June 29, 2008
له بیتاقه و تا مه‌طاڕ دوایی دەستە گوڵه‌که‌ی من له پارکی ئازادی شاری قارەمان پەروەری سلێمانی به ئاوم دادا و "بیتاقه" به "بێ تاقەت" تێگه‌یشتم، نۆڕه‌ی کوردێکی تره که ببێته "قوربانی" زاراوەی پشتشکاوی کوردی "برادرانی" کوردی ئه‌ودیو. بۆ پرسیاری بوون و نه‌بوونی بلیت په‌یوه‌ندیم دەگەڵ شرکه‌تێکی "سه‌یر و سەفەر" گرت. کچێک به زمانی نۆروێژی وڵامی دامه‌وه و به کورد دەرچوو. به کوردییه‌کی زۆر جوان و ڕێک و پێک قسەی دەکرد. له ناو قسەکانیدا به‌ڵام چه‌ند وشه‌ی بەکار هێنا که من که‌مێک سەرم سووڕما. لێم پرسی خه‌ڵکی کام شاره. گوتی بانه. گوتم ئه‌ی ئه‌و "مه‌جال و مه‌طاڕ"ه‌ت له کوێ‌ڕا هێناوه. پێکه‌نی. گوتی ئاخر نازانی! گێرایه‌وه گوتی جارێک پیاوێکی هه‌ولێری بۆ کڕینی بلیت په‌یوه‌ندی پێوه گرتووه. هه‌ر پیاوە گوتوویه‌تی "مه‌طار" ئه‌میش گوتوویه‌تی نه‌خێر "قه‌تار" نا، فرۆکه. هه‌ر پیاوه‌که ده‌ڵێ "ده‌لێم مه‌طار مه‌طار" ئه‌ویش ده‌ڵێ نه‌خێر قه‌تار نا، نا، فرۆکه، فرۆکه! گوتی هێنده‌ی نه‌مابوو ڵێمان ببێت به شه‌ڕ تا ئه‌وه‌ی به یارمه‌تی هاوڕێکه‌ی که له په‌نای دانیشتبوو، له‌یه‌ک تێگه‌یشتین و ئەمجارەشیان به خێر گوزەرا. خوا بیدا شووی عەرەب! ماوەیەکە بێ ویستی خۆم له هه‌ندێ باس و نووسراوەی ڕۆژنامه‌کان و ماڵپه‌ڕە کوردییه‌کان ئاگادار دەبمه‌وه. یه‌كێ له‌و هه‌واڵانه‌ی زانین و نه‌زانینی هەر وەک یه‌که بەڵام گۆیا له کوردستان و ماڵپەڕە کوردییه‌کاندا وەک "بۆمبی تەقیو" دەنگی داوەتەوە شووکردنی به‌ڕێز که‌ژاڵ ئه‌حمه‌دی شاعیره. هۆی ئه‌و تەقینه‌وەش هیچ نییه جگه له‌وه‌ی کابرا وەک شتێک "که‌مێک" عەرەبه، عەرەبی ئوردۆن. ئاه و نه‌زیله‌ی پیاوی کوردە له سەر و ژێری وتاره کورت و درێژه‌کاندا که ئه‌ی خۆ ئه‌و خانمه ئه‌م هه‌موو "به فیزه‌وه" باسی کورد و کوردایه‌تی دەکرد بۆ چووه مێردی به "عەرەبان" کردووه. کابرایه‌ک تەنانه‌ت نووسیبووی له‌وانه‌یه که‌ژاڵ خان له‌مه‌و به‌دوا شێعرەکانی به عەرەبی بنووسێت و که‌سێک وەریگێرێتە سەر زمانی شیرینی کوردی. من چ کارم به مێرد کردنی که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د نه‌داوه. که شووکردن و نه‌کردنی مرۆڤ ئاسایی ترین مافی ئه‌و مرۆڤه و ته‌نیا ئه‌و مرۆڤه‌یه و به کێ شوو دەکات و بۆ شوو دەکات و کەی شوو دەکاتیش هەر وەتر. به‌ڵام تێناگه‌م ئه‌و به‌زم و هه‌ڵا و هوریایه چییه سازکراوه. ژن که تا ته‌مه‌نێکی دیاریکراو شوو نه‌کات "ترشاو و پیرەکچه و قه‌یره و ماوەتەوە و که‌س نایخوازێت و ..." و که شووی کرد دەبێ دۆعای به‌خێری هه‌موو گه‌لی کوردی به‌دواوە بێت! چۆنه به سەدان، هه‌زاران کوڕی کورد ژن و دۆسته‌کچ و "ده‌نکی شاردراوه‌ی" فارس و تورک و عەرەب و هه‌موو وڵاته‌کانی تریان هه‌یه و هه‌ژدەر هه‌ژدەر باسی کوردایه‌تی دەکەن و کوردبوون و خۆشەویستییان بۆ کوردستان ناکه‌وێته ژێر پرسیار که‌چی ئه‌گه ژنێک هه‌مان هه‌نگاوی هه‌ڵگرت ئه‌وه دەبێته ڕۆڕۆ هه‌ی ئابڕۆی ئه‌و ژنه‌مان ڕۆ!؟ یانی که پیاوی کورد ژنی غه‌یرە کورد دەخوازێ یان " شتی تر" زەفەر بردنه بە سەر "دوژمن" به‌ڵام که ژنی کورد هاوڕێ، مێرد و دۆستی غه‌یرە کوردی بوو یانی سەرشۆڕی بۆ گەل و لادان له کوردایه‌تی!؟ قێزم له‌م دوو ڕووییه دەبێتەوە. قێزم له "خۆ به درۆیان هه‌ڵکێشان" دەبێته‌وه. قێزم له "شۆڕش کردن به ناوگه‌ڵی ژن" دەبێته‌وه. داخی گران ئه‌و دوو ڕووییه وای ڕیشە داکووتاوە، وا بۆته باو که نابڕێتەوە! ڕشانەوەم دێت!
