Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

May 22, 2003

هه‌زار ساڵه له كوێره ڕێگه‌یه‌ك به ناوی ژیان دێم و ده‌چم كه‌چی خوشكم ده‌ڵێ : "سی و دوو ساڵ به‌ر له ئێستا ، پاش نیوه‌رۆیه‌كی پاییزی ، بارانێكی توند ده‌باری، له ژوورێكی ته‌ڕی بچووك له دایك بووی .... "

ئێستاش قورسایی هه‌زار ساڵ كه‌وتن و كه‌وتن و كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه ، گه‌ڕان و گه‌ڕان و گه‌ڕان و نه‌دیتنه‌وه ، به شانه‌وه ، كه‌مێك ماندووم ...

خوشكم ده‌ڵێ : " من و كه‌ماڵ له پشت په‌نجه‌ره‌وه دیمانی كه ماماكه تۆی دا به باوه‌شی دایكم و ..."

ئێستاش من هه‌زار ساڵه تاسه‌ی لێوی دایكم له سه‌ر گۆنام، دڵمی داگیر كردووه ... هه‌زار ساڵه نه‌‌مگوتووه : دایه ... هه‌زار ساڵه پێم نه‌گوتراوه : كچم !

خوشكم ده‌ڵێ : " دایكم قه‌ت نه‌یتوانی به ده‌سترازه‌ ، ده‌سته‌كانت ببستێته‌وه ... مورویه‌كی شین و كه‌مێك مێخك به لانكه‌‌كه‌ته‌وه هه‌ڵواسرابوو ، ده‌ستت بۆ درێژ ده‌كرد و .... "

ئێستاش هه‌زار ساڵه تواومه‌ته‌وه له بۆنێ كه به‌روكی ئه‌وی كرد بوو به ماڵ ...

خوشكم ده‌ڵێ : " سی و دوو ساڵ .... " منیش هه‌زار ساڵه ده‌گه‌رێم له شوێنێ بۆ حه‌سانه‌وه‌م ، بیكه‌م به سه‌رین ...



May 21, 2003

له‌وانه‌یه باشترین كار بوو كه كردت ... ڕۆیشتنه‌كه‌ت ده‌لێم . له‌وانه‌شه باشتر بوو قسه‌كانت كرد با، لێم توڕه ببای و مابایه‌وه و قه‌ت ئه‌م ده‌رگایه‌‌ت له پشت سه‌رت دانه‌خستبا !! له‌وانه‌یه باشتر بوو من ڕۆیشتبام و تۆ مابایه‌وه ... ئاوا شانسی به یه‌كگه‌یشتنه‌وه‌مان زۆرتر ده‌بوو ...

... له‌وانه‌یه ئێواره‌‌ی خۆڵه‌مێشی دووشه‌مه‌یه‌ك بگه‌ڕێیه‌وه ...



له‌وانه‌یه تۆ كه ڕۆیشتی له‌تێكی بچووكی ناو سنگی منیشت برد ... بۆشاییه‌كه‌ی هه‌ست پێده‌كه‌م ... له‌وانه‌شه كه ڕۆیشتی له‌تێك له دڵی خۆتت به جێ هێشت، گه‌رماكه‌ی هه‌ست پێده‌كه‌م ...



له‌وانه‌یه سێبه‌ری خۆتت نه‌بردبێت، هه‌موو شه‌وێ ده‌ڵێ:‌ دێیه باوه‌شم؟ ... له‌وانه‌شه ده‌نگی منت ده‌گه‌ل خۆت بردبێ.ده‌مێكه لێی ده‌گه‌رێم...

خه‌مه خه‌و له چاوم ده‌زرێنێ یان خه‌وه ڕێگه‌ی باوه‌شی خه‌مم نیشان ده‌دات؟

یان ... له‌وانه‌شه منم له كۆلانه‌كانی سه‌رده‌می منداڵیم به‌جێ ماوم و قه‌ت نه‌گه‌یشتمه تـــــــــــــــــۆ ....



