Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

August 17, 2004

هه‌ر ڕۆژ كه تێده‌په‌ڕێت ئه‌و ڕاستییه كه من مرۆڤێكی بێ‌تام ساده‌م و به‌‌كه‌ڵكی ئه‌و ڕۆژگاره نایه‌م زۆرتر و زیاتر خۆی ده‌سه‌لمێنێت! هه‌ر ڕۆژ كه تێده‌په‌ڕێت، به هه‌ر ڕووداوێكی ساده زیاترو زۆرتر دڵنیا ده‌بم كه جنسی دڵی من به‌رگه‌ی ته‌كانه‌كانی باوی ئه‌مڕۆ ناگرێت و هه‌ر ئه‌ورۆ و سبێیه داكه‌وێته خوار! هه‌موو جارێ به خۆم ده‌ڵێم شته‌كان له‌وه‌ی كه هه‌ن خراپتر نابن و هێشتا چی‌وا تێنه‌په‌ریوه و زۆر خراپتره‌كه‌ی به چاو ده‌بینم و سه‌رم دیسان سووڕ ده‌مێنێت و تا ماوه‌یه‌كی كاس ده‌بم و نازانم شته‌كان چۆن بۆ خۆم لێكده‌مه‌وه! هه‌موو جارێ به خۆم ده‌ڵێم كه‌سێک كه مه‌جبوور نه‌كرابێت، خۆ نه‌خۆش نییه درۆ بكات، و زۆری پێناچێت ده‌بینم با نه‌خۆشه! هه‌موو جارێ به خۆم د‌‌ڵێم نا، باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌سێک دڵی ئه‌وه‌ی هه‌بێت بێ هیچ هۆیه‌ک كه‌سێكی‌تر ئازار بدات، هه‌ستی بریندار بكات، درۆی ده‌گه‌ڵ‌ بكات، بێ‌ڕێزی پێ بكات! هێشتا له لێكدانه‌وه‌كانی خۆمدا په‌له‌قاژه‌ی ده‌كه‌م كه ده‌بینم با، هیچ كه‌س بۆ هیچ كارێک هیچ هۆیه‌كی پێویست نییه و هه‌ر كه‌س هه‌رچی پێی‌خۆش بێت و هه‌ر جۆرێک بێت ده‌توانێت وه‌ک ‌ئاو خواردنه‌وه، سه‌رو گوێلاكی كه‌سێکی‌تر داگرێت!

تاڵترین شێوه ئه‌وه‌یه نه‌زانی كه‌سێک له كوێ وه‌ستاوه و تۆ ئه‌وت له كوێ هه‌یه، قسه‌كانی نه‌رم و كرده‌وه‌کانی تیرێكی ژاراوین ... هه‌میشه هه‌وڵمداوه بیر له بیانوو بچووكه‌كان بكه‌مه‌وه كه دڵ ‌پێی خۆش ده‌بێت، هه‌میشه هه‌وڵم داوه باشترینه‌کان له لای مرۆڤه‌كان ببینم، هه‌میشه هه‌وڵم داوه ئه‌و دیوی شته‌كان ببینم تا تاقه‌ت بێنم ...

ئه‌مڕۆ، ئێستا ... هه‌رچی چاو ده‌گێرم هیچ به‌هانه‌یه‌ك نابینمه‌وه!