June 26, 2008
فووتبۆل و پرخە! کابرا دۆڕاندیان. له حه‌ق نه‌گوزه‌رێین باشیان خۆماندوو کرد و دیتنی ئه‌و هه‌ڵات هه‌ڵاته دوور له تام و لزه‌ت نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌و گۆڵه‌ی دەقه‌ی نه‌وەد!!! به هه‌مووی دەهێنا! هه‌ر کایه دەستی پێ‌کرد پەیامی نارد که "یانی هەر بەڕاست ئاڵمان؟!" وتم کاکه من کوردم فێرم له نێوان "خراپ و خراپتر" دا هه‌ڵبژێرم تۆش ئه‌مجارەیان دان به جەرگتا بگرە. بە من چی ئاڵمان بیباته‌وە یا نا، گرنگ ئەوەیه کابرا بیدۆڕێنن ... که دۆڕاندیان! **** هه‌میشه پێموابوو پرخەکانی بابم پرخە نه‌بوون شاپرخە بوون. له بیرمه زۆرجار به نیوەشەو و بەرەبەیانی هه‌ڵدەستامه‌وه و بابم له خەو هه‌ڵدەستاند که حه‌مه گیان پرخەکانت کوشتیانم. هه‌ندێ جار تاقە چاوێکی دەکردەوە و لە بەر خۆیەوە دەیگوت " ئەی خۆم بۆ نایبیستم!" هه‌ندێ جاریش بوو به ناقایلی وەردەگەرا سەر شانی ڕاست یا چەپی و چرکەیەک، باوەر بکە هه‌ر چرکه‌یه‌ک، بێدەنگ دەبوو و هێشتا من سەرم نه‌که‌وتبووە سەر سەرینه‌که‌م پرخەی هه‌ڵدەستاوه. ئەوە قسەی ساڵانی دووره و منیش دوایی ئه‌و هه‌موو ساڵه وردە وردە ژان و ئازارەکانی پرخەم له بیرکردبوو ... تا ... تا ئه‌و ماوەیە. هەر ئەوەندە دەڵێم ئەم ڕۆژانه ڕۆژ نییه نەڵێـم حه‌مه گیان یادت بەخێر که پرخەی تۆ له چاو ئەو پرخانه‌ی ئێستا شەو تا به‌یانی خەو لە چاوم دەزڕێنن و ئەشکه‌نجەم دەدەن هه‌ر پرخە نه‌بوو... جا با هه‌ر بڵێن ژن وەک پیاوی پێ ناکرێت! ئەوەش بەڵگه که له پیاویش "خراپتری" پێ دەکرێت! **** ئی‌مەیلێکم بۆ هاتبوو ڕێکلامی ماڵپەڕێکی کوردی بوو. لینکی شوێنه‌که‌یان دانابوو و به پیتی لاتین نووسیبوویان: bashy pawendyakany shrova :))
June 24, 2008
پێموایه به‌یانییه تورکیه و ئاڵمان کایه‌یانه! تورکیه وێدەچێت هاتبێت ڕق و توڕه‌یی هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی له ناخیدا کۆی کردۆته‌وه له زه‌وی کایه هه‌ڵیڕێژیت. ئه‌وه‌ش باشییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه یانی کایه‌که کایه‌یه‌کی باش و پڕ له ڕووداو ده‌بێت. ئاڵمان بەڵام داخی زۆر شتی له سەر دڵ ماوه‌ته‌وه که‌مترینان داخی بوونی ئه‌و هه‌موو تورکه‌یه له وڵاته‌که‌یان. دەزانن بێت و ئه‌وان بیبه‌نه‌وه هه‌تا هه‌تایه دەبێ گوێیان له "خۆهه‌ڵکێشانی" تورکه‌کان بێت بۆیه دڵنیام هه‌رچی هێزیان هه‌یه کۆی دەکەنه‌وە بۆ ئه‌وه‌ی ڕووی تورکه‌کان که‌م که‌نه‌وه. ئەوەش دیسان به قازانجی جه‌ماعه‌تی "ته‌ماشاچی" تەواو دەبێ. بە