May 19, 2003

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش كه‌سێك به ناوی مام حه‌سه‌ن e-mail بۆ من ناردبوو و له‌وێدا، نه‌ك ڕاسته‌وخۆ به من ، به‌ڵكوو هه‌رچی به سه‌ر زمانی هاتبوو به كچ و ژنی كوردی گوتبوو. په‌یامه‌كه‌ی زۆر دوور و درێژ نه‌بوو، باشتر بڵێم 11 خه‌ت زیاتر نه‌بوو به‌ڵام 28 جار وشه‌ی جنده‌ی تێدا بكار هێنابوو. مام حه‌سه‌ن به هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی له هه‌نده‌ران ده‌ژین ده‌ڵێ جنده. به هه‌موو ئه‌وانه‌ی وێبلاگ ده‌نووسن، سایتیان هه‌یه یان به شێوه‌یه‌ك له ئه‌ركی ڕاستی و سه‌ره‌كی خۆی واته خزمه‌ت كردن به مێرد ومنداڵی دوور بۆته‌وه و پێی وایه بۆته"به‌شه‌ر" ده‌ڵێ جنده! مام حه‌سه‌ن تف و له‌عنه‌تی ئه‌و ژنانه ده‌كات كه به قسه‌كانیان ژنی ئارام و به حه‌یا و ناموس له ڕێ به‌ده‌ر ده‌كه‌ن و زمانیان پێ ده‌كه‌نه‌وه! مام حه‌سه‌ن ده‌‌ڵێ هه‌ر ژنێكی سه‌ر به‌رز كاته‌وه و جوابه جه‌نگی پیاو بكات جنده‌یه !!!


ئه‌و شتانه‌ی من ده‌مه‌وێ بیڵێم وڵام دانه‌وه به مام حه‌سه‌ن نییه! ئه‌و هیچ وڵامێكی پێویست نییه. بڕیاری خۆی داوه و ته‌واو. به‌ڵام ئێستا كه له‌قه‌بی شه‌ریفی "جنده" بوونیان به هه‌موو ژن و كچێكی هه‌نده‌ران به‌خشیوه ، پێم خۆش بوو بزانم هه‌ر به‌راست به كێ ده‌ڵێن جنده و جنده بوون یانی چی ؟


ئه‌وانی هۆش و هه‌ستێكی حه‌ساسیان هه‌یه و به بیستنی هه‌ندێ وشه توڕه یان دڵگیر ده‌بن با ئه‌و چه‌ند دێره‌ی خواره‌وه نه‌خوێننه‌وه .


وتم ویستم بزانم "جنده" یانی چی و به كێ ده‌لێن جنده؟ له دوو كتێبی فه‌رهه‌نگی وشه‌ی فارسی و كوردی به دوایا گه‌رام. له فه‌رهه‌نگی فارسی عمید نووسراوه : جنده : زن بدكاره و روسپی . له فه‌رهه‌نگی هه‌نبانه بۆرینه دا نووسراوه : جنده‌ : قاحبه، ژنی خۆفرۆش ( نازانم مامۆستا هه‌ژار بۆ ده‌لێ خۆفرۆش. خۆفرۆش بۆ من به مانای جاش دێت. باشتر نه‌بوو بلێت له‌ش فرۆش؟)


مانای كتێبیی ئه‌و وشه‌یه‌ ده‌گه‌ڵ مانایه‌ك كه له ناو خه‌لك بۆ ئه‌م وشه‌یه باوه، كه‌م تا زۆر جیاوازیان هه‌یه.


ڕاسته، ئه‌‌و وشه‌یه‌مان زۆر بیستوه. دوو پیاو به یه‌كه‌وه شه‌ڕ‌ده‌كه‌ن به دایك و ژنی یه‌ک ده‌لێن جنده. دوو منداڵی بچووك پێكه‌وه شه‌ڕ ده‌كه‌ن به دایك و خوشكی یه‌ك ده‌ڵێن جنده. پیاو بۆ سووك كردنی یه‌كتر جنێوی ژن جنده زۆر به‌ كار دێنن !!


به‌ڵام كه لێی ورد ده‌بێوه ده‌بینی به گشتی به كچ و ژنێك كه دژ به داب و نه‌ریتی په‌سه‌ند كراوی كۆمه‌ڵگا هه‌لد‌ه‌ستێته‌وه و به شێوه‌یه‌ك له ژنان و كچانی تر جیاواز ده‌بێته‌وه ده‌لێن جنده تا به‌و شێوه‌یه و به‌م وشه‌یه جیاواز بوونه‌كه‌ی ده‌ست نیشان بكه‌ن !!! ژنێك كه له سه‌ر پێی خۆی وه‌ستاوه، كورد گوته‌نی ئاغا و كوێخای خۆته‌تی، ژنێك كه له په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی "ئازاتر" و ئازادتر" ده‌نوێنێ، ژنێك كه جیا بۆته‌وه و ته‌نیا ده‌ژی، ژنێك كه زۆر خۆی به "عه‌یبه" و "شه‌رمه و حه‌یامان ده‌چێ" ماندوو ناكا ... به گشتی هه‌ر ژنێك كه به شێوه‌یه‌ك هه‌ره‌شه‌یه‌كه بۆ نۆرمه په‌سه‌ند كراوه‌كانی كۆمه‌ڵگا، به جنده ناو ده‌بردرێت.


