September 30, 2004
له سه‌ركارم و ژنێک كه ناوی تاڤی‌یه و چل و چه‌ند ساڵێكی ته‌مه‌نه، خه‌ریكه قسه‌ده‌كات. حه‌فده ساڵێک ده‌بێت لێره ده‌ژیت و ده‌ڵێت دوای سه‌فه‌ری هاوینی ئه‌و ساڵیان بۆ "كوردستانی عێراق"، ئیتر به ته‌مان. دوای یه‌ک دوو ساڵی‌تر به یه‌کجاری بگه‌رێنه‌وه. ده‌ڵێت خه‌ڵک، هه‌موو له خۆشی دان! ده‌ڵێت ماڵی برای مێرده‌كه‌ی "خزمه‌تكاریان" هه‌یه، ده‌ڵێت "swimming-pool"-یان هه‌یه، ده‌ڵێت ئه‌وێ خۆشتره، هه‌ر پیاو كار بكات به‌سه، ژن ده‌توانن، له ماڵ‌بن و ماڵداری بكه‌ن و بگه‌رێن و "بژین". ده‌ڵێت ئه‌ویش ماندوو بووه و حه‌زده‌كات بگه‌رێته‌وه وڵاتی خۆی ئێستا كه "عێـــــراق" ئازاد كراوه! ده‌ڵێت له‌وێ ده‌توانێت كۆشكێک ساز بكات و خزمه‌تكاری هه‌بێت ... من، له قسه‌كانی هه‌م شه‌رم ده‌كه‌م و هه‌م توڕه‌م، دڵم توندتر وتوندتر لێده‌دات و شتێک خه‌ریكه ده‌مخنكێنێت. هه‌رخۆمی لێ گێل ده‌كه‌م با هیچ نه‌ڵێم. ده‌ڵێت:" بریا ئێـــوه كوردی ئێرانیش كارێكتان بۆ خۆتان كردبا"، به خۆم ده‌ڵێم" ده‌نگ مه‌كه" و وه‌ک هه‌میشه كه به قسه‌ی خۆم ناكه‌م، ده‌نگ ده‌كه‌م و ده‌ڵێم:" داده گیان خۆ ئێمه مه‌ڕو ماڵات نین، هین ئێران و عێراق بین". به سه‌یره‌وه چاوم لێده‌كات، ده‌ڵێت:" من خۆم له ئێران ژیاوم، وه‌ڵلا كوردی ئێران "وه‌زعی ژیانیان باشه" و من له چركه‌یه‌کدا بیست ساڵی یه‌كه‌می ژیانمم دێته‌وه به‌رچاو. بیره‌وه‌ری ئه‌و ساڵانه‌ی پڕن له ده‌نگی تۆپ و خۆمپاره و ته‌قه‌ی برنۆ و ژێسێ و كلاشینكۆف. ئه‌و ساڵانه‌ی پڕن له پڕمه‌ی شینی ئه‌و دایكانه‌ی گۆنای خۆیان ده‌ڕننه‌وه و سنگ ده‌كوتن و به‌دوای ته‌رمی كوڕ و كچه‌كانیاندا ده‌گه‌رێین، ئه‌و ساڵانه‌ی پڕن له بۆنی باروو‌ت، پڕن له بۆنی كاغه‌ز و كتێبی سووتاو، پڕن له ده‌نگی چه‌كمه‌ی ئه‌و پاسدارانه‌ی به نیوه‌شه‌و له سه‌ربانه‌وه بازیان ده‌دایه ناوحه‌وش و بابه‌كانیان وه‌به‌ر شه‌پ و پێلاقه ده‌دا، منداڵ و گه‌نجیان، ده‌گه‌ڵ خۆیان ده‌برد و به‌سه‌ر دایكه‌کاندا ده‌یانقیژاند. بیری ئه‌و ساڵانه‌ی پڕن له قوتابخانه داخراوه‌كان، كتێب و ده‌فته‌ره دڕاوه‌كان، جل‌و به‌رگی ڕه‌ش و درێژ، نوێژی به زۆری، ده‌گه‌ڵ‌درۆ ژیان، به ترسه‌وه گه‌وره بوون، خۆخواردنه‌وه، عاده‌ت كردن به‌وه‌ی بێ‌ڕێزیت پێبكه‌ن، هه‌موو ڕۆژێ و هه‌ر ڕۆژه‌ی ده‌یان، سه‌دان جار، وردبوون. شه‌ڕی ناوشار له لایه‌ک، شه‌ڕی نێوان دوو وڵات له لایه‌كی‌تر، بۆمباردمانی شاره‌كانمان به ده‌ست ئه‌وانیش و ئه‌مانیش... ئه‌ی هاوار، من ته‌رمی خوێناوی شه‌رمین و شه‌پۆلم بۆ له‌بیر ناچێته‌وه!؟ حه‌زده‌كه‌م ئه‌و شتانه‌ی بۆ باس بكه‌م، حه‌زده‌كه‌م ناوی چه‌نددانه له‌ئه‌و كچ و كوڕانه‌ی بێ‌سه‌ر و شوێن چوون، یان ئه‌وانه‌ی گیران و له سێداره‌دران و ته‌رمه‌كانیان قه‌ت نه‌بیندراوه، پێ‌بڵێم، حه‌ز ده‌كه‌م باسی ئه‌و كچانه‌ی پێش له‌سێداره درانیان، ده‌ستدرێژیان لێكرا، بكه‌م. باسی ئه‌و كچ و كوڕانه‌ی هه‌ڵوه‌دای چیاكانی كوردستان بوون، ئه‌وانه‌ی زیاتر له بیست ساڵه له كه‌س‌و كار و شار و زیده‌ی خۆیان دوورن ... بـــــــۆ؟ به خۆم ده‌ڵێم: باشه بــــــۆ؟ بــۆ بـــۆی باس بكه‌م؟ مه‌گه‌ر لێم تێده‌گات؟ خۆ پێوانه‌كانی ژیانی بــــــــاش بۆ ئه‌و ماڵی گه‌وره‌و بوونی خزمه‌تكاره، چ بایه‌خێكی هه‌یه بزانێت من له فێربوونی زمانی خۆم بێ‌به‌ش كراوم؟ له فێربوون و ناسینی مێژووی خۆم بێ‌به‌ش كراوم؟ چ بایه‌خێكی هه‌یه بزانێت من به بۆنی خوێن وبارووت گه‌وره بووم؟ كه ئێمه‌ی منداڵ كایه‌که‌مان ئه‌وه بوو پووكه‌ی فیشه‌ک كۆ كه‌ینه‌وه؟ كه ئێمه ده‌نگی بڕنۆ و ژێسێ و كلاشینكۆفمان له‌یه‌ک جیا ده‌كرده‌وه؟ به‌ڕاست چ بایه‌خێكی هه‌یه ئه‌گه‌ر باسی بگره و بكوژه‌كانی سه‌قز، كوشتن و بڕینه‌كانی سنه، بازاره خوێناوێكه‌ی بۆكان، له سێداره‌دانه‌كانی مه‌هاباد، بۆمباردمانه‌كانی سه‌رده‌شت بزانێت؟ تێده‌گات ئه‌گه‌ر بۆی باس بكه‌م چ پێش و چ دوای شۆرش، "كوردی ئێران" قه‌ت به مافه‌كانی خۆیان نه‌گه‌یشتن؟ بۆ ئه‌و، من "كوردێكی ئێرانیم" و به‌س، بۆ ئه‌و من "كوردێكی" وڵاتی گوگوش و معین و هایده-م و به‌س. تاڤی هه‌ر قسه‌ده‌كات و من هه‌ر دێت‌و زۆرتر ڕقی لێهه‌ڵده‌گرم. هه‌ر دێت و مه‌ودای نێوان "كوردی ئێران" و "كوردی عێراق"م بۆ زیاتر ده‌كات، له خۆم بێزارم ده‌كات. له خۆم ده‌پرسم من له شینی "حه‌له‌بجه" و "ئه‌نفال" بیرم له "ئێمه" و "ئه‌وان"، ده‌كرده‌وه؟ من له شه‌ڕی براكوژی، لایانی "ئێمه" و "ئه‌وان"م بۆ گرنگ بوو؟