October 30, 2004
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه من هیچ حه‌زم له ڕۆژانی شه‌ممه و یه‌کشه‌ممه نییه، ڕه‌نگه ئه‌وه‌ش بگه‌ڕێته‌وه سه‌ڕده‌می ژیانی كه‌مپ و چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژانه كه سه‌یر ڕێک ئه‌و دوو ڕۆژه‌ی له‌به‌ر چاومان دوور و درێژتر ده‌كرده‌وه. ئه‌م ئاخریانه وای لێهاتبوو به هه‌موو ڕووداوێک ڕازی ده‌بووین، به‌س شتێک رووی دابا. یانی بۆ كه‌سانێک كه نزیک سێ، چوار ساڵ چاوه‌ڕێی وڵامێک بووبێن، ده‌زانن "بێخه‌به‌ری نیشانه‌ی خۆش خه‌به‌ری" نییه و ته‌نانه‌ت هه‌واڵه ناخۆشه‌كانیش خۆشه زووتر ڕووبده‌ن كه مرۆڤ بتوانێ له شوێنێكیتر هه‌وڵێكیتر بدات... به‌هه‌رحاڵ من ئێستاش ڕۆژانی شه‌ممه و یهکشهممهم زۆر به‌دڵ نییه، به‌تایبه‌تی ڕۆژانی یه‌کشه‌ممه كه سه‌یر من ده‌خاته‌وه بیری ڕۆژانی هه‌ینی لای خۆمان. هه‌رچه‌نده، له‌لای خۆمان، سهرلهبهیانییانی هه‌ینی من كه‌یفم ساز بوو، به‌رنامه‌یه‌كی ڕادۆیی هه‌بوو به ناوی "صبح جمعه با شما"، كه من زۆرم حه‌ز لێی‌بوو. ئه‌و چه‌ند ساعه‌ته‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه بڵاو ده‌بووه، هه‌ستم به تێپه‌ڕبوونی كات نه‌ده‌كرد. ئێستا نازانم ئه‌و به‌رنامه‌یه هه‌ر به‌رده‌وامه یا نا، به‌لام كاتی خۆی ناوه‌ڕۆكێكی باشی هه‌بوو و به‌رێوبه‌ره‌كانی به زمانه توند و تیژهكهیان زۆر شتی كۆمهلایهتییان ده‌خسته به‌ر ڕه‌خنه و گالته‌یان به زۆر شت ده‌كرد. من لێیان ڕازی بووم و به‌شكوو "خودایه‌كیش" پێیدا بێت لێان ڕازی بێت. جا هه‌ر له سه‌ر ئه‌و عاده‌ته، (عاده‌ت شتێكی تا بڵێی خراپه) من ئێستاش كه ئێستایه، ڕۆژانی شه‌ممه و یه‌کشه‌ممه گوێ ده‌ده‌م به رادۆ كوردییه‌كانی ئێره! ده‌یی، من ئه‌مڕۆش گوێم له به‌رنامه‌کانی ڕادۆ ده‌نگی كورد بوو. شتێكی كه سه‌رنج ڕاكێشه ئه‌وه‌یه كه تائێستا من نه‌متوانیوه حاڵی بم ئه‌وانه باسی چی ده‌كه‌ن، به گیانی خۆم كه وتارێک ده‌خوێننه‌وه ئه‌وه‌نده به منگه منگ و نه‌قه نه‌ق دهێخوێننهوه باوه‌ڕ ناكه‌م ته‌نانه‌ت خۆشیان له‌بیریان بمێنێته‌وه باسی چیان ده‌كرد. نازانم ئه‌م میلله‌ته قه‌ت پێش بلاوكردنه‌وه‌ی وتارێک چاوێكی لێده‌که‌ن بزانن باسی چییه و چۆن ده‌خوێندرێته‌وه یان نا؟ كه شێعر ده‌خوێننه‌وه، مردووكان له ناو گۆڕه‌كانیاندا ئه‌و دیو ئه‌و دیو ده‌بن. حه‌فته‌ی پێش خه‌ریک بوو پارچه شێعرێکی پێشكه‌ش ده‌كرد، له نیوه‌ی ڕێگه‌دا وای تێكه‌ڵكرد ناچار مۆسیقایان خسته‌سه‌ر تا بزانن كاكی شاعیر چی فه‌رمووه. كه‌چی دوای مۆسیقاكه شتێكیتریان بلاو كرده‌وه و نه‌مانزانی شێعره‌كه چۆن ته‌واو بوو. به‌شی ڕێكلام یان ته‌بلیغ زۆر خۆشه. ئه‌مڕۆ بۆ دوكانێكی كوردی ته‌بلیغیان بلاو ده‌كرده‌وه. له‌به‌ر ده‌نگی دۆڵ و زورناكه من به‌س ئه‌وه‌نده‌م بیست: دوكانی كاكه خوله ..... بۆنی شیله و زولبیایه .... له خزمه‌ت ئێوه دایه .... خواردنی كوردهواری ... كاک خوله بۆتان بێنێ ... دوكانی كاكه خوله .... هه‌مووتان به خێر بێنێ .... شۆڕه‌ژن .... هه‌موو كوردی ستۆكهۆلم ... (تكایه به ڕیتمی دۆڵ و زورنا بیخوێننه‌وه) بێگومان به‌شی گۆرانی داواكراویش هه‌یه كه وه‌ک كێبهرکێ، بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه. ناوی ده گۆرانی بێژ و ده ژماره ده‌لێن، كه كه‌سێک داوای گۆرانییه‌کی كرد و گوتی به كام ژماره گۆرانییه‌كه‌ی ده‌وێت، ئه‌گه‌ر به هه‌مان ژماره، هه‌مان گۆرانی بڵاو بێته‌وه، ئه‌وه ئه‌و كه‌سه خه‌ڵات ده‌كردرێت. هه‌ندێ جار به‌رێوبه‌ری به‌رنامه‌كه له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی گرتووه داوا ده‌كات "كۆپلهیهک" پێشكه‌ش بكات، ئه‌گه‌ر ژن بێت كه به پێكه‌نینێكی تێكه‌ڵاوی شه‌رم و نازه‌وه ده‌ڵێت:" به‌خوا كاكه ناتوانم" و ئه‌گه‌ریش پیاو بێت سووكێكی قورگی ساف ده‌كات و ده‌ڵێت: هه‌رچه‌نده ئه‌مڕۆ ده‌نگم گیراوه و زۆر ته‌واو نییه، به‌ڵام له‌به‌ر دڵی ئێوه شتێكتان بۆ ده‌خوێنم. و پڕ به‌دڵی، گۆرانییه‌ک، حه‌یرانێک ده‌ڵێت و ماڵئاوایی ده‌كات. ئه‌وانی په‌یوه‌ندی ده‌گرن، بێگۆمان زۆربه‌ی زۆریان ژنن و گۆرانییه‌كان پێشكه‌شی خزم و كه‌س و كاریان له هه‌ولێر و سلێمانی و قامیشلێ و كه‌ركووک و هه‌موو كوردێكی به‌شه‌ره‌فی ئوروپا‌و به‌رێوبه‌رانی به‌رنامه ده‌كه‌ن!!! (با ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌م به‌رنامه‌یه به‌س له شاری ستۆكهۆلم بڵاوده‌بێته‌وه و هه‌موو كورده بهشهرهفهكانی ئوروپا ناتوانن بیبیستن) هه‌ندێ جاریش پیاوێک دێت و گۆرانی شاژنی كوردهواری لهیــــــــلا فه‌ریقی به دۆست و هاورێیانی له كوردستان و كورده بهشهرهفهكانی شاری ستۆكهۆلم و منداڵه‌كانی و "ماله‌وه" ( وا تێگه‌یشتووم "ماڵه‌وه" یانی هاوسه‌ره‌كه‌یان، جا نازانم چاكی بۆچووم یا نا!) پێشكه‌ش ده‌كات. گوێدان به ڕادۆی كوردی هه‌میشه باشه، هه‌ر هیچ نه‌بێت، مرۆڤ شاكارێكی ئاوا ده‌بیستێت: (مۆسیقای ئه‌م گۆڕانییه زۆر به‌سۆز بوو) له‌مبه‌ر ئه‌وبه‌ره .... ناسكه دولبه‌ره .... له سه‌ر ماچێكی ... شه‌ڕه خه‌نجه‌ره! .... ....... چوومه مه‌یخانه ... مه‌زه‌م پێ نه‌بوو ... كه گه‌یشته ئێره، به‌داخه‌وه! كاتی به‌رنامه ته‌واو بوو و منیش نه‌مزانی ئه‌م فه‌قیره بێمهزه، له مه‌یخانه چی كرد ...