ده‌بینین كچێك، ژنێك كه به جنده ناو ده‌بردرێت ، كچێك یان ژنێك نییه كه " له‌ش فرۆشی" ده‌كات یان "بدكاره‌"یه . با ئه‌م ڕاستییه‌مان له بیر بێت كه له كۆمه‌ڵگای ئێمه زۆربه‌ی پیاوان و ته‌نانه‌ت زۆر ژنیش(له‌ بیرمه، هه‌میشهexception هه‌یه. ببوورن، كوردییه‌كه‌ی نازانم) ته‌نیا كاتێك ڕێز بۆ ژن داده‌نێن كه سێبه‌ری پیاوێكی ( باب، برا، مێرد) له سه‌ر بێت. بۆیه ژنی بێ پیاو سووكه و ژنی سووك جنده‌یه‌ !!


ده‌توانین ئاوای كورت كه‌ینه‌وه كه‌ ئه‌م وشه‌یه بۆ هه‌ر ژنێك، وێراوێتی جیاواز بێ، به‌كار هێندراوه. ئه‌م وشه‌یه بۆ هه‌ركچێكی ئازا بوو و ویستوویه‌تی ئازاد بژیت، به كار هاتووه. ئه‌م وشه‌یه به هه‌موو كچ و ژنێك كه وێراویانه بڵێن " نـــــا" و نۆرمه‌كانی كۆمه‌ڵگا بشكێنن و چوارچێوه‌یه‌كی نوێ كه په‌سه‌ند كراوی خۆیانه دامه‌زرێن ، گوتراوه. ئه‌م وشه‌یه به هه‌موو ژن و كچێكی ویستوویانه له مافی "هه‌ڵبژاردنی" خۆیان كه‌لك وه‌رگرن و چاوه‌رێ نه‌ماونه‌وه كه‌سێكی تر ئه‌و مافه‌یان پێ بدات ، ده‌گوترێ. به كوردی و به كورتی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی جیاوان ، جنده‌ن !!!


***
من نازانم مام حه‌سه‌ن بۆ توڕه ببوو. من نازانم مام حه‌سه‌ن چۆن و له كوێرا ده‌زانێ هه‌موو ژنه كوردێكی هه‌نده‌ران چۆنن و چۆن ده‌ژین. به‌ڵام ده‌زانم نموونه‌ی مام حه‌سه‌ن زۆره . ده‌زانم ئێمه فێرین چاو بقوچێنین و زار بكه‌ینه‌وه. ده‌زانم ئێمه زۆر جار وا حالی بووین جیاواز بوون یانی خراپ بوون. ده‌ڵێ هێشتا زۆری ماوه ‌‌تێبگه‌ین كه "خراپ حاڵی بووین" .


*****************


وتم زۆرم پێناخۆش ده‌بێ كه‌سێك دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نووسراوه‌یه كۆمێنت دانێت و جنێوم پێبدات. گوڵه‌گه‌نم گوتی هه‌ر له ئێستاوه بنووسه : ‌هه‌ر كه‌س جنێوی دا، بۆ خۆیه‌تی !!


میلله‌ت هه‌ر كه‌س جنێوی دا، بۆ خۆیه‌تی !




May 15, 2003

به‌ڕماڵی دایكم نییه كه ئێستا بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه ، به‌ر ماڵه قه‌یدیمییه‌كه‌مانه كه زۆر جار دایكم له سه‌ر تاقه پلیكانه‌كه‌ی داده‌نیشت و چاوه‌رێی هاتنه‌وه‌ی منی ده‌كرد . قیبله‌ی دایكم كوێ بوو؟ ئه‌وێ كه به‌رماڵه‌كه‌ی به‌ره‌و ڕووی ڕاده‌خست؟ یان ئه‌وێ كه جارێك، ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ، هه‌واڵێكی خۆشی لێوه هات و دایكم پێكه‌نی؟ دایكم به ده‌نگی بانگی به‌یانی له خه‌و هه‌ڵده‌سا یان چریكه‌ی باڵنده‌ بێ هێلانه‌كان بوو خه‌ویی لێ ده‌شێواند ؟... دایكم كه سوژده‌ی ده‌برد بۆ چی ده‌پاراوه ؟ ...

***
گوتی :‌ بۆ كوڕه چلمنه پێخواسه‌كه‌ی هاوسێمان 50 تمه‌ن، یانی ده‌وڵه‌مه‌ندی ... بـــــــــــۆ "په‌ری" ، له هه‌ر جێیه‌ك لێدانی لێنه‌كه‌وێ، یانی "مـــــــــــاڵ" ... گوتی "زارا" به پێكه‌نین ده‌ڵێ ئازادی ...

