January 30, 2005
بیرۆكهکانی شه‌وی مه‌ستی: بیر بكه‌وه به‌یانییه‌ک له خه‌و هه‌ستی و ببینی هه‌موو ناوه‌كان و ماناكان گۆڕدراون. بیر بكه‌وه هه‌موو دوكانه‌كانی شار، "ئازادی" به نرخێكی كه‌م ده‌فرۆشن و هه‌ر كه‌س ده‌توانێت ئه‌وه‌نده‌ی حه‌ز ده‌كات ئازادی هه‌بێت! بیر بكه‌وه منداڵه‌كانی گه‌ره‌ک، به‌یانی ڕۆژێكی هاوینی، به جێی بامێی شیله‌دار، دێمۆكراسی ده‌فرۆشن و گه‌وره و بچووک حه‌زیان له تامه‌که‌یه‌تی. بیر بكه‌وه ڕۆژێک له سه‌ر نه‌قشه‌ی جیهان، له كه‌متر له چركه‌یه‌کدا، ناوی كوردستان ده‌بینییه‌وه و ئاڵاكه‌ی،چیتر، له باشووره‌وه بۆ ڕۆژهه‌لات، ڕه‌نگ ناگۆڕێت. بیر بكه‌وه ڕۆژێک كه وتت "كوردم"، كه‌س نه دڵی بۆت بسووتێت و نه لێت بترسێت. بیر بكه‌وه به‌یانییه‌ک له خه‌و هه‌ستی و ببینی مرۆڤ ده‌گه‌ڵ مرۆڤ یه‌كسانه و كه‌س به پێی باوه‌ڕێک كه هه‌یه‌تی، یان به هۆی جیاواز بوونی، سزا نادرێت! بیر بكه‌وه ڕۆژێک، ئیتر، نێر و مێ بوون هیچ مانایه‌كی له نرخ و مافی مرۆڤدا نییه ... بیر بكه‌وه ڕۆژێک بێت مرۆڤ، هیچ مۆرێكی له ناوچاوان نه‌درێت و به‌س مرۆڤ بێت! بیر بكه‌وه ڕۆژێک بێت په‌ڵه‌ی ڕه‌شی ترس، داوێنی بوونی هیچ مرۆڤێک پیس نه‌كات! بیر بكه‌وه ڕۆژێک هه‌ر كه‌سێک بستێكی خاک ده‌بوو بۆ ژیان، بۆ نه‌فه‌س كێشان. بۆ گوڵ چاندن. بۆ دڵداری كردن. بیر بكه‌وه ئه‌و بسته خاكه‌ی دایكت پێی له سه‌ر داناوه، ئه‌و گه‌زه ئاسمانه‌ی ناوكتیان له ژێر بڕیوه، ده‌بوو به وڵات. بیر بكه‌وه... ئه‌وه بۆ من به‌س بوو. هه‌ر ئه‌و بسته خاكه، ئه‌و گه‌زه ئاسمانه ... بیر بكه‌وه من ئێستا له‌و په‌ڕی مه‌ستی، له‌و په‌ڕی دووری چه‌نده دڵته‌نگم بۆ بوون. بۆ هاتنه‌وه! بیر بكه‌وه دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه ته‌نیایی و دابڕانه چه‌نده ماندووم... ئه‌وه‌نده كه نه هێزی ڕۆیشتنم ماوه و نه دڵی مانه‌وه ... نه شوێنێک بۆ مانه‌وه! بیر بكه‌وه له‌م جیهانه پان و به‌رینه‌دا گه‌زێک ئاسمان به ناوی تۆ نه‌بێت. بستێک خاک كه بۆنی دایكتی لێ بێت به ناوی تۆ نه‌بێت ... مه‌ستی و ڕاستی! من ماندووم. گیانم، ڕۆحم، له‌شم ، دڵم، بیرم هه‌مـووی ماندووه له‌و ڕۆیشتن و ڕۆیشتن و ڕۆیشتن و قه‌ت نه‌گه‌یشتنه! ماندووم له‌و له‌ت له‌ت بوونه. ماندووم له نامۆیی له‌ته‌كانم ده‌گه‌ڵ یه‌كترین. مه‌ستی و ڕاستی! من هێشتا حه‌ز ده‌كه‌م مێژووی ژیانم له‌و بسته خاكه‌ی بۆنی دایكمی لێ دێت، بنووسرێت. هێشتاش حه‌ز ده‌كه‌م له ژێر ئه‌و گه‌زه ئاسمانه‌ی ناوكیان بڕیوم، ده‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه‌ی خۆشمده‌وێت، دڵداری بكه‌م. مه‌ستی و ڕاستی! من به‌ڵام هیچ بــــــــاوهڕم به مۆعجهزه نییه ...