October 23, 2004
ئه‌و ڕۆژه ده‌رۆیشتین، په‌ری و من بووین. به ڕێگه ته‌سكه‌كه‌ی زانكۆدا ده‌رۆیشتین. ئه‌م ڕێگه‌یه‌م زۆر پێجوانه. ده‌بێ ڕۆژێک، پێكه‌وه به‌وێدا بڕۆین، بیبینیت. به تایبه‌تی لای چه‌پی ڕێگه‌كه، جۆرێکی زۆر تایبه‌ت هێمنه. ئه‌رێ ئه‌و ڕۆژ ده‌رۆیشتین. په‌ری و من بووین. منیش به ده‌نگی به‌رز بیرم ده‌كرده‌وه. باسی ئاواته گه‌وره و بچووكه‌كانی خۆمم بۆ په‌ری ده‌گێراوه. وه‌ک ئه‌و شه‌وه‌ی باسی وهم بۆ تۆ كرد كه چه‌نده دڵم به سهفهرێكهوهیه، له‌بیرته؟ له‌بیرته، دڵم به سهفهرێكهوه بوو، به ڕێگه‌یه‌کدا كه كۆتاییه‌كه‌ی دیار نه‌بێت، كه ساته‌كان تێكه‌ڵی بۆنی سنگی تۆ و گۆرانی قژكاڵی لێوئال بێت. له‌بیرته چیت وت؟ ... به په‌ری ده‌لێم: حه‌زده‌كه‌م ماڵێكی بچووكم هه‌بێت، دیواره‌كانی خشتی سوور بن، ده‌رگاكه‌ی ته‌خته‌ی شین، حه‌وشێكی بچووكی هه‌بێت، حه‌وزێک و دوو سێ باخچه‌ی پڕ له گوڵه‌باخ و گوڵه یاس، ژووره‌كان تاقهیان هه‌بێت و شۆمینهی تێدا بێت، ده‌رگای دیوه‌كان شووشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگییان هه‌بێ. په‌نجه‌ری ژووره‌كه‌ی گه‌وره بێت، له عه‌رزه‌وه تا میچه‌كه، په‌رده‌یه‌کی ناسک ناسک ناسكی شین هه‌ڵواسم، ئه‌وه‌نده ناسک كه به شنهیهكیش بکه‌وێته سه‌ما، شه‌وانه‌ش له حه‌وش، زیلۆیهكی شین ڕاخه‌م، له سه‌رپشت ڕاكشێم و به‌دوای ئه‌ستێره‌ی خۆمدا چاو بگێرم. ئه‌و ڕۆژه ئه‌وانه‌م به په‌ری گوت، ئه‌وه‌ی په‌ری نه‌یبیست، بریای بوونی تۆ بوو. به په‌ری ناڵێم كه هێشتاش له كه‌لێن و قوژبنی هه‌موو ئاواته گه‌وره و بچووكانی مندا تۆ دیاری. پێی ناڵێم هێشتا من ناتوانم شتێكم بوێت و جێیه‌ک بۆ تۆش دیاری نه‌که‌م، هێشتا ناتوانم بیر له ڕۆژێک بكه‌مه‌وه كه بێ‌تۆ، بێخهیاڵی تۆ، ده‌ست پێبكات.... مالین ده‌ڵێت سازبه ئاخری حه‌فته بچینه پاریس! بێئه‌وه‌ی بیری لێبكه‌مه‌وه ده‌ڵێم نا! پێی سه‌یره و حه‌قی خۆیه‌تی. من به سه‌فه‌ر ناڵێم نا. به‌ڵام پاریس! نا. پاریس ته‌نیا شوێنێک بوو باسمان كردبوو پێكه‌وه بچین، ناتوانم بیر بكه‌مه‌وه ده‌گه‌ڵ كه‌سیتر بچم. ئه‌گه‌ر ڕوژێک ڕێگه‌م له‌وێ بكه‌وێت، دڵنیابه یان ده‌گه‌ڵ خۆته یان خۆم به ته‌نیا. وه‌ک قه‌ره‌جێک، زۆربه‌ی ئاواته‌كانم ڕه‌نگی ڕێگه‌یان پێوه دیاره. وه‌ک سه‌فه‌ری من و ئه‌سرین بۆ كوردستان و ئه‌و ڕێگه سه‌یره‌ی هه‌ڵمان بژاردبوو. سه‌فه‌رێک كه تازه قه‌ت سه‌رناگرێت. سه‌فه‌ره‌كه‌ی من و تۆش ... نازانم، هێشتا خه‌تم به‌سه‌ردا نه‌هێناوه. نازانم ئه‌گه‌ر قه‌ت دڵم بێت خه‌تی به‌سه‌ردا بكێشم. جاری ئاخر گوڵپهرم كه دیت، وه‌بیری هێنامه‌وه، زۆربه‌ی كاتی پێكه‌وه بوونمان- هه‌ر دوو جاره‌كه‌ی- به‌ڕێوه بووین، هه‌رجاره‌ی به‌ره‌و شوێنێک! سه‌یره، ئه‌وه ژیانی منه: یان چاوم له ڕێگه‌یه، یان ڕێگه‌یه‌ک ده‌گرمه به‌ر بێئه‌وه‌ی بیر له كۆتاییه‌كه‌ی بكه‌مه‌وه. ده‌زانی، ماوه‌یه‌كه هه‌ست ده‌كه‌م لیسته‌ی ئاواته‌كانی من هه‌ردێت و كورتتر ده‌بێته‌وه. ده‌ڵێی ئیتر هیچم ناوێت. ده‌ڵێی هیچ نه‌ماوه بمه‌وێت. ده‌ڵێی نابێت هیچم بوێت. یان ده‌ڵێی گه‌وره بووم. ئه‌گه‌ر واش بێت، نازانم كه‌ی و چۆن گه‌وره بووم؟ نازانم كه‌ی فێربووم ئاواته‌كانم له بیر بكه‌م؟ نازانم له‌كه‌یه‌وه له كۆڵانێكی بنبه‌ست دا گیرسامهتهوه؟ ...له پاش نیوه‌ڕۆی دووشهمهیهکی خۆڵاوی ڕا بوو؟ له‌ئه‌و ڕۆژه‌وه ترپه‌ی دڵی تۆ و ته‌زی سهرپهنجهكانی من هه‌تیو ماونه‌وه؟