***
سالار ده‌ڵێ:" هه‌ر كه‌س ماسییه‌ك بكوژێ قاتڵه" ... هیوا ده‌ڵێ : "هه‌ر ئه‌وه‌ی كوێر بێت، گوڵ‌ ده‌چنێ" . شنه ده‌ڵێ: "چ سوودێكی هه‌یه بیر كردنه‌وه ، ئه‌گه‌ر نه‌بێت به هاوار ؟" سورین ده‌ڵێ : " زۆر دره‌نگتر له‌وه‌یه بوون و نه‌بوون فه‌رقێكی هه‌بێت، ئێمه هه‌موو له ڕووی عاده‌ت ده‌‌ژین"

***
گوتی :‌" پـــــــــــه‌ری ده‌یگوت : باوه‌ر ناكه‌ی؟ ته‌نیایی یانی به‌خته‌وه‌ری" ...

***
هیوا ده‌ڵێ : " دایكم گوتی یه‌كێك له‌و كچانه‌ی كه‌ینه‌و به‌ینه‌ت ده‌گه‌ڵی هه‌یه، بێنه. گوتم هێشتا the one تووشم نه‌بووه" .ڕۆیا ده‌ڵێ : "ئه‌گه‌ر دایكم بزانێ ده‌گه‌ل كورێك نێوانم هه‌یه له ترسان شێت ده‌بێ" ... سالار ده‌لێ: " بابم تا ده‌گه‌ڵ Anna ده‌مبینێ، ده‌لێ كوڕه‌كه‌م بۆته پیاو" . شنه ده‌ڵێ : "بابم ئه‌گه‌ر ده‌گه‌ڵ ‌كورێك بمبینێ سه‌رم ده‌برێ"...



May 13, 2003

بێده‌نگی سه‌ره‌تای فه‌رامۆشییه ... فه‌رامۆشی نازناوی مه‌رگه !



May 11, 2003

تێده‌په‌رن. ڕۆژه‌كان ده‌لێم. خۆ به داوێنی كات هه‌ڵداوه‌سن و ده‌رۆن و ده‌بن به سێبه‌رێك به ناوی ڕابردوو. خولانه‌وه‌یه. دوو پات بوونه‌‌وه. وه‌ك سه‌ر و خوار كردنی 17 نهۆم . جار هه‌یه هه‌ناسه‌ت پێده‌برێ و جار هه‌یه مه‌ودات ده‌داتێ بۆ بیر كردنه‌وه. لێ قوڵ ‌بوونه‌وه و به سه‌ردا چوونه‌وه ...



كات هه‌میشه پێویسته. كاتێك بۆ بیر كردنه‌وه، كاتێك بۆ له بیر كردن. كاتێك بۆ وه‌بیر هاتنه‌وه و كاتێك بۆ وه‌بیر هێنانه‌وه ... ئه‌وانی لێی حاڵین پێی ده‌لێن ژیان. من هێشتا هه‌ر ده‌لێم مرۆڤ ! هه‌ندێ ده‌لێن چاره‌نووس من هێشتا هه‌ر د‌‌ه‌ڵێم هه‌‌ڵبژاردن! گه‌ران بۆ دۆزینه‌وه. بۆ ئۆقره گرتن ، هه‌ول بۆ حه‌سانه‌وه ... گرووی لێ حاڵی بوون.



جار نا ژیان گۆمێكی مه‌ندی تاریكه! نه ئه‌ستێره‌یه‌ك هه‌یه تا نه‌‌هێنی تاریكیت بۆ بدركێنێت! نه دڵۆپه بارانێ تا ئه‌م گۆمه مه‌نده بشڵه‌ژێنێت! نه ئاوێنه‌یه‌ك تا به‌رامبه‌ری ڕووت بییه‌وه و له‌ته بزر بووه‌كانی ڕوحت بدۆزییه‌وه !



جار نا ژیان گۆمێكی زێروه‌شانی ده‌مه‌و كازێوه‌یه ! له باوه‌شی خۆرا ئارام ڕاكشاوه و به ڕووت پێده‌كه‌نێ! جار نا جارێ پێلێكی به‌ره‌و كه‌نار ده‌نێرێت و ده‌نكه مروارییه‌ك ده‌خاته كۆشته‌وه !

****
سه‌فه‌ری ده‌روون، به ناخا ڕوو چوون ، له عاره‌ق خواردنه‌وه ده‌چێ. سه‌ره‌تاكه‌ی سه‌رخۆشی و دواتر گریان و كۆتاییه‌كه‌ی ڕشانه‌وه‌یه ... یان ... ؟



ده‌ست پێكردنه‌وه‌یه‌كی دووباره؟ ....




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------