، من كه به‌بیری ئازادبوونی بستێک خاکی كوردستان پڕده‌بم له شادییه‌كی بێ‌سنوور، بۆ ده‌بێت وه‌ک "ئه‌وان" ببیندرێم، نه وه‌ک هاوولاتییه‌ک كه گۆشه‌یه‌كی ئازادی هه‌یه بۆ نه‌فه‌س كێشان؟ له لایه‌ک منم هه‌ر ده‌ڵێم كوردم و كوردین، له‌لایه‌ک، وه‌ک بڵێی، به‌یتی "ئێمه، كوردی عێراق" و " ئێوه كوردی ئێران"، قه‌ت نابڕێته‌وه ... باش، كوردستانی گه‌وره با خه‌ون بێت، ده‌ی من، كه حه‌ز ناكه‌م بمهێننه ڕیزی مه‌ڕ و ماڵات و بمكه‌ن به هین ئه‌م یان ئه‌و، ده‌بێت ڕوو له كوێ بكه‌م؟
September 13, 2004
September 11, 2004
سێ شت که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به یه‌که‌وه نییه: یه‌ک: ماوه‌یه‌که تا بێتاقه‌ت ده‌بم، سه‌ربه‌رده‌ده‌مه‌وه و ده‌چمه ماڵپه‌ڕێكی سیاسی خه‌به‌ری كوردی! هه‌واڵه‌کان به فارسین، و چه‌نددانه وتاری كوردیش لێره‌و له‌وێ داندراوه! جاری یه‌كه‌م كه‌چووم دوای دوو ده‌قه، دامه پڕمه‌ی پێكه‌نین! (پڕمه بۆ پێكه‌ین ده‌بێت؟) ئه‌وه‌نده پێكه‌نیم ... نه‌بێته‌وه! شێعری وای تێدایه شاعیره‌که‌ی سنووری هه‌رچی ڕێنووس و ئیملا و ئینشایه به‌زاندوویه‌تی و هه‌رچی هه‌سته بێ‌سه‌ر و شوێن ناشتوویه‌تی، وتاری وای تێدا، پشتی هه‌رچی زمانه شكاندوویه‌تی! لێكدانه‌وه‌ی وای تێدایه سه‌رێکی له باكووره و سه‌رێكی له باشوور و به هیچ ئیمانێک له‌یه‌ک گرێ نادرێنه‌وه و دڵنیام دڵنیام كاک یان داده‌ی نووسه‌ر خۆشی بۆی ساغ نه‌بۆته‌وه و هه‌ر ویستوویه‌تی شتێک بنووسێت و ئه‌ها، من لینک ناده‌م به‌م ماڵپه‌ڕه، تاقه‌تی شه‌ڕه قسه‌م نییه، به‌ڵام دوو له‌ت له نووسراوه له‌ت و په‌ته‌كانی - به دزی-- هه‌ڵده‌گرم و لێره‌ی داده‌نێم، به‌س یه‌ک داوام هه‌یه، ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتن نووسه‌ر مه‌به‌ستی چی بووه، سه‌د له دونیا و یه‌ک له قیامه‌ت خێرتان بنووسرێت، منیش تێبگه‌یێنن! دزی یه‌كــــــــه‌م: "... حال كه كاروان زحمتكشان از كانالهای عمیق مرگ گزشتند( گزشتند؟ همممممم) دوباره حیات گرفتند دوباره دوبارها همه در كنار هم هستند و اما دوباره دلی پر از اشک دارم ... تو خود سروده‌ای ، ﻣﺎ را ﺗﺮك ﻧﻜﻦ، ﺷﺠﺎع ﺑﺎش، ﺑﺮﮔﺮد اما افسوس سرودی اما برنگشتی ... " یان ده‌ڵێت: " ای هم باور كجائی تا ببینی دوباره دوبارها باهم در زیر سایه اندیشه زحمتكشان ستاره سرخ فواد درخشید و