August 15, 2004

له‌بیرمه یه‌كه‌م جار ده‌نگتم له ناو په‌یام‌گیری مۆبایله‌که‌مدا بیست. له‌بیرمه دواتر به چ شه‌ڕمێكه‌وه قسه‌مان كرد، له بیرته؟ له بیرمه یه‌كه‌م جار كه قسه‌مان كرد هه‌زار شت بوو ده‌مویست پێتی بڵێم و نه‌مگوت و زۆر شت بوو ده‌تویست باسی بكه‌یی و نه‌تكرد، له‌بیرته؟ له‌بیرمه وتت "به كوردی دڵداری ناكرێت!"، له‌بیرمه من تامه‌زرۆی بیستنی بووم، له‌بیرمه دواتر هه‌موو ڕۆژێ به كوردی ده‌تنووسیی "خۆشمده‌وێی" له‌بیرمه هه‌موو شه‌وێک قسه‌مان ده‌كرد، ڕۆژه‌كان به وتنی "به‌یانیت باش" به تۆ ده‌ستی پێده‌كرد و خه‌یاڵ و خه‌ونه‌كان به بیستنی "شه‌وخۆش گوڵم" داگیریان ده‌كردم، له‌بیرته؟ له‌بیرمه شه‌وێك له عاڵه‌می مه‌ستیدا بۆت نووسیم "بیرت ده‌كه‌م به جۆرێك كه قه‌ت بیری كه‌سم ئاوا نه‌كردووه"، له‌بیرمه چاوه‌كانم ته‌ر بوون. له‌بیرمه ئه‌و ڕۆژه‌ی به نه‌دیتنی تۆ ده‌ستی پێده‌كرد، درێژترین ڕۆژی ژیانم ده‌بوو، له‌بیرمه وه‌ك بڵێی كات وه‌ستابێت، ڕۆژه‌كان نه‌ده‌ڕۆیشتن، له‌بیرته؟ له‌بیرمه نه‌مزانی شته‌كان چۆن ده‌ستیان پێكرد، له‌بیرمه نه ده‌متوانی بگه‌رێمه‌وه بۆ دواوه و نه‌ده‌متوانی ده‌ست له خه‌یاڵی خۆشه‌ویستیت هه‌ڵگرم، له‌بیرمه تاڵترین ترسی ژیانم ته‌جره‌به كرد، له‌بیرته؟ له‌بیرمه شه‌وێک له ترسه‌كانمدا توامه‌وه، له‌بیرمه تۆ دوو كه‌س بووی، له‌بیرمه " هه‌م تۆم خۆشده‌ویست و هه‌م ئه‌ویش"، تۆ دوو كه‌س بووی، من ئه‌وه‌م ده‌زانی و تۆ هێشتا به‌م نه‌هێنییه‌ی خۆتت نه‌زانیبوو، له‌بیرته؟ له بیرمه یه‌كه‌م جار كه دیتمی، ئه‌وه‌ڵ له چاوه‌كانتدا خۆم دیته‌وه و دوایی له باوه‌شتدا ون بووم. له‌بیرته؟ له‌بیرمه هه‌رجاره‌‌ی ده‌ستم ده‌گرتی ده‌مویست پێت بڵێم ... به‌ڵام نه‌ده‌كرا... نه‌ده‌بوو ... نه‌مده‌توانی! له‌بیرمه هه‌رجاره‌ی چاوت لێده‌كردم چاوه‌روانی بیستنی بووم... به‌ڵام نه‌ده‌كرا ... نه‌ده‌بوو ... نه‌تده‌توانی! له‌بیرمه وتت: " ئه‌گه‌ر بڵێی بمێنه‌وه، ده‌مێنمه‌وه!"، له‌بیرمه پێم وتی:" حه‌ز ده‌كه‌م خۆت شته‌كان ببینی و بته‌وێت كه بمێنییه‌وه"، له‌بیرته؟ له‌بیرمه ڕۆیشتی، ڕێك ئه‌و ڕۆژه‌ی نه‌ده‌با، رێك ئه‌و كاته‌ی دیواره‌كان هه‌موو ڕووخابوون، ڕێك ئه‌و ڕۆژانه‌ی من ده‌مویست ماوه‌یه‌ك پاڵ‌ بده‌مه‌وه، له‌بیرمه دڵم شكا، له‌بیرته؟ له‌بیرمه من زمانم نه‌گه‌را، تۆش چاوت نه‌گێرا. له‌بیرمه من زۆرم قسه كرد، بێ‌ئه‌وه‌ی هیچ بڵێم، له‌بیرمه تۆش چاوت گێرا، بێ‌ئه‌وه‌ی هیچ ببینی، له‌بیرته؟ له‌بیرمه گه‌رایه‌وه، یه‌کجار، دووجار، سێ جار ... من قه‌ت هیچم نه‌گوت، تۆش قه‌ت هیچت نه‌دیت. له‌بیرته؟ له‌بیرمه دڵم شكاندی، له‌بیرمه ببووم به به‌رد، له‌بیرمه ڕۆیشتی، له‌بیرمه له خۆم تۆرام. له‌بیرمه من ته‌نیا بووم، له‌بیرمه تۆش ته‌نیا بوویی. له‌بیرمه دوور بووینه‌وه، دابڕاین. له‌بیرته؟ له‌بیرمه من هاتمه‌وه، من به‌رگه‌ی دابڕان ناگرم. من به‌رگه‌‌ی دووری ناگرم. له‌بیرمه نه‌مناسییه‌وه. له‌بیرمه ده‌سته‌كانت، چاوه‌كانت، لێوه‌كانت بۆم نامۆ بوون. له‌بیرمه ئیتر "ئه‌و دووانه" نه‌‌‌بووی وا من ده‌مناسین. له‌بیرته؟