October 22, 2004
It's a rainy night in Paris, And the harbour lights are low. He must leave his love in Paris Before the winter snow; On a lonely street in Paris He held her close to say, We'll meet again in Paris When there are flowers on the Champs-Elysees. How long she said How long, And will your love be strong, When you're across the sea, Will your heart remember me?... Then she gave him words to turn to, When the winter nights were long, Nous serons encore amoureux Avec les couleurs du printemps... And then she said And then, Our love will grow again. Ah but in her eyes he sees Her words of love are only words to please... And now the lights of Paris Grow dim and fade away, And I know by the light of Paris I will never see her again... stolen from
October 19, 2004
چووم قسه‌ی سیاسی فێربووم، له‌به‌ر دڵه ناسكه‌كه‌ی فاتح شێخ: ئهمشهۆ خۆم یه‌ک دوو كیلۆ تووی برژاوم له پێش خۆم دانا و گوێم بۆ قسه‌كانی فاتح شێخ گرت و زۆر جدی- سیاسی پێكه‌نیم، پیاو هه‌میشه و ژن جاروبار له حه‌ق نهگووزهرێت، خراپ نییه، ئه‌و مام فاتح ترشی و سوێڵی نه‌خوات، ده‌بێت به comedian باش و جه‌ماعه‌تێكی زۆر وه‌پێكه‌نین ده‌خات و ئه‌گه‌ر تا ئێستای ژیانی خێروبهرهكهتی بۆ كه‌س نه‌بووه،(كه نه‌یبووه) ئه‌وه به سه‌ری پیری خێرێكی لێههڵدهوهرێ و پردی سراتی بۆ قایمتر ده‌بێ. وه‌ڵلا به " شه‌ڕه‌ف" حه‌یفه مام فاتح شێخ میلله‌ت له‌م قسه خۆشانه‌ی بێبه‌ش ده‌کات. به‌هه‌ر حال كابرایه‌كی دڵڕقی بێڕوحم هات پرسیاری له فاتحی مهلووس- سه‌باره‌ت به وته گوولاوییهكانی سه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تی سیاسییه‌كانی كورد- كرد، و كه‌مێک تا زۆر بوو به هۆی توڕه بوونی ئه‌و نازه‌نینه و وای كرد كه شێخ ناچار هه‌ڵوێستێكی سیاسی گرت و زۆر سیاسییانه وتی: "وام گوت، چاكم كرد، دیسان ده‌یڵێمه‌وه"، له درێژه‌ی قسه‌كانیدا فه‌رمووی: برۆن فێری قسه‌ی سیاسی بن. دیاره ئه‌و وته و ئه‌و ستراتێژییه له مێژووی خه‌باتی سیاسی پالتاكی ماستاوی ئاوهكیدا شوێنی خۆی ده‌كاته‌وه و له‌بیر ناچێته‌وه. سه‌یره، (سه‌یریش نییه) به‌ڵام من له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌ی گوێم له قسه‌كانی ڕاگرتبوو، ههرچاوهرێ بووم فاتح شێخ وه‌گریان كه‌وێت و بیكاته لوشمه لوشم، بیربكه‌نه‌وه، ئه‌ویش له پشت مایكی ژووری پاڵتاک كه هه‌موو شتێک، دوو سێ به‌رابه‌ر ده‌نگ ده‌داته‌وه. نازانم ئه‌و هه‌تیوه دڵی بۆوا پڕبوو، دیاره ئه‌وه‌ی من بیستم په‌خشی live نه‌بوو و له سه‌ر ماڵپه‌رێک دیبوومهوه. خۆمانین، ئێستا كه مامه گیان،"هێشتا" سمێلی نیوه ستالینی- هیتلێری خۆی نه‌تاشیوه، ئه‌گه بگریت، زۆری لێ ناشیرین ده‌بێت، ناشیرن كه نا، ئه‌وانه‌ی سملیان هه‌یه و ده‌گرین و دوو سێ دڵۆپ چلــم (خه‌لكانی غه‌یری سیاسی پێیده‌ڵێن ئاوی لوت) ده‌كه‌وێته ناو باقه سمڵیان، زۆر یـــــهعـــــــه ... به تایبه‌ت كه هه‌ندێ به پشتی ده‌ستیان دهیسڕن و خه‌تێکی باریک تا بنا گوێیان ده‌كێشن. ولحاسل من به‌و مانگه مباره‌که‌ی ڕه‌مه‌زان و به‌و شه‌وه پیرۆزه‌ی ئه‌مشه‌و كه دڵنیام شه‌وی له دایکبوونی یه‌كێ له سه‌دوبیست وچوار هه‌زار پێغه‌مبه‌ری خوایه، (قابیله وا نه‌بێ؟ خۆ ناكرێت هه‌موو هه‌ر له مانگی شه‌عبان له دایک بووبن!) گه‌رنی مام فاتح ئازا ناكه‌م ئه‌گه‌ر جاروبار نه‌چێته سه‌ر پاڵتاک و قسه‌ی ئاوا خۆش نه‌كات و ئه‌گه‌ر ئه‌دمین دوابه‌دوای نه‌یه‌ت و چه‌پله‌ی بۆ لێنه‌دات، كاكه خوا به سه‌ر شاهیده، ئه‌دمین هێنده‌ی نه‌مابوو ده‌می شێخ ماچی سینه‌مایی بكات، هێنده قسه‌كانی ئه‌وی به دڵ بوو. سه‌د جاری گوت :له‌به‌رئه‌و ده‌مه‌ت ده‌مردم، ( دیاره به وشه وای نه‌گوت، به‌ڵام ده‌زانم، مه‌به‌ستی هه‌ر ئه‌وه بوو.) من، عه‌یب نه‌بێ، زوو به زوو تووشی "دیپرێشن" ده‌بم، ئه‌ویش له نه‌وعی داركهكهی، به‌ڵام پێموایه ماوه‌یه‌ک گوێ بۆ قسه‌كانی شێخ ڕاگرم،عه‌له‌مم لێ نه‌مێنێ. له ئایه‌ت و حهدیساندا هاتووه: *الكلو الشیئوالسبب، وه‌نێ؟ * ڕه‌خنه له عه‌ره‌بییه‌كه‌م مه‌گرن، یه‌ک چوونكه دڵم ناسكه و دوو چوونكه مامۆستا ماوه‌رانی زۆر جار منی له كلاسی عه‌ره‌بی وه‌ده‌رده‌نا ده‌رێ، نازانم بۆ پێی وابوو من زۆر قسه ده‌كه‌م!
October 18, 2004
كهوهڕۆژه. تارایه‌کی خۆڵه‌مێشی به‌سه‌ر شاردا كێشراوه. نا، ده‌ڵێی شار، هه‌رچی ته‌پوتۆزی تهمهكۆنهکانێتی، ڕشاوه‌ته‌وه. ده‌ڵێی ته‌مومژی شار له‌ناو ده‌ماره‌كانماندا ده‌گه‌رێ. ده‌ڵێی مرۆڤه‌کان له‌خه‌ودا دێن‌و ده‌ڕۆن، نه‌ده‌بینن، نه‌ده‌بیستن. نه هه‌ست و نه هێزێک ماوه تا شتێكیان بوێ. له‌ژێر بارانی ئێواره دره‌نگانی شه‌ممه، به‌ره‌و نازانم كوێ ده‌ڕۆم. به كوبی ده‌ڵێم تاقه‌تم نییه بچمه‌وه لایان و كه‌بیر له چواردیواری ماڵی خۆشم ده‌كه‌مه‌وه، حه‌ز له‌چوونه‌وه ناكه‌م. ویستێکی شێتانه‌ی هه‌ڵاتن، ته‌واوی گیانم داگیر ده‌کا. له‌چی هه‌ڵدێم؟ بهرهوچی هه‌ڵێم؟ تامی تاڵی تووڕه‌ییه‌ک، ناو زارم پڕده‌كا. پرده‌كانی پشت سه‌رم هه‌موو ڕووخاون و من ماندووم هێنده به‌دوای گاشه‌به‌رد و لهتهخشته خواروخێچهكاندا بگه‌ڕێم تا دیوارێک ههڵچنمهوه و لێی وهسهركهوم و ڕێگه‌ی گه‌رانه‌وه خۆش كه‌مه‌وه. ماندووم هێنده هه‌ست به‌تاوان بكه‌م، ماندووم هێنده گه‌وره بم و هێنده شێره‌ژن بم و باره‌كان به‌س به شانی خۆم هه‌ڵگرم. ڕاستییه‌كان دێنم، له پێش خۆم ڕیزیان ده‌كه‌م. دانه‌دانه وردیان ده‌كه‌م، ورد ورد. سه‌رله‌نوێ سازیان ده‌که‌مه‌وه. كه‌چی به‌هه‌ر بارێک ده‌روانمه سه‌ریان، هه‌رهه‌مان شتن. ڕێک هه‌مان شت. ده‌ڵێ تــــــهوار دیسان ڕه‌ش ده‌نووسی. ده‌ڵێن بابه‌كه خۆی ده‌ڵێ بیكوژن با په‌ڵه‌ی ئه‌و ئابروچوونه بشۆردرێته‌وه. ده‌ڵێن برایه‌ک خوشكه‌كه‌ی خۆی كوشت، ده‌ڵێن براكه بیستبووی خوشكه‌كه‌ی ده‌گه‌ڵ كوڕێک بیندرابوو. ده‌ڵێن ژنێک خۆی سووتاند. ده‌ڵێن ده‌یان، سه‌دان ژن خۆدهسووتێنن، ده‌ڵێن دایكێک دوو منداڵه‌كه‌ی خۆی به‌ده‌ست خۆی ده‌کوژێ چونكه خاڵیان ده‌ستدرێژی لێ‌كردبوون. ده‌ڵێن ... ده‌ڵێن و ده‌ڵێن و شتێکخهریكه من دهخنێكێنێ. ده‌ڵێ تـــــهوار دیسان ڕهشدهنووسی! من ده‌بێ پشوویه‌ک وه‌رگرم. تا ڕه‌ش نه‌نووسم، ده‌بێ پشوویه‌ک له ژیان وه‌رگرم. ده‌ڵێم وه‌ره با پێكه‌وه نه‌بینین، نه‌بیستین. وه‌ره با پێكه‌وه هیچمان نه‌وێ. ده‌مه‌وێ بزانم قه‌ت بووه خه‌و ببینی ترسێکی گه‌وره به‌رۆكی گرتووی و ده‌ته‌وێ بقیژێنی و ده‌نگت نایه‌ته‌ده‌ر؟ قه‌ت بووه خه‌و ببینی كه ده‌زانی بۆ ڕزگاركردنی خۆت له‌چنگ ئه‌و ترسه، ده‌بێ كارێک بكه‌یی، كه‌چی تۆ ناتوانی ته‌نانه‌ت له‌جێی خۆت بجووڵێیه‌وه؟ قه‌ت بووه وه‌خه‌به‌ر بێی و ببینی ئه‌وانه هیچی خه‌ون نه‌بوون و هه‌موو ڕاستن؟ شتێکی خۆڵه‌مێشی له‌ناو ده‌ماره‌كانما ده‌گه‌ڕێ. تاوانی كه‌س نییه! شار، هه‌رچی ته‌پوتۆزی تهمهكۆنهکانێتی، به‌سه‌ر مندا ڕشاوه‌ته‌وه!
October 15, 2004
دونیایه‌كی بۆگه‌نیو ... هه‌موو دڵخۆشییهكهم ئه‌وه بوو هه‌واڵه‌كه له‌لایان جه‌ماعه‌تی ح.ک.ک بڵاو بۆته‌وه، بۆیه شانسی ئه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه ڕاست نه‌بێت، زۆره. ته‌واوی دڵخۆشییه‌که‌م ئه‌وه بوو ئه‌وان، قه‌ت، قه‌ت قه‌ت نا‌وێرن، میرمنداڵێک به‌رده‌باران بكه‌ن ... دڵخۆشییه‌كانی من، وه‌ک هه‌میشه، ته‌مه‌نیان كورت بوو، گه‌شبینییه‌كی كه‌رانه. ڕۆژنامه‌ی " ئافتۆنبلادێت" له سۆئێد و ڕۆژنامه‌یVG له نۆروێژ، ئه‌مڕۆ هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاوكردۆته‌وه، زۆربه‌ی ماڵپه‌ره‌كان له‌سه‌ریان نووسیوه. ژیلا ئیزه‌دی، ته‌مه‌ن 13 ساڵ، كه خۆی دوو حه‌فته پێش بوو به دایكی منداڵێک، له به‌ندیخانه‌یه‌كی مه‌ریوان چاوه‌روانی حوكمی بهردهبان ده‌کات. براكه‌ی، بابی منداڵه‌که، 150 زه‌ربه شهڵاقی لێده‌كه‌وێت ... میلله‌ت، هه‌موو قۆڵیان هه‌ڵمالیوه كارێک بكه‌ن، جگه له كورده حه‌یاته‌كه! ئه‌وه ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌قسه‌ی دوو حیزبه نازداره‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵات یان باشوور بایه، جه‌ماعه‌ت قورگی خۆیان ده‌دڕاند، بۆچوونی خۆیان بدركێنن، ئه‌وه ئه‌گه‌ر له ژێر ناوی سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی بڵاو كرابایه‌وه، میلله‌ت خۆیان به ئاو و ئاگر داده‌دا تا دوو قسه‌ی قۆڕ بكه‌ن، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌کیان كردبێت ... به‌ڵام بۆ گیانی مرۆڤێک، بۆ گیانی میرمنداڵێک، بۆ گیانی میرمنداڵێكی بێ‌تاوان، ئێمه‌مانه، كورد، هیچی نییه بیڵێت. جا با ئه‌و مرۆڤه، منداڵێک، منداڵێكی كورد بێت ... وه‌ک بڵێی، بێ‌وڵات بوون، هه‌رچی هه‌ستی مرۆڤدۆستانه‌یه، تێیدا كوشتووین! ئه‌و ڕۆژه‌ی ژیلای به‌رده‌باران ده‌كه‌ن، ده‌بێت گۆڕێكیش بۆ "مرۆڤایه‌تی" هه‌ڵقه‌نین و- مۆری شه‌رمه‌زاری به ناوچاوانمانهوه- له ناوخۆماندا بمرین.
October 14, 2004
كچێكی سێزده ساڵه له شاری مه‌ریوان سه‌نگسار ده‌کرێت! برا پانزده ساڵه‌كه‌ی ده‌ستدرێژی لێكردووه و ئه‌و كچۆلهیهشحامیله بووه. ئێستا قه‌راره بهردهبارنی كه‌ن. من هیچ هۆیهکم نییه دڵی پێخۆش بكه‌م بڵێم ئه‌و هه‌واڵه ڕاست نییه. هێشتا هه‌واڵی له سێداره‌دانی كیژێكی شانزده ساڵه، هه‌ر له گوێما ده‌زرینگێته‌وه... له‌و په‌ڕی بێدهسهڵاتیمهوه، ده‌پارێمه‌وه وانه‌بێت ... وانهمێنێت...