گرمی بخش خاک كردستان شد." دزی دووهـــــــــه‌م: " ئیمڕۆ له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین كه له‌وه‌رزی ژناندا له جیهان گوڵی بزوتنه‌وه‌ی جیهانی ژنان خه‌ریكی پشكوتنه..." یاڕه‌بی خوایه له گوناهانم خۆش بیت ... ****** دوو: "خۆ خه‌تای خۆمان نییه، ئێمه له ئه‌زه‌له‌وه گرنگمان به په‌روه‌رده‌و فێركردن نه‌داوه." خاوه‌ن ئه‌و گوته‌یه شێخ و مه‌لا نییه، نه‌خوێنده‌وار و به‌ته‌مه‌نداچوو و ته‌سبێح به‌ده‌ستی ڕیش ماش‌و برنیجیش نییه، خاوه‌ن ئه‌و گوته‌یه كوڕێكی گه‌نجی كورده كه وێبلاگ ده‌نووسێت و دانیشتووی هه‌نده‌رانه و له زانكۆ ده‌رس ده‌خوێنێت. كوڕێكی گه‌نجه كه په‌رۆشی بایخ نه‌دانی گه‌نجه‌كان به ده‌رس و فێربوونه. جارێكی‌تر سه‌رنج بده‌نه قسه‌كه‌ی "خه‌تای خۆمان نییه..."، ماری خاری، ئه‌ی پێم ناڵێیت خه‌تای كێیه؟ ئه‌وانه‌ی پێش تۆ و تۆ و ئه‌وانه‌ی دوای تۆ، تاکه‌ی خۆ ماندوو و هیلاكی تاوانبار كردنی ئه‌م و ئه‌و ده‌كه‌ن؟ پێت وانییه کاتی ئه‌وه هاتووه دان به ڕاستییه‌کان دانێین و بڵێین، خه‌تای خۆمانه و چاكیش خه‌تای خۆمانه! خه‌تای خۆمانه و كه ئه‌وه‌نده به‌دوای تاوانبارێکی‌تر ده‌گه‌رێین، به‌س بۆ ئه‌وه‌یه به‌شه تاوان و كه‌مترخه‌مییه‌كانی خۆمان داشارین!؟ "... له ئه‌زه‌له‌وه گرنگمان به په‌روه‌رده و فێركردن نه‌داوه"، ئه‌زه‌ل نه مانای هه‌یه و نه تۆ و من و ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ و ئێستا هه‌ن له ئه‌زه‌له‌وه بوون و نه تا "ئه‌به‌د" هه‌ر ده‌بن! ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ كه‌م‌و كوڕییه‌ک هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بۆشاییه‌ک هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ژیانی كورد ئه‌وه‌یه كه هه‌یه، تاوانباره‌که خۆمانین و هه‌رخۆمانین و به‌س! ئیتر به‌سه، پاكانه بۆ كه‌سمان مه‌كه و له‌بیرت بێت هه‌موومان به‌رپرسی كاره‌كان و شێوه‌ی بیركردنه‌وه و جولانه‌وه‌كانی خۆمانین! هه‌ركه‌س به‌رپرسی دانه دانه‌ی هه‌نگاوه‌كانی خۆیه‌تی! ****** سێ:"عه‌یب نه‌بێت، بیلامانێ كه‌س گه‌ره‌كێتی ڕاكێشم؟" ڕاكێش ڕاكێشێكه مه‌پرسه! یه‌ک دێت و یه‌ک‌ده‌ڕوات و به عه‌یب نه‌بێت و بیلامانێ گوتن داوای ڕاكێشان