January 23, 2005
چرا, كه سه‌وز بوو, ده‌ڕۆی كه سووریش بوو، ڕاده‌وه‌ستی به‌ڵام كه شین بوو به خاڵ خاڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌وه ده‌بێ بڕۆی یا ڕاوه‌ستی؟ Shel Silverstein
January 19, 2005
ئه‌گه‌ر تۆ بێیت
ته‌نیاییم له به‌ر ئه‌م - با- یه هه‌ڵده‌خه‌م دڵم ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر نه‌ێیت یاده‌كانی ئه‌م قه‌ره‌جه لوول ده‌ده‌م و له نێو گه‌ردا نوقمی ده‌كه‌م - با- واده‌ڵێ منیش سه‌یری وێنه‌ت ده‌كه‌م تۆ چی ده‌ڵێیت؟ ده‌زانی گوڵم، له‌و كاتانه‌یه كه ژیان له‌و په‌ڕی بێ ڕه‌نگی خۆی دایه. ڕۆژه‌كان، وه‌ک ده‌نگی"تیک تاک"ی، ساعه‌ته سپییه‌كه‌ی سه‌ر دیواری ئاشپهزخانهكهم، به شێوه‌یه‌کی بێڕه‌حمانه و زۆر بێ‌مانا پڕن له دووپاته بوونه‌وه‌یه‌كی بێبڕانه‌وه. ماندووم ده‌كه‌ن... ماندوویان كردووم. قورسایی ڕوانینی ئه‌وانه‌ی خۆشم ناوێن و بێده‌نگ به په‌نایاندا تێده‌په‌ڕم و تاسه‌ی دووری نیگای تــــــــۆ، كه حه‌ز ناكه‌م چیتر، چركه خۆڵه‌مێشییه‌كانی من له خۆمدا ببینیت، ڕێگه‌ی ڕۆیشتنم نیشان ده‌دات. ڕێگه‌یه‌ک كه زۆر گرنگ نییه به كوێ ده‌گات، به‌س له خۆلانهوه له ناو ئه‌و بازنه داخراوه ته‌نگ و ته‌سكه‌دا دوورم كاته‌وه. بیرم كرده‌وه به تۆڵه‌ی ڕۆژه بێ ڕه‌نگه‌كان، هه‌ر چی ڕه‌نگ و ده‌نگ و بۆنه بۆ نووسینی سێناریۆی خه‌ونه‌كانم به كاری بێنم و شه‌وانه پێش ئه‌وه‌ی خۆم له خه‌و كه‌م، وێنه‌ی ئه‌وانه‌ی خۆشم ده‌وێن، بكێشمه‌وه و له سه‌ر ڕێگه‌ی نیاگای ماندووم هه‌ڵیواسم، بیرم كرده‌وه دره‌نگ یا زوو ڕه‌نگه‌كان تێكه‌ڵی خه‌ونه‌كانم ده‌بن و بۆنه‌كان ده‌بن به پردێک بۆ گه‌یشتن به‌و شتانه‌ی لێیان دوور كه‌وتوومه‌ته‌وه. به‌ڵام نابێت. ده‌زانی گیانا، شه‌وانه كه ئه‌و دیو ئه‌و دیو ده‌بم، كه خۆم گرمۆله ده‌كه‌م و پهتو شینه‌که‌م ده‌كێشمه سه‌ر سه‌رم، ده‌نگێک، بێ بڕانه‌وه، وه‌بیرم ده‌خاته‌وه، ئه‌وانه هه‌مووی خه‌ونن، وه‌بیرم ده‌خاته‌وه پرده‌كان ڕووخاون، وه‌بیرم ده‌خاته‌وه مه‌ودای نێوان دڵه‌كان پڕه له دره‌نگ، له دوور! چاو كه ده‌كه‌مه‌وه، ڕاستییه‌كان ده‌بینم لێره و له‌وێ ده‌مه خێچكهم ده‌كه‌ن... دوای باوه‌ڕ ده‌كه‌م خه‌ونیش، ده‌ره‌قه‌تی ڕۆژه بێ ڕه‌نگه‌كان نایه‌ت. دوایی بیر ده‌كه‌مه‌وه هه‌موو