ئه‌مڕۆ ...
به‌س له‌بیرمه بووی به به‌شێكی گه‌وره‌ی ژیانم، تۆ له‌بیرت نییه. له‌بیرمه بووی به پردی گه‌رانه‌وه‌م بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه، تۆ له‌بیرت نییه! تۆش ته‌نیا له‌بیرته من ترسام. له‌بیرته من دڵـم شكاندی. له‌بیرته من له ترسه‌كانمدا توامه‌وه ...

ئێستا...
هه‌موو ڕۆژێ به خۆم ده‌لێم:"‌ كچی باش له‌بیرت بێت ئه‌وانه‌ت قه‌ت له‌بیر نه‌چێت!". هه‌موو جارێ خۆم ده‌ڵێت:" بڵێی ئه‌و ئه‌وانه‌ی قه‌ت له بیر بچێت؟!". هه‌موو ڕۆژێ دڵم ده‌ڵێت:" بریا بیره‌كانمان كردبا به یه‌ك، بریا بیره جوانه‌كانمان زیندوو ڕاگرتبا. دڵم ده‌ڵێت: بریا هه‌ر كه‌س هه‌ركه‌سی خۆشده‌وێت قه‌ت له‌بیری نه‌چێت زۆر زوو دره‌نگ ده‌بێت. بریا هه‌موو كه‌س له‌بیری بێت ده‌رفه‌تی پێكه‌وه بوون كورته، حه‌یفه به فیرۆ بچێت!"



August 14, 2004

چركه‌ی ساعه‌ته سپییه‌كه‌ی سه‌ر دیوار، له بێده‌‌نگی ژووره‌كه‌مدا ده‌زرینگێته‌وه. هه‌ر ئه‌ویشه پێمده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر ده‌نگم ده‌بیستی ئه‌وه یانی خۆتی نوقمی بێده‌نگیت! ده‌ڵێت: ده‌زانی ئه‌و چركانه ناگه‌ڕێنه‌وه!؟ زیڕه‌ی مردنی كات ده‌بیستی؟ جێ پێی زه‌مان له‌سه‌ر ڕووخسارت ده‌بینت؟ ئه‌و چین و چروكه‌ی به ئاسپایی ده‌خزێنه ژێر چاوت چی؟"

هه‌ڵده‌ستم باترییه‌كانی ده‌ردێنم و بێده‌‌نگی ده‌كه‌م تا تۆ كه زۆر له‌مێژه هاتووی و له‌ناوڕاست بیره ئاڵۆزه‌کانمدا هه‌ڵترووشكاوی، ده‌نگم ببیستی! ئه‌گه‌ر كه‌مێك سه‌ر به‌رز كه‌یه‌وه، ڕوانیمان له‌یه‌ك گرێ ده‌درێت و تۆ ده‌توانی سێبه‌ری خۆت له چاوی مندا ببینی! سه‌ر به‌رز ناكه‌یه‌وه و من ده‌زانم له بوونی سێبه‌ره‌كه‌ی خۆت دڵنیای. ده‌مبیستی؟ نازانم... نا، باوه‌ڕ ناكه‌م! بـــــــــــاوه‌ڕ؟ ... همممم، كام باوه‌ڕ؟

ڕاده‌كشێمه سه‌رپشت، له‌سه‌ر فه‌ڕشه سووره‌كه‌م، په‌نجه‌ره كراوه‌ته‌وه و با، كه‌مێك گه‌رما و كۆڵێك هاژه‌ی ئۆتومبیل و كۆشێك هه‌رای چه‌ند گه‌نجی سه‌رخۆش ده‌گه‌ڵ خۆی دێنێت! ئه‌وان قاقا پێده‌كه‌نن، به‌چی، زۆر گرنگ نییه! هاتوون "ده‌گه‌ڵ‌ شه‌و تا نیوه‌ی ڕێ بڕۆن" و ده‌ڕۆن و تا ناوقه‌دی ڕۆژ بۆی ده‌نوون! ئه‌و دیو ئه‌و دیو ده‌بم، ده‌كه‌ومه سه‌ر لای چه‌پ، گوێ بۆ ده‌نگی دڵم ڕاده‌گرم، دێت و نایه‌ت، ده‌نگی ناناسمه‌وه، وه‌ك ئه‌و ئاخر جاره‌ی تۆم دیت و پێم گوتی ناتناسمه‌وه، ئه‌و هه‌موو غه‌ریبیه بـــــــــــــــــۆ؟ به خۆم ده‌ڵێم " ئه‌گه‌ر وڵام خۆشه‌ویستی بێت، ئه‌ی ده‌بێ پرسیاره‌كه چی بێت؟" خۆم پێم پێده‌كه‌نێت، ده‌‌ڵێت: مــــــــه‌رج دۆزینه‌وه‌ی پرسیاره‌كانه، وڵام دانه‌وه یان دیتنه‌وه، قه‌ت كارێكی زۆر دژوار نییه! له‌بیرم بێت له‌بیرم نه‌چێت بیر له پرسیاره نادیاره‌كان بكه‌مه‌وه!