ده‌که‌ن! له‌وانه‌یه هه‌ندێ ئاگاداری باسه‌كه نه‌بن، ماوه‌یه‌که شتێک به ناوی Gmail بۆته باو، ئه‌وانه‌ی ده‌زانن چییه ئه‌وه ده‌زانن و ئه‌وانه‌ی نازانن چ شتێکی گرنگ نییه بۆ فێربوون، به‌ڵام به‌زمه خۆشه‌كه لێره‌وه ده‌ستی پێكرد كه به‌نده خوایه‌ک له ماڵپه‌رێکی جوانی كوردی گوتی من ده‌توانم "ڕاتانكێشم"، هه‌ركه‌س داواكاره، ده‌نگ بكات! با له‌وه بگه‌رێین كه من ده‌گه‌ڵ وشه‌ی "ڕاکێشان" گرفتم هه‌یه، به‌ڵام شێوه‌ی داواكردنی میلله‌ت خۆش بوو، خۆتان‌و ئیمانتان، داوای Gmail كردن، چ پێویستی به "عه‌یب نه‌بێ"، "بیلامانێ" ده‌كات! عه‌یبه‌ی وه‌ی له كوێ دا؟ خۆ ئه‌وه‌ی كه نازانی چییه و داوای ده‌كه‌ی عه‌یبه‌ی زۆرتره! وه‌ڵلا به‌سه‌رت! هه‌ر بێ‌گاڵته، من ده‌توانم 6 كه‌س "بیلامانێ" ڕاكێشم، ئه‌گه‌رعه‌یب نه‌بێت حه‌زتان له ڕاکێشان بوو، ده‌نگ بکه‌ن ....
September 9, 2004
منـیــش! هه‌میشه هه‌ر ئه‌وه‌یه ئیتر! باوه‌ر ناكه‌م كه‌س ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر قوڵایی دڵی خۆیدا هه‌بێت. به‌رواڵت با، هه‌موومان قسه‌ی زل ده‌كه‌ین، خه‌ت و نیشان ده‌كێشین، بڕیاری گه‌وره گه‌وره ده‌ده‌ین، تیۆری تازه‌ش داده‌رێژین، هه‌مووشی هه‌ر قسه‌ن ها، پێت وانه‌بێت! كه كاتی كرده‌وه دێت، هیچمان له‌بیر نامێنێت، كاره‌كانمان ده‌گه‌ڵ هیچ كام له‌و "واده‌که‌م" و "واناكه‌م"ه‌ی خۆمان هۆنیومانه‌ته‌وه، نایه‌ته‌وه ... نازانم ئه‌وه باشه یان خراپ، به‌س ده‌زانم كه هه‌میشه هه‌ر ئه‌وه‌یه ... به ئه‌و په‌یامه‌ی ئه‌مڕۆ ناردت، شاد بووم! به‌ڵام بۆشایی نه‌بوونی خۆتی پڕ‌نه‌كرده‌وه! ده‌زانی، ته‌واوی ئه‌و یه‌ک مانگه‌ی ئاخر چاوه‌ڕێت بووم!؟
September 6, 2004
شتێكی تازه نییه. ئه‌و ژانه‌سه‌ره قۆڕه‌ش وه‌ک هه‌میشه، زوو دێت و زۆر ده‌مێنێته‌وه. له لای ڕاستی کاسه‌ی سه‌ڕم ده‌گیرسێته‌وه و هه‌ندێ جار پێی ده‌گاته ناوچاوانم و قورسایی ده‌خاته چاوه‌كانم. كاتی وا حه‌زم له تاریكییه. ده‌نگ و ڕووناكی ئازارم ده‌ده‌ن. ژوورێ كه‌مێک تاریک ده‌كه‌م و ده‌نگێكیش نییه تا بێده‌نگی كه‌م... كه‌م‌خه‌وی به‌رۆكی گرتووم، شه‌وانه دره‌نگ ده‌خه‌وم و به‌یانیان زوو هه‌ڵده‌ستم. ده‌مێكه شه‌وانه خه‌وی سه‌یر شێواو ده‌بینم. چه‌ندجاره خه‌و ده‌بینم ڕۆیا عاشق