دونیا "داگ ویـــــڵ"- ێكی گه‌وره‌یه و ئێمه‌ش دانیشتووه‌كانی و هه‌ر ئه‌و كاته‌شه زۆرتر له هه‌میشه ده‌ترسم ... ماندووم، كه‌مێک زۆر ماندووم. هه‌ست ده‌كه‌م وای لێهاتووه من و ژیان به ته‌نیشت یه‌كدا تێده‌په‌ڕێین، بێ ئه‌وه‌ی قه‌رار بێت به یه‌ک بگه‌ین، به یه‌ک بگه‌ینه‌وه! ماندووم، ده‌زانی، له نه‌بوونی ده‌نگت تا گۆرانی قژ كالی لێو ئاڵم بۆ بڵێت، له دووری ده‌ستت تا ده‌ستم بگرێت یا كایه به قژم بكات، ته‌نانه‌ت له‌و بوونه‌ت كه له هیچ بوونێک ناچێت و تاسه‌ی من ناشكێنێت. ماندووم، و بیر ده‌که‌مه‌وه ئه‌و شه‌وه‌ی بۆت نووسیم "دڵنیام"، بیرت له چی ده‌كرده‌وه؟ ئاخر ئه‌وه چ دڵنیا بوونێکه كه پــــڕه له گومان؟ پێم وابوو لێره ده‌توانم كلافی ئاڵۆزی بیره‌كانم ههڵكهمهوه، ناتوانم! نه له‌به‌ر هیچ هۆیه‌کی تایبه‌تی، به‌س له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌كانیش هه‌ڵگری باری ماناكان نه‌ماون. و فایده‌ی قسه كردن له چی دایه ئه‌گه‌ر گرێیه‌ک نه‌كاته‌وه؟ ئه‌گه‌ر سووكت نه‌كات؟ كه نه‌توانی وشه‌كان له خزمه‌ت هه‌ستی خۆتدا به كار بێنی، كه نه‌توانی پردێک ساز بكه‌ی بۆ گه‌یشتنه‌وه به خۆت؟ که‌وانه‌کان یه‌كه یه‌كه داده‌خه‌م، داوی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی که پێم وابوو ڕایانگرتووم یان پێم خۆش بوو ڕامگرن، یه‌كه یه‌كه ده‌پسێنم. ئاواته‌كانی من هه‌میشه ساكار بوون، به‌هانه‌كانی به‌خته‌وه‌ری له ناو ڕه‌نگه‌كانی وێنه‌یه‌ک كه سانا بۆم ده‌كێشێته‌وه تا قسه‌كانی ڕامان و تا مچورکێک كه یادی تۆ ده‌یخاته گیانم، گوڵبژێر ده‌كه‌م. ئێستاش ڕه‌نگه خوێندنه‌وه‌ی كتێبێک، كه نه‌توانم داینێم تا ته‌واوی نه‌كه‌م، بیستنی گۆرانییه‌كه كه هیچم وه‌بیر نه‌هێنێته‌وه، یان دیتنی فیلمێكی تازه، فیلمێک كه كه‌سێكی وه‌ک "جان كۆفی" تێدا بێت كه من هه‌زار جاری‌تر بمه‌وێت بیبینمه‌وه و هه‌موو جارێ به قه‌ت جاری یه‌كه‌م خۆشم بوێت، یان سه‌فه‌رێک! كه گرنگ نییه بۆ كــــــــوێ، به‌س كه‌سێک چاوه‌ڕێم بێت بگه‌مه لای!، ئه‌رێ، ئه‌وانه ڕه‌نگه بتوانن له‌و شته‌ی هه‌یه كه‌مێک دوورم كه‌نه‌وه تا به خۆم بگه‌مه‌وه! نه‌خه‌مه، له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه ده‌مزانی وه‌ک "جاناتان" ژیان، یانی ته‌نیا مانه‌وه!