هه‌ڵده‌ستمه‌وه! چ تاریكه! ئه‌و هه‌وره تریشقانه‌ی به‌یانی منیان بێ‌خه‌و كرد، له كوێن دڵی تاریكی بدڕێنن؟ له سه‌ر لێواری دۆشه‌گه‌كه‌م داده‌نیشم، چاوم ده‌كه‌وێته وێنه‌کانمان. چ تاڵ! یانی ده‌‌ته‌وێت ببیت به بیری ناو وێنه‌یه‌ك كه به تێپه‌ڕبوونی زه‌مان زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێت؟ یانی به‌م بیره برشاوییانه‌ی وێنه‌یه‌کی سه‌ر مێزه‌که‌ت وه‌بیرت ده‌خاته‌وه‌، ڕازیت؟ وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ی بۆ تۆ بوون به بیرێكی دوور و ئێستا له‌ناو چوارچێوه‌یه‌کی خۆڵاویدا حه‌پست كردوون تا له‌بیرت نه‌چنه‌وه؟ ئه‌وه‌ خۆمه‌ به‌رۆکی گرتووم: ئه‌ی سه‌ودای بیستنی ده‌نگ چی؟ تكای بۆنی سنگ؟ ده‌ستی ڕاستم ده‌بێته كۆڵه‌كه‌ی لای چه‌پی سنگم ... خه‌ریكه ده‌ڕووخێت!

ڕاده‌كشێمه‌وه، له‌سه‌ر سنگ، به‌س چركه‌یه‌ك! ... ده‌‌كه‌ومه‌ لای ڕاست، خۆم گرمۆڵه ده‌كه‌م، هه‌ر دوو ئه‌ژنۆم له باوه‌ش ده‌‌گرم، هێدی هێدی خۆم ڕاده‌‌ژێنم، ژانه‌كه‌م كه‌م‌كه‌م وه‌ک بڵێی ژیــــــر ده‌بێته‌وه، نازریكێنێت! خۆت لێره نیت و بیرت له ناو بیره ئاڵۆزه‌كانما هه‌ڵترووشكاوه. نه ده‌مبینیت و نه ده‌مبیسیت! منیش خه‌ریكم ملوانكه‌ی پچراوی چیرۆكێک سه‌ر له نوێ ده‌هۆنمه‌وه تا شته‌كان مانایه‌كی دووباره په‌یدا بكه‌نه‌وه ....

تۆش پێم ده‌ڵێیت: چ ڕه‌نجێکی بێهــــووده‌!




August 12, 2004

خۆر خه‌ریكه ئاوا ده‌بێت و هێدی هێدی داوێنه ته‌نكه سووره‌كه‌ی كۆ ده‌كاته‌وه! منیش ته‌‌‌نیام!  بۆنی گه‌رما و تامی ته‌‌نیایی كه تێكه‌ڵ ‌ده‌بێت، جۆرێك بێ‌قه‌راری به‌رۆكت ده‌گرێت!  وێنه‌كان دێنمه‌وه گۆڕێ! ڕامان گه‌وره بووه. چاوه ڕه‌شه‌كانی پڕه له ژیان و بزه لاره‌كه‌ی سه‌ر لێوی هاوڕه‌نگی به‌خته‌وه‌رییه! جارێكی‌تر، بۆ جاری نازانم چه‌ندم، نامه‌كان ده‌خوێنمه‌وه. مه‌وداكان چ‌ كورتتر نابنه‌وه!  شێتانه ناو په‌یڤه‌كان ده‌پشكنم!  نازانم... ده‌گه‌ڕێم خۆم ببینمه‌وه، ڕه‌نگه! ده‌گه‌ڕێم به‌شكوو ڕه‌سته‌یه‌ك، وشه‌یه‌ك، به سێبه‌رێكیش ‌ڕازیم، ببینمه‌وه و بیكه‌م به پردی نێوانمان!  نابێ ... بــــــــــــۆ نابێت؟