بووه و پێده‌كه‌نێت و دیسان به ده‌نگی ماندۆلین ده‌كه‌وێته سه‌ما، خه‌و ده‌بینم له‌ناكاو په‌نجه‌یه‌ک به‌رزی ده‌كاته‌وه، خۆی ون ده‌بێت و سێبه‌ری له سه‌ر لادیواری پێش ده‌ما به ئارامی ده‌جوولێته‌وه، خه‌و ده‌بینم هه‌ر ده‌ڕۆم نایگه‌مێ، ده‌یبیستم به‌ڵام نایبینم. خه‌و ده‌بینم ڕۆده‌چم. ئێستا چاوه‌كانم سوور سوور هه‌ڵگه‌ڕاون، لوتیشم، فڕمه‌فڕمێکمه، مه‌پرسه! برژانگه‌كانم پێكه‌وه نووساون و سه‌رپه‌نجه‌ی هه‌ر دوو پێم وه‌ک له‌تێک سه‌هۆڵ، سڕ سڕن. قسه‌ی پیره‌كانی لای خۆمان وه‌بیر دێته‌وه ده‌یانگوت منداڵ زۆر بگریت ده‌نگی خۆش ده‌بێت! من دیاره به منداڵی زۆر نه‌گریاوم كه ده‌نگم خۆش نییه! ئه‌ی گریانی گه‌وره ساڵی؟ نا، مه‌ترسه، تازه ده‌نگم خۆش نابێت, ده‌زانم، به‌س بڕیا ڕه‌نگی خۆڵه‌مێشی چاوه‌ڕوانییان له چاوم شۆردباوه ... تا من بتوانم پێبكه‌نم و بژیم و بمرم... خه‌تای خۆم بوو، به‌یانی دا‌نیشتم فیلمێكی زۆر زۆر كۆنی نۆرمه‌ن-م (Norman Wisdom) چاو لێ‌كرد، ئای پێكه‌نیم، ئای پێكه‌نیم، له‌و پێكه‌نینانه‌ی مرۆڤ له‌وانه‌یه خۆی ته‌ڕكات، كه‌چی له‌ناوڕاست فیلمی كۆمێدی نۆرمه‌ن پڕمه‌ی گریانێکی سه‌یر به‌سه‌رما ڕووخا. هات و نه‌گه‌راوه و چه‌ند ساعه‌تێكی گرت تا به‌رۆكم به‌ردات و بتوانم پێش پێی خۆم ببینم... ماڵه‌كه‌م شپرز و پیسه! سه‌ر مێزه‌كه‌م پڕه له كتێب و كاغه‌ز، جله‌کانی حه‌فته‌ی پێش له سه‌ر سۆفاكه، كه‌وتوونه‌ته سه‌ریه‌ک! ده‌چم مل ده‌نێمه قاب شووشتن، قابه‌کان حه‌فته‌یه‌که ماونه‌ته‌وه، ده‌چم و به ته‌قه ته‌ق، کۆڕی مێشووله ورده ڕه‌شه‌كان تێکده‌ده‌م، قۆڵ هه‌ڵده‌ماڵم جێ پێی ژیانی حه‌فته‌ی ڕابردوو ده‌سڕمه‌وه. ئاگام له سه‌رپه‌نجه‌كانی پێم نییه، وه‌ک بڵێی هه‌ڵوه‌ریبێن، سه‌ریشم خه‌ریكه ده‌ته‌قێت، به‌ڵام برژانگه‌كانم خه‌ریكن وشک ده‌بنه‌وه و سوورایی لوتم كه‌م‌كه‌مه كاڵ ده‌بێته‌وه، یاڕه‌بی خوایه شوکرت، لوتی سوورم پێناکه‌وێت ... له‌و دیو شووشه په‌ڵه په‌ڵاوییه‌كه‌ی په‌نجه‌ره، شه‌وه و منیش، ئه‌گه‌ر زانیم ئه‌و هه‌راو گرمه‌ی دڵم له‌چی و بۆچییه، پێت ده‌ڵێمه‌و‌ه! كه‌مێک دیار نابم، ئاگات له خۆت بێت! ئه‌گه‌ر كارێکت بوو، ده‌توانی نامه بنێری ...
September 5, 2004
|
|
| contact
| Font
- - - - - - - Archives
|