January 16, 2005
ناوی كتێب: The Bridges of Madison County ناوی نووسه‌ر: Robert James Waller چیرۆكێكی كۆن! ژنێک كه مێردی هه‌یه، گیرۆداوی ئه‌وینێک كه "ناتوانێت" خۆی لێ بپارێزێت، ده‌بێت. و پرسیاره كۆنه بێوڵامهكان دیسان خۆ ده‌نوێننه‌وه: ئایا ئه‌مه خیانه‌ته؟ به قسه‌ی دڵی بكات؟ سنووره‌كان بشكێنێت؟ ئایا ئه‌م ئه‌وینه تاوانه؟ ڕه‌وایه كه "له به‌ر دڵی منداڵه‌كان" بمێنێته‌وه و درێژه به ژیانێكی "بێئهوین" بدات؟ ڕه‌وایه ئه‌و هه‌موو ساڵه ژیانی هاوبه‌ش ده‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی، بۆ ئه‌وینێک كه وا له ناكاو و وادرهنگ، داگیری كردووه، به‌جێ بێڵێت؟ ئایا له نێوان دایک بوون و ژن بوون دژایه‌تی ئه‌وه‌نده زۆره؟ كه بووی به دایک، مافی بڕیاردان له سه‌ر ژیانی خۆتت نامێنێت؟ ته‌مه‌نی ئاشق بوون، سنوورداره؟ ئایا ئه‌م ئه‌وینه ده‌گه‌ڵ تێپه‌ڕ بوونی كات، كاڵ ده‌بێته‌وه؟ له بیر ده‌چێته‌وه؟ باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌س وڵامی ڕاست یان درووستی له لا ده‌ست كه‌وێت. ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی به دڵنیاییه‌وه وڵام بده‌یته‌وه، ده‌بێت تووش بیت. ده‌بێت ئه‌و شته ته‌جره‌به بكه‌ی و بزانی چه‌نده ئاسان یا چه‌نده دژواره! ئه‌و "باشی" و "خراپی"یانه‌ی ئێمه فێری بووین، هه‌مووی نسبین و هیچ شتێک ناتوانێت ته‌واو و سه‌د له سه‌د بێت، ده‌توانێت؟ مه‌گه ئه‌و پێوانانه خۆمان سازمان نه‌كردوون؟ ده‌ی بــــۆ یان چۆن ناتوانین خۆمان هه‌ڵیوه‌شێنینه‌وه؟ وژدان چی؟ ئه‌ویش نسبییه، نا؟ قازانجی ئه‌وه‌ی كه سنوور بكێشینه ده‌وری هه‌ستی مرۆڤه‌كان، له‌چی دایه؟ قازانجه‌كه بۆ كێیه؟ شته‌كان نسبین ... بایهخهكان، ماناكان، ئه‌زمۆنه‌كان، له كه‌س تا كه‌س، له هه‌لێک تا ههلێكیتر، جیاوازن. قه‌ت یه‌ک شت و هه‌مان شت بۆ دوو كه‌س ناتوانێت یه‌ک مانا و هه‌ستی یه‌كسانی هه‌بێت، ته‌نانه‌ت بڤه‌یه‌كی وه‌ک "خه‌یانه‌ت" كه له لای ئێمه و به باوه‌ڕی ئێمه تف و له‌عنه‌ت كراوه ... پرسیاره‌كان زۆرن. په‌ڕانه‌وه له سنووره‌كان، لادان له‌و "ده‌بێ" و "نابێ"یانه‌ی به خه‌تی سوور به ده‌ورماندا كێشراوه، خۆ هه‌میشه ناتوانێت خراپ بێت، ده‌توانێت؟ هه‌موو لادانێک، هه‌موو په‌ڕانه‌وه له سنووره مهمنووعهكان، خیانه‌ته؟ مه‌گه ڕاستییه‌كی حاشا لێنه‌کراو ئه‌و نییه كه زۆر جار ئێمه لا ناده‌ین، به‌س چوونكه ناوێرین؟ مه‌گه جگه له‌وه‌یه كه زۆر جار مانه‌وه‌مان به هۆی تــــــرسی خۆمان له په‌رینه‌وه‌یه؟ مه‌گه وانییه كه زۆرجار، مانه‌وه له ناو په‌یوه‌ندییه‌ک كه نامانه‌وێت له ڕووی ترس و بێهێزی خۆمانه؟ مه‌گه زۆر جار زۆر كه‌س له ژێر نـــاوی "وهفـــاداری" - ناچاری- ورده ورده نه‌تواوه‌ته‌وه؟ ئه‌و چوارچێوه‌ی به ناوی " ئه‌خلاق"، بۆ بڕیاره‌كانمان دامه‌زراوه، چه‌نده ڕاست یا درووسته؟ مه‌گه ئێمه وا فێر نه‌کراوین كه ژیانمان به كراسی سپی ده‌ست پێده‌كات و به كفنی سپی كۆتایی پێ دێت؟ له پشت "ده‌ڵێی چی، قسمه‌ت و نه‌سیبی منیش هه‌ر ئه‌وه بوو"ی دایكه‌كان، كه‌لاكی چه‌ند هه‌زار خۆزگه و بریا چاڵ كراوه؟ ڕهوایـــه "عاده‌ت" جێی "ئه‌وین" و "خۆشه‌ویستی" بگرێته‌وه؟
