆ سێبەرەکانی زەینم شل ناکەم. چاو لە دەرێ دەکەم. هات و چۆی مرۆڤەکان، هاژەی ئوتومبیلەکان و هەرای کچ و کوڕە گەنجەکان خەیاڵی پیرەژنە مردووکەم لە زەین دەردەکەن، ئەو ڕۆژانە فەرق ناکا ئاسمان شین بووە یا خۆڵەمێشی، بزەیەکی لاسار بە گۆشەی لێومەوە دیارە. ژیان لە پشت پەنجەرەکەی منەوە بەردەوامە. هەنگاوێک لێی دوورم، کیفە سوورەکەم دەخەمە سەر شانم، کامێراکەشم، شان بە شانی ژیان لە ناو شاردا دەگەرێم.
August 2, 2010
کلیدەکانم کە داوە، دەرگام کە لە پشت سەرم داخست جۆرە دڵتەنگییەکی نامۆ داگیری کردم. پەشیمانی یا دوو دڵی نەبوو، نا، لە بڕیاری خۆم دڵنیا بووم. دەمزانی دەبێ لەوێ بڕۆم و لە شوێنێکی تازەوە دەست پێبکەمەوە. دەرگام کە لە پشت سەرم داخست بەڵام جۆرە دڵتەنگییەکی نامۆ وەک ئەو دەمانەی بە وشیارییەوە دابڕان هەڵدەبژێری، وەک ئەو دەمانەی دەزانی ئەوە یانی خاڵی کۆتایی، ڕژایە ناو دڵم. کە ڕۆیشتم ئاوڕووم نەداوە، لە دەرێ بەڵام بە گۆشەی چاوم دەورووبەرم پێوا، وێنەی هەزار بیری کۆن و تازەم لە بەر چاو ڕیز بوون. دواتر بە کوبیم گووت دڵەکووتەیەکی سەیرم هەیە. وەکوو کاتی دڵتەنگی! بۆ منێ کە پێنج شەش ساڵی یەکەمی ژیانم لێرە وەک قەرج ژیابووم و لە شارێکیەوە بۆ شارێکی تر، لە لادێیەکەوە بۆ لادێیەکی تر، لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی تر، لە کەمپێکەوە بۆ کەمپێکی تر هەڵقەندرابووم، بۆ منێ کە ڕیشەکانم گیرۆدەی هیچ خاکێک نەبوون، دە ساڵ گیرسانەوە لە شوێنێک یانی دەستەمۆ بوون. یانی ڕۆچوون. بە هەموو ترسەکانمەوە لە ڕۆچوون ماندوویەتییەکانم وایان دەکرد مانەوە هەڵبژێرم. ماندوویەتییەکانم وایان کرد بمێنمەوە و مامەوە! لێرە بوو چەمەدانەکانم کردنەوە، لێرە بوو پشووم هاتەوە سەر خۆ، لێرە دەمزانی دەتوانم، ئەگە بمەوێ، بمێنمەوە! هەر لێرەش بوو شتەکان هاتنە ڕوو! دەزانی وەک بڵێی ترسەکانم گەیشتنەوە سەرم! ترسەکانم گەیشتنێ و بەرۆکیان گرتم. هەموو ئەو ترسانەی ئەو هەموو ساڵە لە چنگیان هەڵاتبووم. ئەو ترسانەی ئەوەندەیان ترساندبووم لە ترسان ئازا ببووم. لێرە بوو ماندوویەتییەکانم دەرکەوتن و چۆکیان پێ دادام. لێرە بوو تەنیاییەکانم بە سەرما ڕووخان. لێرە بوو برینە کۆنەکان کوولانەوە و لێرە بوو دەرفەتێک دەست کەوت لەتوپەتەکانی ڕاستی ژیانم لە پەنا یەک دانێم و یەک جێ بیبینم. لێرە بوو پرسیارەکان یەک بە دوای یەکدا هاتن و ئۆقرەیان لێ بڕیم. بـــــــۆ؟ چـــــۆن؟ کـــەی؟ لە کەیەوە؟ تا کەی؟ کێ؟ لەو ماڵەدا من شکام و ورد بووم و لە ژان وەک مار بە دەوری خۆمدا پێچم خوارد و سڕبووم و بریندار بووم و پێستم هەڵدا و گەورە بووم و ... هەستامەوە. هەستامەوە! هەستامەوە، دوای هەموو گریانەکان، گرێ پووچکەی بوغزە نەکراوەکان، دوای هەموو ئەو قیژانەی قووتم دانەوە، دوای هەموو ئەو تووڕەییانەی دەبا وەک تۆز لە سەر شانم تەکاندبام، دوای تاڵی ژاراوی ئەو تەمانەی بە تەما نەبووم دەگەڵ کەس بەشیان بکەم! هەستامەوە و فێربووم چۆن هەموو بەیانییان بزەیەکی نەرم لە گۆشەی لێو هەڵواسم، لێوەکانم سوور کەم و وەک بەختەوەرترین شاژنی شار لە ناو مرۆڤەکان دا بێم و بڕۆم و پێ بکەنم و وەپێکەنین بخەم و بژیم و تەنیاییەکانی ئەوانی دی بدزم و گوێ بۆ چیرۆکی دڵتەنگییەکانی ئەوانی تر ڕاگرم ... تا هەموو ئێواران بە هێڵەنجێک هەموو تەنیاییەکانی خۆم بڕشێمەوە و وەک پشیلەیەک تا بەیانی هەموو برینەکانی خۆمم بڵێستەوە ... لەو ماڵە بچووکەدا هەزارجار وون بووم و ڕێگەی گەڕانەوەم دیتەوە. هەزار جار ڕۆچووم و هاتمەوە ڕوو. لێرە بوو قەبووڵم کرد شتەکان ئاوان کە هەن، کە مرۆڤەکان دێن کە نەمێننەوە، کە چیرۆکەکان دەست پێدەکرێن تا بە نیوەچڵی بمێننەوە. ئهم سێ چوار ساڵهی ئاخر پڕ بوون لە هەوڵدان، ئاخر لەتوپەتەکان لە تەنیشت یەکتر دانان، بە سەردا چوونەوە، داخستنی کەوانەکان، دانانی خاڵی کۆتایی، هەڵبڕینەکان، دابڕانەکان. پەلەم نەکرد! نەمدەویست هەڵە بکەم. نەمدەویست دوودڵ بم، دەموسیت ئەوەی لە دەستم دێ بیکەم تا دڵنیا بم. تا بزانم، دوایی ئەو هەموو ساڵە چاوەڕێ بوونە پێویستم بە دڵنیایی هەبوو ... تا ڕۆژێک هەستم کرد دارودیواری ماڵەکەم، هەموو سووچەکانی، کەلەن و قوژبنەکانی من وەبیر قیژە قوتدراوەکانم و هاوارە سەربڕاوەکانم دەخاتەوە. ئەو رۆژە بوو زانیم دەبێ بڕۆم. زانیم ئەوە یانی کۆتایی. کلیدەکانم کە داوە، دەرگام کە لە پشت سەرم داخست ئاوڕووم نەداوە. خاڵی کۆتایی دە ساڵ بوونم هەرلەوێ دانا. دڵتەنگییەکی نامۆ چنگی خستبوو ناو گیانمەوە، باری سەر شانم بەڵام سەیر سووک ببوو! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|