October 2, 2004
and if i show you my dark side
will you still hold me tonight and if i open my heart to you and show you my weak side what would you do به‌ره به‌ری به‌یانییه و من هه‌زار بیر‌و بیرۆكه‌ی دژ به‌یه‌ک، له مێشكمدا شهڕهشهقیانه! كهلافهكهم بۆ ههڵناكرێتهوه.له‌و "بیری ئاڵۆز و بوتڵێک شه‌راب" كه گولپه‌ر پێیوایه، ئه‌مشه‌و، هه‌ر بیره ئاڵۆزه‌كه له‌ڵای من ده‌ست ده‌كه‌وێت. له ته‌واوی ئه‌و چركانه‌ی به بێده‌نگی تێده‌پڕن، له خۆمدا و ده‌گه‌ڵ خۆم سه‌رقاڵی شه‌ڕێكی سه‌یرم. بیرده‌كه‌مه‌وه و بیرده‌كه‌مه‌وه و بیرده‌كه‌مه‌وه. بۆ هه‌ر ڕووداوه‌ی، ده‌یان هۆ ده‌بینمه‌وه و له هه‌وڵێكی سه‌رلێشێواودا وڵام، بۆ هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی، له‌پاش خۆیان به‌جێ هێشتووه، ده‌هۆنمه‌وه. ده‌گه‌ڵ خۆم یه‌ک و دوو ده‌که‌م، هۆیه‌کان ڕیزدهكهم، پهلهقاژهمه خۆ ڕزگاربكه‌م و ده‌زانم تا نه‌زانم بۆ، ڕزگارنابم! بیرده‌كه‌مه‌وه و بیرده‌كه‌مه‌وه و دیسان وه‌ک هه‌میشه ده‌گه‌مه كۆتایی كۆڵانێكی بنبه‌ست و دیسان باوه‌ڕێكی دوور و درۆ، وه‌ک چارشێوشانێكی كۆن‌و شڕ، له خۆم دههاڵێنمهوه. ماوه‌یه‌کی زۆره وه‌ک سێبه‌ر له‌ناو ئه‌و بسته ژووره‌دا دێم‌و ده‌چـم و هه‌زار جار ون ده‌بم. هه‌ندێ جار له‌ده‌نگی پێكه‌نینی خۆم، وه‌گریان ده‌که‌وم، زۆرجاریش به‌پێچه‌وانه! قسه ده‌كه‌م، له‌تێک بزه‌ی نه‌رم و جوان به گۆشه‌ی لێومه‌وه هه‌ڵده‌واسم، وهپێكهنینیان ده‌خه‌م، وه‌ک ئه‌کته‌رێکی باش ڕوانینه سهرلێشێواوهكهم له خاڵێكی دووری نادیار گرێ ده‌ده‌م و كه‌س به‌م نههێنییهم نازانێت كه بۆ من ژیان له شوێنێک وه‌ستاوه، له‌وێرا من نه گه‌وره بووم و نه هه‌ستم به تێپه‌ڕبوونی ژیان كرد. ئه‌وه‌ی نازانم چۆن بڵێم، لێم تێبگهیی! ژیان له شوێنێک وه‌ستاوه و منیش ئه‌وه هه‌ر خه‌ریكم ورده ورده ڕۆده‌چم! سارده یان هه‌ر من سه‌رمامه، نازانم، به‌ڵام واهه‌ستده‌كه‌م، تازه قه‌ت و به هیچ گه‌رم نابمه‌وه. دیسان كۆتایی چیرۆكه‌كان دێنه‌وه به‌رچاوم و منی تامه‌زرۆ، بۆ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی سه‌ره‌تاكان به ناخمدا ڕۆده‌چمه‌وه و نوقم ده‌بم. وه‌ک هه‌میشه لاسارم وبه لاساری پێ ده‌چه‌قێنم و كه‌لێن و قوژبنان، به هیوایه‌كی شێتانه، ده‌پشكنم. هه‌ندێ جار دڵنیام شتێک ده‌قه‌ومێت، هه‌ندێ جار دڵنیام، له بوونت، له هاتنه‌وه‌ت، له مانه‌وه‌ت. دڵنیام دره‌نگ یان زوو وڵامی پرسیاره‌كان ده‌دۆزمه‌وه. كلافهكه ئاڵۆزه ... له‌لایه‌ک، تا كۆڵانی زه‌ینم له‌و هه‌موو بیره ئاڵۆزه بسڕمه‌وه، ده‌یان كاریتر، بێجگه له ده‌رس و كاری خۆم، بۆخۆم ڕیزدهكهم و له‌لایه‌کیتر، بیری سهفهركهوتۆته سه‌رم. چووم كۆڵهپشتییه شینهکهشم هێناوه سه‌رێ با له‌به‌ر ده‌ستان بێت. لـــــۆركێ ده‌ڵێت