January 15, 2005
" Lettera Ad Un Bambino Mai Nato"-- Oriana Fallaci " نامه بۆ منداڵێک كه قه‌ت له دایک نه‌بوو"- "ئه‌مشه‌و زانیم كه هه‌ی. ڕێک وه‌ک دڵۆپێک له ژیان كه له هیچه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت. دڵم بۆ چركه‌یه‌ک وه‌ستا، و كاتێ دیسان ده‌نگی نا ئارام و بێقه‌راریم بیسته‌وه، هه‌ستم كرد كه‌وتوومه‌ته نێو چاڵاوێكی ترسناكی پڕ له گومان و دوو دڵی. ترسێکی به ژان، ته‌واوی گیانی داگیر كردووم. هه‌وڵ بده ڵێم تێبگه‌ی بچكۆله! من نه له خه‌ڵک ده‌ترسم، نه له خــــــــوا... من له تۆ ده‌ترسم. له تۆ كه چاره‌نووس "بوونی" له هیچ دزیوی و له ناو مندا حه‌شاری داوی. بـــــۆ هاتنی تــــۆ، مـن هیچ ئاماده نه‌بووم. هه‌میشه ئه‌م پرسیاره ترسناكه‌م هه‌بووه: "ئه‌گه حه‌ز نه‌که‌ی بێیه ئه‌م دونیایه، حه‌ز نه‌که‌ی له دایک بیت، چی؟ ئه‌گه‌ر ڕوژێک به سه‌رما بقیژێنیت كه "خۆ من داوام لێ نهكردبووی منت ببێت؟ بۆ منت به دونیا هێنا، بــــــــــۆ؟ من چ وڵامێکم هه‌یه پێت بده‌مه‌وه؟" بچكۆله، ژیان یانی ماندوویه‌تی! ژیان یانی شه‌ڕێک كه هه‌موو ڕۆژێ دووپات ده‌بێته‌وه و نرخی چركه شاده‌كانی، كه زۆریش كورتن، گه‌لێک گرانه. چۆن بزانم كه "له نێو بردنت" كارێكی درووست نییه؟ چۆن ده‌توانم بزانم كه حه‌ز ناكه‌ی بهگهڕێیهوه دونیای بێده‌نگی خۆت؟ ***** " زۆرن ئه‌و ژنانه‌ی له خۆیان ده‌پرسن: بۆ منداڵێک بێنمه دونیا؟ بۆ ئه‌وه‌ی برسایه‌تی بكێشێت؟ بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌رما ههڵلهرزێت؟ ئازاری خه‌یانه‌ت و بێڕێزی پێ بگات؟ به نه‌خۆشی یان له شه‌ڕدا بمرێت؟ خۆم نازانم له‌دایک بوونم كارێكی درووست بووه یا نا؟ كاتێ هه‌ست به به‌خته‌وه‌ری ده‌كه‌م پێم وایه له‌دایکبوونم كارێكی درووست بووه. و كاتێ هه‌ست به چاره‌ڕه‌شی ده‌كه‌م، به هه‌ڵه‌ی ده‌بینم. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ته‌نانه‌ت كاتێ هه‌ست به چاره‌ڕه‌ش بوون، تـــــهواو داگیرم ده‌كات، قه‌ت "نه‌بوونم" به ئاوات نه‌خواستووه. چونكه هیچ شتێک خراپتر و پیستر له "هیچ بوون" نییه! ئایا "هیــــــــــچ بــــــــوون"، " قــــه‌ت نهبـــــــــوون"، باشتر له ده‌رد و ئازاره؟ من ته‌نانه‌ت، ئه‌و كاتانه‌ی به هۆی شكانم، ئازاره‌كانم، ناكامییهكانم، ژانم هه‌یه و ده‌گریم، به‌م ئاكامه ده‌گه‌م كه ئازار دیتن، باشتره تا "هیـــــــچ بـــــوون". به‌ڵام ئایا مافی ئه‌وه‌م هه‌یه ئه‌و بڕیاره بۆ تـــــــــــۆ بده‌م؟ "
January 14, 2005
ڕازانـــدنــــهوهی كهلاكێــــكی بــــۆگـــــهنیــــو: فێمینیسمی ئیـــــسلامی: مانایه‌كی داتاشراوی پڕ له دژایه‌تییه كه به هیچ ئیمانێک ساغ نابێته‌وه و دوو جه‌م سه‌ره‌كه‌ی به یه‌ک ناگاته‌وه. یانی وه‌ک ئه‌وه‌یه باسی "بازنه‌یه‌كی چوارگۆش" بكه‌ین! یان كه‌س هه‌یه تا ئێستا چوارگۆشه‌یه‌کی خــــڕی دیبێت؟! باسێكی وه‌ک باسی فێمینیسم كه ڕوانگه‌یه‌کی تازه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه، نازانم