هەر حاڵ هه‌رچی دەقەومێت نابێ نابێ نابێ تورکیه بیباته‌وه. خۆ فشه نییه! دۆڕانی ئیتالیام هیچ به دڵ نه‌بوو و بردنه‌وه‌ی سپانیا کۆڵێک خۆش بوو. ئه‌وه‌ش‌له یه‌ک کات و هه‌مان کاتدا! که نه‌توانی له نێوان دوو تیمی له بەردڵان دا هه‌ڵبژێری و ڕێک ئه‌و دوو تیمه کایه‌یانه نازانی چه‌پڵه بۆ کامیان لێ‌دەی. ئاکامه‌که‌ی دەبێته ئه‌وه‌ی له سەد و چه‌ند دەقەی کاتی کایه‌که تۆ لانی که‌م نه‌وه‌د و چه‌ند دەقەی به پێوه دەبی و هه‌ڵبه‌زدابه‌زت به سەر هه‌دوو لایاندا به‌ش دەکەی. دڵی هیچیان ناشکێنی! ئێستا هه‌ستی "پیاوی چەند ژنه‌م" هه‌یه!!! دوایی ئه‌و هه‌موو ساڵه دڵداری کردنه دەگەڵ ئیتالیا و سپانیا دەبینم هیچ پێمناخۆش نابێت ڕووسییه بیباته‌وه! به‌مه دەڵێن شەڕی ناخۆ!!!
June 7, 2008
1- دەڵێن له سەفەردا مرۆڤه‌کان باشتر دەناسی. ڕاسته، زۆر ڕاسته، ئەوە به‌ڵام تەنیا بەشێک له ڕاستییه‌که‌یه. له سەفەردا خۆشت باشتر دەناسی. خۆت، له پەیوەندی دەگەڵ که‌سی به‌رامبه‌ر و دونیای دەوروبەرت، ڕووت دەبێتە‌وه و بەشێک له که‌لێن و قوژبنه‌کان و خاڵه نادیارەکانی دەردەخات. زۆر جار ته‌نیا له په‌یوه‌ندی دەگەڵ ئه‌وانی تر و دەرفەتەکاندایه که بۆت دەردەکەوێت تا کوێی ڕێگه هاتووی و کام سنوور(ه‌کانت) تێپەڕاندووه. ئه‌وه‌ش هه‌ندێ جار دڵنیایی به‌دواوه‌یه و هه‌ندێ جاریش دڵته‌نگی! 2- یەک شەپۆل، دوو شەپۆل، سێ شەپۆل ... شەڕی من و شەپۆله‌کان، ئەو دەمەی به هه‌موو هێزی خۆیانه‌وه دێن و من به‌رز دەکەنه‌وه و قیژه و پێکه‌نین و ترس تێکه‌ڵ دەبنه‌وه. خۆش ئه‌وه‌یه نه من کۆڵ دەدەم و نه ئه‌وان ئارام دەبنه‌وه. هه‌ر منم، به هه‌موو ترسەکانمه‌وه، هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌چمه پێش و هه‌ر ئه‌وانن به‌ره‌و پاش پاڵم پێوە دەنێن. و ڕێک ئه‌و دەمەی وەک بابۆڵه له ناو خۆیاندا دەتپێچنه‌وه و نوقم دەبی، نه هیچ دەبینی و نه هیچ دەبیستی، نه کەس دەتبینێت و نه که‌س دەتبیستێ، وەک ئه‌وه‌یه له هه‌موو دونیا و دەنگه‌کان هه‌ڵبڕاوی. یه‌ک چرکه‌یه و به‌س. یه‌ک چرکه له نه‌بووندا! 3- ئه‌مجارەش چوومه ناو هه‌ر دووکانێک، هه‌ر چێشتخانه‌یه‌ک، قاوه‌خانه‌یه‌ک، هه‌موو پێیان وابوو خه‌ڵکی وڵاتی ئه‌وانم و به زمانی خۆیان ده‌یاندواندم. هه‌ستێکی خۆش بوو، ئه‌وه‌ی به چاوی "خۆمانه" چاوت لێ بکه‌ن و له خۆیانت بزانن! وه‌بیرم هاته‌وه له شاره‌که‌ی خۆم لێیان پرسیم "کوردی کوێی؟" 4- ئه‌و سەفەرە هیچی که‌م نه‌بوو گوڵپه‌ڕ نه‌بێت! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|