په‌نجه‌ره‌كان ده‌كه‌مه‌وه! گه‌رمه بایه‌ک دێت! " ده‌بێ ڕۆژێك، دره‌نگ یان زوو، له نێوان عه‌قڵ ‌و به‌خته‌وه‌ری، یه‌کیان هه‌ڵبژێریت"، ئه‌و قسه ڕاسته؟ نازانم، گرنگ نییه، هه‌روا هاته‌وه بیرم، له جێیه‌ك خوێندوومه‌ته‌وه. گوێ ده‌گرمه "سلین دییۆن"، به فه‌رانسه‌وی ده‌خوێنێت و منیش هیچی لێ تێناگه‌م، با ... به‌س یه‌ك وشه تێده‌گه‌م "من" ، ئه‌وه‌ش زۆر گرنگ نییه. ڕاست ئه‌مشه‌و هه‌رچی كه‌متر تێبگه‌م، باشتره! ڕاست ئه‌مشه‌و حه‌ز ده‌كه‌م خۆم ببم به خوای وشه‌ نامۆكان و گیانێكی تازه‌یان پێ ببه‌خشم! ده‌مه‌وێت له ژێر بارانی وشه نامۆ فه‌رانسه‌وییه‌كان، به‌دوای شته ونه‌كاندا بگه‌ڕێم . ده‌مه‌وێت به "من"، ده‌یان ڕه‌سته‌ی جوان ساز بكه‌م و مێشكم پڕ كه‌م له "من" تا ئه‌و بۆشاییه قووڵه بێ‌تامه پڕ بێته‌وه و من خۆم ببینمه‌وه و درزێ بخه‌مه نێوان په‌یڤه گه‌یشتووه‌كان و خۆمی تێدا جێ بكه‌مه‌وه! 



"هێشتا به جوانی نازانم چیم ده‌وێت"، ئه‌وه‌ش گرنگ نییه، خۆم به خۆم ده‌ڵێم و هه‌وڵ ده‌ده‌م باوه‌ڕ به قسه‌ی خۆم بكه‌م! ئه‌گه‌ر بتوانم وڵامی ئه‌و نامانه بنووسمه‌وه، شاكارم كردووه! شه‌رم له خۆم ده‌كه‌م! هه‌زار ساڵێك ده‌بێت نامه‌ی " سلاو، من باشم ئێوه چۆنن"م نه‌نووسیوه! هه‌زار ساڵێك ده‌بێت له نامه‌كاندا باسی "من" ناكه‌م! 



"خۆ لانیكه‌م ده‌زانی چیت ناوێت، نازانی؟" ده‌زانم. با ده‌زانم. به‌ڵام كه ناتوانی هه‌ڵ و مه‌رجه‌كه به جۆری ویستی خۆت بگۆڕی، ڕه‌نگه باشترین كار ئه‌وه بێت شته‌كان ئه‌و جۆره‌ی هه‌ن قه‌بوول بكه‌یی! كه مافی هه‌ڵبژاردنت نه‌بێت، ئیتر چوارچێوه دامه‌زراندن بۆ باش و خراپ، درووست یان هه‌ڵه بوونی شته‌كان زۆر بێ‌مانا ده‌بێته‌وه. ئه‌وه هه‌ڵ‌ و مه‌رجه‌كه‌یه كه گوێت ده‌گرێت و به دوای خۆیدا ده‌تكێشێت، باشتره ڕه‌نگه زۆرترین كه‌ڵك له‌و كه‌مترین شته‌ی له به‌رده‌ستت دایه، وه‌ر بگریت. ئه‌وه یانی به كه‌م ڕازی بوون ...؟ نازانم، ده‌كرێت واش بێت ...



ده‌زانی، ئه‌وانه هه‌مووی په‌له‌قاژه‌ن! په‌له قاژه‌یه‌كی بێ‌ئاكام! یان نا، نازانم، ڕه‌نگه هه‌ر كه‌س ناوێكی له‌سه‌ر دانێت! دیسان ئه‌وه‌ش گرنگ نییه! دڵــــــــم به شتێكه‌وه! شتێك كه هه‌رهین من- هین دڵی من- بێت. به‌س بۆ من- بۆ دڵی من- بێت! شتێك كه ڕاست بێت، هه‌بێت. فانتازییای من نه‌بێت. له جنسی خه‌ون یان خه‌یاڵێكی دوور نه‌بێت!  شتێك كه بێت، بمێنێته‌وه ...