چۆن ده‌كرێت ده‌گه‌ڵ ئیسلامێک، كه له‌وه‌تی هه‌یه تازه‌یی به خۆیه‌وه نه‌دیتووه و هه‌ر له سه‌ر تهشییهكهی هه‌زار و چه‌ند سه‌د ساڵ پێش دهڕێسێتهوه، تێكه‌ڵ بكردرێت! ئه‌گه‌ر- بێ ده‌مارگرژی- چاوێكی خێرا به هه‌موو دینهكاندا بخشێنین، ده‌بینین هه‌موویان- كـــــــــهم تا زۆر- ڕوانگه‌یه‌كی دژه ژنیان هه‌یه و جیاوازی نێوان مرۆڤ به پێی جنسییه‌ت له ناویاندا به‌ردی بناغه‌یه. به‌ڵام لانیكه‌م دینی مه‌یسح، وه‌ک نموونه، به پێی ئاڵوگۆڕی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ، هه‌ندێ تازه‌كاری و گۆڕانكاری به‌سه‌ر هاتووه، كه‌چی ئیــــــــسلام هێشتاش، به دابی سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی، مرۆڤ به زیندووی چاڵ ده‌كات و به زه‌بری به‌رد و له ژێر ناوی "خوا" ده‌یكوژێت. پێوانه‌ی ئیــــسلام هێشتاش بۆ "نرخی" مرۆڤ، بۆ پاكی و "پاكداوێنی" مرۆڤ، ناوگه‌ڵه و مرۆڤێک ده‌بێت به مڵكی مرۆڤێكیتر و به پێی شه‌رع مامله‌ی له سهردهكردرێت و ده‌كڕدرێت و ده‌فرۆشترێت! ژن به پێـــــــی یـــاســــای ئیـــــــسلام، له ئاسایی‌ترین مافه‌كان بێ به‌شه و به نیوه‌ی یه‌ک ده‌بیندرێت و بایه‌خی ده‌گه‌ل" لا گونێک" هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت! جا من لێره‌یه تێ ده‌مێنم، باشه دینێک كه ڕوانگه‌یه‌کی ئاوای له سه‌ر ژن هه‌بێت چۆن یان بۆ خۆ له باسی فێمینیسم ده‌دات كه هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه‌یه مرۆڤ ده‌گه‌ڵ مرۆڤ یه‌کسان بێت!؟ ئه‌و هه‌وڵه وه‌ک ئه‌وه وایه كهلاكێكی كۆنی بۆگه‌نیو بێنیت و به زه‌بری دا‌و و ده‌رمان و سوور و سپیاو، به نرخی بووكه شووشه‌یه‌كی تازه و جوان، به خه‌ڵكی بفرۆشی! جگه له‌م تاقمه كهلاک فرۆشه، بڵێی كه‌سیتر هه‌بێت نه‌زانێت كه فێمینیسمی ئیسلامی، ڕوناكبیری دینی یا یه‌كسانی ئیسلامی، هیچ مانایه‌كی نییه!؟
January 12, 2005
خوا له جوبرهئیلی پرسی: "خامنهای" له سه‌ر گۆی زه‌وی خه‌ریكی چییه؟ جوبره‌ئیل گوتی: گه‌وره‌م، خوایه‌تی ئه‌كات! خوا كه‌مێک بیری كرده‌وه و پرسی: جوبرهئیلهكهی كێیه؟ جوبره‌ئیل وڵامی داوه: نازانم. به‌ڵام عیزرائیلهكهی "سه‌عید مورته‌زه‌وی" یه! عبدالقادر بلوچ!
January 8, 2005
دیسان شه‌ممه‌یه. ڕادیۆ بانگه‌واز زۆر "باحال" بوو. باسی "بێسهرنوشتی" "كورده‌كانی عێراق" و نه‌باشی و مه‌ترسی بوونی "ڕێكخراوه ناسیونالیسته‌كان" و "چالاک بوونی حیزبی كۆمۆنیستی كارگری" ئێران و عێراق له ده‌ره‌وه‌ی وڵات(!) له هه‌موو بواره‌كانی سیاسی، كۆمه‌لایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری، ئابوری، ئینسانی كرد. باسی ئه‌وه‌ی كه ح.ک.