وه‌ره! به نامه‌كانی وام لێده‌كات هۆشم له‌سه‌ر دهرسوكار نامێنێت و هه‌ر خه‌ریكم خۆم ڕازیدهكهم بارگه‌وبنه‌ی تێكنێم و بڕۆم. ده‌ڵێت چاوه‌ڕێتم! مرۆڤ، یان لانیكه‌م من، ئه‌گه‌ر بتوانم ناوی خۆم بنێمه مڕۆڤ، گیانله‌به‌رێكی سه‌یره. هه‌ندێ جار سه‌رم له خۆم سوڕده‌مێنێت. تامه‌زرۆی بیستنی هه‌ندێ شتم كه زۆرجار زۆر گرچ وكاڵ ده‌نوێنێت. بیستنی ئه‌وه‌ی یه‌کێک چاوه‌ڕێمه هه‌ستێكی سه‌یرم تێدا زیندوو ده‌كاته‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌و ساڵانه‌ی ئاخر، كه ئیتر ئه‌و "چاوه‌ڕێ بوونه" و ئه‌و "چاوه‌ڕێ مانه‌وه" سه‌یر بێتامیان كردووه! هه‌میشه چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی هه‌واڵێک، هاتن یان هاتنه‌وه‌ی كه‌سێک، بیستن یان بیستنه‌وه‌ی ده‌نگێک، چاوه‌ڕوانی ڕووداوێک یان ڕوودانێک! چاوه‌ڕوانییه‌ک كه زۆربه‌ی كات هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دیاره به هیچكوێ ناگات! زۆرجار له خۆم ده‌پرسم تێپه‌ركردنی سه‌ره‌وژووری ژیان بێقورسایی باری چاوه‌ڕوانی ئاسانتره یان ئه‌وه‌ی "چاوه‌ڕوان" بوون ده‌بێته داوێک په‌نجه‌تی لێ قایم كه‌ی تا خۆتی پێوه ڕاگری؟! بۆچی و تاكه‌ی، زۆرجار زۆر گرنگ نییه. ئه‌وه ڕۆچوونه كه خۆی لێدهپارێزیت! هه‌ندێ جار ماندوو ده‌بم، ماندوو له‌و هه‌موو چاوه‌ڕێ مانه‌وه، ماندوو له جۆره گه‌شبینییه‌كی كه‌رانه، ماندوو له‌و هه‌موو لاسار بوونه‌ی خۆم، ماندوو له‌و هه‌موو هیچ نهقهومانه! هه‌ندێ جار دڵم پڕ ده‌بێت، هێڵنجم دێت، ده‌زانم ده‌بێت بڕشێمه‌وه، به‌قه‌د هه‌موو ژیان، به‌قه‌د هه‌مـوو بۆشاییه‌كان و برینه‌كان، به‌قه‌د هه‌موو چركه به‌تاڵه‌كان. هه‌ر ئه‌وه نییه، هه‌ندێ جار، پڕده‌بم له ترس، له توڕه‌یی، له دڵته‌نگی، ڕاست ئه‌و ساتانه‌ی دڵنیام ئیتر نابێت چاوه‌ڕوانی كه‌س و هیچ بم، سڕ ده‌بم! دوایی باوه‌ڕ ده‌كه‌م "چاوه‌رێ نه‌بوون" یانی كۆتایی، یانی هانا بردنه‌وه بۆ باوه‌شی بیره برشاوییهكان. هه‌ر ئه‌وه نییه، تاسه‌ی بوونی دیسان، هێشتا، وه‌ک هه‌میشه داگیرم ده‌كات و نه ده‌توانم و نه‌ده‌مه‌وێت له نه‌بوونیدا بژیم. زۆر جاریش له‌خۆم توڕه ده‌بم، توڕه ده‌بم كه بۆ ناتوانم به‌س شان هه‌ڵخه‌مه‌وه و "هه‌ر ئه‌وه‌یه ئیتر، ده‌ڵێیت چی" بكه‌م به فه‌لسه‌فه‌ی ژیانم. له‌خۆم توڕه ده‌بم كه بۆ ناتوانم "بێخهیاڵ" بم، بۆ ناتوانم سه‌ر بۆ "چاره‌نووس" دانوێنم و به‌و به‌شه‌ی خوا یان شه‌یتان، بۆیان دیاری كردووم، ڕازی بم. له كۆتایی هه‌موو شهڕهچهقهكانی خۆم دهگهڵخۆم ده‌گه‌مه‌وه به هه‌مان سه‌ره‌تا: نا، من ده‌گه‌ڵ "عاده‌ت" ناژیم، من "عاده‌ت" ناكه‌م، "عاده‌ت" ناكه‌م به نه‌بوون، به نه‌هاتن، به نه‌گه‌یشتن... من چاوه‌ڕوان ده‌مێنمه‌وه! |
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|