ئـــــــــــــــه‌وه داوایه‌كی زۆره؟




August 4, 2004

"You know- my flower ...I am responsible for her. And she is so weak! She is so naive! She has four thorns, of no use at all, to protect herself against all the World..."




كه ڕۆژ به باوێشكدان خۆی گه‌یانده ئاسۆ، منیش نه زۆر گورج و خێرا، خۆم ده‌گه‌یه‌نمه‌وه ماڵ. هه‌ر له به‌رده‌رگا به نووكی پێ، ئه‌و كۆڵه ڕۆژنامه و كوته كاغه‌زه‌ی هاویشتوویانه‌ته ژوورێ، لاده‌ده‌م، چاوێك له قابه نه‌شۆردراوه‌كان ده‌كه‌م و له‌سه‌ر مێزه شپرزه‌كه‌م كه باوه‌ر ناكه‌م جێی دانانی تاقه ئیسكانێك چایی له سه‌ر په‌ێدا بێت! جانتا سووره‌كه‌‌م داده‌نێم و هه‌ر وا به كراسه كورته شینه‌که‌مه‌وه به پێش ئاوێنه‌‌دا تێده‌په‌ڕم و ده‌كه‌ومه سه‌ر سۆفاكه‌!  به خۆم ده‌لێم بریا كه‌سێك تله‌فوونی كردبا. نزیك ده ساعه‌تێك ده‌بێت گوێم له ده‌نگی خۆم نه‌بووه. هه‌ست ده‌كه‌م نیم. له ناو كاناڵه‌كانی تی‌ڤی‌دا ده‌گه‌ڕێم، هیچ!  یه‌كه‌م كاناڵی ڕادیۆش كه ده‌كه‌‌مه‌وه Chris De Burgh به ده‌نگه خۆشه گه‌رمه‌كه‌ی گۆرانی Lady in red ده‌خوێنێت! چۆن و بۆ ئه‌م گۆڕانییه‌م پێ خۆشه، خۆشم نازانم! هیچ بیره‌وه‌رییه‌كم لێی نییه! نه قه‌ت كراسی سوورم هه‌بووه و نه‌قه‌ت هیچ كوڕێك ئه‌و گۆرانییه‌ی پێشكه‌ش كردووم... جارێك نه‌بێت پێش نیوه‌رۆیه‌کی دره‌‌نگ، پێكه‌وه دانیشتبووین نانی به‌یانیمان ده‌خوارد و ئه‌و گۆرانییه‌مان گوێ لێ گرت!  ڕه‌نگه بۆیه...

ده‌لێم بڕیا كه‌سێك تله‌فوونی كردبا و هێشتا بیرم نه‌كردۆته‌وه حه‌زم له بیستنی ده‌نگی كێیه، تله‌فوون ده‌نگی دێت و بیر ده‌كه‌مه‌وه بریا هه‌موو بریاكان ئاوا زوو به‌ریان هێنابا ... قسه‌ی قۆڕ! خۆم به خۆم ده‌لێم! من كه له ته‌واوی ژیانما وه‌بیرم نایه دوو شتی كه زۆرم دڵ پێوه بووه هه‌وكات هه‌مبێت، چۆن چاوه‌ڕوانی وه‌ی بكه‌م هه‌م تله‌فوون ده‌نگی بێت و هه‌م كه‌سێك بێت من تاسه‌ی بیستنی ده‌كه‌م! تا من به نه‌قه نه‌ق ده‌گه‌مێ، تله‌فوون بێده‌نگ ده‌بێت!  ده‌چمه سه‌ر باڵكۆن. ده‌رگاكه‌ی به جیره جیر پێوه‌ده‌ده‌م، داده‌نیشمه سه‌ر عه‌رز و پاڵ ده‌ده‌مه‌وه. ئاسمان هێشتا شینه. شینێكی خۆڵاوی. ئه‌ستێره دیار نین، نازانم بۆ، له ناكاو ترسێكی تاڵ داگیرم ده‌كات... ده‌ڵێم نه‌كا له‌و دوورانه به‌رخێك، گوڵه سووره‌كه‌ی خواردبێت!؟‌ 




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------