ک خۆی و به هه‌موو سه‌د و سی و دوو ئه‌ندامی له خزمه‌ت كرێكارانی هه‌موو جیهان دایه و ئه‌گه نه‌مرێ و خــــــــوا یار بێ(!!!) ، بۆ شادی ڕۆحی خوا لێخۆش‌بوو (....) ڕزگاریان ده‌كات. له شوێنێک بـــــــهرێــوبهری به‌رنامه، زۆر شۆرشگێرانه له خه‌ڵكی كوردی عێراقی ویست كه بزانن و ئاگاداربن ته‌نیا ڕێگه‌ی ڕزگاری جیـــــــــهان فــــــڕێـــــــــــدانی بیری كۆنی ناسیونالیستی كوردانه‌یه و ....! من كه خۆم بڕیارم دا ئه‌و بیره كۆن و گوناحانه له خۆم دوور كه‌مه‌وه و بۆ ڕزگاری كرێكارانی ئێران و جیهان خه‌بات بكه‌م و بۆ كرێكاره كورده‌كانیش خوا گه‌وره‌یه. با دونیا نه‌كه‌نه چه‌رمه چۆله‌كه! به هه‌ر حال زۆر خـــــــۆش بـــــــــــــوو ... دوای چووم وڵامی پرسیاری خوێنه‌رانی دیمانه‌م له لایان به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا موهته‌دی، خوێنده‌وه. به هه‌نگاوێكی زۆر باشم دیت كه به‌رپرسی ڕێكخراوهیهکی كوردی به شێوه‌یه‌کی نه زۆر ڕاسته‌وخۆ، وڵامی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه. هیوادارم ئه‌و به‌ڕێزه، كه به‌تایبه‌ت باسی كاری نووسینی خۆشی ده‌كات، وێبلاگێک ساز بكات و راسته‌وخۆتر ده‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌له‌ی خه‌باتیان بۆ ده‌كات په‌یوه‌ندی بگرێت! به هه‌ر حاڵ درۆ نه‌بێت، له ناو پرسیار و ولامهكاندا، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی منی زۆرتر ڕ‌اكێشا، شێوه‌ی وڵام دانه‌وه‌ی موهته‌دی به "سارا" بوو. كه دیم یه‌كێ له خوێنه‌رانی دیمانه‌ش ئاماژه‌ی پێ كردووه. خۆتان قازی بن: سارا : "پرسیاری من ئه‌وه‌یه كه بۆچی له كۆنگره‌ی 10ی خۆتاندا ئه‌وه‌تان ته‌ئید كرد كه ئاڵای كوردستان له هه‌موو ئۆرگانه تهشكیلاتییهكاندا هه‌ڵكه‌ن، به‌ڵام ئێستا ئه‌م كاره‌تان جێبه‌جێ نه‌كردووه؟ هۆكاری چی بوو؟ مه‌گه‌ر ئێوه ناڵێن كه ئێوه هێزێكی كوردستانین و ده‌بێت به ئه‌و په‌ڕی تواناتانه‌وه هه‌وڵ بده‌ن كه مه‌سه‌له‌ی كورد له هه‌موو جێگه‌یه‌كی ئه‌م دونیایه‌دا به‌رجه‌سته بكه‌نه‌وه؟ په‌س كاتێك ئێوه خۆتان حازر نین له ئۆردوگایه‌كی چكۆله‌ی خۆتاندا ئه‌م ئاڵایه دابنێن ئیتر ئیدیعای چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر هه‌ر ئێرانچییه‌تی ده‌كه‌ن بۆ له حیزبی كۆمۆنیستی ئێران جیا بوونه‌وه؟ به باوه‌ڕی من كاتی ئه‌وه هاتووه كه به لایه‌كدا خۆتان ڕوون بكه‌نه‌وه. وه‌ك ئه‌ڵێن یان ئه‌ملا یان ئه‌ولا. یان كوردی ته‌واو یان ئێرانی. هیوادارم وه‌ڵامی پرسیاره‌كانم پێ بده‌نه‌وه. به سپاسی تایبه‌ت،"( سارا پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆنی خۆتان) عه‌بدوڵڵا موهته‌دی: له وه‌ڵامی سارای خۆشه‌ویستدا ده‌ڵێم كه له ڕۆژانی داهاتوودا ئاڵای كوردستان له‌پاڵ ئاڵای كۆمه‌ڵه له‌سه‌ر ده‌روازه‌یه‌كی تازه كه خه‌ریكین دروستی كه‌ین هه‌ڵده‌كرێت و هه‌موو كه‌سیش ده‌توانێ بیبینێ. ئاوا قووڵیشی مه‌كه‌وه، هیچی تێدا به‌سته نییه شێوه‌ی وڵام دانه‌وه‌ی به سارا كه‌مێک هه‌م سه‌یر و هه‌م جیاوازه! یان ڕه‌نگه چونكه سارا كۆنه پێشمه‌رگه‌ی خۆیانه، موهته‌دی به خۆمانه‌ی ده‌زانێ و زیادی "خۆمانه" قسه‌ی دهگهڵدهكات! له‌وێش ڕۆیشتم! له ڕادیۆیهكیتر ( دڵیان زۆر ناسكه، ناوێرم ناویان بێنم، نازانم ئــــــه‌و كوردانه‌ی نۆروێژ بۆ وان!) گوێم له گۆرانییه‌كی تازه بوو. به‌رێوبه‌رانی ئه‌و ڕادیۆ كه‌متر خۆ به ئه‌وه‌وه ماندوو ده‌كه‌ن سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌كانی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن و قه‌ت ناڵێن ئه‌و گۆرانییه هین كام گۆرانیبێژ و كام سیدی یان كاسێته كه بڵاو ده‌بێته‌وه. زۆریش گرنگ نییه، با كورد گوته‌نی سنگمان ئاوه‌دان بێت ( یان فراوان بێت، جوان له بیرم نایه). ئه‌و چه‌ند دێڕه، ئه‌وه‌نده بوو كه من له‌بیرم ماوه، ( له هه‌وای دۆڵ و زورنا بخوێندرێته‌وه، باشتره): یار، یار، یار، یار، یار.... یار، خه‌نه‌به‌ندان، خه‌نه‌به‌ندان، خهنهبهندانێتی ... تۆ ته‌ماشای قه‌د و باڵای بكه .... دایكی به قوربانێتی! تۆ ته‌ماشای قه‌د و باڵای بكه دایكی، دایكی، دایكی به قوربانێتی! ئه‌رێ، دایكی، دایكی، دایكی به قوربانێتی .... دایكی به قوربانێتی! یار، یار، یار، یار، یار.... یار، خه‌نه‌به‌ندان، شه‌ده له ملان، هه‌وری له ملانێتی! ........ ئااااااای، ئااااااااای شووشه‌ی دڵم جامی خه‌مه، خهنهبهندانێتی شه‌وم سارد و ڕۆژم شه‌وه، خهنهبهندانێتی سه‌ر هه‌ڵبێنێ شێتم مه‌که ... خهنهبهندانێتی یار، خه‌نه‌به‌ندان، شه‌ده له ملان، هه‌وری له ملانێتی! تۆ ته‌ماشای قه‌د و باڵای بكه دایكی، دایكی، دایكی به قوربانێتی! ئه‌رێ، دایكی، دایكی، دایكی به قوربانێتی .... دایكی به قوربانێتی! گۆرانی بێژی ئه‌مجاره‌مان "جه‌مشید"ه، كوڕه كوردێكی گه‌نج كه ... نا با سنگم ئاوه‌دان بێت ... هیچ ناڵێم! پێـــــش هه‌موو شتێک به‌ستزمان دایكی بووكێ! ئه‌و هه‌تیوه، خۆی ئاشقی كچه‌یه، كه‌چی دایكی فه‌قیری به قوربان ده‌كات! ده‌ی بڵێ ئه‌ی خۆت "ئـــاوای"؟ بۆ خۆت خۆتی به قوربان ناكه‌ی؟ من ئاخرێكه‌ی تێنه‌گه‌یشتم، ئه‌م گۆرانییه له خۆشی پێک گه‌یشتنی دوو یار گوتراوه، یان له ئێش و ئازاری له‌یه‌ک دابرانیان؟ چونكه كابرا هه‌م شه‌وی سارده و هه‌م ڕۆژی شه‌وه و هه‌م دڵی جامی خه‌مه و جارێكیش بیستم گوتی ده‌سه‌لاتی خۆم نه‌بوو! چ باسه؟ ده‌ترسم وه‌ک كابراكه‌ی "چوو بوو مه‌یخانه، مه‌زه‌ی پێ نه‌بوو" ، له خوماری دا بمهێڵێته‌وه و هه‌ر نه‌زانم چی به چی بوو ... نازانم ئه‌وه چ بهزمێكه گۆرانی بێژی كورد فێری بووه و گوێگر له نه‌زانین و "ئه‌ی چی بوو چی لێهاته‌وه" دا ده‌هێڵێته‌وه، ئه‌وه‌ش نموونهیهكیتر كه له ڕادیۆ زرێبار بڵاو بووه: ئامین و له‌یلێ شه‌ڕیانه له سه‌ر ده‌نكێک زه‌نگیانه .... نازانم خه‌تای كامیانه ......... كاكی گۆرانیبێژ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ک به ئێمه قه‌رزداری. زۆر گرنگه بزانین خه‌تای كامیانه! ( هه‌رچه‌نده، ژن هه‌ر وانه! له سه‌ر هه‌موو شتێک شه‌ڕیانه! له‌خۆڕا نییه ده‌ڵێن دونیا بێ ژن خۆشتره، حه‌قیانه!) پێتان وانه‌بێت باسه‌كه گرنگ نییه! بۆ پێتان وایه ئه‌گه‌ر گرنگ نه‌بایه و مانایه‌كی تایبه‌تی نه‌بوایه قه‌ت ده‌بوو به گۆرانی و ده‌هاته ناو كو‌لتور و فولكلوری كوردی؟ ... قه‌ت! بۆیه تكایه كاكی گۆرانیبێژ به زووترین كات ڕوونمان كه‌وه و چه‌ند بنه‌ماڵه له نیگه‌رانی ڕزگار بكه!
January 4, 2005
ئه‌گه‌ر چی شه‌و دره‌نگه ساقی بۆم تێکه که‌مێکی تر |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|